هێرۆ خوسرەوی: پێویستە بەشێوەیەکی ئینتەرسێکشنالیانە کۆی خاڵە هاوبەش و یەکتربڕەکان بدۆزینەوە و کاریان لەسەر بکەین دیمانە و راپۆرت

بەهرە حەمەڕەش

هێرۆ خوسرەوی، خانمە فێمینیست و نوسەری خەڵکی بانە – ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دەرچووی بەشی ژمێریاری، و کۆمەڵناسی و زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی گۆتەی فرانکفورت، خوێندکاری زانستە سیاسییەکانە لە زانکۆی ئازادی بەرلین-ئەڵمانیا.

هێرۆ لە گفتوگۆیەکی نوچەدا باس لە پەیوەندی نێوان سیاسەت و دەوڵەت و فکروفەلسەفەی فیمینیزم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و دەڵێت: پێکهاتە ئابووریی، سیاسیی و کولتورییەکان بەشێکن لە ئامرازەکانی سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی ژن.

نوچەنێت: ئەگەر سیاسەت یەکسان بێت بە دەوڵەت، ئایا لەم ناوچەیە سیاسەت نییە؟

هێرۆ خوسرەوی: پێموایە کێشەیەکی گەورەمان لە پێناسەکردنی سیاسەتدا هەیە، سیاسەت تەنیا یەکسان نییە بەدەوڵەت، مەسەلەی نەبوونی دەوڵەتی کوردی بەو مانایە نایەت کەوا سیاسەتیش بوونی نەبێت. ئەگەر پێناسەیەکی کورتی سیاسەت بکەین، ئەوا دەکرێت بڵێین، سیاسەت هەر مامەڵەکردنێکی مرۆییە کە ئامانج لێی پێکهێنانی کۆمەڵێک ڕێسا و یاسا و بڕیارە لەنێو گروپێکدا یاخود چەند گرووپێکدا. بەمپێیەش لایەنە گرنگەکان بۆ بوونی سیاسەت مامەڵەیەکی مرۆییە، و لەپەیوەندیشدا بەوەی کە مامەڵە مرۆییەکان هەمێشە لەنێو کۆمەڵەیەکدا ڕوودەدەن، ئیتر پەیوەندیی نێوان دوو کەس بێت یاخود کۆمەڵەیەکی گەورە، ئەوا مامەڵە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش ڕۆڵێکی سەرەکیی لە سیاسەتدا دەگێڕن. لەڕێگەی هەبوونی پەیوەندییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانیشەوە کۆمەڵە ڕێسا و یاسایە دێتەبوونەوە، کە دەکرێت هەموو کۆمەڵانی خەڵک لەسەری کۆکبن، یاخود بەشێکییان، کە دواتر لەگەڵ بەردەوام دووپاتبوونەوە و بەرهەمهێنانەوەی ئەم ڕێسا و یاسا کۆمەڵایەتییانە نەریت و کۆمەڵێک پێکهاتەی دیکەی کۆمەڵگا دەخوڵقێت. لەمەشەوە سیاسەت وەک شتێک کە سەرەتا پێویستی بەو پێکهاتە و لایەنە سەرەکییانە هەیە، زەڕوورییەتەکانی خۆی دابین دەکات و دواتر ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت. بەشێوەیەکی گشتی و لەوێنەیەکی گەورەدا خۆی لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەنوێنێت، بەڵام لە ئاستێکی بچووکدا لە هەر گفتوگۆیەکی سادەوە بگرە کە دواندن و هەوڵدان بۆ بەقەناعەت گەیاندن تێیدا ڕوودەدات تا هەموو پەیوەندییەکانی کردەی بەرامبەر دەگرێتەوە.

لەڕاستیشدا چەندین پێناسەی دیکەی سیاسەتمان هەیە. بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت چەمکی سیاسەت لە ڕوانگەیەکی بەهاییەوە پێناسە بکەین، دەکرێت سیاسەت بریتی بێت لە بەدیهێنانی ژیانێکی باش، نەزمێکی باش و پێکەوەژیانێکی باش. یاخود ئەگەر لە ڕوانگەیەکی ڕیالیزمەوە سیاسەت بخوێنینەوە ئەوا وەک ماکیاڤیلی، ماکس ڤێبەر سیاسەت پێناسە دەکەن: سیاسەت خواستە بۆ دەسەڵات، یاخود وەک کارل شمیت دەڵێت: سیاسەت جیاکردنەوەی هێڵی دۆست و دوژمنە. لەهەمانکاتیشدا چەمکی سیاسەت لەنێو ڕێبازی مارکسیزمدا بەپێی پەیوەندییەکانی هێز و دەسەڵات پێناسە دەکرێت، کە ئەم پەیوەندییانەش دەگوازرێنەوە بۆ مەسەلەکانی چینایەتیی و بنەما سەرەکییەکانی ئابووریی، بۆیە دەکرێت سیاسەت خۆی لەپەیوەندییەکانی دەسەڵات و سامان و خاوەندارێتیی تایبەتدا ببینێتەوە. ئەگەر بێینە سەر تیۆرییە فێمینیستییەکانیش دەکرێت بڵێین، تیۆرە فێمینیستییە سیاسییەکان، چونکە تیۆرییە فێمینیستییەکان وەک تیۆرییەکی سیاسیی قوچەکێتی(هیرارکی) ڕەگەزی(جێندەری) و پێکهاتە جیاکارییەکانی کۆمەڵگا دەخاتە ژێر چاویلکەی ڕەخنەییەوە. کە ئایا چۆن پرسی ڕەگەز لە کۆمەڵگادا، لە زماندا و هەموو بوارو لایەنە تایبەتی و گشتییەکاندا دابەشکراوە و چۆن پەیوەندییەکانی هێز و دەسەڵات لەگەڵ ڕەگەزدا ڕەنگی داوەتەوە.

وەک لە پێناسە جیاوازەکان بۆ سیاسەت دەردەکەوێت، دەکرێت بتوانین بەئاسانی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، کە سیاسەت هەتا بەبێ بوونی دەوڵەتیش جوڵەکانی خۆی لەنێو کایەکانی هێز و دەسەڵات، چین و توێژ و ڕەگەزە جیاوازەکاندا پیادە دەکات.

کێشەی گەورەمان لە پێناسەکردنی سیاسەتدا هەیە

نوچەنێت: "هەر نەتەوەیەک ئازاد نەبێ، ژنیشی ئازاد نابێ"، چەند لەگەڵ ئەم بۆچوونەدای؟ ئایا لە کۆمەڵگای ئێمە پیاو ئازادە؟ بۆ ئەوەی هەوڵی ئازادکردنی ژن بدرێت.

هێرۆ خوسرەوی: ڕەنگە کەمێک ئاسان نەبێت بەبێ ڕوونکردنەوەیەک و شیکردنەوەیەکی تەواو کە بکرێت لە دەرئەنجامی ڕستەی یەکەمەوە بۆ ئەنجامی ڕستەی دووەم بڕۆین. لەڕوانگەی منەوە ئەم بۆچوونە دەکرێت وەک ئارەزوویەک وابێت کە نەتەوەیەک بەرلەوەی گەیشتبێت بە پڕۆسەی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردنی، پێشتر توانیبێتی بگات بە دۆخێک کە جیاکاری(بەمانای گشتییەکەی بێبەهاکردنی ڕەگەزێکی دیکە) لەسەر بنەمای ڕەگەزی(جێندەری) بە لوتکەی خەبات گەیشتبێت و دەرئەنجامێکی هەبێت کە بڵێین 'ژن ئازاد بووە'.

 وەک ڕوون و ئاشکراشە ئێمە لەنێو سیستەمێکدا هەنگاو دەنێین هەموو پێکهاتە و کۆڵەکەکانی لەسەر بنەمایەکی پیاوسالاری بونیادنراوە. هەر لەبەرئەمەش لەزۆرینەی وڵاتانیش کە بەشێوەیەکی ڕەمزی لەنێو سیاسەتی نێودەوڵەتییدا گەیشتوون بە دۆخێکی سەقامگیر و هەروەها سنور و دەوڵەت نەتەوەی خۆیان دامەزراندووە، هێشتا گۆڕانکاریی ڕیشەیی لەو پێکهاتە پیاوسالارییانەدا ڕووینەداوە. بۆیەش دەڵێم بەشێوەیەکی ڕەمزی، چونکە لەنێو سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هیچ ڕێسا و یاسایەکی جێگیر نییە، کە هەموو وڵاتان پەیڕەوی لەو دەستوور و یاسایە بکەن و لەسەری کۆکبن و ئیتر بەبێ خەم وڵاتەکانی خۆیان بەڕێوە بەرن. سنور و هەبوونی دەوڵەتەکانیش شتێکی ئاسان و ئاسودەکار نییە و ئەو جوگرافیا سیاسییەی کە هەشە ناتوانێت بەجێگیری بمێنێتەوە. کۆمەڵێک کایە لەنێو پەیوەندییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، کە هەر وڵاتە بەپێی بەرژەوەندیی خۆی، خۆی لەگەڵ دۆخەکاندا دەگونجێنێت. ئیتر دۆخەکان دەکرێت سیاسەتی پتەوکردنی سەربازی، هەڵگیرساندنی جەنگ لە شوێنێکی دیکە، برەودان بە ئابووریی و خۆشگوزەرانیی خەڵک و دەوڵەتەکەی، ئەمنییەت،...هتد.

ئەم سیاسەتە نێودەوڵەتییانەش دەبنە ئامرازێک بۆ گۆڕینی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی هەر کۆمەڵگایەک یاخود هەر دەوڵەتێک. ئەگەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی دیکەی وڵاتانی دیکەمان لەئێستادا بیرچووبێتەوە، ئەفغانستان نمونەیەکی زۆر نوێ و بەرچاوی ئەم سیاسەتەیە، کە بەهۆی ئەو بڕیارە سیاسیانەی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا درا، گۆڕانکاریی سەیروسەمەرە لە ماوەیەکی زەمەنیی کورتدا ڕوویدا. دۆخی ژن و پیاویش کە بەدەر نییە لەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیی، ئابووریی، سیاسیی و کولتورییانە، دەکەوێتە ژێر ئەو کاریگەرییانەوە و ئازادیی مرۆڤیش پەیوەستە بەو گۆڕانکارییانەوە. بۆ نموونە لەگەڵ باڵادەستبوونی تاڵیبان و پیادەکردنی ئیسلامی سیاسییدا، بەشێک لەو ئازادییانەشی کە ژنان پێشتر هەیانبووە، بەرتەسکتردەبێتەوە. دۆخی ژنی کوردیش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو جیۆپۆلیتیکەی کوردستان هەیەتی، ئەو نەریت و کولتوور و ئایینەی لەو جوگرافیایەدا زاڵە و هەروەها هاتنە ناوەی کورستان بۆ نێو دراوی نێودەوڵەتی و سیاسەتی نێودەوڵەتی (ئەگەر هەتا بەشداریی کورد تەنیا وەک هەرێمێکی عێراق حسابی بۆ دەکرێت)، لەپاڵ هەموو ئەمانەشدا هەبوونی سیستەمێکی پیاوسالاریی کە خۆی لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەدا دەگونجێنێت، دەکرێت پرسی ژن بخوێندرێتەوە. چونکە ژن لێرەدا بەتەنها دەست و پەنجە لەگەڵ کڵێشە پیاوسالارییەکاندا نەرم ناکات، بەڵکو پێکهاتە ئابووریی و سیاسیی و کولتورییەکانیش بەشێکن لە ئامرازەکانی سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی ژن. بۆیە لێرەدا ئاسان نییە بەرلەوەی باسی ئەو لایەنانەی جیاکاری و چەوساندنەوانەی ژن بەهێزتر دەکەن، بڵێین ژن ئازادە یان نا. کاتێک لە کۆمەڵگایەکدا چینایەتیی هەیە، ئەوا بەدڵنیاییەوە پیاویش ئەگەر لەنێو چینێکی هەژار و کەمدەرامەتەوە بێت، بەهەمانشێوە سنوری ئازادیی و تواناییەکانی بەرتەسکتر دەبێتەوە، هەر لە گەیشتن بە دەرفەتەکانی خوێندن و گەشەی هۆشیارییەوە بگرە تا دۆزینەوەی هەلی کار و دابینکردنی بژێویی ژیان. لە کاتێکیشدا ناتوانین نکوڵی لە هەبوونی قوچەکێتیی ڕەگەزیش بکەین، ئەوا سنوری ئازادیی و دەستگەیشتن بە کاتی ئازاد، کار و پێداویستییە مادیی و مەعنەوییەکانی ژن لەچینی هەژار و کەمدەرامەتدا دووبەرابەر بەرتەسکتر دەبێتەوە.

نوچەنێت: ئەو ژنانەی لە دەرەوەی وڵات/ رۆژئاوا دەژین، هیچ خوێندنەوەیەکی واقعبینانە بۆ (ئازادکردنی کۆمەڵگا (ژن و پیاوهەیە؟

هێرۆ خوسرەوەی: هەر شتێک پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە چ شتێک چۆن دەگشتێنرێت و لەلایەن چ کەس یان تاقم و گروپێکەوە ئەو مەسەلەیە هەڵدەسەنگێندرێت. ئەم پرسیارە خۆی لەخۆیدا پێشبڕیارێکی سوبیێکتیڤیانە(تاکەکەسیی-زەینییانە)ی هەڵگرتووە بەو مانایەی گوایە هەموو ئەو هەوڵ و کارانەی کە ژنانی دیاسپۆرا ئەنجامیان داوە، واقیعبینانە نین. ئەمە جۆرە بیرکردنەوەیەکە کە لەلایەن بەرەیەکی تەواو کۆنەخوازەوە دروستبووە و پێیوایە دەبێت پرسی ژن لەگەڵ ئەو دۆخەی لەکوردستاندا هەیە بگونجێنێت، بەو مانایەی ژنان ڕابهێنێت بەو شێوەیە داوای ماف و خواستەکانیان بکەن، کە بۆ نەریت و ئایین و کولتووری کۆنەخوازیی باشبێت، نەک ئەوەی مافی ژن و خواستەکانی ژن چین. بۆیە دەبینین بەشێک لەو ژنانەی لەکوردستان بانگەشە بۆ فیمینیزمی نیۆلیبراڵ دەکەن (واتا ئەو فیمینیستانەی سازش لەسەر خواستەکانی ژن بۆ کولتووری باڵادەست: سیاسیی و ئایینیی دەکەن و دەشکرێت بە فیمینیزمی سازشکار ناوببرێت و تێیدا گونجاندنی مافەکانی ژنان لەگەڵ بەها ئیسلامییەکان بەشێکی بەرچاوە)، دەکەونە دژایەتیکردنی ژنانی دیاسپۆرا و دەڵێن ژنانی دیاسپۆرا واقیعی کۆمەڵگاکە نابینن. ئەم جۆرەی فیمینیزم هیچ کێشەیەک لە پێکهاتانەی کۆمەڵگا (وەک پێشتر ئاماژەم پێکردبوو) وەکو نایەکسانییە کۆمەڵایەتیی و چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی ژندا نابینێتەوە، بەڵکو پێیانوایە دەبێت ژنان لەسەر ئەوە ڕابهێنرێن خۆیان لەگەڵ ئەم کێشانەدا بگونجێنن، نەک لەدژی بووەستننەوە. لەگەڵ ئەوەشدا منیش نامەوێت بکەومە ئەو هەڵەیەوە کە بەرگری لەهەموو ژنانی دیاسپۆرا بکەم و پێموابێت هەموویان بەشێوەیەکی چالاکانە لەنێو ڕووبەری فێمینیزم و پرسی ڕزگاری ژن کاردەکەن، بەڵام بەدڵنیاییەوە ژن گەلێک هەن کە کاری جددیان لە بەرەوپێشبردنی ئەم فکرانەدا کردووە بەشێکی باشی ژنانی دیاسپۆرا لەگەڵ سەرقاڵبوون بە خەباتکردن و ژیانکردن و چالاکییەکانی خۆیان لەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێبوون، بەڵام هێشتا کاتێک لە کاتی ئازادیی خۆیان دەدۆزنەوە، تا بکرێت لەڕێگەی بەشدارییانەوە لەپڕۆسەی ڕۆشنگەریی کۆمەڵگای کوردییدا پرسی ژن بەرەو ئاڕاستەیەکی باشتر بەرن. دەکرێت چڕیی نایەکسانیی و جیاکارییەکان بەپێی کۆمەڵگاکان لەیەک ئاستی هاوسەنگدا نەبێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت کێشەی ژن لە کوردستان سەد و هەشتا پلە جیاوازیی هەیە لەگەڵ وڵاتانی دیکە. لەزۆرینەی کۆمەڵگاکاندا کۆمەڵێک سیستەم و سیاسەتی هاوبەشمان هەیە، ڕەنگە بەشێوەیەکی ڕێژەیی لێرە لایەنێکی ئەو سیستەمە چڕتربووبێتەوە وەک لەلایەنێکی دیکە. بۆ نموونە لەکۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان بەهۆی خەباتی چەندین ساڵە بۆ سێکۆلاربوون ئایین ئەوەندە ڕۆڵێکی ڕێژەیی زۆر و بەرچاوی نییە بەبەراورد بە کوردستان. یاخود بەهۆی خەباتی کرێکاران و یەکە کرێکارییەکانەوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی خۆشگوزەراندا پرسی هەژاریی و کەمدەرامەتیی لەو ئاستەدا نییە وەک لەکوردستاندا هەیە، چونکە کرێکارێک کاتێک کارەکەی لەدەست دەدات و بۆ ماوەیەک بێکار دەکەوێت، بەتەواوی ناکەوێتە دۆخێکەوە کە هێچ دەروویەکی دیکە بۆ دەستپێکردنەوە نەدۆزێتەوە، بەڵکو دەتوانێت لە بیمەی تەندروستیی و بیمەی بێکاریی و لە کۆمەڵێک شتی دیکە سودمەندبێت، تابتوانێت دووبارە وەک 'کرێکارێک' بچێتەوە نێو بازاڕی کار (ئەگەرچی لێرەدا من ڕەخنەی جددیم لەسەر ئەم سیستەمە سەرمایەدارییە هەیە، بەڵام ئەمە لەکاتێکی دیکەدا دەکرێت زیاتر لەسەری بوەستمەوە). بەڵام ژنێکی کرێکار لە کوردستان دەکەوێتە چوارڕیانێکەوە و دەبێتە بەرکەوتەی چەندین ئاڕاستەی جیاوازی توندوتیژیی و ستەم و چەوساندنەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دیاردەیەکی تاڕادەیەک گشتگیر هەیە لەزۆرینەی کۆمەڵگاکاندا و بەتایبەتیش لە کۆمەڵگا نەریتی و کۆنەخوازییەکاندا، کە دژی هەر جوڵەیەکی ژنان بەباش یان بەخراپ دەوەستنەوە، مەسەلەکەش پەیوەندیی سەرەکیی بە دژەژنییەکی شاراوە بێت یان ئاشکراوە هەیە، کە ناخوازێت ژنان لەو دۆخەی کە ئەو سیستەمە بەهەموو کۆت و بەندەکانییەوە بۆ ژنانی دروست کردووە، بێنە دەرەوە و خۆیان کاری جددیی بۆ پرسی ژن بکەن. بۆیە هەوڵدەدرێت لەڕێگەی چەندین ناو و ناتۆرەی جیاواز بۆ ژنانی چالاک و بەرهەڵستکار دژی ئەو سیستەمە لە هەر جوڵەیەکی ژنان بدرێت. 

نوچەنێت: لە دنیای ئەدەبدا دەڵێن "ئەدەبی ژنانە و ئەدەبی پیاوانە" ئایا سیاسەتی ژنانە و سیاسەتی پیاوانەش هەیە؟

هێرۆ خوسرەوی: دەکرێت وەڵامی ئەم پرسیارە لەڕێگەی دیبەیتە فیمینیستییەکان سەبارەت بە یەکسانی-جیاوازیی بدرێتەوە. لە زۆرینەی تیۆرییە فێمینیستییەکاندا دوو ئاڕاستەی سەرەکیمان هەیە کە تیۆریزەکەرە فێمینیستییەکان لەو ڕێگەیەوە دەیانەوێت پرسی ژنی تێدا بخوێننەوە، ئەویش ئاڕاستەی داواکردنی یەکسانیی و یەکسان مامەڵەکردنە لەگەڵ ژندا لەهەموو بوارەکانی سیاسەت، کار، کولتوور، شوناس،..هتد و لە ئاڕاستەی دووەمیشیدا هەوڵدەدرێت پرسی ژن جیا لە پیاو بخوێندرێتەوە و ژن وەک سوبیێکتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

ئەگەر بەکورتی بمەوێت لەسەر ئەو دوو ئاڕاستەیە بوەستمەوە و دواتر بێمە سەرئەوەی کە ئایا ئەدەب یان سیاسەت یان هەر شتێکی دیکەی ژنانە و پیاوانە بوونی هەیە. لەبەرئەوەی ئێمە لە نێو سیستەمێکداین کە پیاو یاخود پیاوسالاری تێیدا باڵادەستە، ناتوانین نکوڵی لەوە بکەین کە سیستەمەکە 'ڕەگەزکوێرە' (ڕەگەزکوێری (Geschlechtsblindheit): دەربڕینێکە زۆرکات دەگوترێت کە سیستەم (سیستەمی سەرمایەداری) خۆی لەخۆییدا نابینایە بەرامبەر بە ڕەگەزەکان و بۆی گرنگ نییە ژن یا پیاو بچەوسێنرێتەوە، ئەوەی گرنگە تەنیا مرۆڤەکان وەک هێزی کار بچەوسێنێتەوە. بەڵام کاتێک ئێمە لەنێو سەرمایەدارییەکی پیاوسالارییدا هەین ئەوا ئەم دەربڕینە کێشەسازە، چونکە پیاوسالاری لەسەر بنەمای سێکسیزم و باڵادەستی ڕەگەزی نێر بەسەر مێ دا کاردەکات)، چونکە سیاسەت، ئابووریی، کولتوور، ...هتد بەشێوەیەکی سیستێماتیکی پیاوانە پێکهێنراوە. هەر لەمەشەوە ڕوانگە یەکسانیخوازییەکان داوای یەکسانکردنی ژنان و پیاوان دەکەن و دەیانەوێت چیتر ڕەگەز(جێندەر) هیچ کاریگەرییەکی سیستێماتیکی لە پێگە کۆمەڵایەتییەکاندا نەبێت. ئەگەرچی ئەم ڕوانگەیە و داواکانیان ڕەوایە، بەڵام دەکرێت لەهەندێک کاتدا کێشەی خۆشی هەبێت، چونکە ئەم ڕوانگانە بەشداریی ژنان لە پێگەوڕێگە گشتییەکاندا زیاتر چەندێتی و ڕێژەیی لێکدەدەنەوە وەک لەوەی چۆنییەتی و بەهایی. بێڵ هوکس لە کتێبی 'تیۆریی فێمینیستی لە پەراوێزەوە بۆ سەنتەر'دا بەڕوونی پرسیارێک دەخاتە ڕوو و دەڵێت: "لە کاتێکدا پیاوان لەنێو باڵادەستی و پێکهاتە سپی پێست، سەرمایەداریی، پیاوسالاریی و چینایەتییەکاندا یەکسان نین، ژن یەکسان دەکرێت بەکام پیاو؟"[1] . لەمەوە دەبینین کە هوکس لایەنەکانی دیکەی وەک چینایەتیی، ئێتنیک و ڕەگەز(جێندەر) بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بەتەنیا فۆکۆس ناخاتە سەر جێندەر. لەبەرئەم هۆکارەش ڕەنگە ئاسان نەبێت ئەو کەسانەی وەک ژن دەخوێندرێنەوە لەبەرامبەر بەپیاودا تەنها وەک ڕەگەزێکی کۆمەڵایەتی(جێندەر) یەکسانبکرێن، چونکە دووبارە دەچینەوە نێو هەمان بازنەی 'ئەندرۆسێنتەریزم' بەوەی کە پیاو وەک سەنتەر و پێوانە و نۆڕمی سەرەکی دەناسێنرێت و کەسانی وەک ژن خوێندراوەش لەبەرامبەر ئەو نۆڕمەدا وەک کاتێگۆرییەکی بێبەهاتر، کاتێگۆرییەک کە سەر بەکاتێکۆری پیاو نییە، دەنوێنرێنەوە.

لەبەرامبەر ڕوانگە یەکسانیخوازەکانیشدا ڕوانگە جیاوازیخوازەکان گرنگییەکی لەڕادەبەدەر بە بەها جەوهەرییە 'ژنانەییەکان' دەدەن و پێیانوایە سیاسەتی یەکسانیخوازیی کەمکردنەوەی بەها ژنانەییەکانە. لەبەرئەمەش جیاوازیخوازەکان داوای دانپیانان و بەهەندوەرگرتنی بەها ژنانەییەکان دەکەن. لێرەدا ڕەخنەی سەرەکی ئاڕاستەی نایەکسانییە ماتریالییەکان و دروستکردنی 'ڕەگەزی کۆمەڵایەتی(جێندەر)' ناکرێت، بەڵکو زیاتر جەخت لە جەوهەری بوون دەکرێتەوە و ئەو پرسیارانەی کە چی ژنانەیەتیی و چی پیاوانەیەتیی لەخۆدەگرێت. وەک ئیرێنی پریمینگەر دەڵێت: ڕوانگە جیاخوازەکان بۆیە لەدژی ڕوانگە یەکسانیخوازەکانن چونکە بەها ژنانەییەکان و شێوازی ژیانی ژنانەیی، کە خەمخۆری، پەیوەندیی لەگەڵ سروشت و ئاشتی لەخۆدەگرن، لەگەڵ شێوازە پیاوانەییە بە عەقڵانییەتی ئامێری و تەکنیکی، بە داگیرکردنی سروشت، گەشەی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی و میلیتاریزم بەراورد دەکرێن[2].  کێشەی ئەم دوو ڕوانگەیە لەوەدایە کە یەکسانی وەک تاک-پێوەریی و یەکجۆریی سەیردەکرێت و جیاوازیش وەک تەنها جیاوازی سەیردەکرێت، نەک فرەڕەهەندی، خودی ئەمەش تەنیا بەرەو دەرەنجانی گونجاندنێکی ئەندرۆسەنتەریستی، ئازیمیلاسیۆن و پەراوێزخستن دەڕوات، کە ژن وەک 'ئەوی دیکە' و وێنەیەکی لاوازتر لەپیاو یاخود لەنۆڕم دەرکبکرێت. بۆیە لێرەدا ئەوە گرنگە کە ئەم دیبەیتی یەکسانیخوازی و جیاوازیخوازییە بەیەکەوە بخەینە پەیوەندییەکەوە. بۆیە لێرەدا ئەگەر بمەوێت بگەڕێمەوە بۆ سەر پرسیارەکە بەڵێ بەدڵنیاییەوە کاتێک بمانەوێت سیاسەتێکی دیکەی بەدەر لە شەڕ و کوشتار، میلیتاریزم و عەقڵانییەتی ڕووت و چەوساندەوەی مرۆڤ و سروشت برەو پێشبخەین، پێدەچێت باشترین کارێک لەسەرەتادا ئەوە بێت ڕوو لەسیاسەتێکی 'ژنانەیی' بکەین، بەڵام ڕەنگە لەدرێژمەودادا تەنیا زەقکردنەوەی خەسڵەتە مێینەییەکان، بەبێ کارکردنی جددی لەسەر پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگا، کە بەردەوام لە بەرهەمهێنانەوەی چەوساندەوە و نایەکسانی و جیاکارییەکاندان، بەرەو سیاسەتی شوناسمان بەرێت، کە کۆی خەباتە گشتی و گەورەکە وردە وردە بۆ گروپ و تاقمی بچوک دابەش دەکرێن و هەریەکەش شەڕ بۆ شوناسی خۆی دەکات، نەک خەباتێکی دەستەجەمعی دژی سیستەمی پیاوسالاریی سەرمایەداری.

سستمی ئێمە رەگەز کوێرە

نوچەنێت: ئایا فیمینیزم وەکو فەلسەفە و فکر گەیشتووەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ کام لقی فیمینیزم بۆ کۆمەڵگەی کوردی گونجاوە، ئەگەر پەیڕەو بکرێت؟

هێرۆ خوسرەوەی: بەڵێ بەبێ گومان، بەڵام دەکرێت ئەمەش تاڕادەیەک ڕێژەیی بێت و بکرێت بڵێین لە سەرەتای سەرهەڵدان و کارکردنی جددی بۆ تیۆرە فێمینیستییەکانە، بەڵام بەو مانەیە نایەت کە بڵێین هێشتا نەگەیشتووە. چونکە دەبێت ئەو واقیعییەتەمان قبوڵبێت کە لە زەمەنێکدا دەژین بەجیهانیبوون لە لوتکەدایە. لەگەڵ گەشە و پەلهاویشتنی سیاسەتە جیهانییەکان لە فکر و فەلسەفە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەم لە پڕۆسەی هاتنەناوەوە و هەم لەپڕۆسەی دەرچوونیشدا خۆی دەبینێتەوە. فیمینیزمیش وەک تیۆرییەکی سیاسی دابڕاو نییە لەم پڕۆسەیە. بەتایبەتی لە ڕووبەر و چوارچێوەی کوردستانیشدا فێمینیزمەکان سەرەڕای چەندین بەربەستی نەریتی، ئاینیی، کولتووریی و سیاسیی لەگەشەدان. ئەوەی دەمێنێتەوە کە بەباشی سەرنجی بدەین ئەوەیە بپرسین کام لە فێمینیزمەکان و بۆچی؟ هەر ئەم پرسیارە دەکرێت ڕامانبکێشێتەوە بۆ ئەو سیاسەتە نێودەوڵەتییە باڵادەستییەی کە لە سەردەمی ئێستاماندا حوکمی جیهان دەکات، چونکە ئەم سیاسەتە بۆ فراوانخوازی و گەشەی خۆی پێویستی بە کۆمەڵێک دامەزراوە و ئامراز هەیە تا بتوانێت لەو ڕێگەیەوە هاتنی خۆی سەقامگیرکردنی سیاسەتی خۆی ئاسانتر بکاتەوە. بەشێک لە فێمینیزمەکانیش دەکرێت بۆ ئەم سیاسەتە یارمەتیدەربن. کە لەڕێگەی زاراوە باق و بریقەکانی بازاڕی ئازادەوە شێوە لەئازادییەک فەراهەم بکرێت، کە هێزی کاری ژنانیش ساناتر هەرزانفرۆشبکرێت و باشتر بچەوسێنرێتەوە لەگەڵیشیدا جەستە و تواناکانی ژنانیش وەک هەر یەکێک لەکاڵاکانی دیکەی نێو ئەو بازاڕە هەڕاج بکرێت. لەم شێوە لە فێمینیزمەش نمونەی دیار و بەرچاوی وەک (هەندێک لە گۆرانیبێژ و مۆدێلەکان) و نموونەی مۆدێلەکان و چەندین نموونەی دیکەمان هەیە. بەڵام کاتێک کە بێینە سەر باسی فێمینیزمەکانی دیکەی وەک فێمینیزمی سۆسیالیست و مارکسیست یاخود فێمینیزمی ڕەشپێست و ڕادیکال، ئەوا بەردەوام دەکەوینە بەر هەڕەشەی چەندین گروپی جۆراوجۆر، چونکە ئەو سیاسەتە دانی لەگەڵ ئەو فێمینیزمانەدا ناکوڵێت کە دەیانەوێت لەڕەگ و ڕیشەوە پرسی ژن بگۆڕن. فێمینیزمە سۆسیالیست، مارکسیست، ڕەشپێست و ڕادیکالەکان بەرچاوڕوونیی ئەوەمان پێدەدەن کە بتوانین کێشەی ژن لەنێو ئەو دۆخ و سیستەمەی تێیکەوتووە دەرکبکەین و کەرەستە و ئامرازی خەباتمان پێدەدەبەخشێت بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی سێکسیزم، ڕاسیزم، چەوساندنەوەی چینایەتیی، پیاوسالاریی و هتد. 

نوچەنێت: کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی نەریتییە، ئافرەتی کورد چۆن دەتوانێ لەوەها کۆمەڵگەیەکدا دژە باو بێت؟

هێرۆ خوسرەوی: دەکرێت لێرەدا پرسیارەکە پرسیارێکی دیکەی بەدوادا بێت و بپرسین باو چییە؟ پێناسەمان بۆ باو چییە؟ کۆمەڵگەی کوردی تاکە کۆمەڵگەیەکی نەریتیی هەسارەیەکی دیکە نییە، کە لامان وابێت هیچ کۆمەڵگایەکی دیکەی وەکو کوردستان بوونی نەبووە و نییە، ئیتر لەمەوە ئاسان نەبێت ڕێگەچارەیەک دژی ئەو کۆمەڵگا نەریتییە بدۆزرێتەوە، و هەروەها ئەوەش هەڵەیە کە ئەگەر لامان وابێت وەکچۆن کۆمەڵێک ڕوووداوی مێژوویی بەشێوەیەکی ڕیزبەندی بەدوای یەکدا دێن، ئەوا دەبێت پرسی ڕزگاری ژنیش سەرەتا بەو پرسانەدا بڕوات، ئینجا دەتوانین بەو بەشێک لە ڕزگارییە بگەین کە ڕەنگە هەندێک لەژنانی نێو هەندێک لەکۆمەڵگاکان پێیگەیشتوون. وەک تیۆدۆر ئادۆرنۆ لە وانەگوتارێکیدا کاتێک سەبارەت بەپێشبینی ئەو بەرامبەر دۆخی سیاسی دەڵێت: "پێموایە ئەو پرسیارکردنە هەڵەیە، چونکە پرسیارێکی زۆر سۆفیانە و خەیاڵییە. ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە کە هەر لەسەرەتاوە ئەمجۆرە شتانە وەک کۆمەڵە کارەساتێکی سروشتیی دەبینێت، هاوشێوەی کارەساتە سروشتییەکانی وەک ڕەشەبا و کارەساتەکانی ئاووهەوا کە دەکرێت پێشبینیی بکرێن. ئەمە هەر لە سەرەتاوە فۆرمێکی پاشەکشێکردن پیشان دەدات کە بەهۆیەوە خەڵک لە جەوهەردا خۆیان وەک بکەرێکی سیاسیی دەسڕنەوە؛ ئەمە پەیوەندییەکی نمایشیی زیانبەخش لەگەڵ واقیعدا پیشان دەدات. چۆن ئەم شتانە بەردەوام دەبن و بەرپەرسیارێتیی بەرانبەر بەوەی ئەوان چۆن بەردەوام دەبن، لە کۆتاییدا لە ئەستۆی ئێمەن و بەرپرسیارێتیی ئێمەن"[3] . لێرە ئەوەی مەبەستمە ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە نابێت کۆڵبدەین لەوەی کە کۆمەڵێک بەربەست و چەندین لایەنی دژی ڕزگاری ژنان هەن، ئێمەش پاسیڤ و نائومێدببین. دەبێت بەدڵنیاییەوە مادام ئەو بەرە دژەژن و دژەڕزگارییەی ژن هەیە، ئەوا پێویستە ئێمەش ڕقئەستوورتر، بەرپرسیارتر و داکۆکیکارتربین و زیاتر کاری جددی و پێشەنگ بکەین. نایەکسانی و جیاکارییەکان دەکرێت چەندین هۆکاری جیاوازییان هەبێت، کە هەتا ڕەنگە وەک شولامیت فایەستۆن دەڵێت: سروشتیش بەشێکبێت لەو نایەکسانی و جیاکاریانەدا[4]، بەڵام ئەوەی گرنگە بتوانین میکانیزم و ئەڵتەرناتیڤێکی دیکە بۆ ئەو بارودۆخە پێشکەش بکەین، کەبکرێت لەو ڕێگەیەوە ئەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتییانەی مرۆڤەکان دەخەنە پێگەیەکی دیالێکتیکییەوە و باڵادەستی و ژێردەستەیی، کایەکانی هێز و دەسەڵات بەدی دەهێنن، لەدژیان بوەستینەوە. هەر لەبەر ئەمەش پێویستە خۆمان و شێوازی کارکردنمان تەنیا و تەنیا لەپرسی ڕەگەز(جێندەر)دا چڕنەکەینەوە، بەڵکو بەشێوەیەکی ئینتەرسێکشنالیانە کۆی خاڵە هاوبەش و یەکتربڕەکان بدۆزینەوە و کاریان لەسەر بکەین.

سەرچاوەکان:

hooks, bell (1984). Feminist theory from margin to center. South End Press. Printed in U.S. p.18

Primminger, Irene (2019). Gleichheit-Differenz: die Debatten um Geschlechtergerechtigkeit in der Geschlechterforschung. Im Buch: Springer Fachmedien Wiesbaden GmbH, ein Teil von Springer Nature 2019 B. Kortendiek et al. (Hrsg.), Handbuch Interdisziplinäre Geschlechterforschung, Geschlecht und Gesellschaft. Online verfügbar: https://doi.org/10.1007/978-3-658-12496-0_156  . S.49

Adorno, Theodor W. 2019. Aspekte des neuen Rechtsradikalismus. Suhrkamp. Berlin

Firestone, Shulamith (1975). Frauenbefreiung und sexuelle Revolution. Fisher Taschenbuch Verlag.


 


[1] hooks, bell (1984). Feminist theory from margin to center. South End Press. Printed in U.S. p.18

[2] Primminger, Irene (2019). Gleichheit-Differenz: die Debatten um Geschlechtergerechtigkeit in der Geschlechterforschung. Im Buch: Springer Fachmedien Wiesbaden GmbH, ein Teil von Springer Nature 2019 B. Kortendiek et al. (Hrsg.), Handbuch Interdisziplinäre Geschlechterforschung, Geschlecht und Gesellschaft. Online verfügbar: https://doi.org/10.1007/978-3-658-12496-0_156  . S.49

[3] Adorno, Theodor W. 2019. Aspekte des neuen Rechtsradikalismus. Suhrkamp. Berlin. S.56

[4] Firestone, Shulamith (1975). Frauenbefreiung und sexuelle Revolution. Fisher Taschenbuch Verlag. S.10

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین