بە یاسای سەدەکانی ناوەڕاست سزا دەرێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

لە کاتی چوونەژوورەوە کە تێپەڕبووین حیجابەکەم لابرد. چووینە ناو ھۆڵەکە. دەنگی ھاوار و گریان لە قادرمەکانەوە دەھات کە خەریک بوون کەسێکیان دەبردە خوارەوە. ڕەنگە خەریکبوون دەیانبرد بۆ جێبەجێکردنی سزای…

پارێزەرەکەم گوتی ڕۆیا گیان دیسان لەوبارەیەوە بیر بکەرەوە. جێگای زەربەی قامچییەکانیان تا ماوەیەکی درێژ لەگەڵت دەمێنێتەوە.

ڕۆیشتین بۆ لقی یەکی جێبەجێکرانی سزاکان. فەرمانبەری ئەو لقە وتی: لەچکەکەت لەسەر بکە تا کێشەت بۆ ساز نەبێت. بە ئارامی و لەگەڵ ڕێزەوە پێم گوت: ھاتووم تا بەھۆی ئەو بابەتەوە قامچیم لێدەن، لەسەری ناکەم.

پەیوەندییان گرت و فەرمانبەری جێبەجێکردنی سزاکە ھاتە سەر. وتی لەچکەکەت لەسەر بکە و بە دوای مندا وەرە. وتم لەسەری ناکەم. وتی لەسەری ناکەی؟! بەشێوەیەک قامچیت لێدەدەم کە بزانی لە کوێی. دۆسیەیەکی تازەت بۆ دەکەمەوە تا بۆ 74 قامچی دیکەش میوانی ئێمە بیت. دیسان لەسەرم نەکرد.

ڕۆیشتینە خوارەوە چەند کوڕیان بەھۆی خواردنەوەی شەراب ھێنابوو. دیسان پیاوێک بە توندی وتی مەگەر ناڵێم لەسەری کە؟! لەسەرم نەکرد. دوو ژنی چارشێوی ھاتن و لەچکەکەیان کێشا بەسەرمدا. دیسان دەرمھێنا و ئەو کارە بۆ چەند جار دووپات بووەوە. لە پشتەوە کەلەپچەیان لێمدا و دیسان لەچکەکەیان دا بە سەرمدا. ھەر لەو پلیکانانەی کە ژنەکەیان بردبوو، ڕۆیشتینە قاتی ژێرەوە. لە ژێر پارکینگە دیوێک بوو. دادوەر و فەرمانبەری جێبەکردنی سزاکە و ژنێکی چارشێوی لە تەنیشتم ڕاوەستابوون. ژنەکە زۆر ئاشکرا ناڕەحەت بوو. چەند جارێک ئاخی ھەڵکێشا و گوتی دەزانم. دەزانم.

دادوەری مێزەر لەسەر بە ڕوومدا پێکەنی. وەبیر پیاوە چەک و پوشییەکەی کتێبی کوندە پەپووی کوێر ھاتمەوە. ڕووم کردە ئەوبەر.

دەرگا ئاسنییەکەیان کردەوە. دیوارەکانی دیوەکە لە چیمەنتۆ بوون. تەختێک لە ژوور دیوەکە بوو کە کەلەپچە و پێبەندی ئەلیکترۆنی بە ھەر دوو لایەوە جۆش درابوو. کەرەستەیەکی ئاسنی وەکوو پایەی بوومی نەقاشییەکی گەورە لەگەڵ جێگای دەستبەند و پێبەندە ئاسنییە ژەنگھێناوەکە لە ناوەڕاستی دیوەکە، و کورسی و مێزێکی بچووک، کە سەری پڕ بوو لە قامچی ھەروەھا لە پشت دەرگاکەش. دیوێکی ئەشکەنجەدانی سەدەی ناوینی ڕاستەقینە بوو.

دادوەرەکە لێی پرسیم خاتوون حاڵت باشە؟ کێشەیەکت نییە؟ وەکوو ئەوەی بوونی نەبێت. وەڵامم نەداوە. وتی خاتوون لەگەڵ ئێوەمە! دیسان وەڵامم نەداوە. پیاوی فەرمانبەری جێبەجێکردنی سزاکان گوتی: باڵتۆکەت دەربێنە و لەسەر تەختەکە پاڵکەوە. باڵتۆ و لەچکەکەم لەسەر پایەی بوومی ئەشکەنجەکە ھەڵواسی. وتی لەچکەکەت لەسەر بکەوە! وتم نایکەم. قورئانەکەت لە ژێر دەستت دانە و قامچییەکەت لێدە و لەسەر تەختەکە ڕاکشام. ژنەکە ھات و گوتی تکات لێدەکەم لاسار مەبە. لەچکەکەی ھێنا و کردیە سەرم.

پیاوەکە لە نێوان ئەو کۆمەڵە قامچییەی کە لە پشت درگاکە بوون قامچییەکی پێستی ڕەشی ھەڵگرت. دوو دەور لە دەوری دەستی ئاڵاند و ھات بەرەو لای تەختەکە. دادوەر گوتی زۆر بەتووندی لێی مەدە. پیاوەکە دەستی پێکرد بە لێدان. شانەکانم. پشتم. سمتم. ڕانم. لاقم. و دیسان سەر لە نوێ… ژمارەی قامچییەکانم نەبژارد.

لەژێر لێوم دەمخوێند بەناوی ژن، بە ناوی ئازادی جلی کۆیلەیی دڕا، بەیانی ئەم شەوە تارەی ئێمە دێت، تەواوی قامچییەکان دەبن بە تەور…

تەواو بوو. ھاتینە دەرەوە. تەنانەت نەمھێشت وا بیر بکەنەوە کە ئێشم پێ گەیشتووە. ئەوان سووکتر لەو قسانەن. ڕۆیشتینە سەرێ بۆ لای دادوەری جێبەجێکرانی سزاکان. فەرمانبەرە ژنەکە لە پشت سەرمەوە دەھات و ئاگای لێبوو لەچکەکەم لەسەرم دانەکەوێت. لەبەر دەرگای لقەکە لەچکەکەم داخست. ژنەکە کوتی تکا دەکەم لەسەری بکەوە. لەسەرم نەکرد و دیسان لەسەرمی کردەوە. لەنێو دیوی دادوەر، دادوەر گوتی ئێمە خۆمان لەو بابەتە خۆشحاڵ نین، بەڵام ئەوە یاسایە و دەبێت جێبەجێ بکرێت. وەڵامم نەدایەوە. کوتی ئەگەر دەتانھەوێت بەشێوەیەکی دیکە ژیان بەسەر ببەن دەتوانن بچنە دەرەوە لە ئێران. گوتم ئەم وڵاتە بۆ ھەمووانە. کوتی بەڵێ بەڵام دەبێت یاساکان لە بەرچاو بگیرێت. وتم یاسا کاری خۆی بکات، ئێمەش درێژە بە بەرخودانی خۆمان دەدەین.

لە دیوەکە ھاتینە دەرەوە و لەچکەکەم دەرھێنا. زۆر سپاس ئاغای تاتایی بەڕێز. ئەگەر ئێوە نەبوایەن تێپەڕکردنی ئەم ڕۆژانە زۆر سەخت دەبوو. و بمبورن کە بریگرتوویەکی گوێڕاگر نەبووم. بێگومان کەسێک بە گەورەیی ئێوە لێم تێدەگات. بەھۆی ھەموو شتێکەوە سوپاستان دەکەم.

ئەمە چیرۆکی سزای لێدانی (74) قامچییە لە چالاکوانێکی ژنان لە ئێران بە ناوی  (ڕۆیا حیشمەتی)  کە دوای جێبەجێکردنی سزاکە، لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بوک نووسیویەتی.

رویا حیشمەتی بەهاری ڕابردوو، بە هۆی ئەوەی وێنەیەکی بێ حیجابی لە یەکێک لە شەقامەکانی تاران، بڵاوبووەتەوە. دادگا سزای لێدانی (74) قامچی و سێ ساڵ گەشتکردنی لێ قەدەغە کرد. رۆژی ڕابردوو (1/5/2024) سزاکەی جێبەجێکرا.

بەشێک لە هاوڵاتییان ئەم سزادانەیان بە “سزای سەدەکانی ناوەڕاست” ناوبردووە، کە بەسەر کچێکی گەنجدا جێبەجێکراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین