وەڵامی حکومەت بۆ پەرلەمان تاچەند باوەڕپێکراوبوو؟

0

نەوزاد عەلی-سلێمانی

ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم بەبێ ناردنی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، ناتوانێت موچە دابەش بکات.

دوێنێ کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ بە ئامادەبوونی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، د. دارا رەشید وەزیری پلاندانان و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و د.ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی  پەرلەمانی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی رەوشی ئابووریی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە پەرلەمانتاران پرسیاری خۆیان ئاراستەی تیمەکەی حکومەتی هەرێم کرد.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچە، سەعید مستەفا هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی وەڵامی حکومەت بۆ پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: تیمەکەی حکومەتی هەرێم دوێنی لە پەرلەمانی کوردستان، وەڵامی پرسیارەکانی پەرلەمانتارانیان دایەوە و زۆر بە جوانی بابەتاکانیان ڕوونکردەوە، بۆیە لە ڕوانگەی واقعی ئێستا و دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانەوە، وەڵامەکانی تیمی حکومەتی هەرێم لە پەرلەمان بۆ ئێمە باوەڕپێکراو بوو.

سەعید هەرکی ئاماژە بەوە دەکات، داهات و خەرجییەکانی حکومەتی هەرێم دیارە و ئەو داهاتەی  لە بەردەستی حکومەتە، ئەو داهاتەیە کە بەبێ ناردنی پارەکەی بەغدایە، بەو داهاتەشەوە ناتوانێت مووچە دابین بکات. گوتیشی “بەپێی وەڵامەکانی تیمی حکومەت دەرکەوت، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم بەبێ ناردنی بەشە بوودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، ناتوانێت مووچە دابەش بکات”. 

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، دەشڵێت “حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک هەنگاو میکانیزمی نوێی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی سەرچاوەی داهاتەکان زیاد بکات، ئەوەیش لەڕێگەی کۆمەڵێک سەرچاوەی داهاتی وەک دەروازە سنوورییەکان و باج و ڕسومات و ناوخۆ”.

هەرکی جەختیشیکردەوە “یەکێک لەو پرسیارانەی، کە لە وەزیری داراییم کرد، دەربارەی داهاتی خاڵە گومرگییەکان بوو، لە ماوەی 6 مانگی ڕابردووی ئەمساڵ داهاتی خاڵە گومرگییەکان 520 ملیار دینار بووە، بەڵام لەو داتایەدا ئاماژە بەوە نەکراوە، کە ئەم داتایە داتای هەموو خاڵە گومرگییەکانە یان تەنها مەرزە فەرمییەکان، پێم گوتن یان ئەوەتا ئەو داتایە دروست نییە یان ئەوەتا داهاتی خاڵە گومرگییەکان بە دروستی نایەتە خەزێنەی حکومەتی هەرێمەوە، لەئێستادا لیژنەیان پێکهێناوە بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکان”.   

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com