بۆ یەکەمجار ئەپڵیکەیشنێکی کوردی بۆ ئەندازیاران دروست دەكرێت دیمانە

نوچە نێت: تایبەت

ئا: پەیام عەلی

چەند گەنجی ئەندازیار لە هەرێمی كوردستان، بۆ یەكەمجار ئەپڵیکەیشنێکی بە زمانی كوردی بەناوی (بیناساز) دروستكردووە، كە ماوەی دوو ساڵە كاری لەسەر دەكەن، ئەم ئەپڵیکەیشنە جگە لەوەی دەیان كۆرس و كتێبی ئەندازیاری تێدا بەردەستە، بەشێكی تایبەتکراوە بە ڕاگەیاندنی هەلیکار و دۆزینەوەی کار بۆ ئەندازیاران. 

داركۆ باباعەلی یەكێك لە دامەزرێنەرانی ئەپڵیکەیشنی بیناساز لە دیمانەیەكی تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت، "پێشبینی دەکەین تا ساڵی نوێ ژمارەی ئەو ئەندازیارانەی خۆیان تۆمار دەکەن بگاتە سەروو (10) هەزار ئەندازیار، کە ئەمەش بۆخۆی ئەپڵیکەیشنەکە دەکاتە ئەکادیمیایەکی ئەندازیاری."

نوچەنێت: چۆن بیرۆکەی دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێکی کوردیی تایبەت بە ئەندازیاران و خوێندکارانی ئەو بەشەتان، بۆهات؟

دارکۆ باباعەلی: بێگومان لەبەر ئەوەی خۆشمان ئەندازیارین و پیشە و کارمان لەگەڵ ئەندازیارانە و لە هەمانکاتدا خاوەنی تاکە کتێبخانەی ئەندازیاری کوردین بۆیە دوور و نزیک ئاگاداری خواست و داواکاری ئەندازیاران و  خوێندکارانی تازە دەرچووی بەشە ئەندازیارییەکان بووین. هەروەها لە سەردەمی ئێستادا، کە تەکنەلۆژیا زۆر خێرا پێشدەکەوێت، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە کە هەر ئەو تەکنۆلۆژیا و مۆبایلەی ڕۆژانە بەکاری دەهێنین، بکەینە کەرەستەیەک بۆ برەودان بە تواناکانی ئەندازیارانی کورد.

نوچەنێت: هەستتان بە چ گرفتێک بۆ ئەندازیاران لە بازاڕی کاردا کردووە و دەتانەوێ چارەسەری بکەن؟

دارکۆ باباعەلی: گرفتەکان زۆرن بێگومان، بەڵام ئەوەی لە ئێستادا زۆر دیارە نەبوونی ئەزموون و شارەزایی کرداری ئەندازیاران و تازە دەرچوانی بەشە ئەندازیارییەکانە، چونکە زۆربەی بابەتەکانی کە لە زانکۆدا دەخوێنرێن بابەتی تیۆرین و ئەندازیاران کاتێک دێنە دەرەوەی زانکۆ هەست دەکەن شارەزایی تەواویان نییە لە بوارەکەی خۆیاندا لەڕووی کردارییەوە، هەربۆیە تەرکیزمان لەسەر ئامادەکردن و بڵاوکردنەوەی ئەو کۆرس و بابەتانەیە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بە بازاڕی کارەوە و خوێندکارانی تازە دەرچوو ئامادە دەکەن بەگوێرەی خواستی بازاڕ.

نوچەنێت: هیچ ئاستەنگییەکتان تووشبوو لە دروستکردنی ئەپڵیکەیشنەکەدا؟

دارکۆ باباعەلی: بە دڵنیاییەوە ئامادەکردنی ئەپڵیکەیشنێک کە بتوانرێت دەیان کۆرسی تیادا دابنرێت و هەزاران کەس لەهەمان کاتدا بەکاری بهێنن، هەوڵ ماندووبوونی زۆری دەوێت، ئێمەش ماوەی دوو ساڵ کارمان لەسەر کردوو، سوپاس بۆ خوا بە سەرکەوتوویی ئەپڵیکەیشنەکە ئامادە بوو. ئەوەی کە ئێستادا ماوە و گرنگترین بەشە ئامادەکردنی کۆرسەکانە، کە ستافەکەمان ماندوونەناسانە لە ئێستادا کاری لەسەر دەکەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەیان کۆرسی ئەندازیاری و ئەکادیمی لە ئەپڵیکەیشنەکەدا بەردەست دەبێت.

نوچەنێت: ماوەی چەندێکە کار لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکەن؟

دارکۆ باباعەلی: خودی بیرۆکەکە لە ساڵی (2021) لامان پەیدابوو و لەوکاتەوە هەوڵمان بۆ داوە، بەڵام بەتەواوی لە ساڵی (2024)ـەوە بە چڕی کارمان لەسەر کردووە.

نوچەنێت: کێن ئەندامانی تیمەکەتان و چ پسپۆڕییەکیان هەیە لە بواری ئەندازیاری و تەکنەلۆژیادا؟

دارکۆ باباعەلی: ستافی تەکنۆلۆژیمان هەیە کە بەردەوام لە هەوڵی بەرەوپێشبردنی ئەپڵیکەیشنەکەدان و هەر کەموکورتییەک هەبێت بە زوویی چارەسەی دەکەن، هەروەها چەندین ئەندازیاری بە ئەزموونمان لەگەڵە کە کار لەسەر پێشکەشکردنی کۆرسەکان دەکەن بەشێوەیەکی ئەکادیمی، هەروەها ستافی ئامادەکردن و وێنەگرتن کار لەسەر ئامادەکردنی ڤییدۆکان دەکەن، خۆشمان (دارکۆ بابا عەلی و باوان حمەطاهر) وەک دامەزرێنەرانی ئەپڵیکەیشنەکە، بەردەوام چاودێریی کارەکان دەکەین.

نوچەنێت: ژمارەی کۆرسەکان لە ئێستا چەندە و چ بوارێکی ئەندازیاری دەگرێتەوە؟

دارکۆ باباعەلی: لە ئێستادا دوو کۆرسی تایبەت بە ئەندازیارانی شارستانی بەردەستە کە ماوەی ئامادەکردنیان زیاتر لە ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێکی ویستووە، چونکە پێویست بووە لەسەر پڕۆژە و شانبەشانی بنیادنانی بیناکە کۆرسەکە ئامادە بکەین، هەروەها دوو کۆرسی تر یەکێکیان تایبەت بە میکانیک و ئەوەی تر تایبەت بە کارەبا لە قۆناغی وێنەگرتن دان و لە ماوەیەکی نزیکدا بەردەست دەبن. هاوکات لە گفتوگۆداین لەگەڵ ئەندازیارانی تر لە بوارەکانی تری ئەندازیاری بۆ ئەوەی بچنە قۆناغی ئامادەکارییەوە.

نوچەنێت: کێ کۆرسەکان ئامادە دەکات؟ ئایا مامۆستاکان ئەندازیاری شارەزا و خاوەن ئەزموونن؟

دارکۆ باباعەلی: ئەو خاڵەی کە زۆر گرنگە لامان و هەر ئەمەش وایکردووە کارەکان کەمێک لەسەرخۆ بەرەوپێشەوە بچن، ئەوەیە کە دەمانەوێت ئەو کەسانەی کۆرسەکان پێشکەش دەکەن خاوەن بڕوانامەی ئەندازیاری بن و لەهەمان کاتدا ئەزموونی کرداری سەر پڕۆژەشیان هەبێت، هەربۆیە تەواوی پێشکەشکارانی کۆرسەکان پێکهاتوون لە ئەندازیارانی شارەزا و بە ئەزموون لە بوارەکەی خۆیاندا.

نوچەنێت: پێشتریش چالاکیتان لەسەر سۆشیال میدیا هەبووە و لەڕێی فرۆشتنی کتێب و سەرچاوەی زانستییەوە خزمەتتان بە توێژی ئەندازیاران کردووە، بەپێی ئەو داتایانەی لە فرۆشتن هەتانە، کێن ئەوانەی بایەخ بە خوێندنەوە لەو بوارەدا دەدەن؛ خوێندکاران، ئەندازیاری نوێ یان ئەندازیاری خاوەن ئەزموونن؟

دارکۆ باباعەلی: لەڕووی خوێندنەوەی کتێبە زانستی و ئەندازیارییەکان لە هەموو توێژەکانی تێدایە، بەڵام زۆرترین خواست لەسەر کتێبە ئەندازیارییەکان لەلایەن تازە دەرچووانی بەشە ئەندازیارییەکان بووە، کە دەیانەوێت ئاشنای ژیان و کار و پیشەی دوای زانکۆ بن و خۆیان ئامادە بکەن بۆ بازاڕی کار.

نوچەنێت: لە ئەپڵیکەیشنەکەدا، بەشێک تایبەتکراوە بە ڕاگەیاندنی هەلیکار و دۆزینەوەی کار بۆ ئەندازیاران، چۆن پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیاکاندا دەکەن بۆ پێشکەشکردنی هەلی کار؟

دارکۆ باباعەلی: بوونی بەشێک تایبەت بە هەلی کار دیسانەوە بابەتێکە لە لای ئەندازیاران جێگەی بایەخە، بۆیە ویستمان جگە لەوەی لەڕووی ئەکادیمی خزمەت بە ئەندازیاران دەکەین، لەڕووی  بەدەستهێنانی کار و پیشەی خۆیان هاوکاریان بین، ئێمە لە ئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکەین کە پەیوەندی لەگەڵ (HR)ـی کۆمپانیاکان ببەستین تاکو هەر هەلی کارێک هەبێت ڕاستەوخۆ لە ئەپڵیکەیشنەکەدا دایبنێین، جگە لەوەش خۆمان پێشنیاری باشترینەکان بکەین بۆ کۆمپانیاکان بە پشتبەستن بەوەی کە تا چەندێک بەشداربووان چالاک بوون لە بەشداریکردن لە کۆرسەکاندا.

نوچەنێت: تا ئێستا هیچ کۆمپانیایەک لەگەڵتاندا هاوکار و هەماهەنگە بۆ هەلی کارەکان؟

دارکۆ باباعەلی: لە ئێستادا چونکە کەمتر لە مانگێکە ئەپڵیکەیشنەکە بەردەست بووە، کەمێک کاتی زیاترمان پێویستە بۆ جێبەجێکردنی ئەو خاڵە، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بواری ئەندازیاری لە پەیوەندیی داین و لەکاتی بوونی هەر هەلی کارێک ئێمە یەکەم کەس دەبین کە بڵاوی بکەینەوە.

نوچەنێت: بۆچی پێتانوایە لە ماوەی کۆلێژ و دوای کۆلێژیش، ئەندازیاران پێویستیان بە کۆرسی زانستییە، ئایا ئەندازیارە نوێیەکان دوای دەرچوون هێشتا ئامادە نین بۆ بازاڕی کار؟

دارکۆ باباعەلی: پیشەی ئەندازیاری یەکێکە لەو بوارانەی کە زیاتر کردارییە و بەداخەوە لە زانکۆکاندا کەمتر گرنگی بە لایەنی کرداری دەدرێت، ئەوەی هەیە زیاتر تیۆرییە و خوێندکاران وەک پێویست ئامادە ناکرێن بۆ بازاڕی کار، هەروەها بواری ئەندازیاری لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی بەردەوامدایە کە پێویستە خوێندکاران و تەنانەت ئەندازیارانی بە ئەزموونیش بەردەوام خۆیان نوێ بکەنەوە. هەربۆیە گرنگە بەردەوام کۆرسی نوێ وەربگرن، تاکو سوود لە ئەزموونی کەسانی پێش خۆیان وەربگرن و لە پێشکەوتنی بوارەکە دوانەکەون.

نوچەنێت: نموونەی سەرکەوتوو هەیە کە کەسێک کاری دۆزیبێتەوە دوای تەواوکردنی کۆرسەکان؟

دارکۆ باباعەلی: لە ئێستادا چونکە کەمتر لە مانگێکە ئەپڵیکەیشنەکە بەردەست بووە، هێشتا بە تەواوی داتای دروستمان لەبەردەست نییە، بەڵام هەلی کاری نوێ دانراوە و پێشکەشکردنی سیڤییەکان دەستیپێکردووە.

نوچەنێت: بە گشتی ئەم پرۆژەیە چۆن یارمەتی پەرەپێدانی بواری ئەندازیاری لە کوردستان/عێراق دەدات؟

دارکۆ باباعەلی: بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی ئەندازیاران و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی کەسانی سەرکەوتوو، دەتوانین جیلێک لە ئەندازیارانی تازە بەرهەمبهێنین کە توانای داهێنانیان هەبێت و وابکەن تاکی کورد شانازی بە ئەندازیاری شار و وڵاتەکەی بکات، وە پەرە بە بواری ئەندازیاری بدەن لە کوردستان و عێراقدا، هەر لە دیزایینی ناوماڵەوە تا دیزایین و جێبەجێکردنی پرد و تونێل و سەرجەم پڕۆژە ئەندازیارییەکان.

نوچەنێت: چ پلانێکتان هەیە بۆ داهاتوو؟ ئایا تایبەتمەندی نوێ زیاد دەکەن؟

دارکۆ باباعەلی: ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە کۆرسەکانمان سەرجەم بوارەکانی ئەندازیاری بگرێتەوە و ئەندازیارانی کورد لە هەر بوارێکدا بیانەوێت بە زمانی شیرینی کوردی سوود لە بابەتە زانستییەکان ببین، هەربۆیە تا دەگەین بەو ئامانجە بەردەوام دەبین، وە لە قۆناغی دواتردا کار لەسەر ئەزموون و شارەزایی ئەندازیارانی بیانی دەکەین و ئاستی کۆرسەکان بەرزتر دەکەینەوە، بەجۆرێک لەلایەن ئەندازیارانی شارەزای دەرەوەی کوردستان بوترێنەوە. لەهەمان کاتدا ستافی تەکنۆلۆژیمان بەردەوام کار لەسەر ئەوە دەکەن تایبەتمەندی زیاتر و باشتر پێشکەشی فێرخوازان بکەن.

نوچەنێت: پێشبینی دەکەن بۆ ساڵانی داهاتوو لە ڕووی ژمارەی بەکارهێنەران و کۆرسەکانەوە، ئەم ئەپڵیکەشنە ببێتە هۆی بەشداری زیاتری فێرخوازان؟

دارکۆ باباعەلی: ئێمە دڵنیاین لەوەی ویستی فێربوون لەناو ئەندازیارانمان هەیە و بەو وزەیەوە کار دەکەین، لەهەمانکاتدا ئەو ڕێژە زۆرەی خۆتۆمارکردن و بەشداریکردنی ئەندازیاران لە کۆرسەکان لەکاتێکدا تەنها  (20) ڕۆژێک دەبێت کە ئەپڵیکەیشنەکە بەردەست بووە، وزەیەکی زۆرە بۆ ئێمە تاکو بەردەوام بین و ئومێدی زۆر زیاترمان هەیە.

پێشبینی دەکەین تا ساڵی نوێ ژمارەی ئەو ئەندازیارانەی خۆیان تۆمار دەکەن بگاتە سەروو (10) هەزار ئەندازیار، کە ئەمەش بۆخۆی ئەپڵیکەیشنەکە دەکاتە ئەکادیمیایەکی ئەندازیاری.

نوچەنێت: چ پەیامێکتان هەیە بۆ ئەو ئەندازیارانەی هێشتا ئەپڵیکەیشنەکەیان بەکارنەهێناوە؟

دارکۆ باباعەلی: ئێمە داوا لە سەرجەم ئەندازیاران دەکەین لە ئەپڵیکەیشنەکەدا خۆیان تۆمار بکەن، چونکە بە چونە ناو ئەپڵیکەیشنەکە جگە لە بەشداریکردن لە کۆرسەکان، دەرفەتی هەلی کاری تازەیان دەبێت و سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزاریەکانمان.

نوچەنێت: لە ئێستادا ئەپڵیکەیشنەکە لەسەر چ سیستەمێک بەردەستە؟ iOS, Android یان هەردووکیان؟

دارکۆ باباعەلی: بێگوومان ئەپڵیکەیشنەکە بۆ هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و ئایفۆن بەردەستە.

نوچەنێت: چۆن خەڵک دەتوانن دایبەزێنن و بەشداری کۆرسەکان بکەن؟

دارکۆ باباعەلی: هەر لەڕێگەی ئەپستۆر و پلەی ستۆر بە نوسینی  (Binasaz)، دەتوانن ئەپڵیکەیشنەکە دابەزێنن و دوای ئەوەی هەژمارێکیان دروستکرد دەتوانن کۆرسی دڵخوازی خۆیان بدۆزنەوە و بە چەند کلیکێک داوای کۆرسەکە بکەن و سوود لە خزمەتگوزاریەکانمان ببین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین