ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئێران: گۆڕانکاریمان لە یاسای حیجابدا کرد دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند: هاتووچۆی پۆلیسی ئاکارمان لە ناو شارەکاندا لابرد، سزای پێ بژاردنمان بۆ ئەو ئافرەتانە داناوە کە ڕەچاوی باڵاپۆشی ئیسلامی ناکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (10/ئازار/2024) سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵێنەوەی پەرلەمانی ئێران بە میدیاکانی ڕاگەیاند: سەبارەت بە پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای حیجاب، پەرلەمان لە دووەم ڕێکاری خۆیدا بڕیاریدا، کە لە جیاتی دەستگیرکردنی ئەو ئافرەتانەی حیجاب ناکەن، سزای پێبژاردنیان وەک جێگرەوە داناوە.

پۆلیسی ئاکار، بەشێکە لە پۆلیسی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ناویان پۆلیسی (الامر بالمعروف والنهی بلمنکر)ە. کاری ئەم بەشەی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەستگیرکردنی ئەو ئافرەتانەیە کە ڕەچاوی باڵاپۆشی تەواوی ئیسلامی ناکەن.

بابەک نگاهداری، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران، سەبارەت بە پڕۆژە یاسای حیجاب، گوتی: پەرلەمان بڕیاریداوە کە ئیتر پێویست ناکات پۆلیسی ئەخلاق ئافرەتان لەسەر ڕەچاو نەکردنی یاسای حیجاب دەستگیربکەن، بەڵکو لە جیاتی ئەوە دەستنیشانی دەکەن بۆ ئەوەی سزای پێبژاردنی لەسەر جێبەجێبکەن.

سەبارەت بە ئامانجی دەرکردنی ئەم بڕیارە ئەم کاربەدەستەی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە، بەو ئامانجەیە کە ئەو وێنە نادروستانەوی لە ئەنجامی مشتومڕی نێوان ئافرەتانی بێ حیجاب و پۆلیسی ئاکار دروست دەبوو لە شوێنە گشتییەکان نەمێنێت.

ساڵی 2022، پۆلیسی ئەخلاق لە ئێران، کچە کوردێکی گەنجی بە ناوی ژینا ئەمینی، بە پاساوی ئەوەی کە ڕەچاوی باڵاپۆشی تەواوی ئیسلامی نەکردووە، کوشت. کوشتنی ژینا بووە هۆکاری دروستبوونی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران، کە سەدان کەسی تێدا کوژرا و هەزاران کەس لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی ئێران خرانە زیندان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین