رۆژنامەی شەرق ئەوسەت: ئێران لە بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان هەڵەی نەكردووە کوردستانی

نوچه‌نێت

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئەمڕۆ لە راپۆرتێكدا باس بەردەوامبوونی تووڕەیی لایەنە شیعەكانی عێراق لە بەرزكردنەوەی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە تاران دەکات و دەشڵێ‌، "ئێران لە بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان هەڵەی نەكردووە بەڵكو چەندان مەبەستی هەبووە".

لە كاتی پێشوازیكردن لە نێچیرڤان بارزانی لە تاران بە ئەنقەست ئاڵای عێراق هەڵنەكراوە

 

راپۆرتەكەی شەرق ئەوسەت كە ئەمڕۆ یەكشەممە هەشتی ئاب بڵاوكراوەتەوە، باس لە بەردەوامبوونی ناڕەزایی لایەنە شیعەكان و چەند بەرپرسێكی عێراقی دەكات و دەڵێ‌، "سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر رووداوەكە و روونكردنەوەی ئێران لەسەر بابەتەكە، كەچی سەرنج و رەخنەی عێراقییەكان نەوەستاوە، زۆربەیان گلەییەكە دەخەنە ئەستۆی دەسەڵاتی عێراقی، گوایە پێیانوایە ئەو دەسەڵاتە هیچی وەهای نەكردووە ناوبانگی وڵاتەكەی بپارێزێت".
لەبەشێكی تری راپۆرتەكە شەرق ئەوسەت دەڵێ‌، “هەرچەندە زۆربەی عەرەبە عێراقییەكان درك بەوە دەكەن كە نزیكەی 30 ساڵە هەرێمی كوردستان نیمچە سەربەخۆییە، كەچی ئەوان رازی نابن بەوەی  لە دەرەوە وەك هەرێم و دەوڵەتێكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكرێت”.
سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمی حكومەتی عێراق، رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئاماژە بۆ ئەوە دەكات وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەسەر رووداوەكە بێدەنگە چونكە بیانووی ئەوەی هەیە ئەو شاندە عێراقییەی سەردانی تارانی كردووە لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی بووە و لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە نەبووە.

ئێران دەوڵەتێكی خاوەن دامەزراوەیە هەڵە ناكات
 


لە راپۆرتەكەی شەرق ئەوسەت چەندان جار دووپاتی ئەوە دەكرێتەوە، ناكرێت ئێران كە خاوەن چەندان دامەزراوەیە "هەڵەی پرۆتۆكۆڵی" بكات، بۆیە پێیوایە ئامانجێكی سیاسی لەپشت ئەوە بووە نەوەك ئەو "هەڵە"یەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی دەكات، بەڵام ئێران ئامانجی لەم بابەتە چییە؟ ئیحسان شەمەری سەرۆكی سەنتەری بیركردنەوەی سیاسی عێراقی لە لێدوانێكی بۆ شەرق ئەوسەت روونی كردووەتەوە، یەكێك لە پەیامەكان نیشاندانی مەرایی "موجامەلە" بووە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەم پارتە كوردییە پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئەمریكا هەیە، دووەمیان بە بڕوای ئیحسان ئەوەیە ئێران هاوسۆزی بۆ كوردەكان نیشان دەدات، بە تایبەتی لە ناوخۆن ئێران نایەوێ‌ وەك ناوچەی "ئەهواز" خۆپیشاندان بكەن، بۆیە ئەمە وەك جۆرێك لە دامركاندنەوەیە.

ئیحسان شەمەری:
ئێران دەیەوێ‌ هاوسۆزی بۆ كورد نیشان بدات


ئیحسان شەمەری دووپاتی دەكاتەوە ئێران دەوڵەتێكە دامەزراوەی هەیە و ناكەوێتە هەڵەی پرۆتۆكۆڵی، بۆیە لادانی ئاڵای عێراق لە كاتی پێشوازیكردنی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەبەستەدار بووە و چەندان ئامانجی لە داوەوە بووە.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی ئێران، بەشداری لەرێوڕەسمی دەستبەكاربوونی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆكی ئێران كرد. لە كاتی گەیشتنی لە فڕۆكەخانەی ئێران ئاڵای هەرێمی كوردستان و ئێران بە یەكەوە هەڵكران. ئەمەیش لایەنە شیعەكانی عێراقی توڕە كرد و بۆیە رۆژی هەینی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونكردنەوەی دا و گوتی، "ئەمە هەڵەیەكی پڕۆتۆكۆلی بووە".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین