هاوڵاتییان گلەییان لە بڕی ئەو کارەبایە هەیە بە پێوەری زیرەک بۆیان دیاریکراوە هەواڵ

سیهام میران-نوچەنێت

دوای دانانی پێوەری زیرەک بۆ کارەبای نیشتیمانی، هاوڵاتییان گلەیی کەمی ئەو بڕە کارەبایەیان هەیە کە بۆیان دیاریکراوە. ئەندامێکی لیژنەی باڵای ثێوەری زیرەک دەڵێت: هەر ماڵێک دەبێ هاوسەنگییەک بۆ بەکارهێنانی کارەبا دابنێت.

   لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2019وە دەست بە دانانی پڕۆژەی پێوەری کارەبای زیرەک لە هەرێمی کوردستان کراوە. حکومەتی هەرێم دەڵێت: بە ئامانجی کەمکردنەوەی رێژەی بە فێڕۆدانی کارەبای نیشتیمانی و زیادبوونی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبایە بە هاوڵاتییان.

هاوڵاتییان وێڕای نرخی ئەمپێرەکانی کارەبا گلەییان لەو بڕە کارەبایە هەیە کە بۆیان دابینکراوەودەڵێن: ئەو بڕە کارەبایە بە شی پێداویستییەکانمان لە وەرزی زستاندا ناکات.

عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵا پێوەری زیرەك لە لێدوانێکدا بۆ نوچەنێت گوتی: تاکو ئێستا بریارێکی وا نەدراوە کە بڕی پێدانی کارەبا زیادبکرێت، لەگەڵ ئەوەی هاوڵاتیان گلەیی زۆریان هەیە بەهۆی کەمی بری کارەبا، بەڵام تاکو کۆتایی مانگی دوو بڕی کارەباکە 30 ئەمپێردەبێت. 

سەبارەت بە هەبوونی خواستی زۆر لەسەر بڕی کارەبا لە وەرزی زستاندا، عەلی ئیسماعیل جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەرماڵێک دەبێت بۆخۆی هاوسەنگییەک بۆ بەکارهێنانی کارەبا دابنێت چونکە تا کۆتایی مانگی دوو بڕی پێدانی کارەبا زیاد ناکرێتەوە. 

لە بارەی هۆکاری کەمکردنەوەی ئەمپێرەکانی کارەبا بۆ هاوڵاتییان، ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای پێوەری زیرەک گوتی: هۆکاری کەمکردنەوەی ئەمپێر بەهۆی ئەوەبوو کە وەرزەکە ساردە و هاوڵاتیان خواستێکی زۆریان لەسەر کارەبا هەبوو، وای لێهات کاریگەری لەسەر شەبەکەی کارەبا بکات بەوهۆیە ئەو رێگەیەمان گرتەبەر. 

لە بارەی ئەو شوێنانەی کە تا ئێستا هاوڵاتییان رێگەیان نەداوە پێوەری زیرەکی لێ ببەسترێت، عەلی ئیسماعل دەڵێت: ئەوە فەرمانی سەرۆکی حکومەتە کە دەبێت هەموو شوێنێك پێوەری زیرەکی لێ ببەسترێت. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین