وەزارەتی پەروەردە هۆشداری دەدات

0

نوچەنێت

وەزارەتی پەروەردە لە راگەیێندراوێکدا، هۆشداری دەداتە قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٠-٥-٢٠٢٠، وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە: کرێی خوێندن، داشکاندن، کەمکردنەوەی مووچەی مامۆستایان و پارەی خۆراک و گواستنەوەی قوتابییان رایەگەیاند: هەر قوتابخانەیەک یان پەیمانگەیەکی ناحکومی پابەند نەبێت، رێگەی پێنادرێت ساڵی داهاتوو قوتابی وەربگرێت.

دەقی راگەیەندراوەکە:

بۆ گشت قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان
بابەت ـ داشکاندنی کرێی خوێندن

پاش فەرمانی وەزاریی ژمارە ٦۱ لە رێکەوتی ۱۱ـی ٥ـی ۲۰۲۰ ، بە گرنگی دەزانین ئاگادارتان بکەینەوە پابەندبن بەم خاڵانە، بەپێچەوانەوە هەر قوتابخانە و پەیمانگەیەک سەرپێچی بکات، جیا لە سزای دارایی، ڕێگەی پێنادرێت بۆ ساڵی خوێندنی ئاییندە قوتابی وەربگرێت:

۱ـ داشکاندنی ۱۰٪ پەیوەندی نییە بەوەی نرخی خوێندنتان چۆن ڕاگەیاندووە لە سەرەتای ساڵەوە، کێبرکێی نرخ، یان هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی خۆتان وای کردبێت نرخی ئەمساڵتان لە ساڵی رابردوو جیاواز بێت یان کەمتر بێت، ئەوە ناگەیەنێت ئەم داشکاندنە نەکەن.

۲ـ نابێت بە هیچ خانەوادەیەک بگوترێت منداڵی یەکەم شمولی داشکاندن دەکات و منداڵەکانی دیکەت شمول ناکەن، چونکە ئەمە پەیوەندی بە داشکاندنەوە نییە، ئۆفەری ساڵانەی خۆتانە و ناچێتە خانەی داشکاندنەوە.

۳ـ بەهیچ جۆرێک نابێت داوا لە مامۆستایانی ناحکومی بکرێت لەپای داشکاندنی نرخی خوێندن، هەمان رێژە لە مووچەکانیان ببڕدرێت، فەرمانی وەزاری روونە کە دەبێت مووچەی مامۆستایان وەک خۆی بدرێت.

٤ـ پارەی خواردن و گواستنەوە بۆ سێ مانگی ئاماژەپێکراو بە ڕوونی باسی لێوەکراوە، پێویستە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.

بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگەکان و بەڕێوبەرایەتیی خوێندنی ناحکومی لە وەزارەت هەموو سەرپێچییەکان تۆماردەکات پاشان رێکاری پێویستی لەبارەوە دەگیرێتەبەر، هەر بەڕێزێکیش رووبەڕووی ئەوە بووەوە مافی خۆی پێنەدرێت، دەتوانێت نامە بنێرێت بۆ ئەم ژمارانەی ڤایبەر و واتس ئاپ، کە ژووری ئەلیکترۆنی سکاڵای وەزارەتی پەروەردەییە.

07505103232
07505106262
07505106363
07505106464

بەڕێوبەرایەتیی قوتابخانە و پەیمانگە ناحکومییەکان ـ وەزارەتی پەروەردە

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com