ئامانجی سەردانەکەی زەریف چییە؟

0

نوچەنێت

لە کاتێکدا ، ئەمرۆ یەکشەممە، ١٩ی جولای، سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئێران سەردانی بەغدا دەکات، کۆمەڵێک پرسیار لە سەر ئەجێندای سەردانەکەی جەواد زەریف، بۆ عێراق لە ئارادایە.

بۆچی زەریف، لە سەروبەندی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران دێتە بەغدا؟ ئەم دەستپێشخەرییەی زەریف بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

لە دوای هەڵبژێرانی مستەفا کازمی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاتنی زەریف بۆ بەغدا، بە یەکەمین سەردانی  فەرمی بەرپرسێکی باڵای ئێرانی بۆ ئەم وڵاتە هەژمار دەکرێت.

گریمانە دەکرێ سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق، کە بەر لە سەردانەکەی کازمی بۆ سعودیە ئەنجام دەدرێ، زۆرتر بە ئامانجی گواستنەوەی ڕوانگەی تاران بۆ ڕیاز بێت، لە رێگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق.

واتە کازمی بیهەوێ نێووەندگیری نێوان ئێران و سعودیە بکات و پەیامی ئێران بگوازێتەوە بۆ بەرپرسانی باڵای سعودیە، ئەمەش ئەگەری نێوەندگیری کازمی لە نێوان دوو جەمسەری دژ بە یەکی تاران و ڕیاز بەرجەستە دەکاتەوە.

بۆچونێکی جیاوزی دیکە ئەوەیە، کە بە دوور دەزانرێ کازمی بیهەوێ ئەم نێوەندگیرییە ئەنجام بدات،هەر چۆنێک بێت لە ڕابردووشدا وڵاتانی زۆر بەهێزتر لە عێراق و کەسایەتی و دبلۆماتکاری بەبڕشتتر لە سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعودیەیان داوە، بەڵام ئەم هەوڵان نەبۆتە هۆی لێدانی پردی پێوەندی نێوان ئەم دو وڵاتە دژبەرە. بە دەر لە بێ ئەنجامبوونی ئەم هەوڵانەش، سعودیە هیچ کات  سەبارەت بە نیازپاکی ئێران گەش بین  نەبووە ، ئەمەش وای کردووە کە ئەم ترافیکی دبلۆماسییە نەکەوێتە خانەی نێوەندگیری لە نێوان تاران و ڕیاز، بە تایەت لە لایەن شەخسی کازمییەوە.

گریمانەیەکی دیکەی سەردانەکەی ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق، پەیوەستە بە گوشار  وکەمپەینی سزاکانی سەر واشنتۆن کە هاوکاتە لە گەڵ دۆخی کۆرۆنا و بەڵای هەمەگیر کە ئابوری جیهانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە و لەم نێوەدا ئابوری و دارایی ئێرانی بە یەکجاری لە بەریەک هەڵوەشاندۆتەوە. ڕەنگە هەوڵێکی زەریف ئەوە بێت، کە بیهەوێ چارەنوسی پارەکانی ئێران لە بانکەکانی عێراقی یەکلا بکاتەوە و لەم بارەوە لە گەڵ عێراقیەکان بکەوێتە دانوستانەوە. ئەمە هەمان ئە وپارەیە کە بەرامبەر بە هاوردەکردنی گاز و کارەبای ئێران لە لایەن عێراقەوە، بەغدا دەبێ حیسابەکەی لە گەڵ تاران پاک بکات، بەڵام بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە تاکو ئێستا نەکراوە.

بۆچوونێکی دیکە پەیوەستە بە ململانێکانی ئێران و سعودیە لە ناوچەکە و لە عێراق.

زەریف ڕەنگە ئەم پەیامە بە گوێی عێراقییەکان بخوێنی، کە نابێ پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا بکەوێتە ژێر کاریگەری  وئەجێندای پەیوەندیەکانی بەغدا و ڕیاز. بە تایبەت کە تاکو ئێستا بە دیاریکرای ئامانجی سەردانەکەی سبەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سعودیە، ڕوون نییە و بڕیارە کازمی لە گەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە کۆبێتەوە و کۆمەڵێک کەیس و دۆسیە بخەنە سەر مێز و گفتوگۆی لە بارەوە بکەن، کە بێ گومان هێز و هەژمون و دەستوەردانەکانی ئێران لە عێراق، یەک لە کەسیە جیدیەکان دەبێت و کازمی و بن سەلمان لە سەری گفتوگۆ دەکەن.

لایەن و رەهەندێکی دیکەی ئەم سەردانەی کازمی بۆ بەغدا، بۆ نیگەرانییەک کە ئێرانیەکان سەبارەت سسەردانەکەی کازمی هەیانە بۆ وڵاتیکی دژبەری دیکە واتە ئەمریکا، دەگەڕێتەوە. لێرەدا دوو خوێندنەوە بۆ ئەم سەردانەی کازمی بۆ واشنتۆن دەکرێت.

یەکەم، لە ئاستی میدیاکانی عێراقیدا، کازمی وەک مۆرەیەکی ئەمریکا لێکدانەوەی بۆ دەکرێ و تاکو ئێستا کۆدەنگی گروپە شیعەکانی عێراقی لە سەر نەبووە. هەر چۆنێک بێت بە بڕیاری کازمی هەندێک هێڵی س\وری  ئێران و گروپەکانی سەر بەم وڵاتە لە عێراق بەزێندراون، کە دوایین نموونەیان پەلاماردانی بنکەکانی حەشدی شەعبی بوو بە هاوبەشی و بەشداری هێزی ئەمنی عێراق و هێزی تایبەتی ئەمریکی، ئەوەش نیگەرانی ئێرانی بە داوەوە بووە  ولە میدیاکانی ئێرانی و عێراقی لە ماوەی ڕابردوودا ڕەنگی داوەتەوە.

لێکدانەوەیەکی دیکە لە سەر هەمان هێڵی نێوەندگیری لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوەیە، دەگوترێ پێشتر کازمی  هەوڵی دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان تاران و ئەمریکادا داوە، ئێستاش کازمی بیهەوێ بۆ ڕاگرتنی باڵانس و هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران لە لایەن و بەغدا و واشنتۆن لە لایەکی دیکەوە، دیسان هەوڵی نێوەندگیر بدات.

وەک خاڵی کۆتایی دەکرێ ئامانجێکی سەردانەکەی ئەمڕۆی کازمی، ئامادەکاری بێت بۆ دەستپێکردنی خولێکی نوێی گفتوگۆ  ودانوستان لە نێوان تاران و بەغدا، دوای گەڕانەوەی کازمی لە  سعوییە و دواتر سەردانکردنی واشنتۆن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com