کازمی بە دەستنیشانکردنی میحوەری سەرەكی كێشەكان ئامانجەکەی دەپێکێت؟

0

ئەسعەد مورادی

هەموو چاوەکان لە سەر ئەنجامی یەکەم گەشتی كازمییە، کە لە ماوەی یەك هەفتەدا سەردانی سێ وڵاتی گرنگی ناوچەكە و جیهان دەكات، كە ئەم وڵاتانە میحوەری سەرەكی كێشەكانی ناوچەكان و سەرچاوەی ئاڵۆزی و ململانێكانن لە عێراق.

سەرەتای سەردانی كازمی بۆ سعودیە دەبێت و ڕۆژی دووشەمە دەگاتە سعودیە نامەیەكی لە ڕێگای جەواد زەریفەوە پێگەشتووە بۆ ئەوەی بیگەیەنێتە بن سەلمان، بۆ ڕۆژی دوای سەردانی تاران دەكات و ڕۆژی هەینیش سەردانی واشنتن دەكات.

ماڵپەڕی (RT)ـی رووسی لە زاری سەرچاوەیەکی حکوومیی عێراقییەوە بڵاوی کردووەتەوە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ”لەم مانگەدا“ سەردانی وڵاتانی ئەمریکا، ئێران و سعودیە دەکات.

ئەو سەرچاوە حکوومییە رایگەیاندووە، مستەفا کازمی لە ئەمریکا گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان واشنتن و بەغدا دەکات.

هەروەک سەرچاوەکە رایگەیاندووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵی وەستان لە دوورییەکی یەکسان لەنێوان ئەمریکا و سعودیە لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکە دەدات، جگە لە هێورکردنەوەی گرژییەکانیان.

مستەفا کازمی هەروەها داوا لەو وڵاتانە دەکات، ناکۆکی و ئاڵۆزییەکانی خۆیان لەسەر خاکی عێراق یەکلا نەکەنەوە.(١)

ئەم سەردانانەی كازمی، یەكەم، سەردانی دەرەكی و تاقیكردنەوەی گەورەیە لەبەردەم دیپلۆماسییەتی كازمی دا چونكە:
١- كازمی لەسەردانەكانیدا دۆسیەی عێراق و كێشە ئابورییەكان و سنوردانان بۆ دەستێوەردانی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی عێراقدا، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سعودیە و ئێران و واشنتن گفتوگۆ دەكات.
٢- ئەركێكی دیكەی كازمی بریتی دەبێت لە نێوەندگیری لە نێوان ئەمەریكا و ئێران و سعودییەدا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، جواد زەریف گەشتە بەغداد و بڕیارە لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران. و سەرۆكی پەرلەمان بەرپرسانی حەشد و هێزە شیعییەكاندا كۆببێتەوە، لەكاتێكدا بڕیارە كازمی پاش دوو ڕۆژی تر سەردانی تاران بكات.

زەریف بۆ گەیشتە بەغدا

١- جواد زەریف نامەیەكی تایبەتی خامەنەئی ڕادەستی كازمی دەكات بۆ ئەوەی بە سعودیە و واشنتنی بگەیەنێت.
٢- سەردانەكەی جواد زەریف دوای ئەوەهات كە كازمی ڕەتیكردەوە سەرەتا سەردانی تاران بكات بۆیە زەریف پیش سەردانەكەی كازمی بۆ سعودیە، گەشتە بەغداد بۆ ئەوەی هۆشداری بداتە كازمی لەوەی كە ڕەچاوی بەرژەوەندی ئێران بكات و لە گرێبەستەكانی لەگەڵ سعودییەدا بەتایبەت لەكەرتی وزەدا.
٣- ئامانجێكی دیكەی زەریف گوێگرتنە لە هێزە شیعەكانی عێراقی پێش سەردانی كازمی بۆ تاران بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوون بن لە تاران لەكاتی گفتوگۆ لەگەڵ كازمی دا.

مستەفا كازمی لە دوو مانگی دەسەڵاتیدا بە ھەڵوێست و لێدوان و سەردانەكانی بۆ دەزگا ئەمنیەكان و كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنورییەكان و بڕینی مووچە نایاساییەكان ئەزموونێكی نوێی لە حكومڕانی نیشانی عێراقیەكان دا كە حكومەتێكی ئەمنی بەهێز لە ڕێگایە، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە ئایا كازمی ئەو پیاوە بەهێزەیە، یان دەیەوێت وانیشان بدات كە سەركردەیەكی جیاوازەو فریادڕەس و بەدیھێنەری خەونی عێڕاقیەكانە؟ ئایا كازمی لە ڕاستیدا ئەو سەركردە فریادڕەسەیە كەلە میدیادا وێنادەكرێت؟ ئایا كازمی دەتوانێت سەروەری عێراق بپارێزێت و نێوەند گیری لە نێوان ئەمەریكا و واشنتندا بكات؟ چۆن باڵانسی بەرژەوەندی هێزە ناوچەی و جیهانییەكان لە عێراق ڕادەگرێت؟ هەڵوێستی كورد چی دەبێت؟ ئایندەی عێراق بە كوێ دەگات؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە لەم كورڕە شیكاریەی دا دەخەینە ڕوو.

كازمی لەوە تێدەگات كە عێراق ناتوانێت دەستبەرداری ئەمریكا بێت بەتایبەت لە ئێستادا كە عیراق بە بارودۆخێكی سەختی ئابووری و ئەمنیدا تێدەپەڕێت بۆیە باشترین بژاردە ڕاگرتنی ھاوسەنگیە لەنێوان بەرژەوەندیەكانی ئێران و ئەمریكادا لەمەشدا كازمی دەرفەتێكی باشی بۆڕەخساوە چونكە ئێران نایەوێت بەرژەوەندیە ئابووریەكانی لە عێڕاق لەدەستبدات و بەتایبەت لە دووای كوژرانی قاسم سولەیمانی ئێران كۆنتڕۆڵی بەسەر عێڕاقدا لەدەست داوە بەھەمان شێوەش ئەمریكا نایەوێت، كە شەقامی شیعەی عێڕاقی بكات بە گژی خۆیدا دەیەوێت بە ھێمنی تادوای ھەڵبژاردنەكانی ئەمریكا نفوزی ئێران لە عیڕاق كەمبكاتەوە كێشە و سەرئێشە بۆ خۆی دروست نەكات.

هەرچەندە لە ڕابردوودا ئێران بەهۆی نفوزی زۆریەوە لە عێراق بڕیاری كۆتای دەدا لە دیاری كردنی سەرۆك وەزیران، بەڵام لە ئێستادا هاوكێشەی هێز گۆڕاوە لە دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئێران وەك جاران كۆنترۆڵی بەسەر شەقامی سیاسی عێراقدا نییە.

قایلکردنی گروپەکانی نزیک لە ئێران

ئەمریکا دەزانێت عێراق لەژێر فشاری ئێران و گروپە چەکدارەکانیشدایە، لەبەرئەوە نایەوێت گفتوگۆکان ببن بە گرفت بۆ حکومەتەکەی مستەفا کازمی، بۆیە لە بەیاننامەی کۆتایی گەڕی یەکەمی گفتوگۆکان ئاماژە بەوە دراوە، کە “ئیدارەی ئەمریکا هەوڵ دەدات ژمارەی هێزەکانی خۆی لە عیراق کەمبکاتەوە.”

ئەمریکا لە ئێستادا هەستی بە لاوازبوونی ئێران لە ناوخۆ و عێراقیش کردووە، بەڵام واشنتۆن باش دەزانێت ئێران بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە نادات و مەیدانەکە چۆڵ ناکات، بەتایبەت کە هێشتا تاران لە بەغداد قسەکەری سەرەکیش نەبێت، دووەم قسەکەری عێراقە و هەموو بڕیارەکان بە تاراندا تێدەپەڕن. ئەمریکا کە دەیەوێت ئێران لاوازتر بێت، لانی کەم لە عێراق، هەوڵ دەدات حکومەتی عیراق بەهێز بکات و هاوکاری کازمی بکات، چونکە بەبێ بوونی حکومەتێکی بەهێز و سەربەخۆ لە بەغداد زەحمەتە ئەمریکا دەستی ئێران لە عێراق ببڕێت.

ئێران لە ئێستادا جۆرێك لە نەرمی لە بەرامبەر ئەمەریكادا دەنوێنێت و تویتەكەی ڕۆژی چوار شەمەی ڕابردووی خامەنەئی، كە ڕایگەیان( لە جیهادا لەسەر ڕێبازی حەقی حوسەینین و لە دانوستانیشدا ڕێبازەكەی حسن دەگرینەبەر كە سەرەڕای ناحەقی معاویە و زەید ئامادەبوو دەست لە مافی خۆی هەڵگرێت) دانانی كازمیش بۆ ئەو ئامانجەیە، كە لایەنی كەمی بەرژەوەندیەكانی ببپارێزێت.

چونكە جگە لە مەترسی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆسەر حەشد ئێران ترسی هەیە كە سیستانی فەتوای پشتیوانی پشتگیری حەشدی بكیشێتەوە بەتایبەت دوای ئەوەی لە دوو مانگی ڕابردوودا لیواكانی علی سیستانی( فرقەی ئیمام علی و فرقەی ئیمام عباس و لیوای علی الاكبر و لیوای أنصار. المرجعیە) بڕیاریاندا لە حەشدی شەعبی جیاببنەوە و بچنە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان.(٢)

موحسن عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی کورد، لەبارەی ئامانجی سەردانەکانی کازمی دەڵێت، رەوشی عێراق لە دوای کەوتنی سەدام رەوشێکی زۆر ئاڵۆز و نالەبارە، ئەو رەوشە دیارە بە دەستیێوەردانی دەرەکی ئێران و تورکیا و چەند دەوڵەتێی دیکە دروست بووە، ئەگەر عێراقییەکان، ئەوانەی عێراق بەڕێوە دەبەن و بیانهەوێت جۆرێ لە سەقامگیری لە وڵات دروست بکەن دەبێ یەکەم جار هاوسەنگییەک لە گەڵ ئەو دەوڵەتانە دروست بکەن، کە لە عێراق دەستوەردان دەکەن، چونکە عێڕاق لە رەوشێکی هەستاردایە بەبێ هاوکاری و یارمەتی وڵاتانی دەورووبەر سەقامگیر نابێ. هەم لە رووی ناوخۆیی و هەم لە دەستوەردانی دەرەکی.

موحسن عوسمان پێیوایە، هەوڵی زۆر هەبوو عێراق و سعودیە لە یەک نزیک ببنەوە بەڵام هەتا ئێستا بە شێوەی پراکتیکی سعودیە نزیک نەبۆتەوە، بۆیە ئەگەر سعودیە لەگەڵ عێراق نزیک ببێتەوە توندوتیژییەکان کەم دەبێتەوە.

ئەو شرۆڤەکارە گوتیشی، ئەو دوڵەتانەی لە پشت پەردەن و عێڕاق بەڕێوەدەبەن، بەتایبەتی ئێران و ئەمریکا، ئگەر بێتو ئەوانە پشتگیری باشی کازمی بکەن، بەتایبەتی ئەمریکا، کازمی دەتوانێ ئامانجەکەی بپێکێت، کە سەقامگیر کردنی عێراقە، ئەگەر نا ناتوانێت.

دیزاینی دۆخی ئاییندەی عێراقی دوای عادل عەبدولمەهدی و خامۆشکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان، وەک ئەرك سپاردوویانە بە کازمی گەرچی ئەوەندە ئاسان نابێ، چونکە ئەو کاندیدی تەواوی عێراقییەکان نییەو فاکت و قۆناغەکە خستییە کەناراوەکانی دیجلە و کۆشکی سەرۆکایەتی، بۆیە ناتوانێ پیاوی ئەرک و پرۆژە سەختەکان بێت، بەڵام دەتوانێت پیاوی کۆدە نهێنییەکان و رێکخەریی پەیوەندییەکانی ئەمه‌ریکا و ئێران بێت، ئەوەش ڕوونە کە کازمی کار بۆ ئەوە دەکات بە تۆپزیی دەستی هەندێک ئیسلامحەشدی ئێرانی و نزیك لە میلیشیا چەکدارەکان کورت بکاتەوە لە ئاییندەی حوکمڕانی عێراق بە هێز و پاوەریی ئەمنی و ئیستیخباراتی.(٣)

سەرچاوەکان:

١_ http://www.basnews.com/so/babat/619254

٢_ http://diplomaticmagazine.net/politics/3276

٣_ https://www.kurdistan24.net/so/opinion/1abaf7fb-da01-4a50-9a63-138dc25fbcf9

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com