نێچیرڤان بارزانى: سەندیكایەكى پیشەییم دەوێت بیروڕا

نوچەنێت:

ئەنوەر بازگر

كە چووینە ژوورەوە، ئەو وەستا بوو، یەك بە یەك تەوقەى لەگەڵ ستافەكەى ئێمە كرد، ئینجا وتى: بەخێر بێن، بەڵام با پێش ئەوەى ئێوە گلەیى بكەن، من داواى لێبوردن بكەم، كە دەبوو ئەم دیدارە زووتر بوایە، بەڵام فەرموو ئێوە قسە بكەن، من گوێ دەگرم. 

ئێمە باسى ئەوەمانكرد:

- كارى میدیا لە هەرێمى كوردستان، تەندروست نییە و پێویستى بە ڕێكخستن هەیە، بە یاسا، ئیتیك، هوشیارى و گرتنەبەرى ڕێگاى جۆراوجۆر بۆ ئەم گرفتە.

- سیستمى سیاسى و ئیدارى گرفتى زۆرە، بۆیە شتێكى عەجیب نییە، كە میدیاش تەندروست نییە. 

- بەڵام نابێت تەنها و تەنها هەموو گرفتەكان، بخەینە ملى میدیا.

- كارى ڕۆژنامەنووس و میدیا لە كوردستان، نەبۆتە پیشە.

- ئێمە وتمان: پێنج ڕۆژنامەنووس تیرۆر كراون و سەدان پێشێلكارى بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان كراوە، بەڵام هێشتا ئازادى هەیە. 

لە وەڵامدا سەرۆكى هەرێمى كوردستان وتى:

- لە بارەى میدیا و سۆسیال میدیاوە، لێتان ناشارمەوە نیگەرانم، چونكە جۆرێك لە فەوزا دروستبوە، بەڵام نابێت كۆڵ بدەین لە چاككردنى.

- هەندێ ڕووداو و كەیسى میدیا و ڕۆژنامەنووس هەیە، ئێمە گەورەى دەكەین و هەندێكى ئێوە گەورەى دەكەن، كە دەبێ هەردوولامان واقیعییەت باسبكەین، هەندێ كەیس هەیە، باش مامەڵەمان لەگەڵ نەكردوون، زەرەرى داوە لە پێگەى هەرێم و پرسى ئازادى. 

- كارى سەندیكاى ڕۆژنامەنووسان ئەوەیە، (ڕاستگۆیى و پیشەیبوون) بكەنە مانیفێستى خۆتان. 

- دیفاع لە ئازادى بكەن. 

- دیفاع لە مەزڵوم بكەن. 

- "میللەتى ئێمە خەباتى بۆ ئازادى كردوە، ناكرێت ئازادیى لێ زەوت بكرێت"، گەلى كورد شەهیدى داوە، زەحمەتى كێشاوە، قوربانى داوە، شایەنى ڕێزگرتن و خزمەت و دابینكردنى ئازادییە. 

لەناو گفتوگۆكاندا، سەبارەت بەو پرسە وتمان:

- ئێمە بەشێكین لە ئەزموونى سیاسى كوردستان، بەڵام داكۆكى لە ئازادى دەكەین. 

- سەندیكاى ڕۆژنامەنووسانیش، كەموكوڕى خۆى هەیە.

لە بەشى دووهەمدا من وتم: پێم خۆشە لەسەر سێ تەوەرى گرنگ قسە بكەین: 

- قەیرانى پۆستى سەرۆكۆمار. 

- بڕیارەكانى دادگاى فیدڕاڵى و كاریگەرى لەسەر هەرێمى كوردستان.

- شەڕى ڕوسیا و ئۆكرانیا، كاریگەرى لەسەر كوردستان.

سەرۆكى هەرێم لە وەڵامدا وتى: 

یەكەم: شەڕ لەسەر پۆستى سەرۆكۆمار لەناو كورددا، كارێكى باش نییە، زەرەر دەدات لە پێگەى هەرێم، نەدەبوو بگاتە ئێرە و دەبوو خۆمان حەلمان بكردایە، بەڵام هێشتا من وەكو سەرۆكى هەرێم پێموایە حەل ماوە و چارەسەر دەبێت.

دووهەم: بڕیارەكانى دادگاى فیدڕاڵى، تەواو سیاسین، دادگا بێ لایەن نییە و هەر كات ویستیان كارێك بكەن دژى هەرێم، دادگا دێتە سەر خەت، ئەگەرنا بۆچى پاش (10) ساڵ، ئەو كەیسە دەجوڵێنن؟ 

بەڵام غەدر لە هەرێم دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا من لەگەڵ چارەسەرم لەگەڵ عێراقدا بە دیالۆگ، گەر مافى هەردوولامان نەفەوتێ و باشترین ئەڵتەرناتیڤ، دیالۆگ و هەماهەنگییە. 

- گرفتێكى تر خۆمانین، كە یەكگرتوو نین، بەش بەش بووین، كە دڵنیا بن ڕێككەوتن و هاوپەیمانى بە جیا جیا لەگەڵ شیعە و سوننە لە زەرەرى كوردە و نابێت كەسمان دڵى پێخۆش بكەین، بەڵكو دەبێت خۆمان یەكگرتوو بكەین. 

- من لەگەڵ ئەوەم ڕێز لە سیادە و سەروەرى عێراق بگرین، بەڵام بە مافەكانى هەرێمى كوردستانەوە. 

- بەڵام بەداخەوە، ئێمە باش لە مەترسییەكان تێناگەین، ئەگەرنا كاتى خۆى زۆرجار خوالێخۆشبوو مام جەلال دەیوت: با دوو قۆڵى دوو قسە بكەین، گەورەترین كێشەى نێوانمان، بە (10) خولەك حەل دەكرد. 

- ئێستاش من لە پرسى كورد لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باكور، بەردەوام لە ئاستى ناوخۆ، یان دەرەكى هەوڵدەدەم پشتیوانى ئەوان بكەم و لەگەڵ وڵاتەكانیان بە ئاشتى كێشەكانیان حەل بكەن، ئەمكارەشم بە ئاشكرا ڕاگەیاندوە.

- لە بارەى پرسى ئۆكرانیاوە وتى: ئێمەش ئەو شەڕەمان پێناخۆشە.

ئەم گفتوگۆییە دیدارى نێوان نێچیرڤان بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان و ئەنجوومەنى سەندیكاى ڕۆژنامەنووسانى كوردستانە، ڕۆژى (3ى ئازارى 2022) لە هەولێر بەڕێوەچوو.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین