زستان کۆتایی دێت، چاوەڕوانی هاتنی نەوتەکە کۆتایی نایێت!

0

   شلێر سەعید    

ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان، لەو بڕوایەدایە، کە حكومەت حیساباتێكی هەڵەی كرد، كە وادەزانێت داهاتی بەوە زیاتر دەبێت، کە ئەگەر نەوت بفرۆشێتەوە بە بازاڕە جیهانییەكان. هاونیشتیمانیەکیش دەڵێت ”زستان کۆتایی دێت بەڵام نەوتەکە هەر نایەت”.

فرسەت سۆفی پارێزگای هەولێر پێشتر ڕایگەیاندبوو، كە ئەو بڕە نەوتەی لە لایەن حكومەتی عێراقەوە دەنیێردرێت  زۆر كەمە و ئێمە هەوڵی تەواو دەدەین تا بڕەكە زیاد بكرێت، گوتیشی قسەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی كردوە بۆ دابین كردنی نەوتی سپی، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی ئەو هەنگاوەی نەناوە نەوتی سپی لە و زستانە دابین بكات.

نزیكەی چوار ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان، نەوتی سپی بە سەر هاوڵاتیان دابەش نەکردووە، تەنیا بڕێكی كەم نەبێت، کە لە ناوچە شاخاوییەكان دابەشكراوە.

د. شێركۆ جەودەت، ئەندام پەرلەمانێكی كوردستان، لە لیژنەی سامانە سرووشتییەكان، دەربارەی نەبوونی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیان، بە نوچەی راگەیاند، مانگی  1-2016 حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری دا پاڵپشتی بۆ نەوتی سپی ماڵان ڕابگرێت، بە بیانوی ئەوەی نەوت بفرۆشێت بە بازاڕە جیهانییەكان؛ كە ئەوەش حیساباتێكی هەڵەبوو.

بەپێی داتاكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، هەرێمی كوردستان ساڵانە بۆ دابەشكردنی یەك بەرمیل نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا، پێویستی بە 250 ملیۆن لیتر نەوتە، لەكاتێك دا تا ئێستا كەمتر لەنیوەی ئەو بڕە لە بەغداوە بۆهەرێم هاتووە.

شێركۆ جەودەت دەشڵێت “ئەو تۆزە نەوتەی هەشە، كە بەغدا لێی زیاد دەبێت ماوە ماوە دەی نێرێت، كە تا ئێستا 50 بۆ 100 ملیۆن لیتر نێردراوە بۆ هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی بەرمیلێك نەوتی سپی، هەرێمی كوردستان پێویستی بە زیاتر لە 250 ملیۆن لیتر نەوتە. 

شێركۆ جەودەت گوتیشی “حكومەتی هەرێم خۆی نەوتی خاوی هەیە، دەكرێ بدرێت بە پاڵاوگەی بازیان و كەڵەك، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو دوو پاڵاوگەیە بۆ كەرتی تایبەت كاردەكەن، ئەوان نەوتی سپی دەنێرن بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراقیش.

ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەكان ئەوەشی خستەڕوو، كە حكومەت بەم بڕیارەی حیساباتێكی هەڵەی كرد، كە وادەزانێت داهاتی بەوە زیاتر دەبێت گەر نەوت بفرۆشێتەوە بە بازاڕە جیهانیەكان، بە 50 یان 60 دۆلار لە كاتێكدا  بەرهەمی نەوتی سپی لەوە گرانترە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێت و ئێمە وەك لیژنەكەمان    زۆر لەو بارەوە قسەمان كردووە لەگەڵ حكومەت، بەڵام بەداخەوە، كە بڕیاریشیان دا نەوتی سپی دابین بكەن بۆماڵان،  بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە جێ بەجێ نەكراوە.

 ڕێباز جەلیل، خەڵكی یەکێک لە گوندەكانی سنوری كۆیە-یە، بە نوچە-ی گوت “چوار ساڵە نەوتم وەرنەگرتووە، هەر لە بازاڕی ڕەش نەوتی سپیم كڕیوە، ئەوساڵ گوتیان نەوت دابەشدەكرێت، بەڵام چەند شوێنەكی كەم بەریان كەوت و كۆتاییهات.

ڕێباز جەلیل گوتیشی “گەر حكومەتێك نەتوانێ بەرمیلەك نەوت دابین بكات، تەنها لە كۆیە سێ كۆمپانیای نەوت هەیە نەوتیشمان نییە.

ڕێیاز ئەوەشی خستەڕوو، كە نەوتی كۆیە تەنها زیانی هەیە بۆ ناوچەكە و بۆتە هۆی تێكچوونی ڕێگاوبانەكان و پیسبوونی ژینگە و ڕۆژانە ڕووداوی دڵتەزێنی لێدەكەوێتەوە بەهۆی تەنكەرە نەوتهەڵگرەکانیان. 

خوناو پیر داوود، خێزانێكی گەورەن و ماڵی لە هەولێرە، سەبارەت بە هەمان بابەت دەڵێت، سێ ساڵە نەوت دەكڕم، كوا بەڵینی حكومەت، كە گوتیان ئەو ساڵ نەوت دابەش دەكرێت؟ ئێمە تەنها بە جلیكان دەتوانین هەفتانە نەوت بكڕین وا زستان كۆتایی دێت ئەو نەوتە نەهات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com