وەزارەتی تەندروستی : ئەگەری نەمانی پشکنین و کەل و پەلی تەندروستی هەیە

0

شلێر سەعید

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، ژمارەی توشبوان  لەزیادبونە و گریمانەی ئەوەهەیە نەك لەهەڵەبجە بەڵكو لە هەموشارەكانی هەرێمی کوردستان ، توانای پشکنین و دەرمان و کەل و پەلی نەخۆشی نەمێنێت.

ژماره‌ی تووشبوانی پەتای كۆرۆنا له‌ هەرێمی کوردستان،  ڕوو له‌ زیادبوونە بە تایبەتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی. باری تەندروستی زیاتر لە  ٣٥تووشبوو ناجێگیرە و پێویستیان بە ئامێری ھەناسەدانی دەستكرد ھەیە.

عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی،  رایگه‌یاند: “پێشبینی ده‌كه‌ین، ئەو توشبوانەی کە له‌ ده‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ حكومییه‌كان چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن  ژمارەیان بگاته‌ ٣٠ هه‌زار کەس “.

شاهید خەلیل، هاوڵتییەکی توشبووی پەتای کۆرۆنایە، بەدەم کۆکەکەوە قسەی بۆنوچە دەكرد، ئەو باس لەمەترسییەكانی ئەونەخۆشیە دەکات و دەڵێت ” سەرەتا من توشی کۆرۆنا بووم، دوایی خێزانەکەشم هەموویان توشبوون، لە هەڵەبجە گەڕەک نەماوە توشبووی لێ نەبێت، زۆرینەی خەڵکە شارەکە گرتوویانە”.

سەبارەت بە باری تەندروستییان ئەو هاووڵاتییە دەڵێت”نیشانەكانمان هەبوو چوینە نەخۆشخانە ، دكتۆر پێی گوتین توشی كۆرۆنابون بەپێی پشكنینی سەرەتایی ونیشانەكان، بەڵام گوتی ئێمە پشكنینمان نەماوە بچۆنەوە ماڵی خۆتان ئەو چارەسەرو ڤیتامینانەوەربگرن”. 

بەپێی قسەی ئەم هاوڵاتییە،  لە دەرمانخانەكانی هەڵەبجە و سلێمانی، بەهۆی زۆری ژمارەی توشبوانەوە  دەرمان و ڤیتامین نەماوە،هەروەها لە نەخۆشخانەش جێگا نەماوە بۆیە ئێمە ئەگەرچی ئازارمان زۆرە بەڵام لە ماڵی خۆمانین”.

لە لێدوانێكی تایبەتدا، محمد قادر، گوتە بێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە دۆخی هەڵبەجە گوتی : بەداخەوە لە هەڵەبجە لە ماوەیەكی دیاریكراودا پشكنین نەما،هەرچەندە ئێستا بەردەستە بەڵام دەكرێ دیسان ئەوە ڕوبداتەوە ، چونكە ژمارەە توشبوان  لەزیادبونە و گریمانەی ئەوەهەیە نەك لەهەڵەبجە، بەڵكو لە هەموشارەكانی سلێمانی وهەولێرو دهۆكیش ، پشكنین نەمێنێ‌ ، گریمانەی ئەوە هەیە پشكنین و كەلو پەلی پزیشكی نەمێنی و نەخۆشخانەكان پڕبن.

بەرای گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، مەترسییەکان لە ئاستێکی بەرزدایە و ” لەوانەیە لە داهاتوو تەنیا بە نیشانەکان توشبووەکان دیاری بکەین”.

محەمەد قادر، ئاماژە بۆ کەمتەرخەمی خەڵک لە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان دەکات” کەمتەرخەمی زۆر لە خۆپاراستن وجێبەجێنەکردنی رێنماییەکان هەیە، بۆیە دوێنێ‌ شەممە بڕیارمان دا ئەو شوێنانە بەتەواوی دابخرێن ، لیژنەكانمان ولیژنە هاوبەشەكانی قایمقام و وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەم مەبەستە چاودێری دەکەن”.

سەبارەت بە وەرنەگرتنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت”تا ئێستا کەسمان لە ماڵەوە دانەناوە بۆ چارەسەرکردن، ئەوانەی تەندروستییان جێگیرە لە بەشەناوخۆیەكان، چارەسەری پێویستیان پێدەدەین، لەماڵەوە كەس چاودێری ناكرێت تا ئێستا وەك وەزارەتی تەندروستی ئەو بڕیارەمان نەداوە. تەنیا لە حاڵەتێك كە كەسێك خۆی كارمەندی پزیشكی یان پزیشك بێت، دەتوانێ لەماڵی خۆی بمێنێتەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com