پێشبینی و شیکردنەوەی ئاڵۆز لە گوندە بچووکەکی جیهان بیروڕا

بەهرە حەمەڕەش

بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە جیهان بووەتە گوندێکی بچووک، بەڵام گوندێک کە تێیدا هاوکاری و هاوخەمی مردووە و بەرژەوەندییەکان تێیدا تا راددەی دروستبوونی کاولکاری بەریەک دەکەون. هەموان دەیانەوێ جوگرافیایان لەوە فراوانتربکەن، کە هەیە بەرژەوەندییەکان لە دەوری ماددەدا دەخولێنەوە، لەم گوندەدا هەمووشتێک نرخی هەیە، مرۆڤ نەبێ. ئەم گوندە جیهانییە چەند ئاسانکاری بۆ ژیان کردووە، ئەوەندەش لە یەک ئاڵۆسکاو و تێکەڵە.

ئەم لە یەک ئاڵۆسکاوی و بەرژەوەندی پەرستییە، مانای لە ژیان سەندووەتەوە، قەیرانی جۆراوجۆری پێیە، سەرودەرکردنی مرۆڤ لەگەڵ ئەو رەوشە قەیران ئامێزەی، کە خۆی دروستکاریەتی سەختە، لەوەش سەختتر نەسرەوتنیەتی. تەماحکاری و ماددەگەرایی تا ئەو راددەیە چووە، کە سڵ لە کۆمەڵکوژی و مرۆڤ قڕکردن نەکرێتەوە. کۆمەڵکوژی بە دەرمان، تەکنەلۆژیای زانیاری، خواردنی ماوە بەسەرچوو، ئالودەبوون بە ئامێرەکان، چەکی رەق...

جیا لەوەی ئامێرەکان گۆڕەپانی کاریان لە مرۆڤ وەرگرتووەتەوە، خودی مرۆڤیش بە ئامێرکراوە و لە بازنەیەکدا دەیخولێننەوە داماڵراو لە ئامانجە مەعنەوی و مرۆییەکان، زیادبوونی رێژەی نەخۆشییە دەرونییەکان و خۆکوژی وێڕای ئەو هەموو کەرەستە و ئامرازانەی بۆ دڵخۆشکردنی مرۆڤ هەن، هۆکارێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.

مرۆڤەکان بە شێوازی جۆراجۆر ئالودە و کۆمەڵکوژ دەکرێن، بۆیە کاردانەوەکانیش جیاوازن. وڵاتانی جیهانی سێیەم ببوونە مشکی تاقیکردنەوەی زلهێزە پێشکەوتووەکان، بەڵام لەگەڵ فشۆڵبوونی بەرژەوەندییەکان، ئەم پریشکە ئاگرە گەیشتە وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات، کە دوورنییە بگاتە ناوجەرگەی ئەوروپاش.

ئێستا لەم گوندە جیهانییەدا بەهێز بێهێز دەخوات. سەربە هەر کام جیهان بێت. غروربوون و ماندوبوونی دەرونی و جەستەیی مرۆڤ گەیشتووەتە ئاستێک، کە ئاسودەیی هەڵگرتووە تا ئەو شوێنەی، کە جیهان پێویستی بە تەقینەوەیەکی بە ئاگاهێنەر و و کاولکارە. ئایا پارچەکانی دوای ئەم تەقینەوەیە بەکەڵکی بنیادنان دێنەوە؟ ئەمە پرسیارە جەوهەرییەکەیە. ئایا کاتێک مرۆڤ گەیشتە ترۆپکی خۆبەزلزانی، چەند پەتای تری پێویستە تا بیخاتەوە قەپاخەکەی خۆی؟ پێدەچێت لەو گوندە جیهانییەوە، کە گەیشتینە پەتای جیهانی. ئەمجارە سەردەکێشی بۆ جەنگێکی جیهانی، کە لە پەتاکە ترسناکتربێت. ئەوکاتە جیهان ئارام دەبێتەوە، کە بیرکردنەوەی مرۆڤەکان، لە ماددەگەرایی و نادادی رزگار دەبێت. بەرژەوەندییەکان لە جیهانگیرییەوە دێنەوە سنوری ژیان.

جیهان لە دوای قەیرانی ئابوری (٢٠٠٨) قەیرانی ناوچەکە (٢٠١١) بە هاری عەرەبی، قەیرانی پەتای کۆڤید ١٩/ کۆرۆنا (٢٠١٩). ئەمانە هەمووی دەرئەنجامی قەیرانی مامەڵەی مرۆڤ لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ سروشتە. هەوڵدان بۆ داگیرکردنی "جوگرافیا، مێشک و ئابوری" هۆکاری ئەوەن، کە تێکڕای جیهان لە ئاڵۆزییەکی ناسروشتیدا دەژیت.

ململانێ لە نێوان پارت و دەوڵەتە بچووکەکان، لە سەر ئاستی هەرێمی و زلهێزەکانی ناوچەی و جیهان، وایکردووە لێکدانەوە و شیکارییەکان ئەستەم بن، کە ئایا دۆخەکە بە چ ئاقارێکدا دەڕوات. وەک نموونە ئەوەی ئێستا لە ئۆکرانیا روودەدات، فرە "رەهەند و ئاراستەیە"، پێشبینی و شیکردنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت... لە سۆنگەی بەرژەوەندییەکانەوە راکان جیاواز دەبن. هەروەها پێشبینیکردن و شیکردنەوەکانیش، بە هەمان شێوە. لە کۆتاییدا ئەو پرسیارە دێتە ئارا، ئایا ئەوەی لە سەر شانۆ دەبینرێت، هەمان ئەوشتەیە لە پشتی پەردە پلانی بۆ دادەنرێت یان ئەو کۆنتڕۆڵەش لە دەست دەرچووە؟

بە پێی مێژوو کورد لە هەموو گەلێک زیاتر بە شەڕ و ناکۆکی و داگیرکردندا تێپەڕیوە، چونکە بەداخەوە مێژووی ئێمە مێژوویەکی خوێناوییە. لەبەرئەوە، ئەمڕۆ ئەگەر سەیری سۆسیال میدیای کوردی بکەین، زۆر گرنگییان بە شەڕی ئۆکرانیا و روسیا داوە، کە بە شێوەیەکی ویژدانی بەرگری لە ئۆکرانیا دەکەن، چونکە زوڵمی لێدەکرێت. ئەوەی بۆ خەڵک، بە نادادی دەزانین بۆ خۆمان لەگەڵی راهاتووین یانیش بەبیانووی جۆراوجۆر بەردەوامی پێدەدەین. 

پەنابەربوونی هاوڵاتییانی، وڵاتێک لە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، جێگای نیگەرانی و دڵەڕاوکێیە. مرۆڤایەتی دەستی لە سەر دڵیەتی، کاتێک شاهیدی ئەو هەموو تراژیدیا مرۆییەین، کە لە شەڕی یانزە ساڵەی سوریا، پەیدابوونی گروپی تیرۆرست و دژە ژیانی وەکو داعش دروست دەبن. ئێستاش شەڕی ئۆکرانیا و روسیا، ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، کە ئایا مانایەک بۆ هەبوونی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی تری ژێڕ ئەم دروشم و ناونیشانە ماوە؟ ئەو توندوتیژییەی جاران نەدەخرایە سەر شاشەکان و باسکردنی رێگەی پێنەدەدرا، کە ئێستا ئاسایی بووەتوە؟ گەلۆ دەبێ مرۆڤایەتی، بەرەوکوێ بچێت؟!

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین