ئەنجوومەنی وەزیران: هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکان کوردستانی

نوچە نێت

ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کرا کە، هەر کەسێک دژی قەوارەی هەرێم خەڵک هان بدات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگرێتەبەر. هەروەها دووپاتی دەکاتەوە، "هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی."

ئەمڕۆ چوارشەممە (2026/11/25) حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش، خستنەڕووی هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو سەبارەت بە ڕێکارەکانی دوێنێی حکومەتی فیدراڵ.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەکدا ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە، "کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی لە هەمانکاتدا داوای جێبەجێکردنی هەموو مافە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە و وەک هەمیشە ئامادەیی خۆشی بۆ چارەسەرەکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە، بۆیە ئەوپەڕی نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر ئەو ڕاگەیاندراوە دەردەبڕێت کە بە ناوی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڵاوکرایەوە، چونکە پێشێلکارییەکی دەستووریی و مافە دەستوورییەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستانە و ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ باوەڕنەبوون بە سیستەمی فیدراڵی و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ ڕژێمێکی ناوەندی و مەرکەزی کە ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عێراقە. بۆیە بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە ڕەت دەکەینەوە کە دیارە پلانێکی پێشوەختە و لەمێژینەی داڕێژراوە لە دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان. "

هەر لەو ڕاگەیێندراوەدا هاتووە، ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتی دەکاتەوە کە، "هەرێمی کوردستان، بەردەوام پشتیوانیی هەر ڕێکارێک بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەر کارێکی نایاسایی و بەردەوامیش هاوکار و هاوئاهەنگ بووە و دەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ نەهێشتن و سنووردانان بۆ هەر کارێکی نایاسایی. داواش دەکەین گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراق بنبڕ بکرێت."

هەروەها دەشڵێت، ئەنجومەنی وەزیران، جەخت دەکاتەوە کە، "هەرێمی کوردستان، بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکان و خوێنی هەزاران شەهیدە و کەس خێری بە خەڵکی کوردستان نەکردووە ، هەرێمی کوردستانیش ڕۆڵێکی کارا و کاریگەری لە هێنانەئارای سیستەمی فیدراڵی ئێستای عێراق هەبووە و خۆی بە خاوەنی دەزانێت و هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی نابێت کە تەنیا مووچە و بودجە و شایستەی دارایی نییە، بەڵکوو پرس و مافێکی سیاسی و دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستانە."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەنجومەنی وەزیران، لە کاتێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە، "پێویستە لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و لەیەکتێگەیشتن و لە چوارچێوەی دەستوور، کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکرێن، داواش دەکات دەستووری هەمیشەیی عێراق، بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، کە هۆکاری چارەسەرنەبوونی کێشەکان، جێبەجێ نەكردنی دەستوورە، بە تایبەتی ماددەی 140ی دەستوور کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان نەنراوە. هەروەها پێویستە بە پێی ماددەکانی دەستوور، ئەنجومەنی فیدراڵی عێراق ( مجلس الاتحاد العراقي) دروست بكرێت و دادگای باڵای فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور پێکبهێنرێتەوە بە شێوەیەک کە دەربڕی هەموو پێکهاتەکانی عیراق بێت."

هاوکات ئەنجومەنی وەزیران لەو کۆبوونەوەیەدا، سوپاسی خەڵکی کوردستان و هەموو لایەن و هێز و سیاسییەکان و پێکهاتەکانی دەکات و داواش دەکات کە بەردەوامبن لە هەڵوێستی نیشتمانیان و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی و بەرگریکردنیان لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان. هەروەها داوا لە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حکومەتی فیدراڵ دەکات بەردەوام بن لە ڕۆڵی نیشتمانییانەی خۆیان لە داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان.

لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەدا حکومەتی هەرێم دەڵێت، ئەنجومەنی وەزیران، لە کاتێکدا پشتیوانی خۆی بۆ ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین دووپات دەکاتەوە. جەختیشی کردەوە هەر کەسێک دژی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و بنەما دەستوورییەکان و بەرژوەندییە نیشتمانییە باڵاکان کوردستان ڕەفتاربکات و خەڵک هان بدات بۆ ئاژاوەنانەوە و دژایەتەتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین