سەرۆك نێچیرڤان بارزانی چۆن بووە هۆی بەردەوامبوونی دانوستاندنەكانی تاران و واشنتن؟! کوردستانی

نوچە نێت:

ماڵپەرێکی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، لە کاتی ئاڵۆزبوونی دانوستاندنەکاندا و نەمانی پەیوەندی لەنێوان واشنتن و تاراندا، ئیدارەی ئەمریکا پەنای بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بردووە بۆ ئەوەی نێوەنگیرییان لەنێواندا بکات، بەهۆی ئەوەی لە هەردوولاوە متمانەی تەواوی پێ دەکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە (2026/08/16) ماڵپەری ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا زانیاری دەربارەی ئەو پرسە خستەڕوو و باسی لەوە کرد، لە ناوەڕاستی مانگی ئایار، کاتێک دانوستاندکارانی ئەمریکا هەوڵیان دەدا لەگەڵ ئێران بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بوونەوە، ئەویش دڵنیانەبوون بوو، لەوەی کە بەرپرسە ئێرانییەکان کە گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن، نوێنەرایەتیی قسەی سوپای پاسدارانیشن یاخود نا.

وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تیمی دانوستانکاری ئێرانیان پشتگوێ خست و ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سەرکردایەتیی سوپای پاسدارانەوە کرد. ئەو کەسەی کە بۆ ئەم کارە نهێنییە وەک کەناڵێکی متمانەپێکراوی پەیامگۆڕینەوە هەڵیانبژارد، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بوو. لە ستایشکردن بەسەر ڕۆڵیی نێچیرڤان بارزانی لە ڕاپۆرتەکە بەو شێوازە باسکراوە: "سەرکردەیەک کە خاوەنی شتێکە کەم کەس هەیەتی، متمانەی سەرکردایەتیی ئەمریکا و سوپای پاسداران".

هاوکات ماڵپەری ئەکسیۆس ئاماژەی بەوە کرد، ئەم ڕووداوە یەکەم جارە لە میدیاکاندا باس بکرێت، ئەوەشی ئاشکراکرد کە کێشەی سەرەکیی ئیدارەی ترەمپ ئێستا و لە هەر دانوستاندنێکی داهاتوودا ئەوەیە، دڵنیانییە لەوەی کە قسە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە بڕیاری کۆتایی دەدەن و بڕیار بەدەستن یاخود نا؛ بۆیە ئەمەش پێویستی بە دۆزینەوەی نێوەندگیرێک هەیە کە هەم کۆشکی سپی و هەم ئێران متمانەیان پێی هەبێت.

وەک ئەم ماڵپەرە باسی لێوە دەکات، کۆشکی سپی درکی بەوە کرد کە پێویستی بە کەناڵێکی نهێنییە بۆ گەیشتن بە سەرکردایەتیی سوپای پاسداران. بۆیە لە دەورەبەری (10)ـی ئایاردا، توڵسی گابارد کە ئەوکات بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتیمانی بوو، پەیوەندیی بە نێچیرڤان بارزانییەوە کرد. بەگوێرەی دوو سەرچاوەی ئاگادار لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، گابارد بە بارزانی گوتووە، ئیدارەی ئەمریکا پێیوایە ئەو دەتوانێت یارمەتییان بدات بۆ پەیوەندیکردن بە جەنەڕاڵ ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسدارانەوە.

بە گوتەی ئەم دوو سەرچاوەیە، گابارد بۆ سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ڕوونکردووەتەوە کە ئەو بە ڕەزامەندیی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک پەیوەندیی پێوە کردووە؛ کە کۆشکی سپی ویستووییەتی بزانێت ئایا وەحیدی و سەرکردایەتیی سوپای پاسداران لەگەڵ ئەو شتانە هاوڕان کە قالیباف و عێراقچی دەڵێن، یاخود بیرۆکە و داواکاریی دیکەیان هەیە.

ڕاپۆرتەکە ئەوەی خستەڕوو و دەڵێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی داواکارییەکەی گاباردی قبووڵ کرد و پەیوەندیی بە سەرکردەکانی سوپای پاسدارانەوە کرد و ڕایگەیاندووە کە پەیامێکی لە ئیدارەی ترەمپەوە پێیە. بەگوێرەی سەرچاوەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە و گوتوویەتی، "دەمەوێت ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەنەڕاڵ وەحیدی قسە بکەم". و لە بەرامبەردا ئێرانییەکان داواکەیان قبووڵ کردووە.

لەو بارەیەوە، ڕۆژی (14)ـی ئایار، بەرپرسێکی سوپای پاسداران گەیشتۆتە نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێری پایتەخت و مۆبایلێکی کۆدکراوی پێبووە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی پارێزراو و سەلامەت لەگەڵ جەنەڕاڵ وەحیدی ئەنجام بدرێت.

لە ڕاپۆرتەکەی ئەکسیۆسدا هاتووە و ئاشکرای کرد کە، نێچیرڤان بارزانی لە وەحیدی پرسیوە ئایا لەگەڵ دانوستاندنکارانی ئێران هاوڕایە؟، جەنەراڵە ئێرانییەکە بە بەڵی وەڵامی داوەتەوە. هاوکات سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بەرامبەردا وەحیدی ڕایگەیاندووە، من بەتەواوی پاڵپشتییان دەکەم و ئەمە هەڵوێستی سوپای پاسدارانیشە، ئێمە پێمان باشترە ئەم قەیرانە لە ڕێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکەین.

ئەکسیۆش ئەوەشی خستەڕوو، کە سێ سەرچاوە لەنێویاندا بەرپرسێکی کۆشکی سپی پێیانی ڕاگەیاندووە، ڕاستەوخۆ دوای گفتوگۆکەی لەگەڵ وەحیدی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیوەندیی بە گاباردەوە کردووە و زانیاریی لەسەر وەڵامی ئێران پێداوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، دوای ئەوە، ئیدارەی سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی دیکەی خستەڕوو، ئەمریکا ویستوویەتی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر میوانداریی گفتوگۆیەکی نهێنی بکات لەنێوان گەورە دانوستاندنکارانی ئەمریکا و ئێران.

هەر لەم بارەیەوە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جارێکی دیکە لەگەڵ ئێرانییەکان قسەی کرد و پەیامەکەی گەیاندووە، ئێرانییەکان پێشنیازەکەیان بەلاوە پەسەند بووە، بەڵام نیگەران بوون لە ئاسایشی خۆیان، ئەوان پێیانوابووە هەواڵگریی ئیسرائیل پێگەیەکی بەهێزی لە هەرێمی کوردستان هەیە و دەکرێت لە هەولێر، یان لە کاتی گەشتکردنیان بۆ ئەوێ و گەڕانەوەیان هەوڵی تیرۆرکردنیان بدەن، بەهۆی ئەمەوە کۆبوونەوەکەی هەولێر هەرگیز بەڕێوەنەچووە.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە و ئاشکرای کردووە، کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەم دواییانە پەیامی بۆ کۆشکی سپی ناردووە و پێشنیازی کردووە کە ئامادەیە هاوکارییان بکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران. بەڵام برێت مەکگۆرک پێیوایە کێشەکە نێوەنگیر نییە و دەڵێت، کێشەکە سیاسەتی ئێرانە سەبارەت بە تەنگەی هورمز، کە پێناچێت بەم زووانە بگۆڕێت.

جێگەی ئاماژەپێدانە، برێت مەکگۆرک، کە وەک ڕاوێژکاری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ چوار سەرۆکی ئەمریکا کاری کردووە، لەم بارەیەوە دەڵێت، "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی چارەکارێکی واقیعبینانەی کێشەکانە. لە سەرانسەری ناوچەکەدا ڕێزی لێ دەگیرێت. نزیکەی هەموو کەسێک لە تاران و واشنتن دەناسێت. ئەو کەسێکە کە لە کاتی تەنگانەدا پەیوەندیی پێوە دەکرێت."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین