ئاوارە تەها: ئەو خانمانەی لە گروپەکەی ئێمەدان سودی زۆری تەندروستی و دەروونییان بینیوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

لە ساڵی 2001 وە سەرقاڵی وەرزشی جۆراوجۆرە، لە ساڵی 2010وە وەکو ڕاهێنەری وەرزشی ڕاهێنان بە خانمان دەکات. سەرپەرشتیاری گروپێکی 650کەسی پیادەڕەوی خانمانە. ڕایوایە، خەریکە وەرزش دەبێتە کلتور لە کۆمەڵگەی ئێمەدا.

ئاوارە تەها، خانمە وەرزشوانێکی کارامەیە، یەکەم کەسە کە گروپی شاخڕەوی خانمانی لە سلێـمانی دروستکرد. ئەو دەڵێت، بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر توانیم ئەو گروپە لە خانمان دروستبکەم کە متمانەیان بە خۆیان بێت و بتوانن پیادەڕەوی بکەن. ئەم هەوڵەم ساڵانێکی خایاند.

مامۆستا ئاوارە، لە ڕۆژانی هەفتەدا ڕاهێنەری وەرزشییە لە هۆڵێكی وەرزشی خانمان، لە هەفتەدا ڕۆژێک گەشتی شاخەوانییان هەیە. ئەو دەڵێت: لە سەرەتادا وەرزش تەنیا خولیایەک بۆ من بەڵام ئێستا ڕاهێنەری نێودەوڵەتیم.

سەبارەت بە بیرۆکەی دروستکردنی گروپی شاخڕەوی خانمان، مامۆستا ئاوارە گوتی" لە ساڵی 2007 گەشتێکم بۆ وڵاتی ئێران کرد. خۆم بەردەوام وەکو یاریزان کارم دەکرد، ئارەزووی گەشتی وەرزشیم هەبوو، لەوێ بینیم گروپە شاخڕەوییەکان زۆرن چێژ و جوڵەیەکی لەشی و دەروونی باشی هەیە، بۆیە بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات کە گەڕامەوە منیش گروپێکی شاخڕەوی دابمەزرێنم".

وەرزشکردن و جوڵە جەستەییەکان، بەپێی ڕای زۆربەی پسپۆڕانی تەندروستی و دەروونی، کاریگەری گەورەی لەسەر  شێوەژیانی مرۆڤ هەیە. تا گەیشتە ئەوەی کە وەرزشی (زومبا) کە تێکەڵکردنی سەما و جوڵە وەرزشییەکانە وەکو چارەسەری بەشێک لە نەخۆشی دابنرێت.

مامۆستا ئاوارە سەبارەت بە جۆری ڕاهێنانە وەرزشییەکانی بۆ خانمان ، ئەوە دەخاتەڕوو کە" لە تەمەنی 4 تا 70 ساڵی لە ڕاهێنانە جۆراوجۆرە وەرزشییەکانم بەشدارن، سودی زۆری جەستەیی و تەندروستییان بینیوە. لە ڕاهێنانەکانمدا هەرجارەو چالاکییەکیەکی وەرزشی زیاد دەکەم وەکو، ڕاهێنانی مەلەوانی، لەش ڕێکی، ڕێکی، شاخەوانی، ئایرۆبیک، زومبا، بالە و پێشبڕکێ، ئەوە وادەکات کەس لە وەرزشکردن بێزار نەبێت".

مامۆستا ئاوارە ئێستا لە شاری سلێمانی، هۆڵێکی تایبەت بە وەرزشکردنی خانمانی داناوە، کە 650 خانم لە گروپە وەرزشییەکەیدا بەشدارن. سەبارەت بە وەرزشی شاخڕەوی دەڵێت" لە هەفەتدا ڕؤژێک گەشتمان هەیە. ئەندامەکان بەپێی دەرفەتی خۆیان بەشدار دەبن، لە چالاکی شاخڕەویدا 80-120 کەس بە پێی دەرفەتی خۆیان بەشدار دەبن. ئەندامان چێژی زۆر لە پیادەڕەوی وەردەگرن و دەڵێن کە چالاکی و جوڵەی جەستەییان زیادیکردووە. بەهۆی ئەم سودەوە ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی ئەندامان زیاد دەکات".

لەبارەی مانەوەیان بە شەوان لە دەرەوە، مامۆستا ئاوارە جەخت لەوەدەکاتەوە" شەوان خانمان دەرفەتی ئەوەیان نییە، مانەوەی شەو پێویست و گرنگیش نییە، بۆیە ئێمە تەنیا لە ڕۆژدا چالاکی شاخڕەوی ئەنجام دەدەین".

ئاوارە تەها، لە بارەی بە کلتوربوونی وەرزش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەڵێت" ئامانجمان لە وەرزشکردن بە هەموو جۆرەکانییەوە، لەشێكی تەندروست، دەرونێكی ئاسودە و توانایەكی باش و جەستەیەكی تەندروست بگەڕێنیەوە بۆ خانمان، كە لە ئێستادا كۆمەڵگەی كوردی بە كۆمەڵێك گرفتی تەندروستییەوە دەناڵێنێت، وەك شەكرە، گوشاری خوێن، شێر پەنجەو نەخۆشییە دەروونییەكانیش زیادی كردوە بەهۆی كەمی جوڵەو خواردنی ناتەندروستەوە. ئەندامان بەگشتی هەست بە سودە تەندروستی و دەروونییەکان دەکەن، بۆیە خەریکە وەرزشکردن دەبێتە کلتور لە کۆمەڵگەی ئێمە". 

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا هیچ پاڵپشتتیەکیان هەیە، مامۆستا ئاوارە گوتی "هیچ پاڵپشتییەکمان بۆ ئەم مەبەستە نییە، ئەوەی ئەنجامی دەدەین لە سەر ئەرکی ئەندامانە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین