پارتی و یەکێتی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان نزیكن لە ڕێككەوتن کوردستانی

نوچە نێت:

پارتی و یەکێتی لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان ڕێککەوتوون و بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان بە کەمتر لە (24) کاتژمێر تەواوی ڕێوشوێنەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان جێبەجێ دەکرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە (27/9/2026) سەرچاوەیەک ڕایگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی (10) ڕێککەوتوون، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، لە دانیشتنی یەکەمدا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت. هەر لەم بارەیەوە سامان ئەحمەد بەکر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان بگەنە ڕێککەوتن و داوامان لێبکەن، ئێمە ئامادەین بە کەمتر لە (24) کاتژمێردا تەواوی ڕێوشوێنەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان تەواو بکەین.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی باسی لەوە کرد، کە لە سەرەتای کاراکردنەوەی پەرلەماندا سێ سندووق دادەنرێت؛ یەکێکیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، دووەمیان بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سێیەمیشیان بۆ سکرتێری پەرلەمان تەرخان دەکرێت، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان، دوو پەرلەمانتاری گەنج ئەرکی ژماردنی دەنگەکان دەگرنە ئەستۆ و بەو شێوەیە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێردرێت، دوای ئەم قۆناغەش، دەرگا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، کە پێویستە لە ماوەی (30) ڕۆژدا لە پەرلەمان متمانە وەربگرێت، پاشان سەرۆکی حکوومەت و ئەندامانی کابینەکەی متمانەی پەرلەمان بەدەست دەهێنن.

سامان ئەحمەد بەکر گووتیشی، پەرلەمانی کوردستان دوای کاراکردنەوەی، لە ماوەی (30) ڕۆژدا لێژنە هەمیشەییەکانی خۆی دیاری دەکات و دەست بە کارەکانیان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە (20)ی تشرینی یەکەمی (2024) بە بەشداریی نزیکەی (72%)ی هاووڵاتیان لەژێر چاودێریی کۆمیسیۆنی فیدراڵیدا بەڕێوەچوو. گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسییەکاندا لە (30)ی تشرینی یەکەمی (2024) ئەنجامە فەرمییەکان راگەیەندران، هەر لەم خولەی پەرلەماندا پارتی دیموکراتی کوردستان بووە خاوەنی (39) کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (23) کورسی و نەوەی نوێ (15) کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش (7) کورسی بۆخۆی مسۆگەر کرد، هەروەها ڕەوتی هەڵوێست (4) کورسی دیکە و کۆمەڵی دادگەریی کوردستانیش بووە خاوەنی (3) کورسی پەرلەمان، بزووتنەوەکانی تری وەک، بەرەی گەل و هاوپەیمانیی هەرێم و گۆڕان هەریەکە بوونە خاوەنی (2) کورسی و پێکهاتەکانیش (5) کورسییان بۆخۆیان مسۆگەر کرد. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین