تورکیا مۆڵەتى بانکى میلەتى ئێرانى هەڵدەوەشێنێتەوە ئابووری

نوچەنێت

دەستەى رێکخستنى و چاودێریى بانکى لە تورکیا مۆڵەتى کارکردنى لقى سەرەکى، "بانکى میلەت"ى ئێرانى لە ئیستەنبۆڵ هەڵوەشێنێتەوە.

رۆژى شەممە (2026/9/19) ماڵپەڕى (زەمانى تورکی) بڵاوى کردەوە، تورکیا مۆڵەتى "بانکى میلەت"ى هەڵوەشاندەوە، ئەو بڕیارەى تورکیا پشتى بەو یاسایە بە بەستووە کە بەردەوامى ئەو بانکە مەترسى لەسەر مافى ئەو کەسانە درووست دەکات، کە پارەیان لەو بانکە داناوە، ئەوە جگە لەوەى هەڕەشەى سەقامگیرى سیستەمى دارایى لە تورکیاش دەکات.

رۆژى (18)ى ئەیلوولى ئەمساڵ دەستەى چاودێرى بڕیارەکەى لە رۆژنامەى فەرمى رۆژانەى تورکیا بڵاوکردۆتەوە، ئەو بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەتى کارکردنى لقى سەرەکى، "بانکى میلەت ــ تاران" لە ئیستەنبۆڵ پشتى بەستووە بە بڕگەى (ب) لە بەندى یەکەم، لە ماددەى (71)ى یاساى (5411) بانکەکان.

بەگوێرەى ئەو دەقە یاساییە دەستەى رێکخستن و چاودێرى بانکى دەسەڵاتى تەواوى بۆ هەڵوەشاندنەوەى مۆڵەتى کارکردنى هەر بانکێک، یان گواستنەوەى بۆ "سندووقى دڵنیایى دانانى پارە"هەیە، ئەوەش ئەگەر لە وردبینى و پشکنین دەردەکەوت، کە بەردەوامى کارەکانى ئەو دامەزراوە داراییە، هەڕەشە لە مافى بەکارهێنەران و سندووقى بەشدارانى دەکات، یان زیان بە ئاسایش و سەقامگیرى کەرتى بانکى دەگەینێت.

سەبارەت بەو رێکارانە هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو بانکە لە (2007) خراوەتە لیستى سزاکانى وەزارەتى گەنجینەى ئەمەریکا، بەهۆى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى بە دامەزراوەى ئەتۆمى ئێران.

بۆیەش ئەو بانکە تاوەکو ئێستا لە لیستى سزاکان ماوەتەوە، ئەو بڕیارەى ئەمەریکا هەموو لقەکانى بانکەکەى گرتۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە هەیە سزاى لاوەکى ئەو دامەزراوە بیانیانەش بگرێتەوە، کە مامەڵەى لەگەڵ دەکەن.

بانکى میلەت لە تورکیا لە کۆتاییەکانى سەدەى رابردوو لە ساڵى (1981) لە تورکیا بە بڕیارى سەرۆک وەزیرانى تورکیا مۆڵەتى کارکردنى وەرگرتووە، لە (16)ى نیسانى (1982) لە ئیستەنبۆڵ دەستى بە کارکردن کردووە، پاشان لقى لە ئەنقەرە و ئیزمیر کردۆتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین