لە سلێمانى (10) کەس تووشى کۆلێرا بوون تەندرووستی

نوچەنێت:

بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى سلێمانى ئاشکراى دەکات، (10) کەس تووشى کۆلێرا بوونە و دەشڵێت، تا ئیستا هیچ تووشبوویەک گیانى لەدەستنەداوە.

ڕۆژى پێنجشەممە (31/ئاب/2023) د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیى تەندروستی سلێمانی لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە هاووڵاتییان ئەو ماوەییە ئاوى خاوێن بەکاربێنن وەک ئاوى کارگەکان بۆ خواردنەوە.

د. سەباح هەورامی ئاماژە بەوە دەکات، نابێ هاووڵاتییان ئەو ئاوانە بەکاربێنن کە سەرچاوەکەى دیار نییە، بەڵام ئاوی ماڵان سەرچاوەکەی دیارە و کێشەی نییە

هەروەها باسى لەوەشکرد، ئاو هۆکارى بڵاوبوونەوەى سکچوون و ڕشانەوەیە لە سلێمانى و پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بن و پابەندی رێنماییەکان بن. ئەم قۆناخە هەستیارە و پێویستە بە وریاییەوە ئاوی خواردنەوە بەکاربێت.

سەبارەت بە دۆخى تەندروستى ئەو (10) کەسەى تووشى کۆلێرا بوونە دەڵێت، هیچ تووشبوویەکی سکچوون و رشانەوە گیانی لەدەست نەداوە.

بەڕێوەبەری گشتیى تەندروستی سلێمانی دڵنیایی بە هاووڵاتیان دا و گوتى، خەڵک نابێ تووشى دڵەڕاوکێ بن، کۆلێرا لە عێراق و سلێمانى بەردەوام هەیە و هەبووە، بەڵام ئەگەر کاتێک تووشبووون پێویستە بەخێرایی سەردانى شوێنە تەندروستییەکان بکەن، وە دەرمانی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کۆلێرا هەیە.  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین