ژن قوربانییە نەبینراوەکەی دوای شەڕ دیمانە و راپۆرت

نوچە: ئافرەتان

جگە لەوەی باری قورسی جەنگ بەڕواڵەت بەر پیاوان دەکەوێت، بەڵام دواجار ژنان دەبنە ئەو قوربانییە نەبینراوەی کە تا سەردەمانیکی زۆر دوای تەواو بوونی شەڕەکانیش هێشتا لە ژێر کاریگەری واسەوارەکانیدان.

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، تووندوتیژیەکی فراوان لە نێو ئەو خێزانانەدا هەیە کە پیاوەکانیان پاش تەواوبوونی شەڕ گەڕاونەتەوە ماڵەوە.

تیمێکی پسپۆڕی ڕێکخراوی ژنانی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە هاوینی ٢٠٠١ دا، بۆ ماوەی ساڵێک لە ناوچە پڕ کێشەکانی دوای جەنگ، لەسەر شوێنەواری شەڕ و کێشە چەکدارییەکان لەسەر ژنان، لێکۆڵینەوەی کردووە. ئەو دەستەیە سەردانی چەند وڵاتێکی کردووە و لەوانە: بۆسنە، مەقدۆنیا، کۆسۆڤۆ، سیربستان و… هتد کردووە. لە هەمووی ئەو ناوچانەدا، ژنان باس لەوە دەکەن کە چەک و تەقەمەنی ژیانی خێزانی ئەوانی شێواندوە. 

بەگوێرەی چەند رۆژنامەیەکی ئەمریکی، ڕاپۆرتە نهێنییەکان ئەوە دەردەخەن کە هەرکات سەربازانی ئەمریکا، بۆ شەڕ و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەڕۆن، ڕادەی توندوتیژیی پیاوان دژ بە ژن و منداڵان لە کۆمەڵگای ئەمریکادا، بە شێوەیەکی بەچاو بەرز دەبێتەوە.

هەموو لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئەوە دەردەخەن کە چەکداربوونی پیاوان، دیاردەی تووندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و منداڵان لە کۆمەڵدا پەرە پێ دەدا. 

لە ھەموو جەنگەکاندا ژنان و منداڵان، بێ ئەوەی ھیچ دەستێکیان لە ھەڵگیرسانی جەنگدا ھەبێ رووبەڕووی توندوتیژی و دەرئەنجامەکان دەبنەوە، پەلاماری ژن دەدرێت بە مەبەستی ھەڕەشە و تۆقاندن، چونکە ژن وەک کەرەستەیەکی سێکسی و شەرەفی پیاو و وەک دەستکەوتی جەنگ بۆ دوژمن سەیر دەکرێت. 

توندوتیژیی دژی ژنان نەک هەر کاریگەری لەسەر خودی ژن، بەڵکو کاریگەری راستەوخۆی لەسەر خێزان و کۆمەڵگاش هەیە. ڕۆژانە لە جیھان بەھۆی شەڕ و ململانێکان، ھەزاران ژن و منداڵ ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی و کەمی ئاو و خۆراک دەبنەوە، سەرەڕای نەبوونی شوێنی پاریزراو بۆیان.

بە پێی ئاماری ‘’بنیاد شهید'' کە دەزگایەکی فەرمی وڵاتی ئێرانە بۆ کاروباری شەهیدەکانی ئەو وڵاتە، لەماوەی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، ٦ هەزار و ٤٢٨ ژن بە هۆکاری ڕاستەوخۆی ئەو شەڕە کوژراون، هەر بەپێی ئاماری ئەو دەزگا فەرمییەی ئێران ٥٠٠ لەو ژنانە لەناو بەرەکانی جەنگدا کوژراون و ئەوەی کە دەمێنێتەوە لە ئەنجامی بۆمبا بارانی شار و گوندەکان گیانیان لەدەستداوە، ٢ هەزار و پێنجسەد کەسیان تەمەنیان لە نێوان ١٠ بۆ ٣٠ ساڵیدا بووە. هەروەها پێنج هەزار و ٧٣٥ ژنیش برینداربوون و لەناو ئامارەکانی ئەو دەزگایەدا بە بریندار نوسراون.

 بەگوێرەی بڕیاری ژمارە ١٣٢٥-ی ساڵی ٢٠٠٠، كە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پاراستنی ژنان لە ململانێ چەكدارییەكان دەركراوە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە ژنان بەشداری لە پرۆسەی بەرقەراربونی ئاشتی و بڕیاردان بکەن. عێراق وەک یەکەمین وڵاتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەو بڕیارەی پەسەند کردووە و پلانی نیشتیمانی بۆ داناوە، کوردستانیش پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە. کارەساتی شنگال کە لە ٣-٨-٢٠١٤دا روویدا، کە زیاتر لە شەش هەزار هاوڵاتی مەدەنی و لەناویاندا سێ هەزار و پێنج سەد و چل و هەشت لە ژنانی ئێزدی بەدیل گیران و وەک کۆیلەیەک مامەڵەیان لەگەڵدا کرا، ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەرونی و دەستدرێژی بوونەوە، تەنانەت کوژران و ڕووبەڕووی خۆکوشتن کراونەتەوە.

تا ئێستاش ژن و منداڵی ئێزدی بەدیل گیراو لەژێر دەستی داعشدا ماون، ڕزگاربووانی ئەم کارەساتە نامرۆڤانەیەش پێویستیان بە چاودێری تەندروستی جەستەیی و دەروونی ھەیە بۆ بنیات نانەوەی کەسێتیان. لەگەڵ ئەوەشدا ژنان هەمیشە قوربانی جەنگ نین. ئاشکرایە ژنان لە هەرێمی کوردستان بونەتە شەڕڤان لە پێناو پاراستنی خاک و نەتەوەکەیان دژ بە داعش جەنگاون، ئەم ژنانە نموونەی ئاشتی و ژیانەوە و پارێزەری خاک و خەڵک و نیشتیمانن. 

نموونەی دیکەی ئەم سەدەیە کە بە سەدەی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا و گلۆبال ناسراوە، وێڕای کارەساتی ئافرەتانی ئێزدی سەدان ژنی ئەفگانی لە ژێر مەترسی و چەوساندنەوەی چەکدارانی تاڵیباندان. ئەگەرچی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا داوایان لە تاڵیبان کردووە کە ژیانی ژنان بپارێزێت بەڵام هێشتا مەترسییەکان چاوەڕوان کراون و ئەگەری هەیە دووبارە ژنان لە لایەن وەم رێکخراوەوە  وەک کاڵا و کەرەستەی سێکسی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین