نەجیبە جەلیزادە ئەو ژنەی لەکۆیە دەرگاى خوێندنی قوتابخانەى بەڕووى کچان دا کردەوە توێژینەوە

هێما جەبار: نوچەنێت

نەجیبە جەلیزادە، وەک کچە گەورەى نێو خێزانەکەیى و  یەکەمین کچ لە شاری کۆیە دەچێتە قوتابخانە، لە (8/9/1917) لەگەڕەکی باییزئاغای کۆیە لە دایکبووە، کچی (مەلا محەمەد حاجی عەبدوڵڵا)یە کە بە (مەلای گەورە)ی کۆیە ناسراوە، دایکیشی ناوی (حەبیبە شێخ ڕەزا) بوو لە بنەڕەتەوە خانەوادەیەکی بەرچاوی دەڤەری پشدەر بوون.

سەبارەت بە چوونە قوتابخانەی نەجیبە جەلیزادە، لە تەمەنی حەوت ساڵیدا لە (1924) بە پاڵپشتی و پشتگیریی باوکی نێردراوەتە قوتابخانەیەکی کوڕان لە شاری کۆیە، هاوکات لەو سەردەمەدا خەڵکەکە لایەن شورەیی بوو کوڕەکانیشیان بنێرن بۆ قوتابخانە چ جای کچان، بۆیە بەو کارەی مەلای گەورەی کۆیە کردی، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە لەلایەن کەسە نزیک و دەوروبەرەکەى، کە چۆن مەلایەکی ئایینی و زانستی کچەکەی خۆی بۆ قوتابخانەی کوڕان ناردووە، بەڵام ئەو بەو هەنگاوە دوو مەبەستی پێکا، یەکێکیان ڕێگە خۆشکردن بوو بۆ خوێندنی کچان، دووهەمیان نەبوونی جیاوازی لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێ لە فێربووندا، ئەو قوتابخانەیەی کە ئەو تیایدا دەستی کرد بە خوێندن کرد، بووە یەکەم قوتابخانەی تێکەڵاو لە هەموو عێراق.

تا پۆلی پێنجی سەرەتایی لە خوێندن بەردەوام دەبێت و دواتر دادەبڕێت و دوای ئەوە لە ڕێگای خوێندنی ڕۆژنامە و کتێب هەوڵی خۆ ڕۆشنبیرکردن دەدات و کۆڵ نادات.

نەجیبەخانی جەلیزادە لە نێو بنەماڵەکەی خۆیان بە یایا دایە ناسراوبوو، برایەکی بەناوی فاروق جەلیزادە لە باسکردنی خوشکەکەیدا دەڵێت، "ئێمە چوار خوشک و دوو برا بووین، نەجیبە لە هەموومان گەورەتر بوو، ئەو خوشکەم لە ڕووی بایۆلۆجییەوە باڵای زۆر بەرز نەبوو، خاوەن روخسارێکی گەش و دەم بە خەندە بوو، خاوەن هەڵسوکەوتێکی جوان و لەسەر خۆ و هێمن قسەخۆش بووە". هەروەها دەشڵێت، "ئەوەی ئەو خوشکەمی لە کچەکانی تر جودا دەکردەوە ئەوەبوو هەمیشە بەدوای زانست و زانیارییەوە بوو، بەردەوام هەوڵی فێربوونی نوسین و خوێندنەوەی دەدا، شەوان بەر لەوەی بخەوێت لە چەند پەڕاوێکدا تێبینییەکانی خۆی دەنووسییەوە، هەمیشە هەوڵیداوە زانیاری لەسەر مێژووی گەلەکەی و دۆخی کورد وەربگرێت بەردەوام لێکۆڵینەوەی لەو بوارە دەکردەوە، هەر لە منداڵییەوە زیرەک و ژیر وریا بووە، هەمیشە ئارەزووی دەکرد لە دانیشتنەکانی باوکم بەشداریی هەبێت و گوێی بۆ قسەکانی ڕادەگرت و ڕێنماییەکانی لەئەو وەردەگرت".

براکەی باس لە گەورەی و شکۆی باوکی دەکات و دەڵێت، "لەو سەردەمەدا سلێمان نەزیفی والی موسڵ بۆ پڕۆژەیەک بانگهێشتی چەند مەلایەکی ئایینی دەکات و باوکیشمی لەگەڵ بوو، هەر لەو کۆبوونەوەیەدا داوا لە مەلاکان دەکەن کە نووسراوێک بخوێننەوە، هەموویان بێدەنگ دەبن و دەڵێن ئێمە هیچمان ئامادە نییە، لەوکاتەدا باوکم ئەمە بە دەرفەت دەزانێت و دەست بە قسەکردن دەکات بە زمانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی، والی موسڵیش بە زیرەکی باوکم سەرسام دەبێت و لێی نزیک دەبێتەوە پێی دەڵێت، "فەرموو دەری ببڕە چیت دەوێت لە پێداویستییەکانی ژیان تا بۆت دابین بکەم؟"، مەلای گەورەی کۆیە لە وەڵامدا دەڵێت"، هیچم ناوێت تەنیا قوتابخانەیەکم لە کۆیە  بۆ بکەوە، هەر بۆیە لەسەر داواکاری باوکم و بڕیاری والی موسڵ قوتابخانەی کچان لە کۆیە کرایەوە".

لە (1933)دا بۆ یەکەمین جار قوتابخانەی کچان لە شاری کۆیە دەکرێتەوە و نەجیبەخان بۆ ماوەی دوو ساڵ وەک بەڕێوەبەر سەرپەشتیاری قوتابخانەکە دەستبەکاردەبێت، تا بەڕێوەبەر و مامۆستا بۆ قوتابخانەکە دابیندەکرێت ئەو دەستلەکار دەکێشێتەوە، بۆ ئەوەی هەلی هاتنە پێشەوە لە بەردەم ژنان و کچانی تر هەبێت، ئەو سەرەتا کە دەست بە وانە وتنەوە دەکات، بە وانەی ئایینی دەستپێدەکات، واتە ئەو زانیارییانەی دەربارەی ئایینی ئیسلام لە باوکییەوە وەریگرتبوو دەیدا بە قوتابییەکان.

لە (1940)ـەکاندا نەجیبەخانی جەلیزادە بڕیاردەدات هەنگاوبنێ بۆ نێو قەوارە سیاسییەکان و دەبێتە ئەندامی حزبی هیوا و ژنانی هۆشیار دەکردەوە تا خەبات بۆ مافی ژنان بکەن، دوای دروستبوونی حزبی پارتی دیموکراتی کوردستان لە (1946)دا، لەو حزبەدا درێژە بەکاری سیاسی خۆی دەدا. پاشان کە کۆماری کوردستان لە مەهاباد دامەزرا لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کە لە مەهاباد لەلایەن مینا خانەوە سەرپەرشتی دەکرا و لە سلێمانیش لەلایەن حەپسەخانی نەقیبەوە بەڕێوەدەبردرا و لە (1952) بۆ درێژەدان بە خەباتی ئەو رێکخراوە، نەجیبەخانی جەلیزادە لە کۆیە بە نهێنی  سەرپەرشتی ئەو رێکخراوەی دەکرد بەناوی (یەکێتی ئافرەتانی کورد) لقی کۆیە.

ژنانی لە دەوروبەری ئەو رێکخراوەدا کۆدەکردەوە، لەو کاتەی نەجیبەخان هەواڵی دەنارد کۆبوونەوەیە ژنەکان گەر دەستیان لە نێو هەویر و ئاگر با،ەجێیان دەهێشت و بە بەدەم هەواڵەکەی دەچوون و بۆ گوێگرتن لە قسەکانی.

لە دوای شۆڕشی (14)ـی تەمموزی (1958)دا، لە کۆیە چیتر رێکخراوەکە بە شێوەیەکی نهێنی کارناکات و بە ئاشکرا کار و پلانەکانیان ڕادەگەیاند، نەجیبە خانیش هەر سەرۆکی رێکخراوەکە بوو و لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا وتاری رێکخراوەکەی دەخوێندەوە، تەنانەت ئەو منداڵانەی لەگەڵ دایکیان دەچوون بۆ کۆبوونەوەکانی فێری شیعری دەکردن.

ئەندامانی بنەماڵەکەی دەربارەی نەجیبەخانی جەلیزادە دەڵێن، خاوەن کەسایەتییەکی تایببەت بوو ڕاستگۆ و قسە لە ڕوو بوو هەر کەسێک بە هەڵە قسەی بکردایە، ڕاستەوخۆ ڕادەگرت و هەڵەکەی بۆ ڕاستدەکردەوە، ئارەزووی نوکتە و قسەی خۆش بووە، هەمیشە دەیویست لە نێو مەجلیسی پیاوان دابنیشێت و زۆرجار کە دەچوو بۆ بازاڕ لەوێ لەگەڵ پیاوەکان دادەنیشت و دەکەوتە گفتووگۆ لەگەڵیان، ئەمەش کاریگەری باوکی بوو بەسەرییەوە مابوویەوە، بە قسە و هەڵسوکەوتەکانی شەرمێکی لای زۆرینەی پیاوان دروستدەکرد، ئەوەش وایدەکربوو ڕێزێکی زۆری لێبگرن و هەرگیز خۆی لەوان بە کەمتر دانەدەنا.

ئەم ژنە ئەدەب دۆستە ژیانی هاوسەرگیری پێکنەهێنا و زیاتر هەوڵی خۆ رۆشنبیرکردنی داوە، وەک هەر کوردێکی تری ئەم نیشتیمانەش تووشی ئاوارەیی بووە لە دوای شکست هێنانی شۆڕشی ئەیلوول بە پلانی جەزائیر لە (1975)دا، بۆ ماوەی دوو ساڵ ئاوارەی وڵاتی ئێران دەبێت و تووشی ناڕەحەتی و قورسییەکی زۆر دەبێتەوە، لە کۆتاییەکانی تەمەنی تووشی نەخۆشی ئێسکە نەرمە دەبێت و لە کۆیەوە دەچێت بۆ هەولێر بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ماوەیەک بە ئازاری نەخۆشییەکەی دەناڵێنێت و و لە تەمەنی (82) ساڵیدا کۆچی دواییدەکات.

یەکێک لە هەوڵە گرنگەکانی کە نەجیبە جەلیزادە ئەنجامی دا ئەوەبوو هەڵسا بە کۆکردنەوەی هەموو کتێب نووسراوەکانی باوکی،  لەگەڵ ئەو کتێب و بەرهەمانەی کە خۆی نووسیبوی کە سێ دانەیان بە چاپ گەیاند و لە کتێبخانەیەکدا داینا، واتە دەتوانین بڵێین نەجیبەخانی جەلیزادە لەگەڵ زەینەب خانی خوشکی دڵداری شاعیر لە یەکەمین ژنەکانی شاری کۆیە و تەنانەت کوردستانیش بوونە، کە خاوەن کتێبخانەی خۆیان بوونە، ئەگەرچی هەر یەک لەو ژنانە لە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر و چاوکراوە چاویان بە دونیا هەڵهێناوە، بەڵام خودی خۆیشیان تێکۆشەر و چاونەترس بوون وابەستەی خوێندنەوە و فێربوون و خۆڕۆشنبیرکردن بوونە.

کتێبە چاپ کراو و دەستنووسەکانی نەجیبەجەلیزادە بریتیی بوون لە:

  1. (مێژووی کۆیە) لەم کتێبەدا نەجیبەخان هەموو ڕووداوەکانی ڕۆژانەی کۆیە کە لەماوەی ژیانیدا بینیویەتی نووسیویەتی و بڵاویکردۆتەوە.
  2. (هەواڵی کوردەواری ساڵانی 1960-1962) بە چوار بەرگ، باس لە رووداوەکانی کوردستان و شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکانی کورد دەکات.
  3. (سبعە الوان، حەوت ڕەنگ) بە زمانی عەرەبی بڵاوکراوەتەوە.
  4. (المنجد) نۆ بەرگە و لە 1979 لە ئێران بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی.
  5. (هەمەڕەنگ) ئەم کتێبە کۆکردنەوەی چیرۆک و یاری کوردەواری ناو شاری کۆیەیە.
  6. خەمڕەوێن
  7. چەپکە گوڵ
  8. مێژووی بنەماڵەی جەلیزادە

سەرچاوەکان:

ــ کتێبی کچانی مەکتەب لەسەدەی ڕابردوودا، نووسینى: محەمەد گۆران، هەولێر، 2023.

ــ بەرنامەی بیرەوەری/ نەجیبەخانی جەلیزادە

ــ Jin tv/  ژیاننامەی نەجیبە جەلیزادە

ــ /www.facebook.com/watch/?v=307929986877241

ــ https://www.facebook.com/watch/?v=307929986877241

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین