سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ چارەسەرکەری ئاڵۆزی و ناکۆکییەکان وەرگێڕان

سنور یاسين: تایبەت بەنوچەنێت

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی (13)ـی کانوونی دووەمی (2024) سەردانی بەغدای کرد و بەشداری لە رێوڕەسمی ساڵیادی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم ناسراو بە (شەهیدی میحراب) كرد و گوتارێکى پێشکەشکرد. سەردانەکەی سەرۆک دوو ڕۆژی خایاند و لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا چەندین کۆبوونەوەی جیاوازی لەگەڵ سەرکردە و لایەنە جۆراوجۆرەکانی عێراق ئەنجام دا.

سەردانی سەرۆک لە کاتێکدایە عێراق و هەرێمی کوردستان لە دۆخێکدان ئاسایشیان دەشوێندرێت لە لایەن گرووپە میلیشیا جیاوازەکانەوە، هەوڵ بۆ تێکدانی ئەو سەقامگیرییە دەدرێت، کە هەر جارە و بە هۆکارێک و بە بەردەوامی لایەنە ئاژاوەگێڕەکان بیانووی جیاواز دەهێننەوە بۆ ئەنجامدانی کردەوەکانیان. ئاشکرایە گرووپە میلیشیاییە جۆراوجۆرەکانى عێراق و هەرێمی کوردستانیان بە ئامانجی هێرشە درۆنییە بێ فڕۆکەوانەکانیان گرتووە، دەتواندرێت بگووترێت ئەگەر هەموو جارەکان نەبێت زۆربەی جارەکان قوربانییەکانی ئەم تاوانانە تەنیا خەڵکی سڤیلن و زیانی جۆراوجۆریان پێدەگات.

سەرۆک و گەڕانەوە بۆ دەستووری فیدراڵی عێراق

جەختکردنەوە لە جێبەجێکردنی دەستووری فیدراڵی کۆماری عێراق بووەتە پرسی سەرەکی و هەمیشەیی گووتارە جیاوازەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان. هەروەک لە میانی گووتارەکەیدا لە بەغدا لە ڕێوڕەسمی شەهیدانی میحرابدا سەرۆک گووتی "لە ساڵی (2005)ـەوە دەستوورێکمان هەیە رۆحی ده‌ستوور بریتییە لە دروستکردنی دیموکراسی، دادپەروەری، دابەشکردنی دەسەڵات، و سیستەمی فیدراڵی. جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی رابردووی جوانی کۆمەڵگەمان دەپارێزێت، ئێستا و داهاتووشمان باشتر دەکات. هەروەها سەرۆک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئێستا کە لێرە زۆر لە به‌ڕێزان سەرکردە و بەرپرسانى گەورەی عێراقی دانیشتوون، داوا دەکەم هەموومان پێکەوە پابەندی ئەو دەستوورە بین. دەستوور، یەکسانیی هەموو پێکهاتە، هەرێم، پارێزگاکانی عێراق، و سه‌قامگیریى وڵات دەپارێزێت." لە هەر وڵاتێك جێبەجێکردنی دەستوور وەک خۆی بەهێزی یاسایی و سەروەر بوونی نەخشە ڕێگای یاسایی بەدیار دەکەوێت، بەڵام پێشێلکردنی دەستوور و جێبەجێنەکردنی پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت.

کۆبوونەوەکانی سەرۆک لە بەغدا

لە بەردەوامی سەردانی دوو ڕۆژەی سەرۆک بۆ بەغدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەی جۆراوجۆری لەگەڵ سەرکردە و لایەنە جیاوازەکان لە عێراق ئەنجامدا و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکان بریتی بوون لە، مافە دەستوورییەکان، هێرشە درۆنییەکان، ئاسایش و سەقامگیری، سەروەی خاکی عێراق و هەرێـمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، جەخت کردنەوە لە باشترکردنى دۆخی مووچەی فەرمانبەران،  هەروەها شایستە داراییەکانی هەرێم وەک لە بوودجەدا هاتووە. 

ماڵپەڕی فەرمی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناوەڕۆکى کۆبوونەوەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت، "لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشهاتە ئەمنی و ئاسایشیەکان گفتووگۆ کران و جەخت لەسەر سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا، بارودۆخی مووچە خۆرانی هەرێم و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە چوار چێوەی بوودجەی عێراقی فیدڕاڵدا بۆ ساڵی (2024) پرسە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە بوون."[1] هەروەک دواتر ببینرا، هاووڵاتیانی هەرێم لە سۆشیامیدیا گەشبینى و دڵخۆشى خۆیان نیشاندا بە بڕیاری ناردنى بەشێک لە شایستە داراییەکانى هەرێم لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە، ئەمەش لە دواى کۆبوونەوەکەى هەردوو سەرۆک، وەک دەرکەوتنی دەستکەوتێک لە سەردانەکەی سەرۆک نێچیرڤن بارزانى بیندرا.

ئەنجامە گرنگەکانی سەردانەکەی سەرۆک

هەموو سەردانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی خێرا ئەنجامی دەردەکەوێت و پێشهاتی نوێ بەدیاردەکەون، تەنانەت لەکاتى ئاڵۆزی و ناکۆکییە سیاسییە سەختەکانیشدا. ‌هێشتا سەرۆک لە بەردەوامی کۆبوونەوەکانی دابوو لە بەغدا، تەنیا ڕۆژێك دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراقدا، "ڕۆژی (14) ی کانوونی دووەمی (2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سێیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا، یەکێک لە ئەجێندا سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە شایستە و مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بوو لە چوارچێوەی بوودجەی فیدڕاڵی عێراق بۆ ساڵی (2024)، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا بڕێ (618) ملیار دینار بۆ مانگی کانوونی دووەمی (2024) بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بنێردرێت."[2] بەمەش هەر زوو یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە پێناو هاووڵاتیانی هەرێم دەرکەوت و ئەنجامی ئەرێنی لێکەوتەوە، بە پێشبینى دەکرێت کۆبوونەوەکانی سەرۆک لە داهاتوودا ئەنجامی هەبێت و دەبێتە مایەی سەقامگیری و ئاسایش و هێور کردنەوەی دۆخەکى سیاسیى نێوان هەولێر وبەغدا بۆ شێوەیەکی باشتر.

چاوەڕوانییەکان و سەردانی و کۆبوونەوەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى

ڕوونە سەرنجێکی زۆر لەسەر هەنگاوەکانی سەرۆک هەیە لە هەموو کاتەکاندا، سەرنج و گەڕانەوەکان بۆ سەرۆک تایبەتمەندی تری دەبێت لە کاتە سەختەکاندا و هاووڵاتیان بە پەرۆشە لە هەوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڕوانن، خودی خۆی بە چارەسەرکەری ناکۆکییەکان و تاکە ڕێگەی کردنەوەی ئاڵۆزییەکان لێى دەڕوانن. لە ڕاپۆرتێکیدا ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت "تیشکی خستووەتە سەر سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە سەردانێکی گرنگی داناوە و ئەنجامە ئەرێنییە خێڕایەکەی سەردانی سەرۆکی باسکردووە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدار بوو بە هاووڵاتیانی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمدا لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاری لە بارەی ناردنی پارە بۆ هەرێم دا."[3] کە بڕیارێکی گرنگ بوو لە کاتێکی پێویستدا.

هەر لەبارەى سەردانەکەی سەرۆک بۆ بەغدا و هەوڵەکانی، ئاژانسی هەواڵی قەتەر بڵاوی کردەوە "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری عیراق گفتووگۆیان کردووە لە بارەی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان و گەشەسەندنە سیاسییەکان، ئاژانسەکە دەشڵێت ئاسایش، دۆخی ئەمنی، جەخت کردنەوە لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، بەهێزکردنی پرسە جیاوازەکان تەوەری سەرەکی و گرنگی کۆبوونەوەکە بوون."[4] میدیاکان بە چڕی کۆبوونەوەکانی سەرۆکیان ڕووماڵ کرد، چونکە پێیان وابوو سەرۆک چەتری کۆکەرەوەی لایەنەکانە نەک لە ناوخۆ تەنانەت لە بەغداش، بێگومان کۆبوونەوە جیاوازەکان ئەنجامی ئەرێنی جیاوازی دەبێت لە ئێستا و داهاتوودا.

کۆتایی

بە دڵنیاییەوە خێرا بڕیاردان لە ئەنجامەکانی سەردانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کارێکە چاوەڕوانی پێویستە، چونکە بڕیاری گرنگ و پێویست کاتی پێویستی دەوێت و زۆربەی جار پەلە کردن لێیان ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت بە تایبەت بڕیاری سیاسی و چارەنوسساز. پێویستە وەک هەمیشە بە گەشبینییەوە لە هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕواندرێت و پێداچوونەوەیەک بە هەوڵە جیاوازەکانی لە بەرانبەر پرس و کاتە جیاوازەکاندا بکرێت، شاراوە نییە کە پرسەکانی سەقامگیری، سەروەری، ئاشتی، و چارەسەر کردنیان پرس گەلێکن کە لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەر ناکرێن. 


[1] رئیس مجلس الوزرا‌ء السید محمد شیاع السوداني یستقبل رئیس إقلیم کردستان العراق. 2024, Pmo.iq,                                        https://pmo.iq/?article=1202   

[2] مجلس الوزرا‌ء یعقد جلستە الاعتیادیە الثالثە برئا سة رئیس مجلس الوزرا‌ء السید محمد شیاع السوداني.2024, pmo.iq. 

https://pmo.iq/?article=1210

[3]هەواڵنێر، رۆژنامەى شەرقولئەوسەت: سەردانەكەى سەرۆكى هەرێمى كوردستان سەركەوتووبوو. نوچەنێت. 2024، https://www.nuche.net/post-14957.html

[4] Iraqi President, President of Kurdistan Region Discuss Latest Security, Political Developments, qna.org.qa. 2024, https://www.qna.org.qa/en/News-Area/News/2024-01/14/0034-iraqi-president,%C2%A0president-of-kurdistan-region-discuss-latest-security,-political-developments

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین