د.عالیە فەرەج: زۆربەی ئەو منداڵانەی بینەری توندووتیژی خێزانین لە داهاتوو توندووتیژی ئەنجام دەدەن دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت-ئافرەتان

ژنێکی 25 ساڵ لە یەکێک لە بنەکەکانی پۆلیس دەیەوێت سکاڵا لەسەر هاوسەرەکەی تۆماربکات، ئەو بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەستی دوو منداڵی چوار و شەش ساڵانی گرتبوو، کاتێک هۆکاری سکاڵاتۆمارکردنەکەیم پرسی گوتی" هاوسەرەکەم دوکاندارە، هەر رۆژێک ئیشی باشنەبوو دێتەوە ماڵەوە بیانوو بە ئێمە دەگرێت و لێمان دەدات، ئەگەر لە منداڵەکانیشم نەدات بە بەرچاوی ئەوانەوە لە من دەدات".

ژنێکی 25 ساڵ لە یەکێک لە بنەکەکانی پۆلیس دەیەوێت سکاڵا لەسەر هاوسەرەکەی تۆماربکات، ئەو بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە دەستی دوو منداڵی چوار و شەش ساڵانی گرتبوو، کاتێک هۆکاری سکاڵاتۆمارکردنەکەیم پرسی گوتی" هاوسەرەکەم دوکاندارە، هەر رۆژێک ئیشی باشنەبوو دێتەوە ماڵەوە بیانوو بە ئێمە دەگرێت و لێمان دەدات، ئەگەر لە منداڵەکانیشم نەدات بە بەرچاوی ئەوانەوە لە من دەدات".

 بە پێی ئەو پێناسەیەی کە لە یاسای ژمارە(8)ی تووندووتیژی خێزانیدا هاتووە" توندوتیژی خێزانی: هەموو کردارێک یان وتەیەک یان هەڕەشەکردن لێیان لەسەر بنچینەی جۆری کۆمەڵایەتی، لەچوارچێوەی پەیوەندییە خێزانیەکاندا، کە بنیات نراوە لەسەر بنچینەی هاوسەرگیری‌و خزمایەتی تاکو پلە چوار وئەوەی خراوەتە پاڵ خێزان بە یاسا، کە ئەشێت زیان بگەیەنێت لەڕووی جەستەیی‌و سێکسی‌و دەروونی‌و داماڵینی مافەکان‌و ئازادییەکان".

هەروەها بە پێی هەمان یاسا سزای یاسایی بۆ ئەو کەسانە دیاریکراوە، کە تووندووتیژی خێزانی ئەنجام دەدەن کە بریتییە لە زیندانیکردن و پێبژاردنی ماددی، ئەم سزایە بە پێی جۆر و ئاستی تووندووتیژییەکە دیاریکراوەو دادوەری تایبەتمەند بڕیاری لەسەر دەدات.

دکتۆرە عالیە فەرەج، پسپۆڕ لە بواری جێندەر، سەبارەت بە ئەنجامدانی توندووتیژی خێزانی دەڵێت" بە پێی زۆربەی توێژینەوەکان، ئەو خێزانانەی کە توندووتیژییان تێدا ئەنجام دەدرێت، بە رێژەیەکی زۆر لە داهاتوودا ئەم منداڵانە بۆی هەیە ئەم تووندووتیژییە دووبارە بکەنەوە، بۆیە دەبێت ئاگاداری هەڵسوکەوتمان بین لە ناو خێزاندا، لە هەمووی گرنگتر چۆنێتی هەڵسوکەوت و خستنەرووی کێشەکانمان لە بەرچاوی منداڵەکانمان".

سەبارەت بە هەبوونی کێشە لە ناو خێزانەکاندا، دکتۆرە عالیە دەڵێت" تێگەیشتنی ئێمە و تێڕوانینمان بۆ کێشەکان، هەڵسوکەوتمان و شێوازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ کێشەکان دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە بزانین کە ئەو کێشە ئاسان یان سەخت دەکات بڕیار و بیرکردنەوەی خۆمانە، کاتێک ئێمە بۆیە پێویستە دایک و باوک هەوڵبدەن بە گفتووگۆ و تێگەیشتن باس لە کێشەکانیان بکەن بۆ یەکتر، بەمجۆرە قابیلی چارەسەرکردن دەبن".

سیگمۆند فرۆید، کە بە باوکی زانستی دەرونزانی و دامەزرێنەری قوتابخانەی دەرونشیکاری دادەنرێت، لە هەوڵدان بۆ چاکبوونی مرۆڤ لە تەمەنی دوای هەرزەکاریدا بێهیوایە، چونکە ئەو پێیوایە بناغەی دامەزراندنی کەسایەتی و پەروەردەی مرۆڤ لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنییەوە دەستپێدەکات، لەم تەمەنەشدا بایەخی پێویست بە پەروەردەی منداڵ نادرێت.

بە پێی توێژینەوەکان، 275 ملیۆن لە جیهاندا شاهیدی بینینی توندووتیژی خێزانین، هەروەها ١٠ملیۆن منداڵ لە ئەمریکا توندووتیژی خێزانەکانیان دەبینن. 

بە پێی ئەم توێژینەوانە، ئەگەر منداڵان خۆشیان ڕاستەوخۆ توندووتیژییان بەرامبەر نەکرێت، ئەوا کاتێک دەبینن دایکیان یان ئەندامێکی تری خێزانەکەیان توندووتیژییان بەرامبەر دەکرێت، ئەوا تووشی زەبری دەروونی کاریگەر دەبن و دەبنە قوربانی نا ڕاستەوخۆ.

هەروەها کاریگەرییەکانی توندووتیژی و رەنگدانەوەی لە سەر منداڵانی خوار یەکساڵانیش هەیە، کاتێک دایک و باوک پێیانوایە ئەم منداڵانە لە بابەتەکان تێناگەن، ئەوا بە پێچەوانەوە زۆربەی ئەم منداڵانە دەبنە منداڵی گرینۆک و بیانووگر.

لە هەندێ حاڵەتیشدا منداڵانی خوار شەش ساڵان، کاتێک شاهیدی بینینی توندووتیژی دەبن، لە وانەیە کەرەستە و پێداویستییەکانی ماڵ بشکێنن، یان خۆیان ئازاربدەن، یانیش خۆیان بە هۆکاری توندووتیژییەکان بزانن.

بە پێی ئامارێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ٪40ی ژنانی جیهان توندووتیژییان بەرامبەر دەکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین