ژنان ماڵەكانیان دەكەنە بازاڕی ئۆنڵاین تەندرووستی و ستایل

نوچە نێت:

ئا: چرا كوردستانی

لە ماوەی ساڵانی دواییدا، بازاڕی ئۆنڵاین بووەتە یەکێک لە بەشە گرنگەکانی ژیانی ڕۆژانە، بە تایبەتی بۆ خانمان کە زۆربەیان ئەرکی کاروباری ماڵ و منداڵداری و کاری دەرەوەش هەڵدەگرن. پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێت و مۆبایلی زیرەک، ڕێگاخۆشکەر بووە بۆ ئەوەی خانمان بەبێ پێویستی چوونە بازاڕی ئاسایی، ببن بە خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆیان ولە بەرامبەریشدا، کاڵا و پێداویستییەکانی خۆیان و خێزانەکانیان دابین بکەن.

سەبارەت بە داهات و پیشەی تاكە كەسی، شادی حەسەن، کە لە بازاڕی ئۆنڵایندا کاری کتێب فرۆشتن دەکات، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نووچەنێتی ڕاگەیاند، بازاڕی ئۆنلاین لە ئێستادا بە خێرایی لە گەشەسەندندایە، چونکە خەڵک زیاتر متمانە بەو  کڕینە دەکەن و کاتیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەڵێت، "وەک خانمێک، ئەم بازارە دەرفەتێکی زێڕینی پێبەخشیم کە ببمە خاوەنکاری خۆم، پەرە بە خولیاکەم (کتێب) بدەم و لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆ بم".

زیاتر گووتیشی، لە ڕووی هاوسەنگی لە نێوان ژیانی تایبەت و کاردا،  "گەورەترین سوود ئەوە بووە کە دەتوانم لە ناو ماڵەوە یان لە هەر شوێنێکی تر بێت کارەکانم بەڕێوەببەم، ئەمەش یارمەتیدام هاوسەنگییەکی تەواو لە نێوان ئەرکە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانم و خەونە پیشەییەکانمدا دروست بکەم. کارکردنی ئۆنلاین پارێزگاری و ئاسوودەییەکی زیاتری پێبەخشیم و یارمەتیدام بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی هەندێک لە بەربەستە دەرەکییەکانی بازاڕی تەقلیدی، پەیام و کارەکەم بە سەرکەوتوویی بگەیەنم."

لە بواری دیزاینی پۆشاک و خشڵی کوردییەوە، شێنی کوردی، بە نووچەنێتی ڕاگەیاند "بوارەكەی من، یەكێكە لەو بوارانەی لە ئۆنڵایندا زۆر بەربڵاوە و دەرفەتی نمایشكردن و فرۆشتنی بەرهەمەكانیش لە ئۆنڵایندا زۆر باشن ئۆنڵاین زۆر زۆر بۆ بواری كارەكەی من گونجاو و بەسوودە و تاكە ڕێگەی كاردنی من بووە لەم بوارەی خۆمدا وەك بازاڕێكیش سوودم لێ بینیوە  بۆ كارەكەم نەك بۆ ژیانی تایبەتیم"، ئەگەرچی "وەكو داهات تا ڕادەیەكی كەمتر پشتی پێدەبەستم و سەرچاوەی سەرەكی داهاتم نییە، بەڵام سوودی خۆشی بۆم هەبووە کە وایکردوە ئاسانتر بتوانم بە کارەکەم  ڕابگەم."

لە بازاڕی ئۆنلاین پێویستت بە سەرمایەكی زۆر نییە، هەروەك شادی حەسەن ئاماژەی پێكرد، لەبری خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ کرێی دوکان و تێچووی جێگیر، "توانیم ئەو سەرمایەیە بخەمە سەر کڕینی کتێبی جۆراوجۆر و بۆ کڕیاران، ئۆنلاین دەرفەتم پێ دەدات لە هەر کات و شوێنێکدا بێت وەڵامی کڕیاران بدەمەوە، ڕاوێژیان پێ بکەم و پڕۆسەی کڕین و گەیاندنیان بۆ ئاسان بکات". هاوکات وایکردووە بگەم بە زۆرترین خوێنەر بازاڕی ئۆنلاین سنوورە جوگرافییەکان دەبەزێنێت، لە ڕێگەی پەیجەکانمەوە دەتوانم بگەمە خوێنەرانی  کتێب لە تەواوی شار و شارۆچکەکان، نەک تەنها ناوچەیەکی دیاریکراو

یوسرا موحەمەد، ئافرەتێكی دیكە، كە كاری دەستی لە پەیجەكەی دەفرۆشێت، لە بارەی هاتنەناو بازاڕی ئۆنڵایندا گووتی، "ئەو کاتەی من بڕیاری ئەوەمدا دەست بە کارکردن بکەم، لە زانکۆ بووم و نەمدەتوانی کاری دیکە بکەم لە دەرەوە و ماڵەوەشمان ڕازی نەبوون لە شوێنێکی ئەهلی و جیاواز لەبواری خوێندن کار بکەم"، بۆیە بڕیارمدا لە ماڵەوە دەست پێ بکەم و ئەمەش وایکرد بازاڕی ئۆنڵاین بۆم ببێت بە باشترین بژاردە، تاوەکو دەست بکەم بە کاری خۆم و ببمە خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆم.

 باسی لەوەش کرد، کە ماوەی چوار ساڵ زیاترە کاری ئۆنلاین دەکات و دەڵێت، " سوپاس بۆ خوا کە هەر لەیەکەم رۆژەوە پێشوازیەکی باش کرا لەو هونەرە تازەیە بەهۆی ئەوەی وردەکاری زۆرەو دەگمەنترو تاقەتێکی زۆری ئەوێ بۆ دروست کردن"، هاوكات ئاشكرای دەكات كە بازاڕی ئۆنڵاین لە ژیانی ئەودا زۆر ئاسانکاری بۆ کردوو و دەشڵێت، "زۆر کەسی باشم ناسیووە لە ڕێگەی ئیشەکەم زۆر هەل و ناویی باشیشم بۆ دروست بووە سوپاس بۆ خوا."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین