عێراق، پێگەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ئێران

0

نوچەنێت

ئەمریکا دوابەدوای کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا، لە پلانیدایە ژمارەی هێزەکانی خۆی لە عێراق زیاتر بکات و ئامانجی سەرەکیش لەم پلانە بەرەنگاربوونەوەی ئێرانە.

ئەمریکا لە کاتێکدا هێزەکانی خۆی لە سوریا دەکشێنێتەوە، کە بە هیوایە پەیوەندی زەمینی ئێران لەگەڵ عێراق  و سوریا دابخات و لەم رێگەوە، رێگری لە چەکدارکردن و پشتیوانی کردنی هێزە ميلیشییایەکانی سەر بە  تاران بگرێت.

واشنتۆن، تەرکیزی خستۆتە  سەر عێراق تاکو هەژموون  وکاریگەری ئێران لەم وڵاتە و سوریا بەربەست بکات. سەردانەکەی مایک پۆمپیۆ لە ماوەی رابردوو بۆ عێراق، بەشێکە لەم سیناریۆیە.

هاوکات لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ، لە میانی سەردانەکەی بۆ بنکەی سەربازی”عین الاسد” ئاماژەیەکی بەهێزی دیکەیە کە رایگەیاند، ئەمریکا بەرەبەرە هێزەکانی لە سوریا بەرەو عێراق جووڵە پێدەکات، تاکو بەرەنگاری ئێران ببێتەوە  و بەرژەوەندییەکانی واشنتۆنیش پارێزراو بێت.

حەشدی شەعبی، کە میلیشیایەکی شیعە مەزهەبە لە ژێر کاریگەری ئێراندان،هەروەها لایەنە سیاسییەکانی بەستراوە بە ئێران لە پەرلەمانی عێراق، بە توندی دژی ئامادەبوون و گەڕانەوەی هێزی سەربازی ئەمریکان بۆ عێراق. “عصائب الحق ” کە فەیز غەزالی سەرکردایەتی دەکات و بە یەکێک لە توندڕەوترین گروپەکانی پێکهێنەری حەشدی شەعبی هەژمار دەکرێن، رایگەیاندووە ئەگەر ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق نەکشێنێتەوە، شەڕی چەکداری لە دژی دەست پێدەکەن.

هادی عامری، فەرماندەی کەتیبەکانی بەدر و سەرۆکی حزبی فەتح، کە وەک دووەمین حزبی گەورەی ناو پەرلەمانی عێراق هەژمار دەکرێت، جەختی کردووه‌تەوە کە ئامادەبوونی هێزەکانی ئەمریکا شەرعییەت  و باری یاسایی نییە. لێرەوەیە کە حزبە شیعەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران لە هەوڵدان حکومەتی مەرکەزی ناچآر بکەن، کە رێککەوتنی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا هەڵبوەشێننەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ واژۆی لە سەر کراوە. هەر چۆنێک بێت ئامانجی سەرەکی ئەم هەوڵانە کۆتایی هێنانە بە ئامادەبوونی سەربازی هێزەکانی ئەمریکا.

ژمارەیەک لە کاربەدەستانی عێراق، لە هەوڵدان لە ئەگەری کشانەوەی  هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و دواتر جووڵەپێکردنیان بەرەو عێراق، واشنتۆن گەرەنتی ئەوە بکات کە لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم یارمەتی بەغدا بدات.

پۆمپیۆ لە میانی سەردانەکەی بۆ هەولێر و بەغدا رایگەیاند، بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانیان، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا نییە، بەڵکو جەختیان لە سەر بەهێزبوونی حکومەتی مەرکەزی  وپشتیوانیيەکانی واشنتۆن بۆ بەغدا و هەروەها سنووردارکردنی کاریگەری و دەسەڵاتی ئێرانە لە عێراق.

لە روانگەی ئەمریکییەکانەوە، بە بەراورد لە گەڵ سوریا، ئەولەوییەت بە عێراقە و بەرژەوەندییە ستراتیژیيەکانی ئەمریکا لە عێراق پڕرەنگترە، هەر بۆیە ئەمریکا هەوڵدەدات لە عێراق  و لە رێگەی ئەم وڵاتە ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە جێگیر بکات  وهاوکات گوشارەکانی بۆ سەر ئێران توندتر بکاتەوە.

واشنتۆن پێیوایە، کە ئێران چالاکییەکانی لە دژی ئەمریکا چڕتر کردۆتەوە و سەرچاوەی سەرەکی هەڕەشەیە بۆ سەر ئیسرائیل و میسر و ئوردن و دیکەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکە. لە ئێستادا عێراق رۆڵ و پێگەیەکی تایبەتی هەیە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەر بۆیە هەموو هەوڵی ئەمریکا بە ئاراستەی سنووردارکردنی کاریگەری ئێرانە لە ناوچەکە. بۆ ئەم مەبەستە، عێراق دەتوانێ پێگەیەکی ستراتیژی بێت بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی نێوان واشنتۆن  و تاران.

هاوکات لە گەڵ ئەم هەوڵانەی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران، ئیسرائیلیش لە ماوەی رابردوودا بە چڕی لە دژی ئێران و بەرژەوەندی و ئامانجە سەربازییەکانی لە سوریا جووڵاوەتەوە.

مایک پۆمپیۆ، لە سەردانەکەی بۆ بەغدا لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران لە عێراق، هۆشداری داوەتە عادل عەبدولمەهدی و بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە.

جیرۆزالیم پۆست لە دوتوێی راپۆرتێکدا دەڵێت: ئیسرائیل رەنگە هێرش بکاتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران کە عێراق و بۆ ئەم مەبەستەش بە دوور نییە کە میلیشاکانی سەر بە ئێران بکاتە ئامانج.

بە گوێرەی جیرۆزالیم پۆست، هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی ئێران لە سوریا، نیشانی دا کە سیستمی دژە موشەکی ئیسرائیل توانای بەرگری  وبەرەنگاربوونەوەی نییە و بە  ئەگەری زۆر بەم زوانە ئیسرائیل ئەم هێرشانە بۆ سەر خاکی عێراق دەستپێبکات. هەر چۆنێک بێت عێراق خاوەنی سیستمی بەرگری بەهێز نییە و کەلێن  وناکۆکییە سیاسیيەکانی ئەم وڵاتە بەو ڕادەیە کە دەوڵەتەکەی توانای پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەی نییە.

ئەفشار سولەیمانی، باڵیۆزی پێشوی ئێران لە ئازەربایجان، لە یاداشتێکدا بۆ دیپلۆماسی ئێران و لە دوای هەڕەشەی ئەمریکییەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، دەڵێت، ئێران دەبێ ستراتژییەکی نوێ بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێ، ناوچە و سیسته‌می نێودەوڵەتی بگرێتە بەر کە یارمەتی بە ڕەوینەوەی ئاڵۆزییەکان بدات و بیانو نەداتە دەستی ئەمریکا .
بە گوتەی ئەم دبلۆماتکارە ئێرانییە، ئێران دەبێ دەرفەت و هەڕەشەکانی بەردەم خۆی بناسێت و لەو راستییە تێبگات کە نە تەنها ئەوروپا، چین، رووسیا و هیند توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەمریکایان نییە، بەڵكو لە زۆر خاڵی هاوبەشدا بەرامبەر بە ئێران و سیاسەتەکانی روانگەیەکی هاوبەشیان هەیە، لە ئێستادا ژمارەی دۆست و وڵاتانی هاوپەیمانی ئێران لە کەمتریندایە، بۆیە پێویستە ئێران کارتەکانی گوشار لە دەست ئەمریکا دەربێنێ.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com