بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکان: بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ناو ئافرەتاندا لە زیادبووندایە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت باس لە دۆخی چاکسازییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: زۆر هەنگاومان ناوە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وێنەی نییە، بەڵام گرفتی بچووکی بینا و شوێنمان هەیە کە ڕێگری دەکات لە جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکانمان وەکو پێویست.

نوچەنێت: لە هەرێمی کوردستان چەند چاکسازیمان هەیە؟ پەیام و کاری چاکسازییەکان چییە؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازیمان هەیە، سێ چاکسازی گەوران و سێ چاکسازی ئافرەتان و منداڵان، کە ئێمە هاتین کۆمەڵێک گۆڕانکاریمان لە خزمەتگوزاری و بەرنەامەکاندا کرد. پەیاممان ئەوەیە کە چاکسازی لە کەسایەتی ئەو کەسانەدا بکەین کە بۆ بەندکردن دەهێنرێن بۆ لای ئێـمە. 

ئەوەی کە تاوان دەکەن، ئەو ڕؤژەی کە دەیانهێنن بۆ لای ئێمە فۆرمێکیان پێ پڕدەکەینەوە لە هۆڵی پێشوازی دوای ئەوە پشکنینی تەندروستی بۆ دەکەین. ئایا هیچ نەخۆشییەکی هەیە یان پێشتر چی نەخۆشییەکی هەبووە. هەموو ئەوانە دەکرێتە دۆسیەیەک تا ئەو ڕۆژەی دەردەچێت. سزاکەی، پەڕاوی دادگا و چۆنێتی هەڵسوکەوت یان ئەو کێشانەی کە دروستی دەکات، تا کو زانیاری کەسی تەواومان لەسەر بەندکراوەکان هەبێت دواتر دەیگوازینەوە بۆ هۆڵەکان.

بەندکراوەکان بە پێی تاوانەکانیان پۆلێن دەکرێن

نوچەنێت: دەگوترێ هەموو جۆری تاوانەکان بەیەکەوە ڕادەگیرێن یان هەموویان لە هۆڵێکن؟ 

ئیحسان عەبدولڕەحمان: نەخێر ڕاست نییە. بەندکراوەکان بەپێی ماددەی سزادانەکەیان پۆلێن دەکرێن، هەروەها لە ڕووی تەمەنیشەوە بە هەمان شێوە. لە پۆلێنکردنیان ڕەچاوی تەمەنیان دەکەین. 

بۆ نموونە تاوانەکانی تیرۆر بە جیا بەند دەکرێن، هەروەها تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر یان ئەوانەی بازرگانی ماددەی هۆشبەرن بە جیا لە هۆڵێکن، هەروەها بکوژەکان لە هۆڵێکی جیاوازن. ئەوانەی تەمەنیان نەگەیشتووەتە هەژدە ساڵ بە جیاواز ڕادەگیرێن لە ناو ئافرەتان و پیاوانیش. 

نوچەنێت: لە ڕووی شوێنی حەوانەوە شوێنی چاکسازییەکان گونجاوە؟ ڕەچاوی کات بەسەربردن و دۆخی تەندروستییان دەکرێت؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان:  بچووکی بینای چاکسازییەکان گرفتی گەورەمانە، شوێنەکە بۆ (900) کەس دروستکراوە (1800)کەسی تێدا بەندکراوە. واتە دووئەوەندەی ڕێژەی ئاسایی.

نوچەنێت: ئایا ئەوە گرفت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانتان دروست ناکات؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: ئەمە کۆسپێکە لە بەردەم کارەکانمان، بەم هۆیەوە ناتوانین وەکو پێویست خزمەتگوزارییەکانمان جێبەجێبکەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە درێغیمان لە گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان نەکردووە، ئەو کەسەی کە دێتە ناو چاکسازییەکان، جێگاو ڕێگای بۆ دابیندەکرێت. دەبێ پێداویستییەکانی خواردن و جێگای خەوتن و دەرفەتی خوێندن و خۆدانە بەر خۆر، هەروەها کتێبخانە و هۆڵی وەرزشمان هەیە، دەرفەتی خوێندنمان بۆ بەندکراوە کان دابیکردووە، هەتا خوێندکاری خوێندنی باڵاشمان هەیە. بۆ ئەمڕۆ (409) خوێندکارمان هەیە لە ناو ئافرەت، پیاو و نەوجەوان. 

شوێنەکانمان بۆ 900 بەندکراو دروستکراوە و 1800بەندکراوی لێیە

نوچەنێت: لە ناو بەندکراوەکان ڕێژەی ئەوانەی دەیانەوێ سود لە دەرفەتی خوێندن وەربگرن ئافرەتن یان پیاو؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: ئێستا لە هەردوو ڕەگەز خوێندکارمان هەیە. تەنیا لە دهۆک کێشەمان هەبوو. ئافرەتەکان نەیاندەویست بخوێنن، بەڵام چارەسەرمان کرد، خۆم چوومە پەروەردەی دهۆک، مامۆستام بۆیان دابینکرد و ئێستا ئەوانیش دەخوێنن.

نوچەنێت: حاڵەت هەیە حوکمی لە سێدارەدانی هەبێت بەڵام بخوێنێت؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: بەڵێ لە هەولێر، سلێمانی و دهۆکیش هەتا نەجەوانیشمان هەیە کە بکوژن و حوکمی لە سێدارەدانیان هەیە بەڵام دەخوێنن. کەسێک هەبوو لە چاکسازی کە داخڵ بوو بە سەرەتایی بوو ئێستا دەرچووی ماستەرە، کە ئازادبوو بووەتە جێگری ڕاگر لە یەکێک لە کۆلێژەکان، ئەو خوێندنەی کە لە ناو چاکسازی خوێندی بووەتە ئاسانکاری بۆ چوونەوەی بۆ ناو کۆمەڵگە، هەم پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی پێ بەرز کردەوە، هەم خزمەتی کۆمەڵگەی پێدەکات. 

نوچەنێت: ژمارەی ئافرەتان لە چاکسازی چەندە؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: ژمارەی  ژنان و منداڵان ئەمڕۆ لە چاکسازییەکانی هەولێڕ، (271) کەسە هەیە. (94) کەس لەم ژمارەیە ئافرەتن.  

بەندکراومان هەیە سزای لە سێدارەدانی هەیە بەڵام دەخوێنێت

نوچەنێت: ئەو تاوانانەی کە ئافرەت دەیکات زیاتر چییە؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: زیاتر ناپاکی هاوسەرییە. دوای ئەوە ماددەی کوشتن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر. بەداخەوە بەرەبەرە تاوانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ناو ژناندا زیاد دەبێت. 

نوچەنێت: تەمەنیان لە نێوان چەند بۆ چەندە؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: لە یانزە ساڵییەوە تێیدایە هەتا سەرووی 60ساڵ، هەیە تەمەنی یانزە ساڵەو بە تاوانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر گیراوە. هەروەها بازرگانیش لە ناو ئافرەتاندا هەیە.

کۆی سزاداراوان، لە کۆی هەرشەش چاکسازییەکە (5311) کەسن.  بەداخەوە (1214) یان ماددەی هۆشبەرن، واتە سەدا بیستی دەستگیرکراوەکان. منداڵەکانیش زیاتر بە تاوانی دزی دەستگیر دەکرێن.

نوچەنێت: بەرنامەتان بۆچاکسازی منداڵەکان چییە؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: دوای ئەوەی وەریان دەگرین، خزمەتگوزاری تەندروستی و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکەین هەروەها دەرفەتی خوێندنیان هەیە، ڕۆژانەش کاتژمێرێک توێژەری کۆمەڵایەتی و توێژەری دەرونی دەرسیان پێ دەڵێت. هەروەها سیمیناریان بۆ دەکرێت و بابەتە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ باس دەکرێت. 

بە مەبەستی بەتاڵ بوونەوەی دەروونیان هەیانە چەندجارێک چیرۆکی خۆی بۆ توێژەرە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکات. دوای ئەوە ڕاهێنان و شیاندنەوەیان پێدەکەین بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە، سێ مانگ بەر ئازادبوونیان دەیانبەینە بەشی چاودێری پاشینە بۆ ئەوەی ئامادەبکرێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی.

نوچەنێت: ئاگاداری ئەو کەسانە هەن کە ئازاد دەکرێن؟ ئایا لە بەرنامە چاکسازییەکەتان سەرکەوتوو بوون؟ یان چەند کەسیان گەڕاونەتەوە سەر ئەنجامدانی تاوان؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: بەپێی ئەو ئامارەی هەمانە جگە لەوانەی کە حوکمەکانیان تەواودەکەن. لە ساڵانی( 2007، 2012 ، 2017) لێبوردنی گشتی دەرچوو. نزیکەی (8000)کەس سودمەندبوون، لەو هەشت هەزار کەسە ( 207) کەس گەڕاوەتەوە ناو چاکسازییەکان، ئەوانەش بە هەمان تاوان نەگەڕاونەتەوە. هەیە بکوژ بووە ئێستا بە تاوانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ، یان بە ماددەی سزای هاتووچۆ گەڕاوەتەوە. 

لە ناو چاکسازییەکاندا خلوەی شەرعیمان هەیە

نوچەنێت: لە ناو ئافرەتانیشدا ڕێژەکە بە هەمان شێوەیە؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: لە ناو ئافرەتاندا تاوانی دزیش زۆرە، هەیە تەمەنی یانزە ساڵە بەهۆی دزییەوە دەستگیرکراوە.  ڕاستەهەیانە فێربووەو پێویستیشی پێی نییە هەر دزی دەکات، بەڵام بەشی زۆریان بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری و بێ پارەییەوە تووشبوون. ئافرەتان لە سەدا نەوەد بە شیانەوە چاکبوون. ئێمە مامەڵەی مرۆڤ لەگەڵ بەندکراوەکانی دەکەین ڕاستە تاوانبارن بەڵام مرۆڤن.

 

نوچەنێت: پێتانوانییە بەندکراوەکان، جیا لە توێژەری کۆمەڵایەتی پێویستییان بە توێژەری دەرونیش هەیە؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: لە دهۆک سەنتەرێکی دەرونیمان لە ناو چاکسازی کردووەتەوە. لە ماوەی دوومانگدا (40) کەس سودمەندبوون، لە چاکسازی سلێمانیش خەریکین سەنتەری دەروونی بکەینەوە.

نوچەنێت: ڕێژەی ئافرەت لە کام پارێزگا لە چاکسازییەکان زیاترە؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: بە داخەوە لە هەولێر، هۆکارەکەی بەشێکی بۆ دابونەریتی کۆمەڵایەتی و بەشێکی تری بۆ قەرەباڵخی هەولێر دەگەڕێتەوە، هەروەها هەموویان کورد نین، نەتەوەکانی فارس، عەرەب، تورک، ئۆزبەکی، چینی، مەغریبی و جەزائیری هەیە، بە تایبەت بەپێی یاسا لێرە سزاکەیان وەردەگرن و دواتر دەگەڕێنرێنەوە وڵاتی خۆیان. 

نوچەنێت: ئێوە ڕێککەوتنی گۆڕێنەوەی سزاداراوانتان لەگەڵ ئێران هەیە؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: بەڵێ ڕێکەوتنێکمان لەگەڵ وڵاتی ئێران هەیە. ئەوانەی تاوانی کۆمەڵایەتییان ئەنجامداوە. ئێمە ئێرانییەکانیان دەدەینەوە ئەوانیش کوردەکانمان دەدەنەوە. 

نوچەنێت: پێشتر حاڵەت هەبوو کە بە تاوانی ناپاکی هاوسەری دەستگیرکرابوو، دوای ئەوەی سزای یاسایی وەرگرت، کە ئازادبوو لەبەردەم دادگا کوشتیان، ئێوە بۆ ڕێگریکردن لەوە چیتان کردووە؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: ئەو ئافرەتانەی بە تاوانی ناپاکی هاوسەری دەستگیرکراون ڕۆژانەو هەفتانە توێژەرەکانمان سەردانی ماڵەکانیان دەکەن، بۆ هێورکردنەوەیان و دەمانەوێ دڵنیایان بکەینەوە کە ئێمە چاکسازی لە کەسایەتیان دەکەین، حاڵەتی لەو جۆرەمان هەبووە دوای تەواکردنی سزاکەی گەڕاوەتەوە ناو کەسوکاری و ئاسایی وەرگیراوەتەوە، ئەوانەی کە کەسوکاریان قبوڵیان ناکەنەوە دەگمەنن، لەو حاڵەتەدا ئێمە ئەوکەسانە ڕەوانەی شەڵتەری پاراستنی ئافرەتان دەکەین. ماوەی ساڵ و نیوێکە من بەڕێوەری گشتیم لەو ماوەیە هیچ حاڵەتێکمان نەبووە کە دوای ئازادبوون تووشی توندوتیژی هاتبێت.

٤٨ منداڵ لە ناو چاکسازی ئافرەتان لەگەڵ دایکیانن

نوچەنێت: چەند توێژەری کۆمەڵایەتی لە ناو چاکسازییەکاندا کاردەکەن؟ چونکە وەکو جەنابت باس دەکەی زۆربەی بەرنامەکانتان پێویستی بە توێژەری کۆمەڵایەتی هەیە؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: نزیکەی (250)  توێژەری کۆمەڵایەتیمان هەیە. بە پێی ستاندارد بۆ هەر (25) سزادراو توێژەرێکمان پێویستە، بەڵام لە سلێمانیبە (1451) کەس لە چاکسازی گەوران تەنیا نۆ توێژەرمان هەیە. هەر توێژەرێک (150) کەسی بەردەکەوێ . ئێمە داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە ئەوانیش نوسراوەکەیان ئاراستەی ژووری ڕاژە کردووە. بۆ ئەوەی توێژەری پیاو و ئافرەت ،لە چاکسازییەکان دابمەزرێنین چونکە پێویستمان بە توێژەری کۆمەڵایەتی و دەرونیش هەیە. 

نوچەنێت: ئەو ئافرەتانەی کە منداڵی شیرە خۆر، یان تەمەنی پێش دووساڵیان هەیە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت؟ 

ئیحسان عەبدولڕەحمان: ئێستا (48)منداڵمان هەیە کە لە چاکسازی ئافرەتان لەگەڵ دایکیانن، بەپێی ستانداردی جیهانی، دەبێ ئەو منداڵانەی لە چاکسازییەکان لەگەڵ دایکیاندان تەمەنیان لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت، بەڵام ئێمە بەداخەوە لە هەولێر منداڵی(12)ساڵمان هەیە. هەیانە لەبەرئەوەی کەسوکاریان نییە کەس نییە وەریان بگرێتەوە ناچارین ڕایان بگرین، حاڵەت هەیە دایکەکە بە تاوانی تیرۆر گیراوەو خەڵکی چینە، دوومنداڵی هەیە ئێستا تەمەنیان گەورەیە، هەمانە بەر لە حوکمدانی کەسەکە بە چەند ڕۆژێک منداڵی بووە، ئەمڕۆ حاڵەتمان هەیە لە ناو چاکسازی منداڵی بووە، ڕێکخراوی یونسێف و منداڵپارێزی کوردستان. ئەم بابەتەیان گرتووەتە ئەستۆ و هاوکارمان.

ڕێژەی لە سێدارەدان لە ناو ئافرەتان 25% و لە ناو پیاواندا %75

نوچەنێت: بەپێی زانیارییە پزیشکییەکان، ئەو ژنانەی کە سکپڕن هەتا شەش مانگ دوای منداڵبوو، تووشی گۆڕانکاری هۆرمۆنی دەبن ئایا لە کاتی سزادانیاندا ئەوە لەبەرچاودەگیرێت؟ یان هەروەکو کەسێکی ئاسایی حوکم دەدرێن؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: وەکو کەسێکی ئاسایی حوکم دەدرێن، چاکسازی ناتوانێ دەستوەردان بکات ئەوە ئیشی قەزایە، بەڵام ئێمە دەتوانین بە پێی یاسا هاوکاربین لە ڕووی گرتنی پارێزەر بۆ کەمکردنەوەی حوکمەکە، یان لەگەڵ قەزا قسەبکەین شوێنی باش و تایبەتیان بۆ دابین دەکەین، دەرچوون و بەرخۆریان هەیە، هەتا دەتوانن بە سکایپ و تەلەفۆن قسە لەگەڵ کەسوکاریان بکەن.

نوچەنێت: ڕێژەی ئەو ئافرەتانەی حوکمی لە سێدارەدانیان هەیە چەندە؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: ئەمڕۆ (450) حاڵەتی لە سێدارەدانمان هەیە، کە کوشتن و تیرۆری تێدایە. ڕێژەی لە سێدارەدان لە ناو ئافرەتاندا سەدا بیست و پێنجە بەڵام لە ناو پیاواندا حەفتاوپێنجە.

نوچەنێت: پێتانوایە ڕەچاوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت لە ناو چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان؟

ئیحسان عەبدولڕەحمان: بێ گومان، جیا لە دابینکردنی هەموو پێداویستییەکان بۆ بەندکراوان، خلوەی شەرعیمان هەیە، ژنێک کە پیاوەکەی حوکم دراوە لە هەفتەدا ماوەی دوو بۆ سێ کاتژمێر خلوەی شەرعیان هەیە. لە ناو چاکسازی ئافرەتانیشدا هەیە هەیە ژنەکە لە چاکسازی ئافرەتان و پیاوەکە لە هی پیاوانە بەڵام دەرفەتی یەکتر بینینمان بۆ فەراهەم کردوون. بەم هۆیەوە ئێستا ڕێژەی تەڵاق لە ناو چاکسازییەکان بۆ سەدا سفر دابەزیوە. لە ساڵی 2023 (5176) کەس خلوەی شەرعییان لە چاکسازییەکان هەبووە.

بابەتێکمان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وێنەی نییە، لە وڵاتە عەرەبییەکانیش نییە لە عیراقیش یاساکە هەیە بەڵام کاری پێناکرێت.  ئەویش مۆلەت دانە بە بەندکراوەکان، کە بۆ ماوەی هەفتەیەک بگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان، تەنیا هەرسێ تاوانی ڕفاندن. تیرۆر و کوشتن ئەم یاسایە نایگرێتەوە. ئەویش بەشێکی بەو هۆیەوەیە کە ڕەننگە کەسێک بە ماددەی کوشتن سزادراوە مۆڵەتی پێبدرێت بکوژرێتەوە.

لە ساڵی 2023 (287) بەندکراو مۆڵەتیان پێدراوە. بۆ نموونە، ئەگەربەندکراوێک دەساڵ حوکم بێت دوای دووساڵ و نیو دەتوانێ لە ماوەی سێ مانگدا هەفتەیەک بڕواتەوە ناو کەسوکاری، جگە لە قسەکردنیان بە دەنگ و ڤیدیۆ، گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیا تەلەفۆنەکان هەیە سەدا پەنجایان داشکان بۆ دەکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین