خانمە چالاکوانێک جلی کوردی سەرجەم ناوچە و پارچەکانی کوردستان کۆدەکاتەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

خانمێکی چالاک و ژیان دۆستە، هەمیشە لاپەڕەی فەیس بوکەکەی پڕە لە وێنەی دانیشتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە ژنە هاوڕێکانی، بە زمانێكی پاراوی کوردی شێوەزاری هەولێر قسەدەکات. کار لەسەر کۆکردنەوەی جلوبەرگی هەموو ناوچەو پارچەکانی کوردستان دەکات. تا ئێستا 800 دەست جلی کوردی هەموو ناوچەو پارچەکانی کوردستانی کۆکردووەتەوە.

گوڵێ، خەڵكی گەڕەکی سەیداوەی شاری هەولێرە. دایکی دووکوڕ و کچێکە، کاری فەرمانبەری دەکات. هاوکات سەرپەرشتی گروپێکی ئافرەتان دەکات. سەبارەت بە کاری کۆکردنەوەی جلوبەرگی فۆلکلۆر و سەردەمی کوردی گوڵێ دەڵێت" لە منداڵییەوە حەزم لە جلک و بەرگی خۆمانەیە، وای دەبینم جلکی خۆمانە بە تایبەتی هی ژنان جوانترین جلکی دنیایە، جلکی ژنانی کورد لێکچوون و جیاوازییان هەیە، بەڵام بە گشتی لێکچوونیان لە جیاوازییان پترە، هەموویان جوان و سەرنجڕاکێشن، هەر یەکیان جوانیی تایبەتیی خۆیان هەیە، لۆیە حەزدەکەم هی هەموو ناوچەکانی کوردستان کۆبکەمەوە".

ئاڵوواڵا و جوانی جلی کوردی، وایکردووە لە هەموو سەردەم و بۆنە و کاتی ئاساییشدا لەبەر بکرێت. جلی کوردی ڕەنگاوڕەنگی و جوانییەکەی لە سرووشتی کوردستانەوە وەرگرتووە. ئەمە وایکردووە زۆربەی خانمان بیانەوێ دیزاین و شێوازە ڕەسەنەکەی بپارێزن، گوڵێ یەک لەو ژنانەیە، کە ئامانجی ئەوەیە جلی ڕەسەنی کوردی بپارێزرێت و نەوە بۆ نەوە بمێنێتەوە" کۆکردنەوەی جلکوبەرگی کوردی، لای من بەر لە هەر شتێک حەزە، خووە. پاراستنیشی پێویستە، پێویستە بیپاریزین و نەهێڵین لەناوبچن، پێشانی نەوەکانی دوای خۆمانیان بدەین".

ئایا گوڵێ زیاتر گرنگی بە هەڵگرتن و کۆکردنەوەی جلی کام ناوچەی کوردستان داوە؟ گوتی"هی زۆربەی ناوچەکانی کوردستانن، هەر لە دەشتی هەولێرەوە تا موکریان، لە شارەزوور و هەورەمانەوە، لە بادینان و باکووری کوردستانەوە".

ئایا بە چێ میکانیزمێک ئەم جلانەی کۆکردووەتەوە یان کەس هاوکاری بووە، گوڵێ باس لە هاوکاری هاوڕێکانی دەکات"  بۆ کۆکردنەوەیان زۆر پێیانەوە ماندووبووم و دەبم، هەندێکیانم کڕیوە، هەندێکیانم لە کەسوکار و هاوڕێیانم وەگرتووە، بەڵی هەندێ هاوڕی زۆر هاوکارییان کردووم، تەلەڤزیۆنی رەسەنیش شوێنێکی بۆ دابێنکردووم و هاوکاریی کردووم".

گوڵێ هاوسەری کەرم کاکەی نوسەرە، سەبارەت بە پاڵپشتی هاوسەرەکەی بۆ ئەو دەڵێت" ئەو مەعنەوییەن هاوکارم بووە، بەڵام بۆ پاڵپشتی من زیاتر هاوکارم بۆ ئەوەی کەشێکی وای بۆ دروست بکەم بتوانێت بنووسێت. ئەو سەرقاڵی کاری نووسینەو بە کردەیی نەیتوانیوە هاوکارم بێت".

گوڵێ وێڕای کۆکردنەوەی جلوبەرگی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، ئارەزوودەکات لە داهاتوودا لە پێشانگەیەک نمایشیان بکات. 

هەرەوها زۆرجار لە چالاکی و بۆنەی قوتابیان سوود لەو جلانە وەردەگرن کە گوڵێ کۆکردۆنەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین