مەسرور بارزانی: سبەی لەئەنجومەنی وەزیران بڕیارێک دەدەین لەبەرژەوەندیی ھەموو خەڵکدا بێت کوردستانی
مەسرور بارزانی: سبەی لەئەنجومەنی وەزیران بڕیارێک دەدەین لەبەرژەوەندیی ھەموو خەڵکدا بێت

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (26-3-2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەربانگی لە یەکێک لە مزگەوتەکان لەگەڵ ژمارەیەک لە ھاووڵاتییان و کەسایەتیی شاری ھەولێر کردەوە.

مەسرور بارزانی لە کاتی کردنەوەی بەربانگی مانگی ڕەمەزان وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند ، "سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیارێک لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دەدەن."

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی،"داوایەکی برایانەم لە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ھەیە کە ھەموویان واز لە بەرژەوەندیی شەخسی و حزبیی خۆیان بێنن، واز لەوە بێنن کە پێیانوابێت لایەنێک سوودمەند بێ بەسەر لایەنێکی تر ئەمە دەستکەوتە، بەھیچ جۆرێک ئەمە دەستکەوت نییە."

 

دەقی وتارەکەى مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان:

بە ناوی خوای گەورە و میھرەبان

بەڕێزان:

ئامادەبووانی ھێژا:

زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ ئێوارە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لێرە کۆبووینەتەوە، پێموایە باش دەبێت لەسەر بارودۆخی ئێستا ھەندێک قسە بکەین. نامەوێ زۆر لە کاتتان بگرم و زۆر نەماوە بۆ بەربانگ، ئینشائەڵا خوا تاعەت و ڕۆژوو و نوێژی ھەموو لایەکیشتان قەبووڵ بکات.

سوپاسێکی بێپایانی خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژییان، بۆ پشتیوانی و متمانەیان بە ئێمە و بە حکومەتەکەی خۆیان. ئەو ماوەیە دۆخێکی ناخۆش بۆ خەڵکی کوردستان ھاتۆتە پێشەوە، بە تایبەتیش کە بەھۆکاری جیاواز ھەوڵ دراوە کە مووچەی ھەرێمی کوردستان نەنێردرێ و بودجەی ھەرێمی کوردستان دابین نەکرێ و کێشە و گرفتی ئابووری بۆ خەڵکی کوردستان زیاتر بووە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان وای کردووە کە ئێمە بتوانین بەردەوام بین لە خزمەتکردن. دەمەوێ دڵنیاتان بکەمەوە ئەوەی لە توانای ئێمەدایە دەیکەین بۆ ئەوەی ئەم کێشە و گرفتانە چارەسەر بکەین و بگەینە ئەنجامێک کە لە کۆتاییدا لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و ھەموو عێراقیشدا بێت، بەبێ ئەوەی ئێمە بە ھیچ جۆرێک واز لە ھیچ مافێکی دەستووریی خەڵکی خۆمان بھێنین.

دەمەوێ باسی ئەوە بکەم کە بۆ ئەم دۆخە بە ئێرە گەیشت و چۆن ڕووی دا.

لێتان ناشارمەوە ماوەیەکی زۆرە پیلان ھەیە بۆ ئەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان نەمێنێت یاخود لاواز بکرێت، کە بە شێوازی جۆراوجۆر جێبەجێ کراوە. جێگەی داخە کە ھەندێک بیروبۆچوونی ناحەز بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان توانیوویانە بەم جۆرە رەفتار لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکەن. لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە، کە لە ناوخۆشدا یارمەتیی ئەم بۆچوونە شۆڤێنییە دراوە کە ڕێگە خۆش بکەن بۆ ئەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی ھەرێمی کوردستان لەناو ببەن یاخود لاواز بکەن.

ئێمە تۆزێک بە مێژووی خۆماندا بچینەوە دەبینین کە دروستبوونی ھەرێمی کوردستان بەم شێوازەی کە ھەیە، کەس خێری پێ نەکردووین، ئەمە بەرھەمی خوێنی شەھیدەکانمانە، بەرھەمی خەباتی خەڵکی ئێمەیە، ئێوە ھەمووتان لە دروستکردنی ئەم ئەزموون و ئەم ھەرێمە بەشدار بوون. ئێمە دەستوورێکمان ھەیە کە لە دەستووردا مافی ھەرێمی کوردستان و ئەرکەکانیشمان دیاریکراوە. ئەوەی پێمانکراوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان، درێخیمان نەکردووە، ھەموو ئەرکەکانی خۆمان وەکوو خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام بەداخەوە لە دابینکردنی مافەکانمان، بەداخەوە زۆر لە مافەکانمان دابین نەکراون و پێشێل کراون، تەنانەت ھەوڵی ئەوەش دەدەن کە ئەوەی لە دەستووریشدا ھاتووە، پێشێل بکرێن.

لێرەدا ئێمە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووین، بەرەیەک بەرەی خۆڕاگرییە، بەرەی پاراستنی ئەزموونەکەمان و بەرەی ڕێزگرتنە لە خوێنی شەھیدەکانمان و خەباتی ئەم گەلە ستەمدیدەیە. بەرەیەکیش کە پێیوایە ھەموو ئەوانە قەیناکە با بڕوات، با تەنیا نانێکی زەلیلمان بدەنێ، ھەموو کێشەی ھەرێمی کوردستان و ھەموو قەزیەی خەڵکی کوردستان بکرێ بە مووچە. من دڵنیام زۆربەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ئەو بۆچوونە نین. ئێمە دەمانەوێ ڕێز لە خوێنی شەھیدانمان بگرین، لە خەباتی ئێوە بگرین، لەم ئەزموونە بگرین، پاراستنی ئەم ئەزموونە، پاراستنی خەباتی گەلەکەمان، ئەرکێکە، ئەمانەتێکە بەسەر ملی ھەمووماندا ھاتووە، ئەوەی پێمان بکرێ بۆ پاراستنی ئەو ئەزموونە دەبێ بیکەین.

لێرەدا من داوایەکی برایانەم لە ھەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ھەیە کە ھەموویان واز لە بەرژەوەندیی شەخسی و حزبیی خۆیان بێنن، واز لەوە بێنن کە پێیانوابێت لایەنێک سوودمەند بێ بەسەر لایەنێکی تر ئەمە دەستکەوتە، بەھیچ جۆرێک ئەمە دەستکەوت نییە. ئێمە ئەو وەختە دەتوانین دەستکەوتمان ھەبێت کە خزمەتی ھەموو خەڵکی کوردستان بکەین بەبێ جیاوازی. ئەو وەختە دەتوانین دەستکەوتمان ھەبێت کە ئێمە بتوانین پارێزگاری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین. ئەو وەختە دەتوانین دەستکەوتمان ھەبێت کە برایەتیی بەینی ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان لە کوردستان و عێراقدا بپارێزین.

لێرەوە جێی خۆیەتی من سوپاسی ھەڵوێستی ئەو بەڕێزانەش بکەم چ لە بەغدا و چ لە ناوچەکانی تری عێراقدا کە ھاوھەڵوێست و پشتیوانی خەڵکی کوردستان بوون، پشتیوانی ڕاستی بوون، ئەوانیش بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی ھەموو عێراق دەکەن. خەڵکێکی زۆر ھەیە کە ئێمە لەگەڵیاندا خەریکین بۆ ئەوەی بتوانین بگەین بە ئەنجامێک کە لەبەرژەوەندیی ھەموو لایەکدا بێت. عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بەڵام بەداخەوە ئیدارەیەکی باشی داھات و سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە نەکراوە، ئەگینا ئێستا دەمانتوانی ببین بە یەکێک لە باشترین وڵاتەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. ئێستاش دەتوانین ئەوە بکەین ئەگەر بە بیری یەکتر قەبووڵکردن و ڕێز لە یەکتر گرتن لەگەڵ یەکتر بەردەوام بین.

ئێمە لە ھەرێمی کوردستان نیەتمان وایە کە لەگەڵ ھەموو خوشک و براکانی خۆمان لە ھەموو ناوچەیەکی تری عێراقیش بە یەکەوە بتوانین بە ئاشتییانە بژین. مافی ھەموو پێکھاتەیەک رێزی لێ بگیرێت، بتوانین بە یەکەوە وڵاتێکی خۆشتر و گەشتر و پێشکەوتووتر بینا بکەین.

لێرە من جارێکی تر داوا دەکەم با ئێمە یەکڕیزی لەسەر بنەمای یەکھەڵوێستی و ئەو ئامانجە پیرۆزەی کە ھەمانە و بەرژەوەندیی باڵای گەل و ھەرێمەکەمانە، لەسەر ئەوە یەکڕیز بین. ئێمە بێین بەیەکەوە بیر لەوە بکەینەوە چۆن مافی ئەو خەڵکە دابین بکەین. کێشەی ئێمە تەنیا کێشەی مووچە نییە، ئێمە کێشەی نەتەوەیی و کێشەی خاکمان ھەیە. دەبێ ھەموو ئەو مافانە دەستەبەر بکەین. دڵنیاتان دەکەمەوە ئێمە لە خزمەتی ئێوە دەبین و بە ھیچ جۆرێک واز لە ھیچ مافێکی دەستووریی ئەم خەڵکە ناھێنین، بەردەوامیش دەبین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە و قەیرانانەی ئێستا ھاتوونەتە پێشەوە. جارێکی تر من سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی و پشتیوانیی ئێوە دەکەم. چاویشمان لەوەیە خوا پشتیوانمان بێ، ئێوە پشتیوانمان بن، لە ئەنجامیشدا ئینشائەڵڵا سەرکەوتن ھەر بۆ حەقە و ھەر بۆ ئێمەیە.

ئێمە ھەمیشە لە وەختی خۆشیدا رەفیقمان زۆرە، لە وەختی تەنگانە و ناخۆشیدا خۆمان زۆر بە تەنیا دەبینین، تەنیا خەڵکی کوردستانمان لەگەڵە، ئەمەش بۆ ئێمە لە ھەموو ھێزێک زیاتر و پشتیوانییەکی بەھێزترە بۆ ئێمە، خوامان لەگەڵ بێ و ئێوەمان لەگەڵ بێ، منەتی کەس ھەڵناگرین. ھەر بۆ ئەمەش، تا ئێستا ھەرچی بڕیارمان داوە کە سەخت بووە، پیاوی تەنگانە کەم لەگەڵ ئێمە وەستاوە. سبەی ئێمە بڕیارێک دەدەین، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان ھەیە، من دڵنیام ھەموو لایەک دەبێ بە شەریکی ئەو بڕیارەی کە سبەینێ دەیدەین، چونکە بڕیارێکە لە بەرژەوەندیی ئەم خەڵکەدا دەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین