مەرجەکانی بەغدا و کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی؟

0

ئەسعەد مورادی

له‌وای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند جارێك شاندی هه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ سه‌ردانی به‌غدایان كردووه‌ و گرنگترین ته‌وه‌ری گفتوگۆكانیش پرسی نه‌وت و وزه‌، داهاته‌كانی هه‌رێم و شایسته‌داراییه‌كانی موچه‌خۆرانی هه‌رێمن. بەڵام هێشتا هەردوولا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. بڕیارە گەڕێکی دیکەی دانوستاندنەکان دەستپێبکاتەوە و شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، گوشاری فراکسیۆنەکانی شیعەیە ئاستی داواکارییەکانی بەغدای زیاتر و مەرجەکانی قورستر کردووە. لە مانگی نیسانەوە تاوەکو ئێستا شەش جار شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە.

چاودێرێکی سیاسی کورد دەڵێت، ئەگەر تەسلیمی بەغدا بین باردۆخمان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق باشتر نابێت. بۆیە پێویست دەکات لە پرۆسەی سیاسی بکشێنەوە.

پرسەکانی نەوت، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان، کێشەی دیاری نێوان هەولێر و بەغدان، خراپیی دۆخی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش وایکردووە هەرجارێک بەغدا داواکارییەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان زیاددەکات.

دیارترین ئەو دۆسیانەی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت ئەمانەن:

داواکارییەکانی بەغدا بۆ دۆسیەی نەوت

  • رادەستکردنی داهاتی نەوت
  • پێدانی تەواوی زانیارییەکان لەبارەی دۆسیەی نەوت
  • زانیاریی لەسەر ئەو کۆمپانیانەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان کڕیوە
  • هەرێمی کوردستان لە دۆسیەی نەوت قەرزداری کێیە
  • هەرێمی کوردستان تەنیا لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ نەوت هەناردە بکات

هەڵوێست و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان

  • ئامادەیە نەوت رادەستبکات
  • بەغدا پابەندبوونەکانی تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستان جێبەجێبکات، لەوانە گرێبەستە نەوتییەکان
  • تەرخانکردنی تێچووی دەرهێنانی نەوت و راکێشانی بۆریی نەوت
  • دانەوەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان
  • دابینکردنی نەوت و سووتەمەنی بۆ پێداویستیی نێوخۆیی

بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو لە سەرچاوەی جیاوازەوە دەستیکەوتوون، ئەگەر بەغدا بەو جۆرە رەزامەند نەبێت، ئەوا هەرێمی کوردستان لەو پرسەدا رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەست دەکات و ئەوی دیکەی بۆ دانەوەی قەرز و خەرجییەکانی دیکە تەرخاندەکات.

داواکارییەکانی بەغدا بۆ دەروازە سنوورییەکان

  • پێدانی داتا و زانیاریی تەواو لەبارەیان
  • بەڕێوەبردنیان لەلایەن بەغداوە
  • جێبەجێکردنی پێناسی گومرگی عێراق
  • رێگەنەدان بەهیچ کاڵایەک کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هێنانی قەدەخە بکرێت
  • دەروازەیەكی نوێ لەنێوان عێراق و توركیادا بکرێتەوەو لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بێت

هەڵوێست و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان

  • ئامادەیە نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان رادەستبکات
  • بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان بە هاوئاهەنگی هەولێر و بەغدا بێت
  • هیچ دەروازەیەکی دیکە لە نزیک دەروازەی ئیبراهیم خەلیل نەکرێتەوە

داواکارییەکانی بەغدا بۆ فڕۆکەخانەکان

  • داهات و بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان لەژێر دەستی بەغدا بێت
  • نابێت هیچ کەسێک بەبێ رەزامەندی بەغدا بچێتە هەرێمی کوردستان
  • نابێت هەرێمی کوردستان ڤیزا بداتە کەسێک کە بەغدا لەسەری رەزامەند نەبێت

هەڵوێست و داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان

  • ئامادەیە نیوەی داهاتی فڕۆکەخانەکان رادەستبکات
  • لە بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانەکان هاوئاهەنگ دەبێت

جگە لەو داواکارییە سەرەکییانە، بەغدا داوادەکات داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وردەکاریی ژمارەی فەرمانبەرانی پێبدرێت. ئینجا لە بەرامبەر جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەدا، بەغدا ئامادەیە مانگانە تەنیا نزیکەی 450 ملیار دینار بداتە هەرێمی کوردستان. هەرێمی کوردستانیش بەو بڕە پارەیە رازی نییە و داوای زیادکردنی دەکات، چونکە ئەو بڕە پارەیە تەنانەت بەشی مووچەی فەرمانبەرانیش ناکات.(١)

بەغدا:
”مەبەست چارەسەركردنی
تەواوی كێشەكانە
له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستور”

رۆژی سێشەممە 7-7-2020، له‌پرێس كۆنفراسێكدا ئەحمەد مەلا تەڵال، گوتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، دانوستانەكانی نێوان شاندەكانی حكومەتی ناوەند لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەردەوامی هەیە و به‌رده‌وامبوونی ئه‌و دانوستانانه‌ لە سەرجەم بوارەكاندا بەمەبەستی چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانە له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی وڵات.

گوته‌بێژی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق راشیگه‌یاند، لەئێستادا ژمارەیەك شاندی هەردو حكومەت بەردەوامن لە سەردانییەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و پێویستیان بە كاتێكی زۆره‌ بۆ دانوستانەكان.

د. بەهار مەحموود، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوتووە، “مەرجەکانی حکومەتی عێراق وەک ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە تەواوی خۆی رادەستی بەغدا بکات”.

ئامانج نووری شارەزا لە کاروباری سیاسی و ئابووری، لەبارەی داخوازی و مەرجەکانی بەغدادەوە دەڵێت، چوار کابینە گۆڕاوە، نوری مالیکی، حەیدەر عبادی، غادل عەبدولمەهدی و مستەفا کازمی، ئەم چوار سەرۆک وەزیرە گۆڕان بەڵام سیاسەتێک هەیە کە وەک خۆی مایەوە و جێگیر بووە و بە بەشێک لە ستراتیژ، کە لە ناوچەکە هەیە و ستراتیژێی هەرێمییە، کە دەستوەردانی هەیە لەم ناوچەیە و لە داهات، نەوت، سیاسەت و هاوسەنگی حزبی و سەربازی و… هتد.

ئامانج نووری دەشڵێت، ئەجێندای تورکیا و ئێران شۆڕ بووەتەوە بۆ ناو عێراق و لە بابەتی گفتوگۆ، بەتایبەت ئێڕان رێگەنادات هەرێمی کوردستان شادەماری ئابووری خۆی ببوژێنێتەوە سبەی ببێتە ئەمری واقع و کۆڵەکەی بەهێزی ئابووری دابمەرزێنێ. بۆیە بە دڵنیاییەوە اەجێندای ئەوانە لە ناو حکومەتی عێراق.

ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژە بەوە دەکات، کە لە دوای رووداوەکانی ١٦-ی ئۆکتۆبەر دەرچوونی کورد لە کەرکوک، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران، رایگەیاند ”ئەو سەرەتانەی لە باکوری عێراقدا گەشەی کردبوو، لە رەگ و ریشەوە هەڵمانکێشا و لامانبرد، کە لە ناوچەکە دەبووە ئیسرائیلی دووەم”. ئەمە روونە کە لە ناوچەکە دەرخەری ئەجێدای ئێرانە و بەدەست و پێوەندەکانی خۆی دەیکات، مستەفا کازمی رەنگە رای تایبەتی خۆی هەبێ بەڵام ناتوانێ.

لەبارەی ئەگەری بەردەوام بوونی فشارەکانی بەغدا هەرێم دەبێ چۆن مامەڵە بکات، ئامانج نوری گوتی ”پێویستە کە وەفدی هەرێم چووەوە بەغدا زۆر بە راشکاوانە دەستووری عێراقیان بخەنە بەردەم و پێیان بڵێن لەسەر بنەمای ئەم دەستوورە ئێمە ئامادەین رێکبکەوین، وەک پاکێجێک جێبەجێی بکەن یان بە کاملی یان هیچی، ئەگەر ئەوان دەڵێن بگەڕێنەوە سنووری پێش 2004، ئێمەش دەگەرێینەوە هەمووشتێک وەک خۆی بێت و لە پرۆسەی سیاسی بکشێنە و جارێکی دیکە. ئێمە پلانێی خۆرێکخستنەوەمان دەوێت. ئەگەر تەسلیمی بەغداش بین باردۆخمان لە پارێزگاکانی دیکە باشتر نابێ.

سەرچاوەکان:

١_ https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/060720201

٢_

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com