کاریگەرییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر بژێوی و داهاتی هاوڵاتیان

0

شلێر سەعید: هەولێر

وێڕای مەترسییە تەندروستی و مرۆییەکان، ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەری لەسەر تەواوی سێکتەرەکانی ژیان لە جیهان دروستکردووە و لە هەندێک وڵاتی پێشکەوتوودا رێژەى بێکاری و هەڵئاوسانانی بازاڕ بە رادەیەک بەرزبۆتەوە، کە حکومەتەکانیان پەنایان بۆ قەرزکردن بردووە و لە هەندێکیشیاندا یارمەتی دارایی پێشکەش بە بازرگان و وەبەرهێنەر و کۆمپانیاو هاوڵاتیانیش کراوە، هاوکات بەشێکی زۆریش لە کاسبکارانی هەرێمی کوردستان دووچاری بێکاری و بێ بازاڕی بوونەتەوەو تادێ و کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەى بازرگانی و بەبازاڕکردن زیاتر دەبێت.

لیژنەى دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەى خۆیدا بەیاننامەیەکی دەرکردووەو لەبەشێکیدا هاتووە: پێویستە دۆخی بازاڕ و نرخەکان تاوتوێ بکرێت، لەوبارەیەشەوە لیژنە بەپێویستی دەزانێت حکوومەت بەچڕی چاودێری نرخ لە بازاڕەکان بکات، چونکە دابەزینی مووچە دەبێ‌ بازاڕیشی لەگەڵ دابەزێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەرەستانەی پێداویستیی رۆژانەی هاوڵاتیانن.

بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی پێشتر ئەوەی راگەیاندووە، کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەک تریلیۆن دۆلاری وەک هاوکاری و بەهاناوەچوون بەقەرز داوەتە وڵاتانی ئەندام لە سندوقەکە. کریستالێنا گۆرجێڤا، بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دەڵێت، پێمانوایە ئابووری جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا 4.9% کورتهێنان بەخۆیەوە دەبینێت. گۆرجێڤا دەشڵێت، تا کۆتایی ساڵی 2021 ئابووری جیهان زیاتر لە 12 تریلیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت.

ئازاد محەمەد عەلی هاوردەکارێکی شاری هەولێرە و دەڵێت، پرۆسەى هاوردەکردنی کاڵاو کەلوپەل نەوەستاوە، بەڵام ئاستەنگەکان زیادیان کردووەو رێککارەکانی خۆپارێزیش لە ڤایرۆسی کۆرۆنا زۆرترین کاریگەری لەسەر پرۆسەى هەناردە و هاوردەکردن درووستکردووە.

ئەو هاوردەکارە بۆ نوچە دەشڵێت، ساغکردنەوەی کاڵا و کەلوپەل پێویستی بە بازاڕی ئازاد و سەقامگیری هەیە، کاتێک ئەو سەقامگیرییە بەهەر هۆکارێک کەلێنی تێبکەوێت، بازاڕیش دەوەستێت، ئەو بارودۆخەى ڤایرۆسی کۆرۆنا درووستیکردووە تەنیا کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی کوردستان نییە، بەڵکو بازاڕی تەواوی وڵاتان تووشی قەیران و هەڵئاوسان بووە، من لە تورکیاوە کەلوپەل هاوردە دەکەم، لەوێش ئاستەنگەکان زۆربوونە و لە ئیرادەى حکومەت و کۆمپانیاکانیش بەدەرە.

خاوەنی فرۆشگایەکی خواردەمەنی لە بازاڕی هەولێر دەڵێت، بەهۆی ئەو بارودۆخەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و بێ مووچەیی درووستیان کردووە، بەشێکی ئەو خۆراکانەى لە عەلوەکان دەیهێنین نافرۆشێت و فڕێ دەدرێن. مەحمود ئەحمەد خاوەنی فرۆشگای بەڵێن لە هەولێر دەشڵێت: سەرەتا بڕیارماندابوو کەلوپەل بە قەرز نەفرۆشین، بەڵام ناچاربووین بڕیارەکە بگۆڕین، کڕیارەکانمان زۆرینەیان کڕیاری بەردەوامی ئێمەن و پارەشیان لەگیرفان نییە، خۆ ناکرێ بە هەمووان بڵێن نافرۆشین.

پێشڕەو سمایل پیشەی ماسی فرۆشتنە و سەبارەت بە کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر کارەکانیان و جموجۆڵی بازاڕ دەڵێت، ئیشوکار رووی لەنزمبوونەوەیە، ئێمە کاری کشتوکاڵ دەکەین و رۆژانەش ماسی باردەکەین بۆ شارەکانی هەولێر و کەرکوک و سلێمانی دەبەین، بەڵام بازاڕەکان زۆر لاوازن و هیچ داواکارییەک لەسەر کاڵا و بەروبوومەکان نییە، جاران هەموو ڕۆژ بارمان دەبرد بەشیشی نەدەکرد، ئێستا وانیە 80%ـى بازاڕمان لەدەستداوە.

پێشڕەو دەشڵێت، ئێستا لەبەر ئەو نەخۆشییە خەڵک وەکو جاران نایەتە دەرەوە، گەشت و سەیران و میوانداریش نییە تا ماسی بکڕن.

سەبارەت بە کەرەنتین و ئاستەنگی بازگەکان ئەو فرۆشیارە دەڵێت، کێشەی زۆر بۆ ئێمە درووستکردووە، بازگەکان کێشە بۆ ئێمە دروست دەکەن، لەم ڕۆژانە بارمانبرد بۆ کەرکوک لە کاتژمێر 7ـی بەیانی تا نزیک نیوەڕۆ ئینجا رێگەیان پێداین بڕۆین، هەندێکجاریش هیچ لەگۆڕێ نییە و لە ناکاوێک دەڵێن قەدەغەى هاتوچۆیە، زۆرجار ساڵیانەى ئۆتۆمبێلەکانمان لێ دەستێنن، تا بە واستە و ئەوانەی لە عەلوەکانن رێگەمان پێدەدەن بڕۆینەوە.

ئەو فرۆشیارەى ماسی گوتیشی، وای لێهاتووە ماسی بۆ بەغدا بنێرین، چونکە نرخەکەی زۆر هەرزان بووە بۆ ئێمە، پێشتر کیلۆی ماسی بۆ ئێمە 4500 دیناری دەکرد، بەڵام ئێستا کەمتر لە 3000 دینار دەکات، ئەوە لە حاڵەتێک ئەگەر ماسییەکان باش و گەورەبن، خەرجی و تێچووی گەورەکردنی ماسیش یەکجار زۆرە، بۆ زانیاریتان هەر ماسییەک تا دەگاتە ئاستی فرۆشتن 6 کیلۆ ئالیکی پێویستە، جیا لە کرێی گواستنەوەو پاسەوان و کرێکار و گاز و شتی دیکەیش.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com