ئەکادیمیا و مێژووی ژن لە هه‌رێمی کوردستان توێژینەوە

پ.ی.د. کامه‌ران محه‌مه‌د

چەمکی مێژووی ژن چەمکی (مێژووی ژن) ئاماژە بۆ لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای (ڕۆڵ) ، (ئەزموون) ، (بەشداریکردن) و (دەستکەوت)ەکانی ژنان بە درێژایی مێژوو ده‌کات. هه‌روه‌ها (ژیان) و (کاریگەریێتییەکان)ی ژن لەناو کۆمەڵگه‌ و کولتوور و قۆناغە مێژووییه‌ جیاوازەکاندا له‌خۆده‌گرێت. مێژووی ژن له‌میانه‌ی خستنەڕووی دید و ئەزموونی نیوەی دانیشتوان (ژنان)، کە زۆرجار لە گێڕانەوەی مێژووی نه‌ریتییدا پەراوێزخراون یان سڕاونه‌ته‌وه،‌ هه‌وڵده‌دات تێگەیشتنێکی (گشتگیرتر) و (وردتر) ده‌رباره‌ی ڕووداوە مێژووییەکان به‌ده‌ستبهێنێت.

هاوکات بە تیشک خستنە سەر دەستکەوت و ڕۆڵی ژن لە بوارە جیاوازەکانی وەک سیاسەت، زانست، هونەر و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و تاد، مێژووی ژن ئاڵنگاری ئه‌و چه‌مک و وێنه‌ نه‌ریتییه دواکه‌وتووانه‌ ده‌کات، که‌ به‌رده‌وام بەشداریکردنی ژن له‌ بواره‌ جیاوازه‌کانی ژیاندا سنوردار دەکات.

دیارە مێژووی ژن لە زانکۆکانی کوردستاندا کایەیەکی پەراوێزخراوە، ئەویش بەهۆی ئەوەوە کە هێشتا شوێنی شایستەی خۆی لە توێژینەوە ئەکادیمییەکاندا نەگرتووە. تا ئێستاش هەژموونی نەریتخوازیی بەسەر میتۆدی بەشەکانی مێژوودا زاڵە، کە تیشک دەخاتە سەر (گێڕانەوەی سیاسی) و (ڕۆڵی کەسایەتییە دیارەکان) و (جەنگ و پەیماننامەکان)، لە کاتێکدا (ژیانی ڕۆژانە) و (پەیوەندییەکانی جۆری کۆمەڵایەتی) لە گێڕانەوە فەرمییەکاندا وەدەردەنرێن. ئەم مێژووە نەک هەر ژن دەکاتە دەرەوە، بەڵکو مێژوو لە ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەکانیش بەتاڵ دەکاتەوە.

مێژووی ژن کایەیەکی ڕەخنەگرانەیە، کە سەرلەنوێ پرسیار لە (ئامراز) و (چەمک)ە نەریتییەکانی مێژوو دەکات. واتە هەوڵی وەرگرتنەوەی دەنگ و ئەزموونەکانی نیوەی پەراوێزخراوەکانی کۆمەڵگە دەدات. بەڵام دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە کوردستان، سەرەڕای هەوڵە تاکەکەسییە دەگمەنەکان، ئەم گۆڕانکارییە مەعریفییەیان بەهەند وەرنەگرتووە. ئەو توێژینەوانەش کە لەسەر کەسایەتییە ژنە بەناوبانگەکانی وەک، حەپسەخانی نەقیب، عادیلە خانم، خانزاد و ...تاد ئەنجام دراون، ئەوا بازنەی مێژووی تاک و کەسایەتییان تێنەپەڕاندووە، واتە بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ئەو زەمینە کۆمەڵایەتیانە بکرێت، کە ئەزموونی ژنانیان لە داڕشتووە.

ئه‌زموونێکی داهێنه‌رانه‌

لەم ناوکۆیەدا ئەزموونی توێژەر (ڕاز ئەسعەد) وەک ئاڵنگارییەکی ڕاشکاو بۆ دامەزراوەی ئەکادیمی دەردەکەوێت. کاتێک توێژینەوەی دەرچوونەکەی بەناونیشانی (میرزا مەنگوری و مێژووی ژن) نووسی، ئەوەبوو لە هەڵسەنگاندنەکەدا ناونیشانەکەی ڕەتکرایەوە، داوای لێکرا کە ناونیشانەکەی (مێژووی ژن) بۆ (ژن لە نووسین و بەرهەمەکانی میرزا مەنگوڕیدا) بگۆڕێت، چونکە دیاربوو کە تا ئەو کاتە (مێژووی ژن) گوزارەیەکی ئاشنا نەبوو. هەربۆیە بە دەنگێکی بەرز پرسیار کرا مێژووی ژن واتا چی؟ خۆ ئێمە مێژوویەکمان نییە بۆ پیاو! ئەمەش گوزارشتێکی قووڵی ڕیشەداریی پیاوانە بوو، واتە هەر هەوڵێک بۆ فراوانکردنی ئاسۆی مێژوو بە بچووک و سوک تەماشا دەکات.

لەڕاستیدا کاتێک ئەم واقیعەم بینی، ڕاستەوخۆ ئەزموونە تراژیدییەکەی مێژوونووسی بەناوبانگی جیهانی گێردا لێرنەر، دامەزرێنەری کرداریی کایەی مێژووی ژنان لە خۆرئاوام بیرکەوتەوە. لێرنەر کە لە نازیزم هەڵهات و لە ئەمریکا نیشتەجێ بوو، لە پێگەیەکی (دوو پەراوێزخستن)ەوە دەستی بە گەشتەکەی کرد: (وەک ژنێک)، (کۆچبەرێک و جویەک). ئه‌و کاتێک لە ساڵانی شەستەکاندا لە زانکۆی کۆڵۆمبیا سه‌رقاڵی به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی دکتۆرا بوو، ناچار بوو دژ به‌ جیامه‌ندیی پۆلگه‌رێتی (sexism) بجه‌نگێت، که‌ لەلایەن فاکەڵتی مێژووه‌وه‌ ئاڕاسته‌ده‌کرا، کاتێک پێی وتن دەیەوێت توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕۆڵی ژنان بکات. وه‌ک خۆی ده‌ڵێت: "ئه‌وان گاڵته‌یان پێده‌کردم"، "ئەوان گومانیان وابوو، که‌ شێتم. خوێندنی باڵا بۆ من ئەزمونێکی خۆش نەبوو، ڕابردوویه‌کم بۆ گێڕدرایه‌وه‌ کە ژن تێیدا بوونی نەبوو، بەردەوام دەمگوت:" ژنەکان لە کوێن؟"  پێیان ده‌وتم: ئه‌وان منداڵیان هه‌یه‌"! بۆیه‌ پرۆفیسۆرەکان بیرۆکەکەیان بۆ توێژینەوەی (مێژووی ژن) ڕەتکردەوە. پێیان گوت ئەوە بابەتێکی "ڕاستەقینە" نییە، گاڵتەیان بەوە دەکرد، کە هەوڵیداوە "ژن بخاتە ناو" کایەیەکی پیاوانەوە. بەڵام لێرنەر ڕووبەڕووی ئەم ڕەتکردنەوەیە بووەوە و یەکەم پرۆگرامی ئەکادیمی دەربارەی مێژووی ژن لە زانکۆی سارا لۆڕێنس دەستپێکرد و بەم شێوەیە کایەیەکی زانستی تەواوی له‌نێو توێژینه‌وه‌ مێژووییه‌کاندا دامەزراند.

جیاوازی نێوان ئەو دوو ئەزموونە، سروشتی قەدەغەکردنێتی دامەزراوەیی لە چوارچێوە جیاوازەکاندا ئاشکرا دەکات. لە کاتێکدا لێرنەر ڕووبەڕووی دامەزراوەیەکی لیبڕاڵ بووەوە، سەرەڕای دەمارگیرییە پیاوانەییەکەی، بەشێوەیەکی هەندەکی(جزئی) بە گۆڕانکارییەکان قایلبوو. بەڵام ڕاز ئەسعەد ڕووبەڕووی دامەزراوەیەکی فێرکردنی نەریتیی بووەوە، کە بەڕووی داهێناندا داخرا بوو و لێکۆڵینەوەی ڕەخنەیی بە هەڕەشە دەزانی نەک دەرفەت. بۆیە لەبنەڕەتەوە ناونیشانی بەرهەمەکەی نەخرایە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو لە بنەڕەتەوە بە تەواوی شەرعیەتی بابەتەکەی ڕەتکرایەوە.

ئەم بەراوردکردنە لێکچوونەکانی گۆشەگیری و گاڵتەجاڕیی و بەرگریی دەخاتەڕوو، بەڵام جیاوازییەکی قووڵ لە پێکهاتەی دامەزراوەییدا ئاشکرا دەکات، لە کاتێکدا دامەزراوەی لێرنەر سەرەڕای کەموکوڕییەکانی توانای پەرەسەندنی هەبوو، بەڵام دامەزراوەکەی ئەسعەد تەنانەت بەرامبەر بە بیرۆکەی پەرەسەندنیش بەرگری دەکات، بەڵام (ڕاز ئەسعەد) پاش دەرچوونی، پاشەکشەی نەکرد و پێداگری لەسەر ئەوە کرد، کە ناونیشانەکەی وەک خۆی بمێنێتەوە. واتە (میرزا مەنگوڕی و مێژووی ژن) ئەوەبوو دوای چەند مانگێک کتێبەکەی لە ساڵی 2021 دا چاپ کرد و سەدایەکی گەورەی لەنێو گۆڕەپانی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندا بەدەست هێنا، ئەوەبوو هەر زوو ژمارەی نەما و کتێبخانەکان داوایان دەکرد، بۆیە لە ماوەی کەمتر لە پێنج مانگدا چاپی دووەمی کتێبەکە بڵاوکرایەوە، کە ڕەنگدانەوەی پێویستی و تامەزرۆیی خوێنەری کورد بوو، بۆ ئەلتەرناتیڤە میتۆدۆلۆژی و دیدگایەکان. 

ژن له‌ دیدی کوردناساندا

ئەوەبوو لەو زەمینەیەدا بە هاوبەشی لەگەڵ توێژەری بە توانا (بەهرۆز بەکر) پرۆپۆزەڵی (ژنی کورد لە دیدی کوردناساندا) مان پێشکەش کرد، بەڵام بە بەکارهێنانی فرە میتۆدیی و وردتریش میتۆدێک کە ئیلهامی لە (مێژووی گشتی) فێرنان بڕۆدێل وەرگرت، نامە ئەکادیمییەکە نووسرا. بەمەش بووە یەکەم نامەی ئەکادیمی خوێندنی باڵا لەسەر مێژووی ژن، کە بە میتۆدێکی نوێ لە بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی لەسەر ژن بنووسرێت. جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر هەندێ توێژینەوە لەسەر ژن نووسرابوون، بەڵام ئەوانە نەیانتوانیبوو میتۆدە ڕانکەییەکە تێبپەڕێنن.

(مێژووی ژن له‌ دیدی کوردناساندا) هات و ئه‌و به‌سته‌ڵه‌که‌ی شکاند، به‌ بوێریی و توێشویه‌کی زانستیی پره‌وه‌ پێیگوتین: چیتر مێژوو مۆنۆپۆڵی پیاوان نییه‌ و ژنانیش ڕۆڵی بنه‌ڕه‌تییان له‌ دروستکردنییدا گێڕاوه‌. پێیگوتین: ئه‌گه‌ر مێژوویه‌ک بۆ پیاوان هه‌بێت! بۆ نابێت مێژوویه‌ک بۆ ژنان له‌ ئارادا بێت؟! ئایا له‌ زانستدا (بوار) و (بابه‌تی زانستیی) له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی (ڕه‌گه‌ز) دیاریده‌کرێت؟ یان ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ حه‌زی زاڵێتی و نێرانه‌ شتێکی تر نییه‌؟!

ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ ئه‌و مێژووه‌ لاسه‌نگه‌ی هاوسه‌نگ کرده‌وه‌، که‌ ته‌نها پیاوان تێیدا سه‌نگیان هه‌بوو! دیمه‌نه‌کانی ژیانی گێڕایه‌وه‌ بۆ دۆخه‌ سروشتییه‌ ڕاسته‌قینه‌کان. هاوکات خاڵێکی کۆتایی له‌ دوا دێڕ و -وشه‌ی ئه‌و مێژووه‌دا دانا، که‌ سته‌مکاریی ( به‌ واتا زمانه‌وانییه‌که‌ی: دانانی شتێک که‌ له‌ جێگه‌ی خۆیدا نه‌بێت) ئاڕاسته‌ی ده‌کرد! واته‌ بابه‌ته‌کانی میژووی خسته‌ نێو خانه‌ سروشتییه‌کانی خۆیانه‌وه‌! تێیدا ژن و وێنه‌که‌ی له‌و سته‌مکاریی و په‌راوێزخستنه‌ ده‌ربازکرد، که‌ به‌درێژایی مێژوو هه‌ناسه‌دانی لێزه‌وت کرابوو، کار و چالاکیی و به‌شدارییکردنه‌کانی فه‌رامۆشکرابوو.

سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، کتێبەکە مێژووییەکی بۆ ژنی کورد لە سەرەتای سەدەی نۆزدەوە هەتا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دروست کرد. واتە کارێکی بنەڕەتییە بە هەموو پێوەرەکان، هەوڵدانێکە بۆ گەڕاندنەوەی ژنان بۆ شوێنە واقعییەکەی خۆیان وەک بکەرێکی چالاک لە مێژوودا، نەک تەنها وەک سێبەری پیاوان.

ئه‌نجام

ئەم دوو کارە یارمەتیدەر بوو، بۆ شڵەقاندنی ئاوە مەنگەکان. دوای سەرکەوتنی هەردوو کارەکە و سەدا گەورەکەیان، پێشنیار و پرۆپۆزەڵ بۆ نووسینی مێژووی ژن لە قۆناغی ماستەر و دکتۆرا دەستی پێکرد. تەنانەت لە مانگی کانوونی دووەمی 2023 یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ژن بە ناونیشانی (ژن لە ئاوێنەی کۆمەڵگا و مێژوودا) بەڕێوەچوو. بەڵام زۆربەی توێژینەوەکان بەداخەوە بەشی زۆری توێژینەوەکان بە میتۆدە نەریتییەکە پێشکەش کرابوون، واتە کۆنفرانسەکە زیاتر نمایشێک بوو بۆ دەرەوە نەک ساتێکی زانین.

مێژووی ژن چێژوەرگرتنێکی هزری نییە، بەڵکو پێویستییەکە بۆ تێگەیشتن لە مێژوو بە واتا مرۆییە گشتگیرەکەی. بەرگرییەکە بەرامبەر بە باڵادەستی گێڕانەوەی پیاوانە و بانگەوازێکە بۆ بەکارهێنانی ئامرازی نوێ، کە ئەرشیفی فەرمی، بەرەو یاداشتنامە، بیرەوەری، نامەکان، مێژووی زارەکی و پیشە دەستییەکان تێدەپەڕێنێت. وەک گێردا لێرنەر جارێک گوتی: کاتێک ژن لە مێژوو دوور دەخرێتەوە، مرۆڤیش لە مرۆڤایەتی خۆی دوور دەخرێتەوە. ئەم وتەیە جەوهەری جەنگەکە کورت دەکاتەوە. لە کاتێکدا لێرنەر لە خۆرئاوا ڕێگەیەکی کردەوە، کەسانی وەک ڕاز ئەسعەد و بەهرۆز بەکر لە پەراوێزی کوردیدا ڕێڕەوی نوێ دەکەنەوە، کە هێشتا مێژوو قۆرخکراوی نێر و پاڵەوان و خوێنە.

ڕەنگە هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژ مابێت، بەڵام هەموو بەرهەمێکی وەک ئەم کارانە، بە سەرکەوتنێکی مەعریفیانە، بەرگرییەکی هزرییانە و پێشکەوتنێکی زانستییانەی دژ بە بیرچوونەوە و پەراوێزخستن و وەدەرنان دادەنرێت. دامەزراوە ئەکادیمییەکانیش، ئەگەر بیانەوێت لە ئاستی ناوەکەیاندا بن، دەبێت بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە ئەم گۆڕانکارییانە لە باوەش بگرن، نەک ڕووبەڕووییان ببنەوە.

 

سه‌رچاوه‌کان

  1. ڕاز ئاسعه‌د: میرزا مەنگوری و مێژووی ژن (توێژینه‌وه‌یه‌کی مێژوویی شیکارییه‌، چاپی یه‌که‌م، سلێمانی، 2021.
  2. به‌هرۆز به‌کر عوسمان: ژنی کورد له‌ دیدی کوردناساندا له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نۆزده‌وه‌ تا ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌م، تاران، 2024.
  3. MATTHEW ROTHSCHILD: Gerda Lerner, Founder of Women’s History, (https://progressive.org/latest/gerda-lerner-founder-women-s-history-rothschild-130104/), JANUARY 4, 2013.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین