هێرش کرایە سەر چەند بنکەیەکی سەربازی لە ئێران ئێران

نوچەنێت:

گرووپی "جیش العدل" لە راسک و چابەهار هێرشی کردە سەر چەند بارەگایەکی سوپای پاسداران و پۆلیس. میدیای حکومی ئێرانیش ئەم هێرشانەیان پشتڕاست کردەوە و "کۆتایی" پێکدادانەکان و کوژرانی 15 هێزی جیش العدل راگەیاند، بەڵام دەڵێت شەڕەکە بەردەوامە.

رۆژی پێنجشەممە (چوارى نیسان/2024)، دویچەولە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئاژانسە هەواڵییە حکومییەکان لە ئێران بڵاویان کردەوە، کە لە میانەی هێرشی گرووپی جیش العدل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی راسک و چابەهار لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، لانیکەم پێنج لە هێزە ئەمنییەکان کوژراون. ئەم ئاژانسە هەواڵییە بڵاویکردەوە کە پێکدادان لە شارەکانی سەرباز و راسک و چابەهار بەردەوامە.

ئیرنا لە زاری مەجید میرئەحمەدی، جێگری ئەمنی پارێزگاری سیستان و بەلوچستانەوە بڵاویکردۆتەوە، هێزەکانی جیش العدل لە دەورووبەری کاتژمێر 10ی شەوی چوارشەممە، لە یەک کاتدا هێرشیان کردووەتە سەر "چەند بارەگایەکی سەربازی" لە باشووری ئەم پارێزگایە. لە هەواڵێکی دیکەی ئەم ئاژانسە هەواڵییەدا لە زاری میرئەحمەدی-ەوە نووسیویەتی: چوار ئەندامی جیش العدل لە ئێستادا "لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گەمارۆدراون و هاوڵاتییەکیش بە بارمتە گیراوە".

ئەو بەرپرسە دەڵێت، کە ئۆپەراسیۆنەکە بۆ "رزگارکردنی ژیانی ئەم بارمتە" کە دانیشتووی چابەهارە بەردەوامە. بە گوتەی ئەحمەدی، لەو شەڕانەدا "هەشت کەس" لە هێزەکانی جیش العدل کوژراون. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەری زۆرە ژمارەی کوژراوەکان زیاتر بێت.

لە هەمان کاتدا، سەردار محەمەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی،  دەڵێت، کوژراوی نێو هێزەکانی جیش العدل 15 کەسە.

لە هەمان کاتدا گرووپی جیش العدل بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بەرپرسیارێتی ئەم هێرشانەیان لە ئەستۆ گرت و لە هەواڵێکدا لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیان رایانگەیاند: ئەم هێرشە شەش ئامانجی هاوکاتی ئەم گرووپە بوون.

بەگوێرەی پێگەی "حال-وش" کە هەواڵی سیستان و بەلوچستان بڵاودەکاتەوە، دەڵێت، سەرچاوە خۆجێییەکان باس لە "بەردەوامبوون و پەرەسەندنی ململانێکان لە راسک و چابەهار" دەکەن. جەیش ئەلعەدل لە بەیاننامەکەیدا هەواڵی میدیای حکومەتی سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ململانێکان بە "درۆ" ناوبرد و نووسیویەتی بەشێک لە جادەکانی ترانزێتی راسک - چابەهار لە ژێر کۆنترۆڵی ئەم گرووپە دایە.

ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە ئەم گرووپەیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە. کۆماری ئیسلامی-ش ئەم گرووپە مەزهەبییە سوننەیە بە "جوداخواز و تیرۆریست" ناو دەبات.

سەرچاوە: دویچەولە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین