پارتى ئایندە لە بەرژەوەندى ئاکپارتى لە دوو شارەوانى کشایەوە تورکیە

نوچە نێت

پارتى ئایندە، کە ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆکایەتى دەکات لە هەردوو شارەوانى ئۆرفا و ماردین وەک پاڵپشتییەک بۆ کاندیدەکانى پارتى دادوگەشەپێکدان کاندیدەکانى خۆى کێشایەوە.

ئەمڕۆ شەممە (23/ئادار/ 2024 ) ماڵپەڕى (عەرەبى 21) بڵاوى کردەوە، هیدایە بایسال، سەرۆکى لقى پارتى ئایندە رایگەیاند پاڵپشتى زەینەل عابدین بیازگول، سەرۆکى شارەوانى ئۆرفا  پارتى دادوگەشەپێدان لە هەڵبژاردنى کۆتایى ئەمانگە دەکات.

سەبارەت بە هۆکارى ئەو پاڵپشتییەش بایسال جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەو هەنگاوە لە ئەنجامى گفتوگۆ لەنێوان ئەندامانى پارتەکەى بووە.

لە لایەکى دیکەوە فەرید چیڤیک، کاندیدى پارتى ئایندە بۆ شارەوانى ئۆرفا کشانەوەى خۆى لە بەرژەوەندى کاندیدى پارتى دادوگەشەپێدان راگەیاند.
بایسال جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە بڕیارى پارتەکەى بۆ پاڵپشتى عەبدوڵا ئیرین، کاندیدى ئاکپارتییە لە ویلایەتى ماردین، ئەگەریش لە داهاتوو ئیرین هەر کەموکوڕییەکى هەبوو، یاخود خزمەتگوزاریى پێشکەش نەکرد، ئەوکات رەخنەى لێ دەگرین و لەسەر دەنگپێدانى لێپرسینەوەى لەگەڵ دەکەین.
کشانەوەى پارتى ئایندە لە کاتێدایە چەند رۆژێکى کەمى ماوە سندووقى دەنگدان بە رووى دەنگدەران بکرێتەوە، لە هەمان کاتیشدا سەرۆکى ئەو پارتە رەخنەى توند لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکى پارتى دادوگەشەپێدان دەگرێت.
پێشتریش پارتى ئایندە هیچ کاندێکى تایبەتى بۆ هەڵبژاردنى شارەوانى ئیستەنبۆڵ رانەگەیاند، پاساوى بەوە هێناوەیە لە ژمارەیەک ویلایەت پاڵپشتى کاندیدى پارتەکانى دیکە دەکات، ئەو پڕیارەش ئەنجوومەنى بەڕێوەبردن بەکۆى دەنگ داویەتى، ئەوەش بەدەر لە ناسنامەى حزبى و درووشمەکانى دیکە.

بڕیارە لە (31) ئەم مانگە هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە تورکیا بەڕیوە بچێت، پارتە سیاسییەکان کێبڕکێ لەسەر (81) ویلایەت و قەزا دەکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین