مەترسییەکانی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراقی
بەهرە حەمەڕەش
لە ساڵی ١٩٦٣ یاسای دادوەری و دادگاکان دەرچوو، ھەر لەو سەردەمەشەوە ئەو یاسایەی محاکمی سوننە و شیعەکان ھەڵوەشایەوە و ھەمووی بوو بە قەزا. واتە لەو کاتەوە یاسایەکی مەدەنی کاروباری باری کەسێتی لە عیراق رێکخست.
یاسای باری کەسێتی عیراقی لە ٩٤ ماددە پێکهاتووە، ئەم ٩٤ ماددەیە لە نۆ دەروازە پێکھاتووە، کە ھەموو کاروبارەکانی یاسای باری کەسێتی لە ھاوسەرگیری و مارەیی، جیابوونەوە، بژێوی، بژێوی دایک و باوک ھەروەھا بابەتی لە خۆگرتنی منداڵ و ڕەچەڵەکی لە خۆگرتووە، ھەوڵیداوە لەو ٩٤ ماددەیە ئەوەی، کە گرنگە جێی بکاتەوە. واتە هیچ بڕگە و ماددەیەکی نادۆزیتەوە، کە لەگەڵ شەریعەی ئیسلامی ناکۆک بێت.
ئامانج لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەم یاسایە چییە؟
ئەگەرچی عیراق وڵاتێکی فرە پێکهاتە و ئایینە، لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و پڕۆسەی رزگارکردنی عیراق، پێکهاتەی شیعە لە سەرەتای وەرگرتنی دەسەڵاتەوە هەوڵی گۆڕینی یاسای باری کەسێتی دەدات. بەڕای زۆرێک لە ئازادیخواز و یاساناسان، ئەم هەوڵە بۆ ئەوەیە کە هەژموونی مەزهەبی شیعە لە وڵاتدا زیاد بکەن و عیراق لە وڵاتێکی مەدەنییەوە بەرەو وڵاتێکی مەزهەبی بەرن.
دکتۆرە ڕازاو گوڵێ، خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە یاسا، سەبارەت بەم هەوڵەی لە پەرلەمانی عیراق بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی دەدرێت دەڵێت: ئەم ھەموارەی پەرلەمانی عیراق ھەوڵی بۆ دەدات ھی ئێستا نییە. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کاتێک ئەنجوومەنی حووکم دروست بوو لەگەڵ ھاتنە سەر حووکمی ماوەی یەک مانگی عبدولعزیز حکیم، بەبڕیاری ژمارە ١٣٧ ئەم یاسایەی ڕاگرت واتە جێبەجێ کردنی سەرتاپای یاساکانی ڕاگرت، بەڵام لەو کاتەدا لە ھەرێمی کوردستان لەبەرئەوەی پەرلەمانمان ھەبوو بڕیارێک دەرچوو، کە ئێمە پابەندین بەو یاسایە و پابەندنین بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی حووکمەوە، ھەروەھا ڕێکخراوەکانی ژنان، ئازادیخوازان و ماف پەروەران ھەموو پێکەوە ناڕەزاییەکی زۆرزۆریان لەسەر ئاستی شەقامی عیراقی بەرزکردەوە.
دوای ئەوە تۆنی بلێر، حاکمی سەربازی ئەو سەردەمە لە عیراق لە ساڵی ٢٠٠٤، ئەو بڕیارەی ڕاگرت، واتە بڕیاری عەبدلعزیز حکیم و مجلسی حووکمی سڕکرد و سەرلە نوێ یاسای باری کەسێتی کەوتەوە بواری جێبەجێ کردن.
دوای ساڵی ٢٠٠٣ ھەنگاوەکەی شیعەکان شکستی ھێنا، دواتر لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن حسێن شەمەری، کە ئەوکاتە وەزیری داد بوو، لە ڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پڕۆژەی یاسای مەزھەبی جەعفەری، پێشکەش بە پەرلەمانی عیراق کرد، ئەوکاتەش ھاوشێوەی ئێستا ھەموو ڕێکخراوەکان و ئازادیخوازان ڕووبەڕووی بوونەوە نەیانھێشت ئەم پڕۆژەیە بچێتە گفتووگۆ و دەنگدانەوە و رەتکرایەوە. (١)
لە دوای ساڵی ٢٠١٤، جارێکی تر لە ساڵی ٢٠٢٢ ھەوڵی ھەموارکردنی ماددەی ٥٧ لەم یاسایە درا، کە ماددەی ٥٧ تایبەتە بە لە خۆگرتنی منداڵ بەوەی کە بەپێی یاساکە لەخۆگرتنی منداڵ لەلای دایک دەبێت، ئەگەر خۆی ویستی لە کاتی جیابوونەوەدا، بەڵام بەپێی ھەموارەکە ئەو لە خۆگرتنە لە دایک دەسەنرایەوە بۆیە سەرلەنوێ جارێکی دیکە لەلایەن خەڵکانی ئازادیخواز و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، نەھێڵرا ئەو ماددەیە ھەموار بکرێتەوە.
"د. بەشیر حەداد: شیعەکان دەیانەوێت یاسای باری کەسێتی
لە یاسایەکی مەدەنییەوە بکەن بە یاسایەکی مەزهەبی"
دکتۆر بەشیر حەداد، سەبارەت بە ئامانجی هەوڵ دان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عیراقی پێیوایە، ئەوەی دیارە کە شیعەکان دەیانەوێت یاسای باری کەسێتی لە یاسایەکی مەدەنییەوە بکەن بە یاسایەکی مەزهەبی، ئەوەش عیراق لە وڵاتێکی مەدەنییەوە دەکات بە وڵاتێکی مەزهەبی، ئەو هەوڵانەی بۆ ئازادکردنی عیراق و دروست بوونی یاسا و کۆمەڵگەی مەدەنی دراوە هەمووی بە فیڕۆ دەچێت.(٢)
ڕێزان شێخ دلێر، پارێزەر و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: بەپێی ئەم پڕۆژە یاسایەی کە شیعەکان بردوویانەتە پەرلەمان، عیراق لەسەر بنەمای مەزهەب دابەش دەکەن و ناکۆکییەکان قوڵتر دەکەنەوە، چونکە یەکەم بڕگەی ئەم پڕۆژە یاسایە دەڵێت، کەسان ئازادن لەسەر یاسا کۆنەکە بمێننەوە یاخودنا ئەگەر ئەم یاسایە ھەمواربکەین، بە وەستانی ماددەی(٢)، بەڵام ھەموو یاسای باری کەسێتی لە ماددەی (٢) پێکھاتووە، ھەر لە گرێبەستی ھاوسەرگیری، چۆنێتی ھاوسەرگیرییەکان ھەروەھا تەڵاق و ھەموو بابەتە پەیوەندیدارەکان بە ژیانی کەسەوە. لەجیاتی ئەوە دەڵێت، بگەڕێینەوە بۆ مەرجەعی مەزھەبی سوننە و شیعە، لە سوننەدا زیاتر لە شەش مەزھەب ھەیە، ئەوەی کە لەساڵی ١٩٥٩ پشتیان پێ بەستووە مەزھەبی شافیعی و مەزھەبی حەنەفی بووە. شیعە یەک مەزھەبی ھەیە، بەڵام کۆمەڵێک ئیمامیان ھەیە. دوانزە ئیمام و چوار ئیمامی سەرەکییان ھەیە، ئێمە وەکو سوننە یەک مەرجەعمان نییە، ئەمە وات لێ دەکات، کە مرۆڤ لە کۆمەڵگە کێشەی بۆ درووست ببێت و یاسایەکی مەدەنی نەبێت لە کاتی گرفت و پێویستیدا دا بڕۆنەوە سەری.(٣)
“زیبا تەها: ئەو ھەوڵانە بۆ ھەمواری یاسای باری کەسی، رەھەندێکی سیاسی ھەیە
و لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکانەوە پشتیوانی دەکرێت”
زیبا تەها، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەڵێت، ئەو ھەوڵانەی کە لە ئێستادا لە پەرلەمانی عێراق بۆ ھەمواری یاسای باری کەسی لە ئارادایە، ڕەھەندێکی سیاسی ھەیە و لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکانەوە پشتیوانی دەکرێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشخانە فیکرییەی سەرکردایەتی ئەو ئاراستەیە دەکات و لەو چوارچێوەدا ڕوانینی بۆ کاروبارەکانی تایبەت بە باری کەسێتی ھەیەتی، کە باوەڕی تەواوی بە حووکمی مەزھەب ھەیە، لە بری یاسا مەدەنییەکان، بۆیە دەیەوێت بنەماکانی مەزھەبەکەی بۆ باری کەسی بکات بە یاسا و مۆرکی یاسایی لێبدات.(٤)
کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەی عێراقی
لەگەڵ دووبارە بردنەوەی ئەم پڕۆژە یاسایە بۆ پەرلەمانی عیراق، ئازادیخوازان، ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان و ئافرەتان، چالاکانی بواری مافەکانی ئافرەتانی لێکەوتووەتەوە. جۆرەها شێوازی دەربڕینی ناڕەزایی بە گردبوونەوە، بەیاننامە، دروست بوونی گرووپ پیشان دراون.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەیاننامەیەکی دەرکرد و تێیدا ئەم پڕۆژە یاسایە ڕەتدەکەنەوە. هەروەها یەکێتی زانایانی کوردستان بەیاننامەیەکیان دەرکرد بە هەمان شێوە ئەم پڕۆژە یاسایە بە گونجاو نازانن بۆ کۆمەڵگەی عێراقی.
بەڕای ئازادیخوازان و یاساناسان، تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژە یاسایە لە عێراق، ئەم وڵاتە دابەش دەکات، هەروەها ئەو جیاوازییە مەزهەبی و نەتەوەییەی کە دروست بووە قوڵتر دەبێتەوە. لەبەرئەوەی دەبێت هەریەک لە مەزهەبی سوننە و شیعە “مدونە”ی خۆیان هەبێت، خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، کە مافی ئافرەتانی تێدا پێشێل دەکرێت، چونکە بەپێی ئەم پڕۆژە یاسایە لە کاتی هاوسەرگیریدا دەبێت هاوسەرگیرییەکە بە پێی مەزهەبی پیاوەکە بێت، لە کاتێکدا جیاوازی بیروبۆچوون و حەڵاڵ و حەرام لە نێوان مەزهەبەکاندا هەیە، وێڕای جیاوازی لەناو خودی مەزهەبەکاندا.
هەروەها پێشێل کردنی مافەکانی منداڵان و ئافرەتانە، چونکە گێڕانەوەی یاسای مەدەنی بۆ یاسای مەزهەب مافی ئافرەتانی تێدا پێشێل دەکرێت. ئەمە وێڕای ئەوەی بەپێی مەزهەبەکان هەرکاتێک کچ کەوتە سوڕی مانگانەوە دەتوانرێ بدرێتە شوو، هەندێ جار ئەم حاڵەتە لە تەمەنی هەشت ساڵیدا ڕوودەدات. بۆیە ئەوە پێشێل کردنی مافی منداڵانە.
لە دوای هەموارکردنەوەی ئەم پڕۆژە یاسایە هاوسەرگیری کاتی (سیغە، میسیار) لە یەک کاتژمێرەوە تاکو هەفتەیەک یان زیاتر بە گرێبەستێکی شەرعی مەزهەب ڕێگە پێدراو دەبێت، لە هاوسەرگیری کاتیدا مافی ئافرەتان و منداڵان پێشێل دەکرێت، چونکە ژن لە بەرامبەر بڕێک پارەدا ئەم گرێبەستە ئەنجام دەدات. دوای تەواو بوونی کاتەکە هیچ مافێکی نامێنێت، لە کاتێکدا ئەگەر منداڵیش دروست بێت، بەم جۆرە منداڵی بێ باوک یان بێ دایک و باوک و بێ ناسنامە زۆر دەبێت.
دکتۆر بەشیر حەداد، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر ئەم پڕۆژەیاسایە تێپەڕێت، ئەوا کۆمەڵگەی عێراقی دەبێتە کۆمەڵگەیەکی پەرت و جۆرەها کێشەی کۆمەڵایەتی نوێ سەرهەڵدەدات وێڕای کێشە مەزهەبییەکان، کە کاریگەری لەسەر بواری سیاسیش دەبێت.
ڕێزان شێخ دڵیر دەڵێت، ئەم پڕۆژە یاسایە ناکۆکییەکان قوڵتر دەکاتەوە عیراق دەکاتە دوو بەش. هاژە سلێمان، ڕایوایە کە ئەم پڕۆژە یاسایە کەلێنی نێوان پێکهاتەکان لە عیراق گەورەتردەکات.
د. ڕازاو گوڵێ، ترسی خۆی لە پڕۆژە یاساکە بەوە پیشان دەدات، کە ھەڵوەشانەوەی یاسای باری کەسێتی، دەبێتە ھۆی پەرت بوونی کۆمەڵگەی عیراقی، چونکە جارێکی تر کار لەسەر ئەوە دەکرێت کە ھەر پێکھاتە، نەتەوە، ئاین و ئاینزا بگەڕێتەوە بۆسەر مەزھەبی خۆی ھەروەھا جگە لە قوڵبوونەوەی جیاوازییەکانی نیوان مەزھەبەکان جارێکی تریش کێشە لە نێوان خودی مەزھەبەکانیش دروست ببێت، چونکە بۆ نموونە مەزھەبی جەعفەری چەند ئاراستەیەکی تێدایە، مەزھەبی سوننە چەند ئاراستەیەکی تێدایە لەسەر ئاستی ناوخۆی مەزھەبەکانیش کێشەکان قوڵ دەبێتەوە.
خاڵێکی زۆر گرنگ و مەترسیداریش ئەوەیە، کە کۆی سستمی یاسایی تێکدەچێت و دەکەوێتە بەردەم پرسیارەوە، ئایا ئەو یاسایانەی تریش بەتایبەتی کە لە ساڵی ١٩٩٤ عیراق پەیماننامەی مافی منداڵانی واژوو کردووە و ھیچ خۆپارێزییەکی لەسەر بابەتی دیاریکردنی تەمەن نەبووە، لە ھەموو یاساکاندا ئاماژە بەوەکراوە، کە ھەرکەسێک لە تەمەنی ھەژدە ساڵییەوە شیاوی و لێھاتوویی یاسایی ھەیە ئەگەر لە یاسای باری کەسێتیدا منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵ شو بکات، ئایا لە یاساکانی تر چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات وەکو، منداڵێکی نۆ ساڵ یان وەکو کەسیک، کە لێھاتوویی یاسایی ھەیە و وەکو ھەژدە ساڵێک مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
پەخشان زەنگەنە، هەمواری ئەم یاسایە بە مەترسی دەزانیت بەوەی، لە زۆر لایەن مافی ژن پێشێل دەکرێت وەک لە میرات (ئەوەی کە پەیوەندی بە خانووبەرەوە ھەیە) لە گرتنەخۆی منداڵ (حضانە) کە دایک لە کۆرپە جیادەکاتەوە لە کاتی جیابوونەوەدا. ئەگەر ھەمواری ئەم یاسایە سەربگرێت ئەوا کاریگەری لەسەر تەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی عیراق دەبێت. لە کاتێکدا لە حاڵەتی ئاساییدا ھاوسەرگیری لە نێوان مەزھەبە جیاجیاکاندا ھەیە و ژیانی خیزانیشیان جێگیرە، ئەوکاتە ناکۆکییان بۆ دروست دەبێت.
هەروەها ئەم پڕۆژەیە ڕۆڵی دادگا و دادوەر لاوازدەکات بەوەی، کە چارەنووسی پرۆسەی ھاوسەرگیری و ھاوسەران دەخاتە دەست ڕاوبۆچوونی فقی و پیاوانی شەرع، تەنانەت کە لە ناو خودی یەک مەزھەبیشدا ناکۆکی لە نێوانیاندا ھەیە لەوانە سەیرتر پەرلەمان یاسا دەردەکات کە بەپێی ئەوەی پێی دەڵێن “مدونە” پەیڕەو دەکرێت، بەڵام نازانێت (مدونە) ئەوەیە، کە لە دوای شەش مانگ لە دەرچوونی یاساکە، کە دەکەوێتە بەردەستی پەرلەمان، بۆی نییە گفتووگۆی لەسەر بکات، بەڵکو دەبێت پەسەندی بکات.(٥)
کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستان ئەگەرچی زۆرینەی دانیشتوانی سەر بە مەزهەبی سوننەیە، بەڵام تاکو ئێستا کێشە لەسەر جیاوازی مەزهەب نەکەوتووەتەوە، پێکەوە ژیانی ئایینی تێیدا باڵادەستە، هەر لە لوتکەی دەسەڵاتەوە تا دانیشتوان، بە پێچەوانەی شارەکانی عیراق، کە کێشەی مەزهەبی تەواوی سیستەمی حکومەت و خەڵکی گرتووەتەوە و یەکێک لە کێشە هەرە ئاڵۆز و مێژووییەکانی ئەم وڵاتەیە.
هاوسەرگیری کاتی، بریتییە لەو هاوسەرگیرییەی کە بەرامبەر بڕێک پارە بە گرێبەستێکی مەزهەبی ئەنجام دەدرێت، لە زۆربەی مەزهەبەکاندا بە ناوی هاوسەرگیری (میسیار، سیغە، موتعە) ئەم هاوسەرگیرییە لە یەک کاتژمێرەوە دەستپێدەکات تا هەفتەیەک، یان زیاتر بەپێی ویستی کەسەکان.
لەم جۆرە هاوسەرگیرییەدا دوای تەواوبوونی گرێبەستەکە ئافرەتەکە هیچ مافێکی نامێنێت، ئەگەر سکی پڕ بوو لە ئەنجامی ئەم پەیوەندییە منداڵێک هاتە ئاراوە ئەوا منداڵێکی بێ ناسنامە دەبێت. ئەگەر ئەو ئافرەتەش توانای بەخێوکردنی نەبێت ئەم منداڵە لە هەموو ڕوویەکەوە بێ سەرپەرشت دەمێنێتەوە، لەم حاڵەتانەدا کێشەی کۆمەڵایەتی زیاد دەبێت.
ئەم کێشەیە کە لە کۆمەڵگەی کوردی نەبووە ئەگەر هەش بووبێت کەمترین حاڵەتە، ئەوکاتە دەبێتە یەکێک لە کێشە ئاڵۆزەکان کە پێشل کردنی مافی ئافرەتان و منداڵانیشە.
کێشەیەکی دیکە ئەوەیە، کە ئەو هاوڵاتییەی بیەوێت بە حوکمی مەزهەب هاوسەرگیری بکات ئەوا دەتوانێت، لە ژێر دەسەڵاتی دادگاکانی دەرەوەی هەرێم ئەم کارە بکات، وەک چۆن لە ئەنجام دانی گرێبەستی هاوسەرگیری دووەم و خەتەنەکردنی منداڵانی کچ ئەم کارە دەکەن.
بەهێزترین ئەگەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژە یاسایە
ئەگەری پێکهاتەی سوننە و کورد دژی ئەم پڕۆژە یاسایەن، بەڵام پێکهاتەی شیعە بە جۆرێک کاری بۆ کردووە، کە بە ڕێککەوتن ئەم پڕۆژەیاسایە بخاتە دەنگ دان.
ئەوەی جێی نیگەرانییە لە لای ئازادیخوازان، هەبوونی ئەم ڕێککەوتنەیە لە نێوان هەرسێ پێکهاتەی کورد، سوننە و شیعە، چونکە ئێستا سێ پڕۆژە یاسا لە پەرلەمانی عیراقن، کە پڕۆژەیاسایەک تایبەتە بە کوردەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو زەوی و زارانەی کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعس بە فەرمانی قیادەی سەورە لێیان زەوت کراوە. پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی کە تایبەتە بە سوننەکان، بۆ دەرکردنی لێبوردنی گشتی بۆ (١٢) هەزار زیندانیکراوی سوننە، کە بەپێی زانیارییەکان"بەعسی و داعش"ی تێدایە. هەروەها پڕۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عیراقی، کە لە لایەن شیعەکانەوە براوەتە پەرلەمان.
لایەنی شیعی دەیەوێت، ڕێککەوتن لەگەڵ کورد بکات بۆئەوەی لە بەرامبەر تێپەڕاندنی پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی سوننەکان و پڕۆژە یاسای وەرگرتنەوەی زەوی زاری زەوت کراوی کوردەکان، پڕۆژەیاسای باری کەسێتی تێپەڕێنرێت.
ڕێزان شێخ دلێر گوتی: وەک دەڵێن چەند دۆنم زەوی و ئازادکردنی چەند بەعسی و تیرۆرستێک با بکرێتە قوربانی منداڵانی عیراقی، کە بە پێی ئەم یاسایە ڕێگە دەدرێت لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە بدرێنە شوو.
ئەو پڕۆژە یاسایەی کە سوننەکان بە نیازن لەگەڵ شیعەکان، ڕێککەوتنی پێبکەن ئەوەیە، کە نزیکەی (١٢) هەزار سوننە دەستگیکراون، دەگوترێ"بەشێکیان بەعسی و تیرۆرستن" دکتۆر بەشیر حەداد دەڵێت: ڕەنگە هەردوو لای تێدابێت بەڵام هەندێکیان بەهۆی جیاوازی مەزهەبییەوە گیراون، بۆیە ئەگەر یەک بێ گوناهیشی تێدابێت زۆرە. کێشەیەکی تری زۆر مەترسیدار ئەوەیە، کاتێک ڕەحمەتی مام جەلال لە ژیاندا بوو، داوایان لێکرد کە واژو بۆ لە سێدارەدانیان بکات نەیکرد، ئەم داوایە لە دکتۆر بەرهەم کرا نەیکرد، لە دکتۆر فوئاد مەعسوم کرا نەیکرد، بەڵام ئێستا دکتۆر لەتیف ڕەشید زۆر بە ئاسانی ئەم واژویە دەکات و واژۆی بۆ لە سێدارەدانی نزیک سەد کەس کردووە. ئەوەش وادەکات کێشەکان قوڵتر ببنەوە.
هاژە سلێمان، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان و کارگێڕی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان دەڵێت: لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا وەها یاسایەک لەلایەن گەنجەکانەوە قبوڵکراو نییە، بەهۆی تەکنەلۆژیاوە ئێستا خەڵک لە دوو وڵات و زمانی جیاواز یەکتردەناسن و هاوسەرگیری دەکەن، ئەوانە تازە دێن باسی مەزهەب و هاوسەرگیری لە ڕێگەی مەزهەبەوە دەکەن.(٦)
دکتۆر بەشیر ڕایوایە: ئەگەر ئەم پڕۆژە یاسایە لە پەرلەمانیش تێپەڕی ئەوا تانەی لێ دەدرێت پێموانییە جێبەجێ بکرێت.
هەرێمی کوردستان بۆ خۆپاراستن لەم کێشانە چی بکات
لە ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک لە عیراق بڕیاردرا، کە یاسای جەعفەری جێگەی یاسای باری کەسێتی بگرێتەوە، پەرلەمانی کوردستان بڕیارێکی دەرکرد کە هەرێمی کوردستان پابەند نابێت و کار بە یاسا مەدەنییەکە دەکات. بەڕای یاساناسان پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەم جارەش دەتوانێ هەمان کاربکات.
هەروەها هاوڵاتییانی لە ڕێگەی کەناڵ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە لە مەترسییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم پڕۆژە یاسایە ئاگاداربکاتەوە. هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بە ئەرکی خۆیان هەستن کە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگەیە. ئافرەتان لەم زیانانە هوشیار بکرێنەوە، کە لە ئەنجامی ئەم یاسایە ڕوودەدەن.
زیبا تەها، هوشیارکردنەوەی ئافرەت بە ڕێگاچارە دەزانێت و دەڵێت، هەرێمی کوردستان ناتوانێت ڕێگری لەم هەموارە بکات، بەڵام ئێمە دەبێت ھاوڵاتیانی خۆمان ھۆشیار بکەینەوە لەوەی ھیچ کات پەنا نەبەنە بەر جێبەجێکردنی ھاوسەرگیری لە دادگاکانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، ھاوکات وەکو ڕێکخراوەکانیش ھاوسۆز بین لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ ڕێگەگرتن لەو ھەموارە.
کاردانەوەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان
رێکخراوی ھیومان ڕایتس وۆچ، ڕەخنەی توندی لە پێشنیازی ھەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیی عێراق گرتووە، کە لە کارنامەی پەرلەمانی عێراقدایە و بڕیارە بەم نزیکانە دەنگی لەسەر بدرێت. ئەوەش لە بەرامبەر دەرکردنی یاسای "لێبوردنی گشتی" کە لەلایەن سوننەکانەوە خراوەتە بەرباس.
ھاوکات ڕاپرسییەک کە لەلایەن "تیمی ڕاپرسی بیروڕای عێراقی"ەوە ڕێکخرابوو، ئاشکرای کرد کە زیاتر لە ٧٣%ـی خەڵکی عێراق بە توندی ھەموارکردنەکەوەکە ڕەت دەکەنەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، لە نوێترین گوتەیدا سەبارەت بە ڕەشنووسی ھەموارکردنەکە ڕایگەیاندووە، ئەگەر پەسەند بکرێت، کاریگەری کارەساتباری لەسەر مافەکانی ئافرەتان و کچان دەبێت.
بڕیارە یاسا نوێیەکە بە "تۆمارێکی فقھی" پەسەند بکرێت کە لەلایەن وەقفی شیعە و سوننە دەرچووە، بۆ ئەوەی ببێتە بنەمایەک کە دادوەرەکان پشتی پێ دەبەستن؛ بۆیە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ پێی وایە کە ئەمە ڕێگە بە زەماوەندی کچانی تەمەن نۆ ساڵ دەدات، ھەروەھا بنەمای یەکسانی لە ژێر یاساکانی عێراقدا، لابردنی پارێزگاریکردنی ئافرەتان لە جیابوونەوە و میراتدا.
سارا سەنبەر، لێکۆڵەری عێراقی لە ھیومان ڕایتس وۆچ، گوتی: پەسەندکردنی ڕەشنووسی یاساکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە ھەنگاوێکی وێرانکەر دەبێت بۆ ئافرەتان و کچانی عێراقی، ھەروەھا بۆ ئەو مافانەی کە زۆر بە سەختی خەباتیان کردووە تاوەکو لە یاسادا بیچەسپێنن. دەشڵێت: بەفەرمی و بە یاساییکردنی زەماوەندی منداڵان، ژمارەیەکی زۆر لە کچان لە خۆش گوزەرانی بێبەش دەکات.
ڕێکخراوەکە، پێی وایە ئەم ھەموارکردنە بەتایبەتی سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاساکانی شەرعی بەگوێرەی تۆماری فیقھی، ھەر مەزھەبێک، بەشێوەیەکی کاریگەر سیستمی یاسایی جیاواز بە مافی جیاواز بۆ مەزھەبە جیاوازەکان دروست دەکات. تائیفەگەری زیاتر لە عێراقدا مافی یاسایی دەشکێنێت یەکسانی بۆ ھەموو عێراقییەکان تێکدەدات کە لە ماددەی ١٤ـی دەستوور و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤدا ھاتووە.
ڕێکخراوەکە پێیوایە "زەماوەندی تۆمارنەکراو لە دادگاکاندا بۆشاییەک دروست دەکات کە ڕێگە بە زەماوەندی منداڵان دەدات لە عێراقدا."
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا" ھەموارکردنە پێشنیار کراوەکە، ئەو پارێزگارییانە ھەڵدەوەشێنێتەوە و تێک دەدات کە بەپێی یاسای ئێستای باری کەسی بۆ ئافرەتانی جیابووەوە دابین کراون". جەختیشی کردەوە "دەبێتە ھۆی ئەوەی ئافرەتان بەشێک لە مافەکانیان بۆ میرات لەدەست بدەن".
ڕێکخراوی هیومان رایتس ۆچ، ئەوەش ڕوون دەکاتەوە، کە ھەموارکردنەوە پێشنیارکراوە پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی نەھێشتنی ھەموو جۆرە جیاکارییەک لە دژی ئافرەتان (CEDAW)ە، کە عێراق لە ساڵی ١٩٨٦ پەسەندی کرد، بە زەوتکردنی مافەکانی ئافرەتان و کچان لەسەر بنەمای ڕەگەزەکەیان، ھەروەھا پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی مافی منداڵانە کە عێراق لە ساڵی ١٩٩٤ پەسەندی کردووە.(٧)
د.بەشیر حەداد روونی دەکاتەوە، کە ماددەی ٤١ دەڵێت، عیراقییەکان ئازادن لەوەی ئەو یاسایە جێبەجێ دەکەن یان نا، بەڵام تۆ ئازادی لە ژنەکە وەردەگرییەوە، ماددەی ٨٨ دەڵێت، قازی ھیچ دەسەڵاتێکی نییە بە غەیری دەسەڵاتی یاسا نەبێت، ھیچ شتێک ناتوانێت فشار بخاتە سەر قازی جگە لە یاسا، بەڵام لێرە ڕای مەرجەعی ئایینی شیعە فەرز دەکرێت لەسەر قازی و دادگا دەسەڵاتی لێ دەسەنرێتەوە.
پێچەوانەی ماددەکانی ٢، ١٤، ٤١، ٨٨،٧٩ی دەستورە، ماددەی ٢ دەڵێت: ئیسلام دینی فەرمییە، بەڵام نابێت ھیچ شتێک دەربچێت دژی سەوابتی ئیسلام بێت، بەڵام لە ھەموارەکە دەڵێت، ئەگەر ھاتوو ژن و پیاو مەزھەبیان جیاوازبوو بۆ نموونە ژنەکە شیعە بوو، پیاوەکە سوننە بوو مەزھەبی پیاوەکە لەسەر مەزھەبی ژنەکە فەرز دەکرێت، کەواتە لێرەدا کوا مافی ژنەکە و کوا یەکسانی؟
ھەروەھا ھەندێ پەیماننامەی نێودەوڵەتی ھەن، کە عیراق ئیمزای کردوون، وەکو پەیماننامەی سیداو، مافی منداڵان، بینیشتان چۆن ئێستا وڵاتان فشار دەخەنە سەر دەوڵەتی عیراق، کە نابێت ئەم یاسایە ھەمواربکرێتەوە، ئەگەر کرایەوە واتای عیراق لەو پەیماننامانە کشایەوە، ئەوا ئاسەواری ئەمنی و ئابوری و سیاسیشی لێبکەوێتەوە.
فشاری ئەمنی دروست دەکات، دەزانین کە پەیوەندییەکان ئەمریکا و بەریتانیا زۆربەی سیاسەتەکانیان بەندە لەسەر ئەوەی، کە ئایا ئەم وڵاتە لە بابەتی دیموکراسی پێشکەوتوویە یان نا، ئەگەر عیراق دژی مافەکانی مرۆڤ و بنەماکانی دیموکراسی بێت ئەوا ئەوان ھاوکارییەکانی لێ ڕادەگرن. لە لایەنی سیاسی و ئەمنیش، عیراق دەکەوێتە بارودۆخی فەوزاوە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment