ئایا سیستمی لامەرکەزی بۆ هەرێمی کوردستان گونجاوە؟

0

ئەسعەد مورادی

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی پرۆژه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ بۆ داواكردنی لامه‌ركه‌زی دارایی و كارگێڕی بۆ سلێمانی. پرسی ئه‌وه‌ی ئه‌م داواكاریه‌تا چه‌ند یاسایی و دیموكراسیانه‌و دادپه‌روه‌رانه‌یه‌، خه‌ڵكێكی زۆری سه‌رقاڵكردووه‌. به‌ڵام نه‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ و نه‌ لامه‌ركه‌زی ته‌واویش بۆ سلێمانی چاره‌سه‌رێك نین بۆ ئه‌و كێشانه‌ی ئه‌مڕۆ خه‌ڵكی پارێزگاكه‌و كوردستانیشی گرفتار كردووه‌، هه‌ر له‌ گه‌نده‌ڵی و بێپاره‌یی و حوكمڕانی خراپه‌وه‌ تاده‌گاته‌ داكشانه‌ ئابوریه‌كه‌.
 
له‌ ئێستادا كه‌ به‌غداو هه‌ولێریش به‌ده‌ست بێپاره‌یی و گه‌نده‌ڵییەوە ده‌ناڵێنن، لامه‌ركه‌زییه‌ت نابێته‌ هۆی گه‌شه‌ی ئابوری و مرۆیی خێرا بۆ سلێمانی. چاره‌سه‌رێكی سیحری نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تێكی باش دروست بكات و به‌هانای موچه‌خۆران و بێبازاڕی و داته‌پینی كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌ بێت. 

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی پشتی به‌ داتاكانی 5 مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2015 به‌ستووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت، ئه‌وان به‌ لامه‌ركه‌زیه‌ته‌وه‌ باشتر پارێزگاكه‌ ده‌به‌نه‌ڕێوه‌، به‌ڵام ئه‌م داتایانه‌ ته‌نها شتێك بیڵێن ئه‌وه‌یه، كه‌ پارێزگای سلێمانی توانای پشت به‌خۆبه‌ستنی دارایی و ئابوری نییه‌. ئه‌مه‌ش به‌ئاشكرا هه‌ژاری و ده‌ستكورتی دام وده‌زگاكان و سه‌رچاوه‌ مرۆییه‌كانی حكومه‌تی سلێمانی نیشان ده‌دات (گه‌ر له‌ هه‌ولێر خراپتر نه‌بن، باشتریش نین.كه ‌تۆ نه‌زانیت ئه‌مڕۆ چه‌ند داهات و خه‌رجیت هه‌یه‌، چۆن ئه‌زانیت به‌لامه‌ركه‌زیه‌ته‌وه‌ دۆخێكی باشتر له‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دروست ده‌كه‌یت؟).(١)

ساڵی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پرۆژەی لامەركەزی پەسندكرد و داوای پێدانی دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەی سلێمانی كرد، دواتر نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی بۆ هەموو پارێزگارەكانی كوردستان زیادكرد.

مەرکەزی و لامەرکەزی چییە و جیاوازییەکەیان لە چیدایە؟

لە راستیدا مەرکەزی و لا مەرکەزی دوو شێوازی کارکردنن، کە رەنگدانەوەی سروشتی سیستمە سیاسی و ئابورییەکە دەگەیەنێت. هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە پرسی مەرکەزیەت و لامەرکەزیەت، زیاتر پرسێکی سیاسییە تا پرسێکی ئیداری و کارگێڕی، زیاتر پەیوەستە بە جۆر و شێوەی ئەو دەسەڵاتەی حکومڕانی دەکات، ئایا دەسەڵاتداران ئامادەیی ئەوەیان تێدایە بڕێک لە دەسەڵاتەکانی خۆیان، شۆڕکەنەوە بۆ خوارەوە؟ ئاخۆ لە ئەساسدا بڕوایان بە دابەشکردنی دەسەڵاتە گشتییەکان هەیە یان نا؟ ئایا سیاسییەکانی وڵات، دەیانەوێت و پێیان باشە دەسەڵات ورد بکرێتەوە بۆ یەکە بچوک بچوکەکانی و هەر وەزارەت و فەرمانگەیەک، دەسەڵاتی سیاسی و کارگێڕی خۆی هەبێت؟ یان نا!

ئەگەر بێت و مەسەلەی دابەشکردنی دەسەڵات لای دەسەڵاتداران، نەبووبێت بە کەلتور و نەبووبێت بە قەناعەت و لە دید و تێڕوانینیاندا. ئەگەر بیرکردنەوەو زهنیەتی سیاسی دەسەڵاتداران، بە ئاراستەی چڕکردنەوەی دەسەڵات بێت لە ناوەندێکی بەهێزدا، ئەوا هەموو دەقە دەستوری و یاساییەکانیش ناتوانن لامەرکەزیەت لەسەر ئەرزی واقع جێبەجێ بکەن. بەڵام لەگەڵ ئەو راستییەی سەرەوەدا، واقیعی حاڵی بەڕێوەبردنی بەشی زۆری کۆمەڵگاکان، ئەوە دەردەخەن هیچ مەرکەزیەتێکی رەها یان لا مەرکەزیەتێکی رەها نییە. ئەوەی هەیە گونجاندنێکی نێوان ئەو دوو شێوازەی ئیدارەدانە کە یەکتر تەواو دەکەن و پێکەوە دەزگا ئیدارییەکانی وڵات بەڕێوەدەبەن.

مەرکەزی یان لامەرکەزی، خۆی لە خۆیدا ئامانج نییە، بەڵکو هەردوکیان فەلسەفەی و ئیدارەدانی شێوازی حکمڕانییە و ئامرازێکن بۆ بڕیاردان. شارەزایان پێیانوایە زەحمەتە یەکێکیان لەسەر حسابی ئەوی دیکەیان هەڵبژێریت، چونکە هەر یەکەیان تایبەتمەندی و لایەنی ئەرێنی خۆی هەیە کە لەوی دیکەیاندا نییە.

ئەمە جگە لەوەی هەریەکەیان لایەنی نەرێنی و خەوشی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام دەکرێ گونجاندنێک لە نێوان هەردووکیاندا بکرێت، ئەمەش لە پێناو ئەوەی دەرکردنی بڕیارەکان و رایکردنی کارەکان بە باشترین شێوە بەڕێوەبچن. بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوە، لە دەرئەنجامی گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتوری و تەکنەلۆژیەکانەوە کە جیهان بەخۆیەوە بینیویەتی، زیاتر بایەخ بە چەمکی لا مەرکەزیەت دەدرێت وەک لە چەمکی مەرکەزیەت.

سیستمی مەرکەزیەت

 جۆرێکە لە جۆرەکانی کارگێڕی، کە بۆ رایکردنی کاروبارەکانی وڵات و فەرمانگا حکومییەکان بەکاردەهێنرێت. خاڵی دیار و ئاشکرای ئەم جۆرە لە ئیدارەدان، بریتییە لەوەی کۆی دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، لە دەستی کەسێکدا یان تاقمێک کە لە چەند کەسێکی کەم پێکهاتووە، کۆدەبێتەوە. ئەم چەمکە لەسەر ئاستی ئیدارەی گشتی، بەو مانایە دێت کە سیاسەتی دەوڵەت، بە جۆرێکە دەسەڵاتە ئیداری و کارگێڕییەکان لە دەستی سەرۆک وەزیران و وەزیرەکاندایە. لە مەسەلەی بڕیارداندا، هیچ سەربەخۆییەک نادرێت بە یەکە ئیدارییەکانی خوارەوە، واتە بەشەکانی خوارەوە ناتوانن بڕیار لە کاروباری فەرمانگەکەیان بدەن، ئەوەی بڕیاردەدا تەنها وەزیرو جێگرەکەیەتی.

لەم جۆرە ئیدارەدانەدا، دەسەڵاتەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، شۆڕ ناکرێنەوە بۆ فەرمانگە بچوکەکان و بۆ یەکە ئیدارەکان، دەسەڵاتەکان نادرێن بە پارێزگارەکان و قائیمقامەکان و بەڕێوەبەری ناحییەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، بەڵکو دەسەڵات لەسەری سەرەوە، لە دەست سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکانیدا دەمێنێتەوە.

هەندێک لە شارەزایان پێیانوایە ئەم جۆرە لە دەسەڵات، بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، لەوانە:

1-بڕیاردان شێوەیەکی ئاسان لەخۆدەگرێت و هێشتنەوەی بڕیارەکان بە یەکگرتوویی و دوورکەوتنەوە لە پەرتەوازەیی و بەربڵاوی بڕیارەکان.
2-چاودێریکردنی یەکە ئیدارییەکان بە ئاسانی و زانینی ئەوەی چی لەو یەکە ئیدارییانەدا دەگوزەرێت.
3-وێنەیەکی یەکگرتویی سەرتاسەری دەبەخشێت بە دەوڵەت و یەکە کارگێڕییەکان.
4-نەبوونی ئیزدواجییەت لە بڕیارداندا.
5-پرۆسەی چاودێریکردن و ڕێوڕەسمە کارگێڕییەکان ئاسانترە.

لایەنە خراپەکانی مەرکەزیەت

1-کۆکردنەوەی سەرجەم دەسەڵاتەکان لە دەستی تاکە کەسێک یان گروپێک، مەترسی خراپبەکارهێنانی دەسەڵاتی لێدەکەوێتەوە، کۆبوونەوەی دەسەڵاتێکی زۆر لە دەستی تاکە کەسێکدا، دوور نییە کەسە بەرەو تاکڕەوی یان دیکتاتۆری ببات.
2-رۆحی کارکردن لای یەکە کارگێڕییەکانی خوارەوە، نزمەو گڕوتینێکی ئەوتۆ بۆ کارکردن بە شێوەیەکی دڵسۆز نابینرێت، چونکە ئەو یەکە کارگێڕییانە هەستدەکەن خۆماندوکردنیان و دڵسۆزیان هیچ سودێکی نییە، بگرە دواجار بەرهەمەکەی بۆ دەستەی باڵا دەڕوات و ئەوان سودی لێوەردەگرن و خۆیانی پێوە هەڵدەکێشن.
3-گۆڕانکارییەکان لە دەستەو پلەو پۆستە باڵاکان زۆر بە هێواشی ڕوودەدات.
4-بڕیاربەدەستانی ئاستی باڵا، بە باشی ئاگاداری ژیان و گوزەرانی ئاستەکانی خوارەوە نین، بۆیە بەشێک لە بڕیارەکانیان سەرکەوتوو نابێت، یاخود بڕیار لە پرۆژەیەک دەدەن، کە دوور و نزیک پەیوەست نییە بە باشترکردنی گوزەرانی چینە کەمدەرامەت و ئاست نزمەکانەوە.
5-مەرکەزیەت جۆرێک لە ئیشکالییەت دروست دەکات، واتە بەرپرسانی یەکە کارگێڕییە بچوکەکان، هیچ جۆرە بڕیارێک نادەن و هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری کێشەکان ناخەنەگەڕ. هەمیشە چاوەڕوانی ئاستە بەرزەکەی کارگێری دەکەن بڕیارەکانیان بۆ بدات. بەمەش زوو چارەسەرکردنی کێشەکان دوادەکەوێت و بیرۆکەی تازە دروست نابێت.
6-زۆری رۆتین لە رایکردنی کاروبارەکاندا.

سیستمی لامەرکەزیەت

ئەم چەمکە بەو شێوازە ئیدارییە دەوترێت، کە تێدا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵات، لەدەستی تاکە کەسێک یان گروپێکی دەسەڵاتداری تایبەتدا کۆنەبووەتەوە. واتە دەسەڵاتی کارگێڕی لە نێوان چەندین تاک و چەندین دەزگای کارگێڕیدا بڵاوبووەتەوە و هەریەکەیان، بەپێی پلە و پێگەی لە دەزگاکەدا، توانای بڕیاردان و ڕەسمکردنی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی بەشەکەی خۆی هەیە.

بە مانایەکی دی چەمکی لامەرکەزیەت، واتە لێکهەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی کارگێڕی لە ئاستە باڵاکانیدا و گواستنەوەی بۆ یەکە ئیدارییە بچوک و جیاوازەکان، بە جۆرێک ئەو یەکە ئیدارییە بچوکانە، بەپێی هەلومەرجی ئیشکردنی خۆیان، توانای بڕیاردانی سەربەخۆیان هەیە، بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ مەرکەز، کە زۆرجار ئەو مەرکەزە خۆی لە وەزیر یان ئەنجومەنی وەزیراندا دەبینێتەوە، ئەمە لەلایەک. لە لایەکی دیکەوە دەگوترێت لامەرکەزی بریتییە لە گواستنەوەی دەسەڵات بە هەرسێ جۆرەکەیەوە یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، لە ئاستێکی کارگێڕی باڵاوە، بۆ ئاستێکی کارگێڕی نزمتر.

جۆرەکانی لا مەرکەزیەت

شارەزایانی ئەم بوارە، لامەرکەزیەت بۆ ئەم جۆرانەی خوارەوە دابەشدەکەن:

یەکەم/ لا مەرکەزیەتی جوگرافی: لەم جۆرەدا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەسەر هەرێمە جیاوازەکان یان پارێزگا جیاوازەکانی یەک دەوڵەتدا دابەشدەکرێت. بەو مەرجەی هەرێمەکان یان پارێزگاکان خاوەنی شەخسیەتێکی مەعنەوی بن، کە لەلایەن کۆمەڵگای خۆجێیەتی یان دانیشتوانی لۆکاڵی هەرێمەکە یا پارێزگاکە هەڵبژێردرابێت. واتە دانانی شەخسییەتە مەعنەوییەکە لەلایەن ناوەندەوە نابێت، بەڵکو لە پرۆسەیەکی هەڵبژاردندا دەستنیشان دەکرێت کە تێیدا دانیشتوانی پارێزگاکە یان هەرێمەکە بەشداری دەکەن. ئەم شەخسییەتە مەعنەوییە دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ دەرکردنی بڕیارە کارگێڕییەکان، ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە پرۆژەکان و سێکتەرە گشتییەکانەوە هەیە. ئەمە جگە لەوەی دەسەڵاتی دانانی بودجەیەکی تایبەتی بە هەرێمەکە یان پارێزگاکە هەیەو جۆرێک لە سەربەخۆیی دارایی هەیە. دەکرێت ئەم جۆرە لا مەرکەزیەتە ناوبنرێت بە ئیدارەی خۆجێیەتی. نموونە بۆ پۆستەکانی لا مەرکەزیەت یان ئیدارەی خۆجێیەتی، پارێزگار، قایمقام، سەرۆکی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی و چەندین پۆستی دیکە.

دووەم/ لا مەرکەزیەتی وەزیفی: لەم جۆرەدا دەسەڵاتەکان و سەڵاحییەتەکان، لە ئاستە کارگێڕییەکانی یەک وەزارەتدا، دابەشدەکرێت بەسەر یەکە ئیدارییەکاندا، هەر یەکەیەکی ئیداری بەپێی پێگەی خۆی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی هەیە. تا ئەرکی وەزارەتێک لە وەزارەتەکان فراوانتربێت و زۆرترین چین و توێژ لەخۆبگرێت و زۆرترین یەکەی کارگێڕی هەبێت، پێویستی بۆ لامەرکەزیەتی وەزیفی زیاتردەبێت، ئەمەش لە پێناو بەخێرایی ئیشکردن، بە مەبەستی زوو تەواوکردنی کاروبارەکان. بۆ نموونە بەڕێوەبەری گشتی دەتوانێت بڕێک لە سەلاحییەتەکانی ببەخشێت بەسەرۆک بەشەکان بۆ پەکنەخستنی کاروبارەکان و زوو ئەنجامدانیان.

سێیەم/ لا مەرکەزیەتی سیاسی: ئەم جۆرە لە لامەرکەزیەت، بریتییە لە پرۆسەیەکی یاسایی و پەیوەستە بە دەستوری دەوڵەتەوە، بۆ دابەشکردنی وەزیفە حکومییەکان، لەوانە یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی. بەم جۆرە دابەشکارییە دەگوترێت یەکێتی فیدراڵی، وەک ئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبیدا بەرقەرارە. هەروەها سیستمی فیدراڵی و کۆنفیدراڵیش بەرهەمی ئەم جۆرە دابەشکردنەی دەسەڵاتە، وەک لە وڵاتانی بەرازیل و هندستان و سویسرا و گەلێک شوێنی دیکە پیادە دەکرێت. سیستمی لامەرکەزی سیاسی بۆ ئەو وڵاتانە گونجاوە، کە قەبارەیەکی گەورەیان هەیە و چەندین نەتەوە و ئایین و زمانی جیاواز جیاواز و فرە ڕەنگ لەخۆدەگرێت.

چوارەم/ لامەرکەزی ئیداری: واتە دابەشکردنی وەزیفە ئیدارییەکانی دەوڵەت لە نێوان حکومەتی مەرکەزی و حکومەتی هەرێمەکان یان پارێزگاکان. بەڵام بەو مەرجەی حکومەتی مەرکەزی سەرپەرشتی و چاودێریان بکات. لێرەدا مەرکەز سەرەکییە و لامەرکەزی لاوەکییە. ئەگەر مەرکەزییەت بریتیبێت لە کۆکردەوەی سەرجەم سەڵاحییەتەکان لەدەستی یەک دەستەدا، ئەوا لامەرکزی بریتییە لە گواستنەوەی هەندێک لەو سەڵاحیەتانە بۆ دەستە و یەکەی کارگێڕی سەربەخۆ، تا لەو سنورەی یاسا بۆی دیاریکرووە پیادەیان بکات. ئەمە بەبێ ئەوەی ناوەند توانای چاودێریکردنی بەسەریانەوە لەدەستبدات. هەروەها بەبێ ئەوەی دەوڵەت یەکێتییەکەی و پێکەوەبەستنەوەکانی لەدەستبدات.

تایبەتمەندییەکانی سیستمی لا مەرکەزیەت

1-رێگریکردنی لە قۆرغکردنی دەسەڵات لەلایەن تاکێک یان چەند تاکێک یاخود دەستەیەکی دیاریکراوەوە.
2-بەخشینی متمانە بە یەکە ئیدارییەکان، کە خۆیان بەپێی بەرژەوەندی و سودی گشتی ناوچەکەیان، بڕیار لە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دەزگا حکومییەکانی خۆیان بدەن.
3-ئاستی هۆشیاری لای تاک و میللەت بەرزتر دەکاتەوە، بەوەی دەرفەتیان پێدەدات دوور لە مەرکەز و ناوەندی بڕیار، خۆیان چارەنووسی کارگێڕی و پێشخستنی ناوچەکەیان دیاریبکەن.
4-کەمکردنەوەی قەبارەی بەرپرسیارەتی سەر شانی مەرکەز و بەخێرایی بڕیاردان و دوورکەوتنەوە لە ڕۆتینی زۆری وەرگرتنی بڕیار و بەخێرایی جێبەجێکردنی پلانەکان و گەیشتن بە ئامانجەکان. جگە لەوە وا دەکات دەسەڵاتی مەرکەزی زۆر خۆی بە کێشە و گرفتە لاوەکییەکانی پارێزگاکان و قەزا و ناحییەکانەوە سەرقاڵ نەکات و کاتی خۆی بۆ وەرگرتنی بڕیارە چارەنوسسازەکان تەرخانبکات.
5-بەڕێوەبردنی کارەکان سیفەتێکی دیموکراسی لەخۆدەگرێت، بەوەی دەسەڵاتە کارگێڕییە جیاوازەکان، دەتوانن بڕیاری تایبەت بە خۆیان دەربکەن و لەمەشدا بەشداری بە فەرمانبەرانی یەکە کارگێڕییەکان دەکرێت و پرس ڕایان پێدەکرێت و گوێ لە بیروڕاو پێشنیارەکانیان دەگیرێت.
6-دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ ئەو کێشە و قەیرانانەی لە ناوچەیەکی کارگێڕی دیاریکراودا روودەدات، دیاریکردن و وەرگرتنی بڕیاری گونجا و بەپەلە لە کۆی ئەو بڕیارانەی لە بەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان.
7-بەدیهێنانی هاوسەنگی و بەرپرسیارەتی لە نێوان دەسەڵاتەکان، هەر دەسەڵاتەو بەرپرسیارە لەو بڕیارەی، کە بۆ بەڕێوەبردنی دەزگاکەی دەریاندەکات. لەکاتی بوونی هەڵە و بڕیاری ناڕاست، لێپرسینەوەی بەرپرس یان کەسی خەتابار ئاسانترو خێراتردەبێت. ئەمە جگە لەوەی بڕیاری هەڵەی یەکەیەکی کارگێڕی، کار ناکاتە سەر یەکە کارگێڕییەکانی دیکە.
8-بەرزکردنەوەی رۆحی مەعنەوی لای یەکە کارگێڕییە نزمەکان، چ لەسەر ئاستی فەرمانبەرە ئاساییەکان یان لەسەر ئاستی بەڕێوەبەر و سەرۆک بەشەکان، بەوەی هەست دەکەن بەشدارییەکی ئەرێنییان هەیە و گوێیان لێدەگیرێت و پێشنیار و ڕێنماییەکانیان بە هەند وەردەگیرێن.
9-مەترسییەکانی بڕیاردانی خراپ، لە سنورێکی تەسکدا دەمێنێتەوە و تەنها کاریگەری لەسەر ئەو یەکە کارگێڕییە هەیە، کە بڕیارەکەی لێوەدەرچووە و سەرجەم یەکە ئیدارییەکانی دیکە ناگرێتەوە.

خاڵی لاوازی لامەرکەزیەت

1-لاوازکردنی دەسەڵاتی ناوەند، بەمەش مەترسی بۆسەر جێبەجێکردنی سیاسەتی گشتی دەوڵەت دروست دەبێت.
2-هەندێکجار بەرپرسانی پارێزگاکان، زیادەڕۆیی بە دەسەڵاتەکانیانەوە دەکەن و ئەو هێڵە گشتیانە تێدەپەڕێنن، کە لەلایەن ناوەندەوە داڕێژراوە.
3-نەبوونی تەنسیق یان هارمۆنیەتێکی هاوسەنگ لە نێوان هەرێمەکان یاخود پارێزگاکانی یەک وڵات، هەندێکجار نەبوونی ئەم تەنسیقە دەبێتە هۆکاری جۆرێک لە ناحەقی هەرێمێک یان پارێزگایەک بەرامبەر بە هەرێمێک یا پارێزگایەکی دیکە.
4-تێچونی زۆری دارایی و قورسکردنی سەر شانی دەوڵەت لە ڕووی دانانی بودجە بۆ هەر پارێزگایەک، چونکە یەکە کارگێڕییەکان لە هەر پارێزگایەک و لەسەر هەموو ئاستەکان، دووبارە دەبنەوە.
5-بە زەحمەت دەتوانرێت چاودێری بخرێتە سەر شێوازی چۆنیەتی بەڕێکردنی کاروبارەکان.
6-پێویستی زۆری بە فەرمانبەر و کادیری شارەزاو ڕاهێنراو هەیە.

جیاوازی نێوان مەرکەزی و لامەرکەزی

1-لە سیستمی مەرکەزیدا، سەرجەم دەسەڵاتەکان لە دەست کەسێکی دیاریکراو یان دەستەیەکی ئاست بەرزدایە، بەجۆرێک کەسانی دیکە یان ئاستە کارگێڕییە نزمەکانی دیکە، ناتوانن بۆ خۆیان بڕیاربدەن، تەنها بە رەزامەندی کەسە دیاریکراوەکە یان دەستە ئاست بەرزەکە نەبێت. بەڵام لە لا مەرکەزیدا دەسەڵاتەکان دابەشکراون بەسەر یەکە کارگێڕییە بچوکەکاندا، ئەو یەکە کارگێڕیانە لە سنورێکی دیاریکراودا دەتوانن خۆیان بڕیار لەسەر بەڕێوەچونی کاروباری یەکەکەیان بدەن و نەگەڕێنەوە بۆ مەرکەز.

2-مەرکەزیەت کۆی دەسەڵاتەکان لە خاڵێکدا چڕدەکاتەوە، بەڵام لا مەرکەزیەت بە پێچەوانەوەیەو دەسەڵاتەکان بڵاودەکاتەوەو دابەشیان دەکات بەسەر خاڵە جیاوازەکاندا.

کامیان باشترە مەرکەزی یان لامەرکەزی

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە کارێکی زەحمەتە، بەڵام دەکرێت هەندێک حاڵەت بخەینەڕوو کە تێیدا لامەرکەزیەت لە مەرکەزیەت باشترە یان بە پێچەوانەوە.

1-بۆ کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان، سیستمی لا مەرکەزی باشترە لە سیستمی مەرکەزی، چونکە لامەرکەزی زیاتر پارێزگاری لە شوناس و زمان و دابونەریت و کەلتوریان دەکات.
2-لەو وڵاتانەی میللەت باج و ڕسوماتێکی زۆر دەدەن، سیستمی لامەرکەزی باشترە، بۆچی؟ چونکە هاوڵاتیان دڵنیان لەوەی ئەو باج و ڕسوماتانەی، کە لێیان وەردەگیرێت، دواجار بۆ خۆیان دەگەڕێتەوە و لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکەیاندا خەرج دەکرێنەوە و ناڕوات بۆ پرۆژەی ناوچەکانی دیکە.
3-چاکسازی ئیداری و کەمکردنەوەی گەندەڵی و ڕۆتینیات، زیاتر پەیوەستە بە سیستمی لامەرکەزیەتەوە. لەبەر ئەوە لەمڕۆدا هەوڵدان بۆ پیادەکردنی لامەرکەزی، هەوڵدانێکی جیهانییە.
4-لە وڵاتانی تازە گەشەکردوودا، باشترە لە قۆناغی سەرەتای گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییان، پشت بە سیستمی مەرکەزی ببەستن. لە قۆناغی گواستنەوە لە سیستمێکی ستەمگەر و دیکتاتۆرەوە بۆ سیستمێکی دیموکراسی، سەرەتا بۆ زەبتکردن و کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە و کۆتاییهێنان بە رەفتار و هەڵسوکەوتی نەشیاو، سیستمی مەرکەزی باشترە، بەو مەرجەی بۆ کاتێکی دیاریکراو بێت و زۆر درێژە نەکێشێت.
5-وڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری پیشەسازیدا، لە رێخستنی کاروبارەکانیدا زیاتر پشت بە لامەرکەزی دەبەستێت.
6-مەرکەزی چەمکێکە زیاتر پەیوەستە بە سەرمایەداری و بیرۆکراتییەوە، بەڵام لامەرکەزی چەمکێکە زیاتر پەیوەستە بە دیموکراسی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانەوە.
7-ئیدارەی کۆمپانیا قەبارە بچوکەکان، زیاتر مەیلیان بەلای مەرکەزیەتدا هەیە، بەڵام کۆمپانیا قەبارە گەورەکان زیاتر کار بە سیستمی لامەرکەزی دەکەن، ئەمەش لە پێناو جووڵەی خێراو زوو قۆستنەوەی دەرفەتەکان بە خێرایی.

بایەتی مەرکەزی و لا مەرکزی لە هەرێمی کوردستانیش بووەتە بابەتێکی گەرم و قسەوباسی زۆری لەسەر دەکرێت. هەندێک کەس و لایەن و حزب پێیانوایە مەرکەزییەت باشترو گونجاوترە بۆ ئەمڕۆکەی هەرێمی کوردستان، کەچی لەبەرامبەردا هەندێک کەس و لایەن و حیزبی دیکە لەو باوەڕەدان لا مەرکەزی زۆر گونجاوترە و بە تەواوی پشتگیری ئەم چەمکە دەکەن و بەکارهێنانی بە پێویستییەکی هەنووکەیی دەزانن.

ئەمە جگە لەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2009 دا، یاسای ژمارە 3 ی پارێزگاکانی پەسەندکردووە، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچە، سەعید مستەفا هەرکی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە لامەرکەزیەتی سلێمانی، ڕایگەیاند: لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، زۆر بەڕوونی باسی ئەوەکراوە، کە لە ڕووی ئیدارییەوە لامەرکەزیەت بدرێتە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆیەکان، بەڵام پارێزگایەکی وەک سلێمانی لەچەند ساڵی ڕابردوودا هاوشێوەی لامەرکەزیەت بووە، چونکە هەرچی داهاتی سلێمانییە لە ١٥%ی دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەتی هەرێم و ئەوەیتری لە ژێردەسەڵاتدارانی پارێزگاکەدا بووە، کە نەیان توانیوە سودی لێوەربگرن زۆر قورسە بۆ داهاتووش بتوانن سودی لێوەربگرن.                                    

هەرکی، دەڵێت، ئەو لامەرکەزیەتەی ئێستا لە پارێزگای سلێمانی مشتومڕی لەسەر دەکرێت پرسی ئیداری نییە، بەڵکو ئەوە پرسێکی سیاسییە و چەند کەسێک لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەیانەوێت پارێزگای سلێمانی لەڕووی سیاسی لە هەرێمی کوردستان داببڕن و هاوشێوەی کەرکوک تەسلیمی بەغدای بکەن”.              

 پەرلەمانتارەکەی پارتی پێیوایە، ئەگەر داهاتی ناوخۆی سلێمانی و خاڵە گومرگییەکانی سلێمانی بەتایبەت مەرزی پەروێزخان و باشماخ، بە پاکی بگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەتی هەرێم لە سلێمانی و حکومەت لەوێوە خۆی تەسەڕوفی پێوە بکات، کێشەی موچەی سلێمانی چارەسەر دەبێت.                                              

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەشدەکات، داهاتی هەریەکە لە خاڵە گومرگییەکانی پەروێزخان و باشماخ لەپارێزگای سلێمانی، بە دروستی ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەتی هەرێم و لەژێر هەیمەنەی سەرکردایەتی حزبەکاندایە، نەک لە ژێر هەیمەنەی پارێزگاری سلێمانی.   

بەپێی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (14-5-2020) ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە فەرمی داوای لامەرکەزی بۆ پارێزگان دەکات دوور لە مەرسییەکانی دوو ئیدارەیی.  

“جێبه‌جێكردنی سیسته‌می لامه‌ركه‌زی پارێزگاكان له‌ بواری ئیداری و دارایی دا به‌مه‌به‌ستی پێدانی رۆڵی باشتر به‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و شۆركردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ دوور له‌ مه‌ترسیه‌كانی دوو ئیداره‌یی و لێكترازان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌زگا نیشتمانی و ده‌ستوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان”.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند “لە ئایندەیەکی نزیکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت، وەزیری ناوخۆ، وەزیرە پەیوەندیدارەکان، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان کۆدەبینەوە. بڕیارە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە لامەرکەزی بکرێت بۆئەوەی بزانرێت داخوازی ئێمە چییە و حکومەت دەبێت چی بکات؟”.

ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی پشت بە ماددەى (2) و (5)ى یاساى ژمارە (3)ى ساڵى (2009)ى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان دەبەستێت بۆ داواکردنی لامەرکەزی، ئەوەش بەمەبەستی دابەزاندنى دەسەڵاتەکان بۆ خوارەوە. لەو دوو ماددەیەی یاساکەشدا بەمشێوەیە باسکراوە:

ماددەی دووەمی یاسای ژمارە سێی ئەنجوومەنی پارێزگاکان:

  • ئەم یاسایە دەسەڵات و بەرپرسیاری ئەنجوومەنەکان و سەرۆکەکانیان و ئەندامەکانی دەستنیشاندەکات بۆ پتەوکردنی پرەنسیپی ناسەنتەری لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و چاککردنی گەیاندنی خزمەتگوزاریی گشتی بۆ هاووڵاتیان و پاراستنی مافەکان و بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە و پەرەپێدانی یەکە کارگێڕییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.

ماددەی پێنجەمی یاسای ژمارە سێی ئەنجوومەنی پارێزگاکان:

ئەنجوومەنی پارێزگا دەسەڵاتی چاودێرییە لەناو سنووری کارگێڕیی پارێزگادا، مافی ئەوەی هەیە بڕیار و پێڕەو و رێنماییەکان بۆ رێکخستنی کاروباری کارگێڕی و دارایی لەناو سنووری پارێزگادا دەربچوێنێت، تاوەکو بتوانێ سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگا بەپێی پرەنسیپی ناسەنتەری بەڕێوەبردنی کارگێڕی بکات، بەجۆرێکی وا کە ناکۆک نەبێ لەگەڵ دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمدا.(٤)

سەرچاوەکان:

١- https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=24560

٢- https://sako.rid-k.org/ku

٣- https://nasnews.com/kurd/view.php?cat=12119

٤- https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/1405202018

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com