پاکستان: بۆ راکێشانی بۆری گازی ئێران پێویستمان بە لێخۆشبوونی ئەمریکا نییە ئێران

نوچەنێت:

واشنتۆن دژایەتی خۆی بۆ هێڵی گازی ئێران بۆ پاکستان دەربڕیوە و حکومەتی ئەو وڵاتەی لە ئەگەری مەترسییەکانی سزاکانی بازرگانی لەگەڵ ئێران ئاگادار کردۆتەوە. بەڵام پاکستان دەڵێت، پێویستمان بە مۆڵەتی ئەمریکا نییە.

ڕۆژی چوارشەممە (27/ئادار/2024)، دویچەولە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، موسەدق مالیک، وەزیری نەوتی پاکستان رایگەیاندووە، کە ئیسلام ئاباد بڕیاری داوە گەمارۆکانی سەر بۆری گاز، کە لە قۆناغی دروستکردندایە لە ئێرانەوە بۆ پاکستان هەڵبوەشێنێتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە، کە ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، کە واشنتۆن ئامۆژگاری ئیسلام ئابادی کردووە تا پرۆژەی بۆری گازی ئێران و پاکستان رابگرێت. چونکە بازرگانی لەگەڵ ئێران هەمیشە رووبەڕووی مەترسی سزاکانی ئەمریکا دەبێتەوە.

مومتاز زەهرا بەلوچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، رۆژی پێنجشەممەی (21ی مانگ)، لەم بارەیەوە بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند: "ئەمە بەشێکە لەو بۆرییەی کە لە ناوخۆی پاکستان دروست دەکرێت". بۆیە هەر دانوستانێک یان داواکارییەک بۆ لێخۆشبوون لە وڵاتی سێیەم بێمانایە.

تاران بەهۆی گەمارۆی هەناردەکردنی نەوت لە لایەن رۆژئاواوە لەژێر گوشاری توند دایە، چونکە سزا نێودەوڵەتییەکان دەستڕاگەیشتنی ئێرانی بە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی پچڕاندووە. هەوڵەکانی ئێران لەمبارەیە، جگە لە بازاڕی گەورەی ناوچەیی گازی پاکستان، دروستکردنی ئەم بۆرییە گازە دەرفەتی دابینکردنی بۆری گاز بۆ هیندستان دەکاتەوە.

گرێبەستی دروستکردنی ئەم شادەمارە گازییە لە ساڵی 2009 واژۆ کراوە. بڕیار بوو بەشی پاکستانی بۆری گازەکە لە ساڵی 2015 دەست بە کارکردن بکات.

بەڵام لە ساڵی 2014ەوە پڕۆژەکە راگیرا، چونکە حکومەتی پاکستان، کارکردنی لەم پرۆژەیە لە ترسی ئەوەی بخرێتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە راگرت.

لەو کاتدا ئێران کە دروستکردنی بۆری گازی 900 کیلۆمەتری لەسەر خاکی خۆی تەواو کردبوو، لە مانگی یەکی ئەمساڵ ئاگاداریی سێیەمی بۆ ئیسلام ئاباد نارد، کە ئامادەیە بۆ دادگای ناوبژیوانی لەسەر جێبەجێنەکردنی پرۆژەکە لەلایەن پاکستانەوە.

دوابەدوای ئەمەش لە مانگی شوباتدا حکومەتی کاتی پاکستان بڕیاریدا پڕۆژەی بۆری گاز لەسەر خاکەکەی بە دوو قۆناغ تەواو بکات.

سەرچاوە: دویچەولە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین