ئێران داوای هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر هێرشەکەی جیش العدل دەکات ئێران

نوچەنێت:

نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات، هێرشی جیش العدل بۆ سەر راسک و چابەهار "بە توندی شەرمەزار بکرێت".

ڕۆژی شەممە (شەشى نیسان/2024)، رادیۆفەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەمیر سەعید ئیروانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەکەیدا نووسیویەتی: ئێران داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات، کە بە توندی ئەم کردەوە قێزەونانەی تیرۆریزم بە توندی شەرمەزار بکات و رێوشوێنی گونجاو هاوتەریب لەگەڵ بەڵێنەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە تەواوی شێوەکانیەوە بگرێتەبەر.

لە نامەکەی ئیروانی دا دووجار ئاماژەی بەوەکردووە، کە گرووپی جیش العدل "هەندێک وڵاتی بیانی پاڵپشتی دەکەن"، بەڵام بە دیاری کراوی بە ناوی هیچ وڵاتێک ئاماژە نەکراوە.

لە رووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان پۆلیس و هێزە سەربازییەکانی ئێران و ئەندامانی گرووپی جیش العدل، لە دوو شاری سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، (راسک و چابەهار) کە لە شەوی چوارشەممەوە تاکو پاشنیوەوڕۆی پێنجشەممە درێژەی هەبوو، بەگوێرەی زانیارییەکان لانیکەم 11 کەس لە هێزە ئەمنییەکان و لانیکەم 18 ئەندامی ئەو گرووپە کوژران. 

جەیش ئەلعەدل کە لەلایەن ئێران، پاکستان و ئەمریکا، بە گرووپێکی "تیرۆریستی" ناسێنراوە و تا ئێستاش چەندین جار ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی لە سیستان و بەلوچستان ئەنجامداوە، لە بەیاننامەیەکدا بە فەرمی بەرپرسیارێتی ئەم هێرشە-شی لە ئەستۆ گرتووە.

ئەم هێرشە کاردانەوەی زۆری وڵاتانی بیانی بەدوای خۆیدا نەهێنا؛ وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا هێرشه "تیرۆریستی، ترسناک و بێ هیوایانەی" چابەهار و راسکی ئیدانه کرد و هاوسۆزی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیان دەربڕی.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین