دلاوەر خالید ئاژگەیى: هەرێمى کوردستان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى لە ئاستێکى زۆر باشدایە دیمانە

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

دلاوەر خالید ئاژگەیى، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە یەکێتیى ئەوروپا، سەبارەت بە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا دەڵێت، "لە ئاستێکى زۆر باشدایە."

نوێنەرێنى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دیمانەیەکى تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕى نوچەنێت، تیشک دەخاتەسەر ئاستى دیپلۆماسیەتی کورد لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا، پێشوایە دەبێ، "هەرێمى کوردستان پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانى پتەوتر بکات لە پێناو خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانى."

 

دەقى دیمانەى دلاوەر خالید ئاژگەیى، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە یەکێتیى ئەوروپا:

نوچەنێت: پەیوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا لە چ ئاستێکدایە؟

دلاوەر خالید ئاژگەیی: لە ئێستادا پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەوروپا، لە ئاستێکی زۆر باشدایە، ئەوەی کە پەیوەندی بە سنووری کارو چالاکییەکانی منەوە بێت لە برۆکسل، ئێمە دەبینین کە ئەو پەیوەندیانە کۆن و درێژخایەنن، بە گۆڕانکاری لە ناوچەکە گۆڕانکاریان بەسەر نایەت، بەڵکو پەیوەندیی ستراتیژیی و دوورخایەنن، هەروەها دوو لایەنەن، بەرژەوەندیی هەردوولا تێدا پارێزراون، ئەوەش دەڵێم کە پەیوەندییەکان لە ئاستێکی باشدان، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان، کە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام لە رووی دیبلۆماسی پەیوەندیی بەهێزی هەیە، دەکرێ کە ئەم پەیوەندییانە هێشتا بەرەو پێشەوە بچن و بەهێزتر بکرێن، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵبدات، لەو شوێنانەی کە پەیوەندی بەهێزیان لەگەڵ کوردستان هەیە، لەم شوێنانە ئامادەیی خۆی هەبێت نوێنەرایەتی خۆی بکات، ئەم پەیوەندییە دیبلۆماسیانە پتەوتر بکات، لە پێناو خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەرێمى کوردستان دەتوانێت ببێتە سەبەتەی خواردن هەم بۆ عێراق هەم لە دواڕۆژ بۆ ووڵاتی کەنداویش

نوچەنێت: بەشێک لە کۆمپانیاکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بێن لە کوردستان کار بکەن، چ هۆکارێک وای کرد بۆ ئەوەی ئەم ئەم پەیوەندییە ئابوورییە ببەستن؟

دلاوەر خالید ئاژگەیی: کۆمپانیاکانی وڵاتانی ئەوروپا بەشێکیان بەڵێ ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان ئەنجام بدەن، هۆکارەکەشی ئەمەیە، یەکەم هەرێمی کوردستان ئارامی و ئاسایشی سەقامگیری تێدایە، لە چەند ساڵی رابردوو، ئەمە بۆیان  روون بۆتەوە کە سەرەڕای هەموو مەترسییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان کراون، بۆ تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش، بەڵام هەرێمی کوردستان بە سیاسەتێکی ژیرانە توانیویەتی ئاسایش و ئارامی لە هەرێمی کوردستان بپارێزێت.

جگە لەمە حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی کراوەی هەیە بەڕووی جیهاندا، ئەم سیاسەتە کرانەوەیە چەند خاڵ لە خۆ دەگرێت، یەک لەمانە ئەوەیە کە کۆماپانیا بیانییەکان کارمەندەکانیان بە ئاسانی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن، جگە لەمە ئەم یاسایانەی لە هەرێمی کوردستان هەن بۆ وەبەرهێنان، بۆ نموونە یاسای وەبەرهێنان، کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، جگە لەمە دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان پێکهێنراوە، ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ ئەم کۆمپانیایانە بکرێن، بێن لێرە وەبەرهێنان ئەنجام بدەن، جگە لەمەش لە کابینەی نۆیەم، کۆمەڵێک بڕیاری نوێ دران، کە دەبنە پاڵپشتی وەبەرهێنەری بیانی بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان کەمتر پشت بە داهاتی نەوت ببەستێ، بەتایبەتی لە دواڕۆژ لە بوارەکانی  کشتوکاڵ و پیشەسازی، تەکەنەلۆجیای نوێ و سەردەم، ئەمانەش بێگومان بە کۆمپانیا بیانییەکان دەکرێت، بە هاوکاری و رێکەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان.

نوچەنێت: گرینگی ئەم پەیوەندییانە لەگەڵ وڵاتان بە تایبەت بەلجیکا، لە ڕووی پیشەسازی و ئابووری، چ رۆڵێکی هەیە، هەم لە ڕووی پیشەسازی هەم لە ڕووی کشتوکاڵی؟

دلاوەر خالید ئاژگەیی: بەلجیکا یەکێکە لەو ووڵاتە گرنگانەی یەکێتی ئەوروپایە، دەتوانین بڵێین لە ڕووی سیاسیشەوە پایتەختی یەکێتی ئەوڕوپایە، لەبەر ئەوەی برۆکسڵ زۆربەی دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەوێن، وەکو کۆمسیۆنی ئەوروپا، سەرۆکایەتی یەکێتیی ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا. زۆربەی ئەم دامەزراوانەی بڕیاردەرن لە ئاستی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسلن، بۆیە برۆکسل ناوەندێکی زۆر گرنگ وستراتیجیی و سیاسییە، هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی زۆر باشی هەیە لەگەڵ بەلجیکا، خۆشبەختانە جگە لەمەش لەگەڵ هەرێمەکانیش پەیوەندی باشی هەیە، سروشتی بەلجیکا لە ئێمە نزیکە، لەڕووی سیاسی بەتایبەتی کە بەلجیکا سیستەمێکی فیدڕاڵی هەیە، پەیڕەو دەکات، کە لە سێ هەرێم پێک هاتووە، هەرێمەکان تا ڕادەیەکی باش خاوەن بڕیارن لە زۆر ڕوەوە، لە ڕووی سیاسی، ئابووری، لە ڕووی پەیوەندی خۆیان لەگەڵ دونیای دەرەوە، بۆیە ئێمە وەکو نوێنەرایەتی هەوڵمانداوە جگە لەوەی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ پەیوەندی باشمان هەبێت، لەگەڵ هەرێمەکانیش پەیوەندی زۆر باشمان هەیە،  چەندین رێکەوتن واژوو کراوە لە نێوان حکومەتی کوردستان وهەرێمەکانی بەلجیکا.

حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی کراوەی هەیە بەڕووی جیهاندا

 لە ڕووی بازرگانی و وەبەرهێنان تاوەکو ئێستا دەتوانم بڵێم چەندین شاندی کۆمپانیاکانی بەلجیکی سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بانگهێشتی کۆمپانیاکان و ژووری بازرگانی ئێمەیان کردووە، لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەکان لە پەیوەندیدان، بەرنامەیەکی تۆکمە و نەخشەمان داناوە، بۆ ئەوەی بتوانن چۆن هاوکاری ئێمە بکەن، لەو پلان و ئامانجانەی هەمانە بتوانن، بۆ ئەوەی بە تایبەتی کشتوکاڵ هەنگاوی باش بنێین، خۆشبەختانە ئەو پلان و بەرنامانە بەرەو پێشەوە دەڕۆن، لە هەندێکی بەرهەمەکان دەبینین، بەهەمان شێوە لەگەڵ هۆڵەندا، هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی زۆر باشی ئابووری هەیە، کۆمپانیا هۆڵەندییەکان هاوکاری زۆر باشی هەرێمی کوردستان وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە، ئەوانەی پەیوەستن بە بواری کشتوکاڵ و وەبەرهێنان لەو بوارە، ئەمە پێشکەوتنی باشی بەخۆە بینیووە، چەند بەرهەمێک هەنە کە پێشتر هەرێمی کوردستان هاوردەی دەکردن، لە وڵاتانی دنیا، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنان لە ناوەوە گەیشتۆتە ئاستێک هەرێمی کوردستان خۆى بە دوای بازاڕ لە دەرەوە دەگەڕێت، دۆزینەوەی بازار لە دەرەوە  یەکێک لە ئەرکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئیرادەی هەیە بۆ ئەوەی بەرهەمی کوردستان لەدەرەوە بە بازاڕ بکات، وە پلانیشی هەیە لە ڕووی دیبلۆماسی لە زۆربەی کۆبوونەوەکان باسی ئەم بابەتانە دەکرێت لەگەڵ لایەنەکانی ئەوروپی.

نوچەنێت: پێت وایە ئەم جۆرە رێککەوتنانە دەبنە جێگرەوەی نەوت؟

دلاوەر خالید ئاژگەیی: ئەم پرسیارە وەڵامدانەوەی ئاسان نییە، گرنگ ئەوەیە تا رادەیەک  بتوانی تۆ بەشێک لەو بەرهەمە گرنگانەی رۆژانە خەڵک لە ووڵاتی خۆت بەرهەم بێنیت، بتوانیت سوود لە کەشوهەواو و زەوی و لەو ئیمکانیاتەی لە ووڵاتی خۆت هەیە، بە باشترین شێوە سوودیان لێ وەربگریت، بۆ ئەوەی بتوانیت ئەگەر (100%)یش جێگرەوە نەبێت، بەڵام تا رادەیەک بتوانیت ئەو فشارەی لەسەر حکومەت هەیە، لەسەر خەڵکیش هەیە بە پشت بەستن بە بەرهەمە نەوتییەکان کەمتر بکرێتەوە، بەتایبەت سێکتەری کشتوکاڵ ببێتە هاوکارێک بۆ داهاتی زیاتر، بۆ خەڵکی کوردستان بەتایبەت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئێستا وڵات هەیە دەتوانێت بەبێ  ئەوەی نەوتی هەبێت، کشتوکاڵەکەی لە ئاستێکی وابێت، بتوانێت زۆرلە داهاتی نەوت زۆرتر داهاتی هەبێت بۆ ووڵاتەکەی خۆی، هەرێمی کوردستان دەبێت سەیری ئەو وڵاتانە بکات، دەبێت سوود لە تەکنەلۆژیای سەردەم وەربگرێت نەک ئەو سیستەمە کلاسیک و کۆنەی کە پێشتر بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان بەکار دەهات، ئەمە زۆر زۆر گرینگە، هەرێمی کوردستانیش خەریکی ئەمەیە، لەبیر نەکەین هەرێمی کوردستان لە ڕووی جوگرافی و جیۆپۆلیتیکەوە زۆر باش هەڵکەوتووە، دەتوانێت وەکو دەڵێن سەبەتەی خواردن بێت، هەم بۆ عێراق هەم لە دواڕۆژ بۆ ووڵاتی کەنداویش، ئەگەر بێت و بەباشی وەبەرهێنان لەمە بکرێت، خۆشبەختانە حکومەت هەنگاوی باشی ناوە، لە دروستکردنی بەنداو، پلانیشی هەیە کە بتوانێ باشتر سوود لەم سێکتەرە گرنگەی کوردستان وەربگرێت.

هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەى خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام لە رووی دیبلۆماسی پەیوەندیی بەهێزی هەیە

نوچەنێت: هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا چۆنە بەم رێککەوتنە ئابوریی و پیشەسازییانە؟  

دلاوەر خالید ئاژگەیی: یەکێتی ئەوروپا رێکەوتنێکی ستراتیجی لە گەڵ عێراق هەیە، رێکەوتنێکی زۆر قوڵ و گرینگە، هەموو بوارەکان لە خۆ دەگرێت، ئەو رێککەوتنە لەگەڵ عێراق واژۆ کراوە لە (2012)، بەڵام لەبەر ئەم بارودۆخەی لە عێراق هەبووە، نە چۆتە بواری جێبەجێکردن، لە هەرێمی کوردستان دەرفەت باشترە، یەکێتی ئەوروپاو زۆر پێی باشە کە بەشێکی زۆر لەو خاڵانەی رێکەوتنی لەسەر کراوە، لە هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێن، یەکێک لەم خاڵانەش ئێمە وەک نوێنەرایەتی حکومەت جەختمان لەسەر کردۆتەوە لە کۆبونەوە فەرمییەکان داوامان لێان کردووە، یەکێتی ئەوڕوپا هەوڵبدات هاوکاری حکومەتی هەرێم بکات، بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی لە دواڕۆژ، لە بازاڕەکانی ئەوروپا لەبیر نەکەین کە یەکێتی ئەوڕوپا لە (27) ووڵات پێکدێت، بازاڕێکی یەکجار گەورەی جیهانییە، ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی هەیە کە  بەشێک لە بەرهەمەکانیان لە ئەوروپا بەرهەم نایەن لە وڵاتانی تر بەرهەم دێن هاوردە دەکرێن، هەرێمی کوردستان دەتوانێت یەک لەو شوێنانە بێت کە بەرهەمەکانی خۆی، هەناردەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا بکات، هەم نرخەکەی گونجاوتر و باشترە، هەم دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ زیاتر پێشخستنی  کشتوکاڵ، لە بەرامبەریشدا ئێمە دەتوانین سوود لە تەکەنەلۆجیا و زانستی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا وەرگرین، دروستکردنی هەلی کار بۆ کۆمپانیاکانی ئەوان لە هەرێمی کوردستان، ئەمە دەبێتە رێکەوتنێکی دوو لایەنە، کە لەبەرژەوەندی هەردوولادایە، یەکێتی ئەوروپا ئەم جۆرە رێکەوتنانەی هەیە لەگەڵ وڵاتانی تری دەرەوەی یەکێتیەکە، لە ئێستادا ئێمە زۆر بە جددی کار دەکەین ئەمە سیاسەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئێمەش لە نوێنەرایەتەکان زۆر بە جددی  کار دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین رێگە چارەیەک بدۆزینەوە، کە یەکێتی ئەوروپا هاوکاری ئێمە بێت، لە بوژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەوان چەندین جار دووپاتیان کردەوە جەختیان لەسەر ئەمە کردەوە، کە هاوکار دەبن لەم ڕوەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین