لەیلا زانا ... یەکەم ژنە پەرلەمانتاری کورد لە تورکیا توێژینەوە

هێما جەبار: نوچەنێت

وەک یەکەم ژنە پەرلەمانتاری کورد لە تورکیا، لەیلا زانا بەهۆی شکاندنی یاسایەکی مێژوویی لەو وڵاتە بە سیمبولی فیداکاری و بەرخودان ناسرا. لە (1961)دا، لە شارۆچکەی سیلوان سەر بە شاری دیاربەکر لە دایکبووە، کە خاوەنی  پێنج خوشک و تاقە برایەک بووە، ئەو بە هەمانشێوەی دەستەخوشکەکانی لە کۆمەڵگەیەکدا ژیاوە کە ئازادییەکان سنوورداربوون و کولتوور و دابونەریت بەسەریاندا زاڵبووە، واتە لە ماڵێک گەورە بووە کە باوکی هیچ حسابێکی بۆ لەیلا و پێنج کچەکەی تری نەکردووە، جگە لە کوڕە تاقانەکەی، باوکی چەندین جار دایکی ئازار داوە بەهۆکاری ئەوەی شەش کچی بەدوای یەکدا بووە و نەیهێشتووە کچەکانی بخوێنن، بەڵام ئەو لە دژی ڕێگرییەکانی باوکی دەوەستێتەوە و بەو ژیانە ڕازی نەبووە، کە ژن لەنێو چوار دیواری ماڵ سەرقاڵی ماڵ پاککردن و چێشتلێنان و منداڵ بەخێوکردن بێت.

لە تەمەنی (14) ساڵیدا هاوسەرگیریی لەگەڵ  سیاسەتمەداری کورد مەهدی زانا دەکات، کە (21) ساڵ لەخۆی گەورەترە، لە (1978)دا هاوسەرەکەی بە سەرۆکی شارەوانی ئامەد هەڵدەبژێردرێت،  هەروەها لە تەمەنی (17) ساڵیدا دەبێتە دایک و منداڵی یەکەمی دەبێت، دوای ئەوەی هاوسەرەکەی لە دوای کودەتای 12ی ئەیلولی (1980) دەستگیر دەکرێت ئەو لە تەمەنی (19) ساڵیدا دەبێت و ڕوکەنی کچی لە سکیدا دەبێت، مەهدی بە (35) ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت و  لەیلاش بەردەوام بەڕێی زیندانەوە دەبێت.

ئەو ژنە پەرلەمانتارە لە دوای دەستگیرکرنی هاوسەرەکەی، خۆی فێری خوێندن و نووسین دەکات تا ڕووبەڕووی قورساییەکانی ژیان ببێتەوە و پشت بەخۆی ببەستێت، دواتر وەک کەسوکاری زیندانیانی سیاسی کەوتە وتاردان و بەشداری چالاکییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کردووە لە دیاربەکر، هەر بەوهۆیەش بووە لە ناوەندەکانی ڕاگەیاندندا ناسراو بووە، پاشان بووەتە بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕۆژنامەی (یەنی ئەولک) لە دیار بەکر، هەروەها لە (1988)دا بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێک و دەربڕینی ناڕەزایی زیندانیکردنی هاوسەرەکەی لەبەردەم گرتووخانەی ئامەد دەستگیر دەکرێت، و کە لە زیندان بە هەموو جۆرێک ئازار و ئەشکەنجەی دەدەن.

لەیلا زانا لە (1991)دا لەسەر لیستێکی سیاسی بەناوی پارتی  گەل (هەپ) خۆی کاندید دەکات بۆ پەرلەمانی تورکیا و دەنگێکی زۆر بەدەست دەهێنێت و وەکو یەکەمین ژنی کورد پێ دەنێتە نێو پەرلەمانی تورکیا، چەند ڕۆژێک بەر لە مەراسیمی سوێندخواردنی پەرلەمانی تورکیا، ژنە رۆژنامەنووسێکی تورک چاوپێیکەوتنێکی لەگەڵ دەکات و لێی دەپرسێت، ئایا هەست بە تورکبوونی خۆت دەکەی؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، " بە دڵنیاییەوە نەخێر، دایکم یەک وشەی تورکی نازانێت، منیش لەپێش دەرگاکانی زیندان فێری تورکی بووم، من تا دوا هەناسە کوردم، بەڵام گەلی تورکیشم خۆشدەوێت".

بەرواری (1/11/1991) رۆژی سوێندخواردنی پەرلەمانتاران بوو، لەو رۆژەدا ئەو ژنە پەرلەمانتارە ئاڵای کوردستانی لە سەری ئاڵاندبوو بەمەش ناڕەزاییەکی زۆری بۆ دروستبوو لەلایەن پەرلەمانتارەکانی ترەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی لەیلا بۆ سەکۆی سوێندخواردن هاتوهاوار دەستی پێکرد و دەیانگووت، "بەو ئاڵایە نەچیتە ئەوێ"، بەڵام ئەو هاتوهاوارە نەبووە هۆی وەستاندنی لە قسەکردن.

لە ڕێوەڕەسمی سوێندخواردنەکەى وەک ئەندام پەرلەمانی تورکیا بە زمانی کوردی و تورکی گوتی، "من شانازی ئەوەم هەیە کە بۆ پاراستنی تەواوەتی سنووری تورکیا و پاراستنی سەربەخۆیی وڵات و یەکگرتوویی خەڵک و سەروەری تەواوی خەڵک سوێند دەخۆم کە وەفاداربم بە یاسای بنەڕەتی و برایەتی و یەکسانی نەتەوەی تورک و کورد".

هەروەها لە بەشی کۆتایی سوێندخواردنەکەی بە کوردی گوتیشی، "من ئەم سوێندە بۆ برایەتی گەلی کورد و تورک دەخۆم". ئەم چەند وشەیەش بەس بوو بۆ ئەوەی دوارۆژێکی تاریک چاوەڕێی لەیلا بکات، لەگەڵ ئەوەی مافی پەرلەمانتاری هەبوو، بەڵام حزبەکەی بە نایاسایی راگەیاند و ئاسایشی ژیانی کەوتە بەر مەترسی.  لە (1994) پۆلیسی تورکیا دەچێتە نێو پەرلەمانی تورکیا و بڕیاری دەستگیرکردنی هەر لە یەک پەرلەمانتاران بەناوی (لەیلا زانا، خەتیب دیجلە، ئۆرهان دۆغان، سەلیم ساداکی) دەرکرد و لە هەشتی تشرینی یەکەمی (1994)دا، دادگای ئاسایشی تورکیا حوکمی (15) ساڵ بەندکردنی بۆ ئەو چوار پەرلەمانتارەی دەرکرد، بەتۆمەتی خیانەتکردن لە نیشتیمان و پەیوەندیکردن بە بە پارتی پەکەکە.

لەیلا زانا لەبەردەم دادگا رایگەیاند، کە هەموو ئەو تۆمەتانە بێ بنەمان خۆی و هاوڕێیانی کەسانێکی سەربەخۆن، بوێرانە لە بەردەم چاوی کامێراکان  وەڵامی پرسیارەکانی دادگا و شاندەکەی دایەوە و گوتی، "ئەمە پیلانە، ڕوون و ئاشکرایە کە من کێم، هیچکام لەم تۆمەتانە قبووڵ ناکەم، و ئەگەر ئەمانە ڕاست بونایە، بێگومان بەرپرسیارەیتی هەموویانم لە ئەستۆ دەگرت، تەنانەت ئەگەر بە نرخی ژیانم تەواوبووبا، من بەرگریم لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و برایەتی نێوان خەڵک کردووە، بەردەوامیش هەوڵی بۆ دەدەم تا ئەوکاتەی کە زیندوو بم".

ئەو ژنە شۆڕشگێڕە بە شێوەیەکی ئازادیخوازانە قسەکانی خۆی دەربڕی، دوای دابڕانیشى لە هاوسەر و کچەکەی، بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە زیندان مایەوە، زنیدانێک پڕ بوو لە دەستگیرکراوانی سیاسی و بە تایبەتیش زیندانیانی ئەشکەنجە دراوی کورد، ئەو شاهێدی رەنج و ئازاری گەلێک ژنی کورد بوو، کە بەهۆی هەڵوێستی ئازادیخوازانەیان گیرابوون و رووبەڕووی ئەشکەنجە ببوونەوە، بەڵام ورەیان نەڕووخابوو، ئەو ژیانە تاڵەی زیندان بۆ ئەو ژنە پڕ بوو لە ئەزموون.

لە (2001) دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دوای لێکۆڵینەوە بڕیارێکی لە دژی حکومەتی تورکیا دەرکرد بەهۆی دەستگیرکردنی لەیلا و هاوڕێکانی، ئەوە لە حاڵێکدابوو کە دەوڵەتی تورکیا ئەمەی بە فەرمی نەناساند.

دواجار لە (2004)دا دووبارە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوای لە دەسەڵاتی تورکیا کرد بۆ ئازادکردنیان، لە ئەنجام دوای مانەوەیان بۆ ماوەی (10) ساڵ لە زیندان، تورکیا بەهۆی فشاری یەکێتیی ئەوروپا چوار پەرلەمانتارەکەی ئازادکرد. دوای ئازادبوونیان، لەگەڵ هاوڕێکانی هەڵسان بە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نوێ بەناوی (بزوتنەوەی دیموکراتیکی کۆمەڵگە)، لە (2005) پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک بە تێکەڵبوونی حزبی دیموکراتیکی گەل پارتیەکی تر دامەزرا، ئیتر لە (2007) بەدواوە لەیلا زانا وەک چالاکوانی مافی مرۆڤ لە تورکیا ناسراو و دەستی کرد بە کارکردن کردووە.

هەروەها دادگای مافی مرۆڤ سزای خستە سەر وڵاتی تورکیا، بەهۆکاری دەستگیرکردنی ئەو چوار پەرلەمانتارە لە ژێر ناوی زیندانیکردنی بێ بەڵگە و پێشێلکردنی مافی ئازادی بیروڕا دەربڕین، سزایەکەش بریتی بوو لە پێدانی بڕی نۆ هەزار یۆرۆ بەم چوار پەرلەمانتارە ئازادکراوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، دوای ئازادکردنیشی بەردەوام لە ژێر چاودێری پۆلیسدا بووە، هاوکات لەلایەن هێندێک ڕێکخراوی نهێنی لە وێنەی (ئەرگەکۆن و ژیتەم)، کە هەزاران چالاکوانی مەدەنی کوردیان لە ماوەی ساڵەکانی (1990-2000) لە کوردستان و تورکیا دەیان ڕفاندن و دوای ئازار و ئەشکەنجە دەیانکووشتن، یاخود لەسەر شەقامەکان تیرۆریان دەکردن، بەمەش ژیانی هەر لە ژێر مەترسیدا بوو، بەڵام لەیلا بە ئاگاداری هەموو ئەم مەترسیانە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دیسان بۆی هەیە بۆ دەیان ساڵی دیکەش بچێتەوە زیندان و حوکمی بەسەردا بسەپێندرێت، هەر سووربوو لەسەر دەربڕینی بیروڕای خۆی و پێداگربێت لە ماف و ئازادی خەڵک.

شایەنی باسە زیندانیکردنی ئەو ژنە خەباتگێڕە ئەگەرێکی نەبڕاوە بوو، لە (2008)دا جارێکی تر دادگاکانی تورکیا حوکمی دوو ساڵ زیندانی کردنیان بۆ دەرکرد، بە تۆمەتی ئەوەی گوایە چەمکی تیرۆریزمی بڵاوکردۆتەوە. چەند مانگ دواتر لە هەمان ساڵ دادگایەکی تر حوکمی (10) ساڵ زیندانیکردنی بۆ لەیلا بڕیەوە کە ئەمەش بە تۆمەتی ئەوەی یاساکانی وڵاتی تورکیای پێشێل کردووە. کۆمیسیۆنی یەکگرتوویی تورکیا-ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ چالاکی ڕامیاری، دژایەتی خۆیان بە توندی بەرامبەر حوکمی زیندانی ئەو ژنە پەرلەمانتارە دەربڕی.

ئەو بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە زمانی ڕەسەنی کوردی، هەر بۆیەش دووبارە لە مەراسیمی سوێندخواردنی خولی (24)ەمـی پەرلەمانی تورکیا لە بەرواری (30)ی ئەیلوولی (2011) جارێکی دیکە سەرەتای قسەکانی بە کوردی دەستپێکرد و گوتی، "ئەم سوێندە بۆ ئاشتی بۆ گەلی کورد و تورک دەخۆم". دواتر بڕگەکانی تری سوێندەکەی بە تورکی دەخوێنێت و کە دەگاتە سەر دەستەواژەی (سوێند بە میللەتی تورکی گەورە دەکات بە میللەتی تورکیا، مەبەستەکە لەوەبووە کە لە گەلانی تر پێکهاتووە و بە تەنها بیریتی نییە لە تورک).

دوای ئەم سوێند خواردنە جەمیل چیچەک کە ئەو کاتە سەرۆکی پەرلەمان بوو هیچ کاردانەوەیەکی نیشاننەدا لە بەرامبەر لەیلا زانا و بێدەنگی نواند.

ئەو خەڵاتانەی وەک ڕێزێک لە لەیلا زانا پێیبەخشراوە:

1- ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئەمنی لەیلا زانایان بە زیندانی ویژدان ناساند و و لە  (1994) خەڵاتی (ڕافتۆری) پێبەخشرا.

2- لە (1995)دا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە خەڵاتی (ساخارۆفی) پێبەخشرا بەڵام بەهۆی زیندانی تا (2004) نەیتوانی ئەو خەڵاتە وەربگرێت.

3- خەڵاتی دەزگای رافتۆی نەرویجی بۆ ئاشتی لە (1994) وەرگرتووە.

4- لە (1996)دا خەڵاتی (ڤاڵدۆستی)ئیتاڵی بۆ مافی مرۆڤ وەرگرت.

5- لە (1996)دا خەڵاتی (ئاخنی)ئەڵمانی بۆ ئازادی رادەربڕین پێبەخشراوە.

6- لە شاری ڕۆمای ئیتاڵی رەگەزنامەی فەخری ئەو وڵاتەی پێبەخشراوە.

7- لە (2005) تا (2008) کاندیدی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ بووە.

8- لە ( 2008) خەڵاتی خوان ماریا باندریسی ئیسپانی پێبەخشراوە.

سەرچاوەکان:

پەرلەمانی ئەوروپا ستایشی خەباتی لەیلا زانا دەکات:دەرباز ساڵح/رووداو/ https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/160120182?fbclid=IwAR1QZ_n2eZhghSkKK9nCnnLkNqNwCzixO37SgzbDizjJjMF-TDFmRK3MfgU

لەیلا زانا لەکاتی سوێندخواردندا: سپید میدیا/ https://speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=27133&Jor=1&fbclid=IwAR2QZYm85JjTCM3VNWKoLcbdaCtEE10QFThrr1hbwrBF1HDmIlMRSoP9C2w

لەیلا زانا: کاشما جەلال/ خاک تیڤی/ https://www.khaktv.net/all-detail.aspx?jimare=15064&fbclid=IwAR1jz3SBuyXAlPMeBhE4Kxu7sErVIHRZL1KzxdtOQQtCbcOBYfebegw2bCg

لەیلا زانا: ڕاپرسی/ https://raprsi.com/so/kesayetisiasi/leylazana?fbclid=IwAR3j5CnRNB_Wwkpf84v3bX8ioCSdOy3Zl-A2okqxOmHxcsuSlElgKdVAZMc

لەیلا زانا: کتێبی/ ژن بە باوەڕێکی پۆڵاینەوە

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین