لەیلا قاسم بووکى کوردستان .... لە خانەقینەوە تا بەردەم پەتى سێدارەى بەغدا توێژینەوە

هێما جەبار: نوچەنێت

لەیلا قاسم، یەکەم ژنی کورد بوو لەسەر سیاسەت لە سێدارە درا، ناوی تەواوی (لەیلا قاسم حەسەن عەلی)ـیە، کە لە (27/12/1952) لەقەزای خانەقین لەگوندی (بانمیل) سەر بە پارێزگای دیالە لەخێزانێکی هەژار لەدایکبووە. دایکی ناوی (عیصمەت محەمەد جاسم) بووە و خوشکێک و سێ برا هەبووە، هەموویان خەریکی خوێندن بوون و یەکێکیش بوون لە قوتابییە زیرەکەکانی ئەو سەردەمە، لەپاڵ خوێندنەکەشیان بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەیان کاریان کردووە، قاسم حەسەنی باوکی کرێکاری کۆمپانیای پاڵاوگەییەکی نەوت بووە.

ئەو خانمە شۆڕشگێڕە لە (1958)دا لەتەمەنى شەش ساڵیدا چووەتە بەرخوێندن، ئەوکات کوردستان لەبارودۆخێکی ناهەموار و ناسەقامگیردا بوو، بەهۆی داگیرکارییەکانی ڕژێمی بەعس، هەر بەهۆکاری ئەمەش لەسەرەتای قۆناغەکانی خوێندنییەوە بەردەوام لە قوتابخانە سروودە نیشتیمانییەکانی (ئەی رەقیب و خوایە وەتەن ئاواکەی) دەگووتەوە، بەمەش وا دەردەکەوێت لەمنداڵییەوە خۆشەویستی بۆ خاک و نیشتیمان هەبووە. قوتابییەکى زیرەک بووە و لەلایەن زۆرینەی مامۆستایەکانەوە ڕەزامەندی بەدەستهێنابوو بەهۆی ژیری و زیرەکییەکەی، چالاکیش بووە بۆ وانەکانی قۆناغی سەرەتایی لە قوتابخانەی (پاڵاوگەی ئەڵوەند) و قۆناغی دواناوەندیشی لە (خانەقینی کچان) خوێندووە، هەموو قۆناغەکانی خوێندنی بەبێ کەوتن بە سەرکەتوویی تەواوکردووە، لە پۆلی شەشەمی ئامادەییدا نمرەیەکی باش دەهێنێت و لە زانکۆی بەغدا لە کۆلێژی ئاداب-بەشی کۆمەڵناسی لە (1970)دا وەردەگیرێت.

چالاکییە سیاسیەکانی لەیلا قاسم

بەهۆکاری ئەوەی لەیلا قاسم منداڵى لە سەردەمى ڕژێمى بەعس بەڕێکردووە، دواتر کاریگەریى ئەم قوناغە بەسەر بیری ئازادیخوازی و ئایدیای خەبات ئەو دەبیندرێت، وەکو پاڵنەرێکیش بوو تا پەیوەندی بە بزووتنەوەی سیاسیەکان بکات، ئبۆیە هەرزوو لە قۆناغی یەکەمی خوێندنی زانکۆدا، لەڕێگەی برا گەورەکەیەوە بەناوى (عەبدولسەلام)، دەچێتە نێو ڕیزەکانی ڕێکخراوى یەکێتی قوتابیانی کوردستان.

ئەو لە ناخەوە کەسایەتییەکی جیاوازی هەبوو بەراورد بە هاوڕێ و هاڕەگەزەکانی خۆی، لەوانی تر بەوە جیادەبوویەوە کە زۆر گرنگی بە لایەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری دەدا، لەنێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە وشیارکردنەوە و ڕێکخستنیاندا، وێڕای ئەوەی لەو سەردەمەدا هەمیشە دانیان بە لاوازی ژن دادەنا و دەیانگووت: ئافرەت ناتوانێ شان بەشانی پیاو خەبات بکات، لەیلا قاسم بە پێچەوانەوەی ئەو بۆچوونە لەگەڵ هاوڕێ قوتابییە کوڕەکانی کورد خەباتێکی لە نێو ڕێکخستنەکانى قوتابیان ڕۆڵى گرنگ و کاریگەریی بینووە.

یەکێک لەو گەنجانەى کارى سیاسى لەگەڵدا کردووە، ناوی (جەواد هەمەوەندی) کە دەگوترێت، دواتر پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیاندا دروستبوو، بڕیاربوو ژیانی هاوسەرگیری پێک بهێنن، لەگەڵ ئەوەی لەیلا قوتابی زانکۆ بوو، هاوڕێکەشی کرێکار بوو، لەیەکێک لەکۆمپانیاکانی بەغدا. ئەو تەنها بەکارى سیاسى نهێنیى نەوەستا، هەر بۆیە لەڕێگەی جەواد هەوڵیدا بچێتە نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە و تا بتوانێت بە شێوەیەکی باشتر کارى ڕێکخستن لە نێو جوڵەی پێشمەرگە لە نێو شارەکاندا بکات.

لەیلا قاسم بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کار کرد، یەکێک بوو لەو کادیرانەى کە لەنێو حیزب پشتی پێ دەبەسترا، هاوکات لە (1970)دا گەلی کورد لە باشوری کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕی، چونکە لەوکاتەدا بەیاننامەی (11)ی ئازار لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکومەتی ناوەندی بەغدا مۆرکرا، کە ئەویش بریتیی بو لە پێدانی حوکمی زاتی بەڕێوەبردنی ناوچە کوردستانییەکانی عێراق، حکومەتی عێراقی نەیهێشت کەرکووک و خانەقین و شنگال بخرێتە سەر ناوچەی دەسەڵاتی کوردی، دواتر بەڵێنەکەی ڕژێمی بەعس زۆری نەخایاند و ڕێککەوتنى (11)ی ئازاری ڕەتکردەوە و لە بەهاری (1974) هێرشی سوپای عێراق دەستیپێکردەوە و کەوتنەبەر ئاگر بارانکردن و کاولکاری کوردستان، کە بە هەزاران کەس بوونە قوربانی.

هاوکات لەیلا و هاوڕێکانی لەو ساتە سەختەدا زۆر بە گەرموگوڕی خەریکی ڕێکخستن بوون، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ جەواد لە سەرەتای (1974) دا بەیەکەوە خەریکی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی بوون لەسەر کۆمەڵگای کوردی، لە دەرفەتێک دەگەڕان کە بڵاوی بکەنەوە، بەڵام بەهۆی تێکچوونی پەیوەندی سیاسی نێوان کورد و ڕژێمی بەعس، لەگەڵ دەستگیرکردنیان دەستنووسی لێکۆڵینەوەکەیان لەلایەن سخوڕەکانی حکومەتی عێراق لەناو بردرا.

ئەو ژنە خەباتگێڕە جگە لە خەبات بۆ گەلەکەی خۆی، بە تەنگ بەدەستهێنانی مافی ئافرەتیشەوە بووە هەر لە (1974)دا، دەبێتە ئەندام لە ڕێکخراوی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بەڵام دواتر بەهۆی تێکچوونی ڕەوشی سیاسی کورد داوایان لێکرد بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، بەمەبەستى درێژەدان بەکارى سیاسى، بەڵام زیاتر هەوڵەکانی لەنێو شاردا چڕ کردبووەوە وەک لە شاخ، چونکە پێیوابوو لەنێو جەرگەی شاردا ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن پێویستییەکی زۆر گرنگە بۆ قۆناغی ئەوکات. لەیلا قاسم لەگەڵ چەند هاوڕێیەکى لەوانە (جەواد موراد، حەسەن حەمە ڕەشید، ئازاد سلێمان میران، نەریمان فوئاد مەستی) چالاکی زۆریان لە بەغدا ئەنجامدا. 

لەیلا و هاوڕێیەکانى بە شێوەی شانەى نهێنى کاریان دەکرد و پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا نەبووە و پەیوەندیشیان لەگەڵ هیچ لیژنەیەکی باڵادا نەبوو، بەڵام ئاشکراکردنی ناونیشانیان و شوێنی مانەوەیان دەگوترێت لەلایەن چەند کەسانێکی سیخوڕەوە بووە، کە هەواڵ بۆ رژێمی بەعس نێردرابوو، هەر بۆیەش لە (29/4/1974) کاتژمێر دووی شەو مەفرەزەیەکی دەزگای هەواڵگریی ڕژێمی بەعس هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیى و دەرگا و پەنجەرەیان شکاند و چوونە ژوورەوە، لەوکاتەدا ئەو خەریکی دەستشۆرین بووە دەچێت بۆلایان و پێیان دەڵێت ئێوە کین؟ ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن لەیلا قاسم کێیە؟، دەڵێت، " فەرموون منم". بەڵام بەهۆیی سادە و ساکارییەکەی بە سەرسوڕمانییەوە سەیریان کرد و گوتیان باوەڕت پێناکەین تا ناسنامەکەت نەبینین دوای دڵنیابوونەوەیان گوتیان ئەو تۆ (لەیلا قاسم)یت ئاوا کاری حکومەتێکت تێکداوە، قۆڵبەستیان کرد و بردیان، دایکی بە گریانەوە پێی دەڵێت، "لەیلا کچم چیت کردووە؟"، لە وەڵامدا دەڵێت، "دایکە هیچم نەکردووە تاکە تاوانم ئەوەیە کوردم".

ژیانى نێو زیندان

دوای زیندانیکردنى، سەردانیکردنیشی لێ قەدەغە دەکەن، ناهێڵن کەسوکاری چاویان بە لەیلا بکەوێت، بە توندترین شێواز ئەشکەنجەی دەدەن، بۆ ئەوەی نهێنیەکانى حیزب ئاشکرا بکات، بەڵام ئەو هەر نایدرکێنێت، دەوترێت بە جۆرێک ئازار دراوە لە ئەقڵ بە دوور بووە، کار گەیشتووەتە ئەوەی چاوی ڕاستەی دەربهێنن و پاشان چاوی چەپەشی بۆ ئەوەی بتوانن نهێنی شوێنی کۆبوونەوەی لەیلا و هاوڕێیەکانی بەدەست بهێنن، بەڵام هەر بێسوود بووە، دوای دەرهێنانی چاوەکانی لێی دەپرسن، ئێستا چاوەکانت لەلا خۆشەویستترە یان کوردستان؟، ئەویش لە وەڵامدا بەسەر بەرزییەوە دەڵێت، "کوردستان زۆر گەورەترە لە ڕوحم، خۆزگە سەد چاوی ترم هەبوایە تا پێشکەشی کورد و کورستانم بکردبا".

لەگەڵ ئەوەی لەیلا قاسم بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو بوو، چەکدارانی ڕژێمی بەعس لە زیندان داوایان لێکرد کە نامەیەک بۆ (ئەحمەد حەسەن بەکر) سەرۆک کۆماری ئەوکاتە بنووسێت و جۆرێک پەشیمانی خۆی نیشان بدات، بەڵکو سزاکەی بۆ سووکتر بکات و بڕیاری لەسێدارەدان هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆکاری ئەوەی کە ئەو کچە و دۆخ و ڕەگەزی لە گیراوەکانی تر جیاوازتر بوو، بەڵام ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت، "من لێرەوە هیچ سەرکردە و سەرۆکێک ناناسم، شانازی بە گەلەکەی خۆم و خەباتی خۆم  و ئەو حزبەش دەکەم کەوا چوومە پاڵی سەرکەتووش بووم، ئامادە نیم نامە بۆ هیچ کەسێک بنووسم، بەڵام ئامادەم نامەیەک بۆ میللەتەکەم بنووسم تا داوای لێبوردنیان لێبکەم، من کە ئێستا لە تەمەنێکی گەنجییەوە و لە سێدارە دەرێم، نەمتوانی درێژە بە خەبات بدەم و خزمەتێکی زۆر پێشکەش بە خاک و گەلەکەی خۆم بکەم".

لە کاتی دەرچوونی بڕیاری لە سێدارەدان بۆ لەیلا قاسم، سەرکردایەتیی کورد لە هەمبەر ئەو بڕیارە بێدەنگ نەبوو، هەوڵی زۆریان دا بۆ ڕازیکردنی حکومەتی عێراق و پەشیمان بوونەوە لێی، بەڵام بێ سوود بوو، رژێمی بەعس بەتۆمەتى کوشتن و تێکدەر تاوانباری کردبوون، وەک بیانوویەک بۆ بڕیاری لە سێدارەدان.

لە بەرواری (11/5/1974) هەواڵی لەیلا قاسم بۆ خانەوادەکەی نێدردرا و پێیان ڕاگەیەندار، کەوا چەند کاتژمێرێک بەر لە سێدارەدانی لەلایەن حکومەتی بەعسەوە ڕیگەیان پێدەدرێت بۆ دواجار چاویان بە کچەکەی خۆیان بکەوێت و ماڵئاوایی لێبکەن، بۆیە دایک و باوک و برا و خوشکەکانی چوون بۆ سەردانی و، لەوکاتەدا لەیلا داوا لە دایکی دەکات کە دەستە جلی کوردییەکەی و مقەسێکی بۆ بهێنێت، چونکە دەیویست بە جلی کوردییەوە پەتی سێدارەی بکرێتە مل، هەروەها بە مقەس چەند تاڵە موویەک لە قژی خۆی بڕی و بە دیاری پێشکەشی دایکی دەکات و داوای لێدەکای لای خۆی بهێڵێتەوە وەکو یادگاری، هەروەها ئەنگوستیلەکەی بە کەسێکی خەڵکی جەلەولا بۆ خوشکەکەی دەنێرێتەوە. ئەو بە زەردەخەنەوە بە خێزانەکەی دەڵێت، "وەسیەتم ئەوەیە بە ئاڵای کوردستان کفنم بکەن، چونکە من بوکی کوردستانم بە خۆشحاڵییەوە جەستەی خۆم پێشکەشی خاکی کوردستان دەکەم" هەر لەوکاتەشەوە بە بووکی کوردستانی ناوزدەن دەکرێتەوە.

لە بەرەبەیانی (12/5/1974) هەر یەک لەدەست بەسەرکراوان (لەیلا قاسم، جەواد موراد، حەسەن حەمەڕەشید، ئازاد سلێمان، نەریمان فوئاد) پەتی سێدارەیان کرایە مل  تا شەهید بوون. حکومەتی بەعس دوای دوو ڕۆژ لە سێدارەدانییان تەرمەکانیان ڕادەستی خێزانەکانیان کردەوە، دایکی لەیلا گووتویەتی، "کچەکەم چاوەکانی دەرهێنرابوون خۆم تەرمەکەیم شۆرد"، هەروەها لە سێدارەدانی ئەو خانمە شۆڕشگێڕە لە میدیا جیهانییەکان دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو وەکو یەکەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراق لە میدیاکان بڵاوکرایەوە.

دواتر تەرمەکانیان لە گۆڕستانی (وادی السلام) لە پارێزگای نەجەف دەنێژرێن، لەگەڵ ئەوەش، زۆرێک لە نوسەران و شاعیران هاوخەمی و دڵگرانی خۆیان لە ڕێگای پێنوسەوە بۆ ئەو ژنە شۆڕشگێرە دەربڕی.

سەرچاوە:

کتێبى: لەیلا قاسم تەمەنێکی بچوک و مێژوویەکی گەورە

http://calameo.download/0050715154a800269122e?fbclid=IwAR0PJkcIBYghpOPp3laozKr-6FwXkvCC_Abrmzh3pkz47RzfsS19NySPfUY

لەیلا قاسم بووکی کوردستان، ماڵپەڕى رووداە

https://www.rudaw.net/sorani/onair/tv/episodes/episode/features-14052020?fbclid=IwAR0GGmV8QXUQGtGEO8rmKdbG2yIBiz-VZR1tluwRyhmc3EBoZ4wfLnqB5zY

لەیلا قاسم، ماڵپەڕى زانیاری

https://zaniary.com/blog/611a1db991a67/%D9%84%DB%95%DB%8C%D9%84%D8%A7-%D9%82%D8%A7%D8%B3%D9%85

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین