سەرۆکی دەزگای میتی تورکیا بۆچی سەردانی هەرێمی و كوردستان و عێراقی كرد؟ کوردستانی

نوچە نێت:

ئامادەکردنی: دنیا ئەحمەد

سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا و شاندێکی یاوەری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و چەند بەرپرسێکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکاندا بیرورا لەبارەی دوایین پێشهاتەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم سەقامگیر و ئاسایشی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆر کرا.

د. ئیبراهیم کالن سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگریی نیشتیمانی تورکیا "میت" و شاندێکی یاوەری دوێنێ بە سەردانێک گەیشتنە بەغدای پایتەختی عێراق، سەرەتا لەگەڵ هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوووە، هەردوولا باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی هاریکاری نێوان عێراق و تورکیا کردەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای تورکیا هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، تیشکیان خستەسەر، "بەهێزکردنی هاریکارییە ئەمنییەکان کە بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات لە پێناو پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە."

کالن لە چوارچێوەی ئەو سەردانەیەدا لە بەغدا لەگەڵ فایەق زەیدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق کۆبوووە، سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاندووە، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە پرسی تیرۆر و ڕێگارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەیان لە ناوچەکە و ڕێکارەکانی ئاڵوگوڕی زانیاری پێویست لە نێوان هەردوو وڵات و چەند پرسێکی دیکەی گرنگیان کرد.

هاوکات سەرۆکی میتی تورکیا و شاندنی یاوەری دوای چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، گەیشتە کەرکوک و لە فڕۆکەخانە لەلایەن محەمەد سەمعان ئاغا پارێزگاری نوێی کەرکوک پێشوازی لێکرا و بەیەکەوە سەردانی قەڵای کەرکوک و گۆڕستانی ئەفسەرانی عوسمانیان و چەند شوێنێکی دیکەیان کرد.

دوابەدوای ئەو سەردانە، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە د. ئیبراهیم کالن سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگریی نیشتیمانیی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد. بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی بارەگای بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا، "بیروڕایان لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئاستەنگەکانی بەردەم سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرد."

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکدا هاتووە هەر لەو کۆبووەنەوەیدا جەخت لە، "پەرەپێدەانی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە."

سەرۆکی میتی تورکیا دوای کۆبووەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، لە دەباشان لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازی لێکرا. سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان پۆستێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا، "دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بە گرنگ زانرا."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "پرۆسەی ئاشتی خرایەبەر باس و سەرۆک بافڵ جارێکی دیکە پشتیوانیی یەکێتی بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە مێژووییە دووپاتکردەوە و وتی، ئێمە لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال درێژە بە هەوڵەکانمان دەدەین تاوەکو ئەم هەنگاوە گرنگ و چارەنووسسازە سەربگرێت، بە ئامانجی زاڵکردنی پێکەوەژیان و گەیشتن بە ئاشتییەکی سەرتاسەری کە لە بەرژەوەندیی ئاسایش و ئارامیی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت."

لە کۆتایی پۆستەکەیدا بافڵ تاڵەبانی ڕاشیگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر، "پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کردەوە."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین