نەزیهە دلێمی یەکەم وەزیری ژن لە عێراق دیمانە و راپۆرت

تایبەت بە نوچەنێت:

نەزیهە وەک یەکەم ژن لە عێراق بە زیرەکی و لێهاتووی خۆی دەرگای لەبەردەم ژنانی جیهان بە گشتی و عێراق بە تایبەتی واڵا کرد بۆ گەیشتن بە پۆست و پلەی باڵا.

دکتۆر نەزیهە جەودەت عەشق دلێمی، یەکەم وەزیری ژن بوو  لە عێراق، کەسایەتییەکی دیاری نێو کۆمەڵگا بووە، یەکێک بوو لە ژنە هەرە پێشەنگەکانی بزووتنەوەی فێمێنیزم و چالاکوانی مافەکانی ژنان،  جگە لەوانەش وەکو یەکەم ژن کاری کردووە بۆ هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عێراق.

لە خێزانێکی مامناوەند لە (1923) لە بەغدا لە دایکبووە، باوکی  کارمەندێکی سادەبووە، کە لە شەش خوشک و برا پێکهاتبوون، خۆی کچی گەورەی خێزانەکەی بووە.

دوای ئەوەی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی تەواودەکات دەبێتە خوێندکار لە بەشی تەندروستی، واتە خوێندکاری کۆلێژی شاهانەی پزیشکی بووە دواتر بڕوانامەی پزیشکی بەدەستهێناوە، دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی پەیوەندی بە حیزبی شیوعی عێراقییەوە دەکات، و لە (1948) دەبێتە ئەندامى حیزبی شیوعیی عێراق.

کەسایەتی نەزیهە لە هەموو ژنە دیارەکانی کۆمەڵگا جیاواز بوو، بەهۆی ئەو هۆشیاریى و هەستی نیشتیمانپەروەرییەکەی و ئەو چالاکییەکیانەی کە ئەنجامى دەدا، بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی ژنانی کرێکار و هەژار بڕیاریدا ناوەندی بنبڕکردنی نەخوێندەواری دابمەزرێنێت، کە لە راگەیاندنی هەڵمەتێکدا نزیکەی (20) قوتابخانەی سەرەتایی لە خۆ گرتبوو. لە درێژەی چالاکییەکانی گۆڤارێکی دەرکرد بەناوەندی (رزگاری ژن)، کە بابەتەکانی تایبەت بوون بە بارودۆخی ژنان و بۆ داواکردی ئازادی و بەدەستهێنانی مافەکانیان. هەروەها لە گۆڤارى (تەندروستی ژنانی عێراقی) دەنووسى، دەربارەی بارودۆخی ژنانی لادێ ئەوانەی بەدەست هەژاری و نەخوێندەوارییەوە دەناڵێنن.

نەزیهە کۆمەڵەیەکی گەورەی ژنانی پێکهێنا و داواکارییەکی پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆ کرد تاکو یارمەتی بدەن لە دامەزراندنی کۆمەڵەی نیشتیمانی ژنان بەناوی (جمعیة تحریر المرآة) (کۆمەڵەی رزگاری ژنان)، بە ئامانجی کارکردن بۆ بەدەستهێنانەوەی مافەکانی ژنان و پاراستنی منداڵان، بەڵام دوای مانگێک لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ رەتکردنەوەی داواکارییەکەی پێگەیشت بەهۆکاری ئەوەی ئەندامی حزبی شیوعی بوو.

هەروەها ئەو پزیشکە چەندین بابەتى نووسیوە لە گۆڤاری (رزگاری ژنان) بە ژنان دەردەچوون.

نەزیهە لەگەڵ کۆمەڵەی ژنانى عێراق بەشدارى زۆربەی کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکانی کردووە وەک:

1- کۆنفڕانسی پاکستان لە (25)ی ئازاری (1952)

2- کۆنفڕانسی ڤیەننا لە (20-12) کانوونی یەکەمی (1952)

جگە لەوانەش لە (1954)، کۆمەڵە کۆنفڕانسێکی ئەنجامدا کە خۆی سەرکردایەتی دەکرد بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمەڵەی ژنان لە سەرتاسەری عێراقدا.

ئەو پزیشکە جگە لەوەی بە چالاکییەکانی لە بواری ژنان و نیشتمانپەروەرییەکەی زۆر ناسراوبوو، هەوڵی ئەوەشی دەدا کە پرسی ژن بکات بە بەشێک لە پرسی گەل، یەکێکی تر لە کارەکانی گرنگەکانی، بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراقیی ژمارە (188ی ساڵی 1959) کارى زۆرى کردووە

عەبدولکەریم قاسم، سەرۆکی پێشووی عێراق، نەزیهەی کاندید کرد بۆ هەڵبژاردنی وەزیری شارەوانی، پاشان وەک یەکەم وەزیری ژن لە جیهانی عەرەبیدا دیاریکرا.

بەڵام مانەوەی نەزیهە لەو پۆستەدا زۆری نەخایاند، کاتێک لە (1963) کودەتا بەسەر حکومەتی عەبدولکەریم قاسم کرا و نەزیهەش سەر بەو دەسەڵاتە بوو، دژایەتییەکی زۆری کرا و لادرا لە پۆستەکەی، چونکە ئەندامی شۆڕشی (14)ی تەمموز بوو بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام دواتر بڕیارەکەی گۆڕا بۆ زیندانی هەتاهەتایی و لەبەر ئەم هۆکارەش  وڵاتی جێهێشت، بەڵام لە (1967) بە بێدەنگی دەگەڕێتەوە زێد و خاکەکەی و خۆی حەشار دەدا.

لە دوای (17)ی تەمموزی (1968) کە رژێمی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست وەک هاوسۆزیی بۆ هێزە نەتەوەییەکان و دیموکراسییەکان، چەند یاسایەکی دەرکرد، یەک لەوانە لێبووردنی زیندانیانی سیاسی لە (5/9/1968)، بە مەبەستی گەڕانەوەی ئەو کەسانەی کە لە ڕووی سیاسییەوە دوورخراونەتەوە بگەڕێندرێنەوە بۆ سەر کارەکانیان. ئەم لێبووردنە گشتییە نەزیهەشی گرتەوە و بەمەش توانی بگەڕێتەوە بۆ کاری گشتی خۆی.

دەستی بە کار و چالاکییەکانی کردەوە بۆ ئەو مەبەستە لە (1987) سەرۆکایەتی شاندی کۆمەڵەی ژنانی عیراقی کرد بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی یەکێتی ژنانی دیموکراسی نێودەوڵەتی کرد لە مۆسکۆ.

لە ئازاری (2002) جەڵتەی مێشک لێی دەدات لە شاری پۆتسدامی وڵاتی ئەڵمانیا و بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەدەست نەخۆشی ناڵاندى و لە (9/10/2007) کۆچی دواییکرد.

ئا: هێما جەبار

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین