ڕیشەی ژن لە نووسینەکانی شوکری فەزڵیدا
راز ئەسعەد
گۆڤاری (لغە العرب) یەکێکە لە گۆڤارە دەگمەن و یەکەمینەکان، کە بە زمانی عەرەبی لە عێراقدا دەرچووە. ژمارەی یەکەمی ئەم گۆڤارە لە تەمموزی ساڵی ١٩١١دا دەرچووە، خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەکە (الاب انستاس ماری الکرملی) بووە و ٩٥ ژمارەی لێدەرچووە.
لە ژمارەیەکی ساڵی ١٩١٣دا، واتە ١١٢ ساڵ پێش ئێستا نووسەری گەورە شوکری فەزڵی، یان وەک گۆڤارەکە دەڵێت: (الکاتب المجید شکری افندی الفچلی)، توێژینەوەیەکی گرنگی بەناونیشانی (الکورد الحالیون) لەسەر ژن و خێزانی کوردی و ژیانی کۆمەڵایەتی نووسیوە، کە بەڕاستی جێی تێڕامانە، ڕاستە باسی ئەو ڕاستییانە دەکات کە بە چاوی خۆی لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا بینیویەتی، بەڵام گرنگی بابەتەکە لەوەدایە، کە ئەم منەوەرە لە تێڕوانینی و بڕوای خۆیەوە، کە لە ژێر کاریگەریی بیروباوەڕەکانی شۆڕشی فەرەنسیدا بووە.
شوکری، ژن بە کۆڵەکەی پێگەیاندن و بنیاتنانی کۆمەڵگای دروست دەزانێت. لەو ڕووەوە دەڵێت: (بناغەی ماڵی کۆمەڵایەتی ژنە، کاتێک دەبینیت ژن تەواوکاری چەندین کەلێنی مۆڕاڵییە، کە بریتین لە ڕەوشتی ڕاستگۆیانە، زانستە باڵاکان، ئەدەبەکانی پاکمەندی و خزمەتی ماڵ بە بێ تەمەڵی و پشتگوێ خستن، ئەوا دەزانیت کە ئاوەدانی ڕاستەقینە و شارستانی چاوەڕوانکراو بوونی ھەیە). یاخود لە ڕایەکی تریدا سەبارەت بە گرنگی و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا دەڵێت: (ئەگەر خانووێکی گەورە یان کۆشکێک لە ناوەڕاستی زەوییەکی ڕووتەن، نە ئاوی لێبێت نە ڕووەک، دروست بکەیت، ئەوا بۆ چەند ساڵێک بە پێوە دەمێنێتەوە، بەڵام بە چۆڵیی، چونکە لە خاکێکدایە نە ژیانی تێدایە و نە زیندەوەرێکی لێیە و نە ھاودەم).
شوکری، ژن بە کۆڵەکەی پێگەیاندن و بنیاتنانی کۆمەڵگای دروست دەزانێت
لە جێگەیەکی دیکەدا باسی جیاوازی ژنی کورد لەگەڵ ژنانی گەلانی دراوسێدا دەکات، و باسی ڕۆڵ و پێگەی گرنگیان دەکات، درک بەو ئاستە بەرزەی ژنی کورد دەکات، لە نێو کۆمەڵگەی کۆنی کوردیدا و باسی بەشداری و کارەکانی ژنان دەکات، لە جێگەیەکدا دەڵێت: (ئەمە حاڵی ژنی کوردە، کە ژینگەکەی جیاوازە لە ژینگەی ھەموو خەڵک، بەتایبەتیش ژنانی عەرەب، چونکە ژنی کورد ھەرگیز وەک ژنانی عەرەب خۆی ناپێچێتەوە، بەڵکو پۆشاکی ڕۆژگارەکانی لە شوێنی سروشتیی خۆیدا ھەڵدەداتەوە، ئازادە لە کار و کردەوەدا، ویژدانی ئارامە، شێلگیرە لەسەر مافەکانی خۆی بەو ڕادەیەی پیاوی کورد شێلگیرە لەسەر مافەکانی ژنان بێ جیاوازی، تا کۆتایی تەمەن ھاوەڵی مێردەکەی دەبێت، ئەگەر مافی ژن و مێردایەتی لەبەرچاو بگرێت، لێی جیادەبێتەوە یان جێیدەھێڵێت، ئەگەر ئەو مافانەی پێ قبوڵ نەکرا، ھەربۆیە مێردەکەی بە دڵ و بە گیان ھاوڕایەتی و زۆر بە دەگمەن نەبێت دەستدرێژی ناکاتە سەر. دەبینین ژنی کورد ھاوکاری پیاوە (جا برا بێت یان باوک یان مێرد یان کەسوکار)، لە دابینکردنی بژێویدا و بە چوستوچالاکییەوە بارقورسیی و ڕێگرییەکانی لەسەر شان سووک دەکات و ئازایەتی و خۆڕاگری تیا دەژێنێتەوە، لە ھەر دوو حاڵەتی خۆشی و ناخۆشی، یان بێھیوایی و تەنگانەدا، منداڵەکانی لە کوڕ و لە کچ، بەوپەڕی لێپرسراوێتیەوە پەروەردە دەکات و جیاوازی لە نێوان پەروەردەی کوڕان و کچاندا ناکات).
ئەمە حاڵی ژنی کوردە، کە ژینگەکەی جیاوازە لە ژینگەی ھەموو خەڵک، بەتایبەتیش ژنانی عەرەب، چونکە ژنی کورد ھەرگیز وەک ژنانی عەرەب خۆی ناپێچێتەوە،
باسی خاوەندارێتی و بەڕێوەبردنی ماڵ لەلایەن ژنی کوردەوە دەکات، کە بە خەسڵەتێکی تایبەتی نێو کوردانی دەزانێت و دەڵێت: (ژن ماڵ بەڕێوە دەبات، پیاوەکەی لە ماڵ بێت یان نا، زیندوو بێت یان مردوو، بە دەستبڵاویی و ڕووی سوور و چاوی بێدار و دڵێکی پاکەوە پێشوازی لە خزمان و خۆشەویستان و میوانان دەکات، گوێ لە مێردەکەی دەگرێت و مێردەکەشی گوێی بۆ ڕادەدێرێت بۆ ئەوەی چی باشە بۆ ماڵەکەیانی بکەن).
شوکری فەزڵی، ھەر بە باسکردنی شێوازی ژیانی ژنی کورد ناوەستێت و لە چەندین جێگەدا نموونەی زیندوو، کە بە چاوی خۆی بینیویەتی، دەکاتە بەڵگەنەویستی گەشتەکەی، لە نموونەیەکدا دەڵێت: (ژنی ڕەسەنی کورد وەک پیاو لە کاری کێڵگە و باخ و خان و دوکانەکان و ئاوەدانی زەویوزاردا بەشدارە، تەنانەت لە کاروباری حکومەتیشدا بەشداری پیاو دەکات، ژنی یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی کوردستانم بینی، کە ناوی (خانم) بوو، کاروباری دادی بەڕێوە دەبرد و بۆ ھەموو کارێک دەگەڕانەوە بۆ لای، ژنی یەکێک لە دادوەرەکانم بینی کە ناوی ئامە واتە ئامینە بوو، پاسەوانەکانی کۆدەکردەوە و لە بەیانییەوە تا ئێوارە کۆڵان بە کۆڵان دەسوڕانەوە، بۆ پاراستنی شارەکە لە دز و ھێرشی خراپەکاران).
ژنی ڕەسەنی کورد وەک پیاو لە کاری کێڵگە و باخ و خان و دوکانەکان و ئاوەدانی زەویوزاردا بەشدارە، تەنانەت لە کاروباری حکومەتیشدا بەشداری پیاو دەکات
سەیر نییە کە ژنی کورد لە شۆڕشەکاندا لە ڕیزی پێشەوەن، ئەو نەریتە ھەر لە کۆنەوە بە باڵای ژنە ئازاکانی کورددا بڕاوە، لەو بارەیەوە فەزڵی ئەفەندی دەڵێت: (ژنە کۆچەرییەکانی کورد وەک پیاو سوارچاکن، لە سەفەردا چەک ھەڵدەگرن، ئەگەر پێویستیشی کرد بەکاریدەھێنن، بە ڕێکەوت ژنێکم لە عەشیرەتی شوان بینی، کە ناوی کوێخا نێرگز بوو، ھەمەوەندەکان براکەیان کوشتبوو، بۆیە جلی پیاوانەی لە بەرکردبوو و تفەنگ و دەمانچەی بەستبوو، وازی نەھێنا تا تۆڵەی براکەی کردەوە).
جێی شانازییە کورد خاوەنی ڕوناکبیرێکی وەک شوکری فەزڵییە، لەو سەردەمە زووەی سەدەی بیستەمەوە گرنگی بە بواری ژنناسی داوە و لەڕێی نووسینەوە ویستوویەت،ی خەڵک ئاگادار بکاتەوە کە ئێمە خاوەنی چ مێژووێکی پرشنگدارین، ئەوەی جێی داخە ھێشتا گرنگییەکی ئەوتۆ بە نووسین و ژیانی ئەم کەڵە نووسەرە نەدراوە، تەنانەت دەزگا عەرەبیەکانیش نەیانتوانیوە کار و ژیانی بناسێنین، دەبوو تا ئێستا چەندین تێزی ماستەر و دکتۆرا و لێکۆڵینەوەی زانستی لەسەر فەزڵی ئەفەندی بکرایە. ناچارین لێرەدا وتە بەناوبانگەکەی گۆتە بیر خۆمان بھێنینەوە، (ھەر نەتەوەیەک مێژووی سێ ھەزار ساڵ لەوەوپێشی خۆی نەزانێت، کەواتە ھەر خەریکی تێرکردنی ورگیەتی).
سەرچاوەکان:
١-مجلة لغة العرب، الجزء ٥ من السنة ٣ عن ذی الحجة ١٣٣١ = تشرین الثانی ١٩١٣
٢- حمید المطبعی، موسوعة أعلام العراق فی قرن العشرین، ج١، دار الشٶون الثقافیة/ بغداد ١٩٩٥
٣- عبدالله الجبوری، من شعرائنا المنسیین، مطبوعات وزارة الثقافة والارشاد، بغداد.
٤- خیرالدین الزرکلی، الاعلام، دارالعلم للملایین، بیروت ١٩٩٠
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment