شرۆڤەکارانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەبارەی ئەگەری هێرشی ئێران هاوڕان ئێران

نوچەنێت:

دوای ئەوەی ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل دەکات، باس لەوە دەکرێت، کە ئێران پلانی هێرشی لە رێگەی لە درۆن و مووشەکی کروز دادەنێت.

ڕۆژی یەکشەممە (حەوتى نیسان/ 2024)، العربیە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی، ئەو زانیاریانەی دەستکەوتوون دەریدەخەن، کە ئێران سەرقاڵی پلانی هێرشی تۆڵەسەندنەوەیە لە رێگەی کۆمەڵێکی زۆر لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شەهید و مووشەکی کروزەوە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، بەرپرسانی ئەمریکی پێیانوایە کە ئێران کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانی ئیسرائیل لە ژمارەیەک وڵات دەکاتە ئامانج.

بەگوێرەی "نیویۆرک تایمز" هەرچەندە کاتی هێرشەکە روون نییە، بەڵام بە گوتەی هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکی، پێدەچێت ئەم هێرشە "پێش کۆتایی هاتنی رەمەزان" و لە چەند رۆژی داهاتوودا رووبدات.

هێشتا روون نییە، کە ئایا مووشەک و درۆنەکانی ئێران لە سووریا و عێراقەوە ئاراستە دەکرێن یان راستەوخۆ لە خاکی ئێرانەوە.

بەشێک لە شرۆڤەکارانی سەربازی ئەمریکا پێشبینیان کردووە، ئێران راستەوخۆ ئیسرائیل دەکاتە ئامانج، لەبری ئەوەی بریکارەکانی بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا بەکاربهێنێت.

بەرپرسێکی بەرگری ئیسرائیل دەڵێت، کە شرۆڤەکارانی ئیسرائیلیش گەیشتوونەتە هەمان ئەنجام کە خودی ئێران هێرش دەکات و لەم هێرشەدا هاوکاری لە حزبوڵڵای لوبنان، کە نزیکترین هاوپەیمانیەتی وەرناگرێت.

رۆژی شەممە (دوێنێ)، ئێران هەڕەشەکانی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی رۆژی دووشەممەی رابردوو بۆ سەر بینای (تەنیشت)ی کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق دووپات کردەوە، کە لە ئەنجامدا حەوت ئەندامی سوپای پاسداران گیانیان لەدەستدا.

محەممەد باقری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی کوژراوەکانی چەند رۆژی رابردووی هێرشەکەی ئیسرائیل رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە" بە گورزێکی زۆر کاریگەری لەسەر ئیسرائیلە و ئەم تۆڵەسەندنەوەیە "لە کاتی گونجاودا" ئەنجام دەدرێت. دەشڵێت "جۆر و شوێنی ئۆپەراسیۆنەکە ئێمە دیاری دەکەین".

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین