هەفتەی داهاتوو چوارەم سەبەتەی بەشەخۆراکی ئەمساڵ دابەشدەکرێت کوردستانی

نوچەنێت

سەرەتای مانگی داهاتوو بە مەبەستی دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە دەست بە کۆکردنەوەی پارەی بریکارەکان دەکرێت و بەڕێوەبەری پسوولەی هەولێریش دەڵێت، لە سێیەم سەبەتەی خۆراکەوە، بەشەخۆراکی بەشێک لەوانە بڕدراوە کە مووچەکانیان لە ملیۆنێک و نیو دینار زیاترە.

ئەمڕۆ دووشەممە (29/6/2026) دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی خۆراکی هەولێر بە ڕووداوی گووت، رۆژی چوارشەممە کە دەکاتە یەکی مانگی حەوت، دەست بە کۆکردنەوەی پارەی بریکارەکان دەکرێت تاوەکو بتوانین بەشەخۆراک دابەش بکەین، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا دەبێت بریکار سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بکات و پارە بدات، دواتر بەشەخۆراک وەردەگرێت؛ هاوکات هەفتەی داهاتوو چوارەم سەبەتەی بەشەخۆراکی ئەم ساڵ دابەش دەکرێت، کە بریتییە لە: یەک لیتر زەیت، یەک قوتوو ئاوی تەماتە، سێ کیلۆ برنج، یەک کیلۆ شەکر، نیو کیلۆ نیسک و نیو کیلۆ لەتکە نۆک. 

بە گوێرەی ئەو بڕیارەی حکومەتی عێراق کە لە ساڵی (2018) دەریکرد، بڕیار درا کە مووچە پلەباڵاکان (ئەوانەی مووچەیان لە ملیۆنێک و نیو دینار زیاترە) بەشەخۆراکەکەیان ببڕدرێت؛ بۆیە هەر ئەمڕۆ سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی هەولێر ڕایگەیاند، لە سێیەم سەبەتەی خۆراکەوە، بەشەخۆراکی بەشێک لەوانە بڕدراوە. سیامەند نانەکەلی دەشڵێت، بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی پلەباڵاکانمان جێبەجێ نەکرد؛ سەرەتا دوو ملیۆن دینار وەکو مووچەی پلەباڵا دیاری کرا، دواتر کردیانە یەک ملیۆن و نیو، پاشان کرایە ملیۆنێک، ئێستا بڕیارە دووبارە داوا بکرێت، بە یەک ملیۆن و نیو دیاری بکرێت.

بەڕێوەبەری پسوولەی هەولێر ئاماژەی بەوەش دا، کە لە سێیەم سەبەتەی خۆراکەوە، بەشەخۆراکی پاسەوانی سنوور و کارمەندی بەنداوەکان کە راستەوخۆ مووچەیان لەسەر بەغدایە، بڕدراوە، هاوکات ئەو بڕیارە هەندێک دادوەریشی گرتووەتەوە، هەروەها ڕاشیگەیاند، ئەوانەی بەهۆی مووچەی پلەباڵاوە بەشەخۆراکیان دەبڕدرێت، ئەگەر سەرۆکی خێزان بێت، هەموو خێزانەکە دەگرێتەوە؛ ئەگەر ئەندامێکی نێو خێزان مووچەی پلەباڵای هەبێت، تەنیا ناوی ئەو لەنێو پسوولەی بەشەخۆراک دەسڕدرێتەوە.

ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە پێش گۆڕینی فۆڕمی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی، (5) ملیۆن و (386) هەزار و (51) هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەشەخۆراکیان وەردەگرت، بەڵام بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی بازرگانی، (294) هەزار و (432) هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی، بەشەخۆراکیان بڕدراوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین