ئافرەتێک ناچار دەکرێت منداڵەکانی بە جێبهێڵێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

دوای لە دەستدانی هاوسەرەکەی، ماڵی باوکی ڕێگە نادەن لە ماڵی خەزوری منداڵەکانی بەخێوبکات و ناچاری دەکەن بگەڕێتەوە لای ئەوان، کاتێک دەیەوێت سکاڵا تۆمار بکات پەشیمانی دەکەنەوە کە بەم کارەی "گومان لەسەر خۆی دروست دەکات و حەیای خۆی دەبات".

ساکار ژنێکی بیست و پێنج ساڵە. ماوی شەش ساڵە هاوسەرگیری کردووە دایکی سێ منداڵە. ماوەی ساڵێکە هاوسەرەکەی بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە.ئەو ژنە دەڵێت" لە پۆلی شەشی دواناوەندی بووم ماڵەوە بە شویان دام، لەسەر قسەی ئەوان هاوسەرگیریم کرد و زیاد و کەم لە ژیانی خۆم ڕازی بووم و بوومە دایکی سێ منداڵ".

ساکار، تا نەخۆش کەوتنی هاوسەرەکەی ژیانی ئارام دەبێت" ژیانم ئاسایی بوو تا هاوسەرەکەم نەخۆش کەوت، لەو کاتەوە نەخۆش بوو براکانم گوشاریان لەسەر دروست دەکردن تاکو بەجێی بهێڵم و بگەڕێمەوە ماڵی باوکم بەڵام من بە قسەیانم نەکرد".

دوای ئەوەی هاوسەرەکەی کۆچیدواییدەکات، لە جێی دڵدانەوە ساکار دەڵێت" من و سێ منداڵ بە جێ ماین، کاتێک هاوسەرەکەم کۆچیدواییکرد هەستم بە بێچارەییەکی زۆر دەکرد، بیرم لە بەڕێوەبردنی ماڵ و بەخێوکردنی منداڵەکانم دەکردەوە، پێموابوو کەسوکار و براکانم لەو بابەتەدا هاوکارم دەبن".

دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کۆچیدوایی هاوسەرەکەی، بەردەوام داوا لە ساکار دەکرێت بگەڕێطەوە ماڵی باوکی" لەو کاتەوە هاوسەرەکەم کۆچیدواییکرد بەردەوام براکانم دایان لێدەکردم، کە بگەڕێمەوە ماڵی باوکم لەبەرئەوەی من گەنجم و ناموسی ئەوانم، بەڵام من ڕەتم دەکردەوە چونکە لەگەڵ خەسو و خەزورم دەژیام و منداڵەکانم بەخێودەکرد، ئێستا گەیشتوونەتە ئاستێک کە ناچارم دەکەن بگەرێمەوە ماڵی باوکم".

دوای ئەوەی براکانی ساکار گوشارەکانیان زیاد دەکەن و دەیانەوێت بە زۆر بیگەڕێننەوە ماڵی باوکی، ئەو دەیەوێت سکاڵا تۆمار بکات" چەندجارێک برا بچووکەکەم هات بە زۆر و لێدان بماباتەوە بڕیارم دا سکاڵای لەسەر تۆمار بکەم، بەڵام دایکم و خزمەکان دەڵێن، ئەگەر ئەم کارە بکەی گومان لەسەر خۆت دروست دەکەی، هەم براکانت لە خۆت دەکەی بە دوژمن ئەوەش وادەکات قەت نەهێڵن بە ئاسودەیی لەگەڵ منداڵەکانت دابنیشی".

شێوەن محەمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی سەبارەت بە کێشەی ساکار دەڵێت" بە داخەوە لە کۆمەڵگەی دواکەوتوودا ڕەوشە کۆمەڵایەتییەکە بە جۆرێک نییە ژنان بتوانن لە کاتی پێشێلکردنی مافەکانیان پەنا بۆ یاسا ببەن، چونکە بۆی هەیە لە دژی خۆیان بشکێتەوە و بەردەوام ئافرەت وەکو خەتابار سەیر بکرێت".

ئەم توێژەرە کۆمەڵایەتییە پێشنیاز بۆ ساکار دەکات کە " باشترین کار بە ڕای من بۆ ساکار ئەوەیە، کە لە ڕێگەی خەزورییەوە هەوڵبدات لەگەڵ باوکی قسەبکەن تا لە ماڵی خۆی بمێنێتەوە منداڵەکانی بە خێوبکات، ئەگەر هەر ڕازی نەبوون بەو مەرجە بگەڕێتەوە کە لە منداڵەکانی جیای نەکەوەو منداڵەکانی بە جێ نەهێڵێت تا ئەو کاتەی پێویستیان بە دایکیان دەبێت".

پێشنیازی ئەوەش دەکات کە ئەگەر بە قسەی خەزوری هێشتا ڕازی نەکران، ئەوا دەتوانێت داوا لەکەسانی تر بکات وەکو توێژەرێکی کۆمەڵایەتی بە هاوکاری کەسانی قسە ڕۆیشتوو لای خێزانەکەی ئەوە، مەرج نییە ئەم دانیشتن و قسەکردنە بە یەکجار ئەنجامی هەبێت بەڵکو دەبێت پشوو درێژ بن تا بتوانن بگەنە خاڵێک کە کەس زیانی بەر نەکەوێت". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین