توركيا لەنێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەرەو كام ئاڕاستە دەڕوات؟ شیکاری

نوچەنێت

نووسينى: سۆنەر گابتاى

وەرگێرانى: ئيسماعيل تەها

رەجەب تەيب ئەردۆغان هەوڵى دا توركيا لەسەر وێنەى خۆى بونياد بنێتەوە، كە وەك پارێزەرێكى كۆمەڵايەنتى و ئيسلاميى سياسى و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست خۆى نمايش كرد، لەگەڵ ئەوەش ئامانجى كۆتايى بريتييە لە بووژاندنەوەى پێگەى وڵاتەكەى وەك زلهێزێك.

بۆ ماوەى سەدان ساڵ ئيمپراتۆرى عوسمانى دەسەڵاتى بەسەر وڵاتان و رووبەڕێكى فراوان هەبوو، كە دەكاتە نزيكەى (50) وڵاتى خاوەن سەروەرى ئێستا، لەگەڵ ئەوەشدا  لە دەستپێكى سەدەى (18) ئەو ئيمپراتۆرە بەهێزەى پێشوو كەوتە دۆخى داڕوخانێكى جێگير و درێژمەودا.

نەوەى سولتانە عوسمانييەكان وردە وردە بەراورد بە ئەوروپا قبووڵى خاڵى لاوازى وڵاتەكەيان دەكرد، ئەوەش لە رێگەى گواستنەوەى دامەزراوە و ياسا و دابونەريتى وڵاتە زلهێزەكانى ئەوروپا بوو، بەو هيواى شكۆى دەوڵەتى عوسمانى ببوژێننەوە.

مستەفا كەمال ئەتاتورك، كە دامەزرێنەرى توركياى نوێ بوو، لە (1923) دواى روخانى ئيمپڕاتۆرى عوسمانى  توركيا وەك كۆمەڵگەيەكى عەلمانى بونياد نايەوە، ئەوەشى بە چاوێلێكردنى ئەوروپييەكان بوو لە هونەرى فەرمانڕەوايى، كە ئەوان لەنێوان هەردوو جەنگى يەكەم و دووەمى جيهانى هێزى گەورەى جيهان بوون، ئەتاتورك ئامانجى  ئەوە بوو توركيا بخاتە سەر رێچكەيەك كە لەكۆتايى پێگەكەى وەك وڵاتێكى بەهێز ببوژێنێتەوە. 

لێرە رۆڵى رەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمارى توركيا دێتە پێشەوە، كە لە ساڵى (2003)وە هەوڵ دەدات توركيا لەسەر وێنەى خۆى بونياد ببينێتەوە، وەك پارێزەرێكى كۆمەڵايەتى و ئيسلامى سياسى و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى دەردەكەوێت.

ئامانجى كۆتايى ئەردۆغان بوژاندنەوەى توركيايە وەك زلهێزێك، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەكانى بۆ گێڕانەوەى ئەو هێزە كارێكى نائاسايى نييە، لە زۆر لايەنەوە لەگەڵ سياسەتە درێژمەوداكانى كە سەركردەكانى پێشوو كاريان لەسەركردووە كە لە كۆتا سوڵتانى عوسمانيەوە بۆ كەمال ئەتاتورك دەستپێدەكات، يەك دەگرێتەوە.

تەنيا ئەوەيە رێڕەوى ئەردۆغان جياوازە لە سەركردەكانى پێش خۆى، چونكە ئەوانەى تر لەژێر هەژموونى رۆژئاوا بوون، كۆمەكيان لە رێگەى گواستنەوەى كۆپى ئەورووپييەوە بوو، بۆ ئەوەى هەژموونى وڵاتەكانيان بگێرنەوە، بەڵام ئەردۆغان فۆڕمێكى ترى جياوازى لە فۆرمە كلاسيكيەكەى سەركردەكانى پێش خۆى هەڵبژارد، بەو ئامانجەى توركيا بكاتەوە هێزێك سەرەتا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەسەر پێى خۆى بووەستێت، پاشان لەسەر ئاستى جيهانى لەسەر پێى خۆى بووەستێت.

توركيا وڵاتێكى ئەوروپى و رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە، بۆيە لەو بڕوايەدام لەكۆتايى پێگەى توركيا لەنێوان ديدى ئەتاتورك و ئەردۆغان جێگير دەبێت، چەند ناسنامەيەك پەيڕەو دەكات، كە بەم جۆرە دەبێت، توركيا وڵاتێكى: ئەوروپى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى، عەلمانى و ئيسلامى، رۆژهەڵاتى و رۆژئاوايى دەبێت.

سەرچاوە: پەيمانگەى واشنتن

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین