فارس عیسا: ده‌بێت به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌ 14% بێت دیمانە

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

فارس عیسا سه‌رۆكى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا له‌ لێدوانێكى تایبه‌تى نوچه‌نێت گوتى، "به‌ لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ ده‌بێت پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ى گشتى عێراق 14% بێت" دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندكردنى كارنامه‌ى سوودانى كار به‌ بڕیاره‌كانى دادگاى فیدڕاڵى ناكرێت.

فارس عیسا سه‌رۆكى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 30/ تشرینى یه‌كه‌م/ 2022 لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت داوه‌ و باس له‌ كارنامه‌ى و پلانى حكومه‌تى محه‌مه‌د شیاع سوودانى ده‌كات و پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر له‌رووى كرداره‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێن ئه‌وا شتى گرنگى تێدایه‌. فارس عیسا له‌ لێدوانه‌كه‌ى گوتى، "كارنامه‌كه‌ى گشتییه‌ و هه‌مه‌لایه‌نه‌ و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدایشى له‌خۆگرتووه‌، ده‌بێت پشتگیرى لێبكرێت، هیواى ئه‌وه‌ ده‌خوازین پابه‌ندبێت به‌ جێبه‌جێكردنیان و وه‌ك كابینه‌كانى پێشووى عێراق نه‌بێت كه‌ هه‌موو شتێكیان له‌ كارنامه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام پابه‌ندنه‌بوونى پێى".

فارس عیسا: هیوادارین سوودانى پابه‌ند بێت به‌ كارنامه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى

هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو حكومه‌ته‌كانى رابردووى عێراق له‌دواى 2003 وه‌ دانوستاندنى كردووه‌، زۆرجاریش دانوستاندنه‌كان درێژه‌یان كێشاوه‌، بێئه‌وه‌ى ئه‌نجامێكیان هه‌بێت. ئه‌م جاره‌یش له‌ كارنامه‌ى سوودانى باس له‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى دانوستاندنه‌كان كراوه‌. ئاخۆ ئه‌مه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵى سفر نییه‌؟ فارس عیسا پێیوایه‌ ئه‌مه‌یشیان خاڵێكى ئه‌رێنییه‌ كه‌ ده‌بێت گفتوگۆ بكرێت، ئه‌و ده‌ڵێ، "بێگومان بێ دانوستاندن هیچ چارەسەر نابێت دەبێت بنه‌ماى چارەسەری هەموو کێشەیەک بکرێت بابەتی گفتوگۆ و دانوستاندن بێت، نەوه‌ک شێوازى عورفى عەسکەری و شەڕی راگه‌یاندن. ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان، موتابەعەی کارنامەی ئەو بەڕێزە دەکەین، بۆ ئەوەی تا چەند جێبەجێ دەکرێت، پشتگیری برادەرانی خۆمان دەکەین لە کابینەی سودانی بۆ ئەوەی بتوانن ئەوانیش، لەسەر خەت بن لەگەڵی".

سه‌باره‌ت به‌ دیاركردنى پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ بودجه‌ى گشتى عێراق، كه‌ ئه‌ویش ده‌بێت له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگى داهاتوو دیارى بكرێت. فارس عیسا له‌ لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت ده‌ڵێ، "كه‌ باسى بودجه‌ى گشتى عێراق ده‌كرێت ده‌بێت حیسابى هه‌رێمى كوردستانیش بكرێت، پێشتر ئه‌م پشكه‌ 17%بوو، به‌ڵام دواتر به‌ بڕیارێكى حه‌یده‌ر عه‌بادى كه‌ ئه‌و كات سه‌رۆك وه‌زیران بوو، بوو به‌ 12% ، دوایین داتا له‌ وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق، دانیشتووانى هه‌رێمى كوردستان 14% زیاتر له‌ دانیشتووانى عێراق پێكده‌هێنن، بۆیه‌ ده‌بێت رێز له‌م داتایه‌ بگیرێت له‌ دانانى بودجه‌دا".

له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى بۆ نوچه‌نێت فارس عیسا سه‌رۆكى نوێنه‌رایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا، باس له‌وه‌ كرد حكومه‌تى سوودانى هه‌وڵى داوه‌ پێداچوونه‌وه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ بكات كه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوو له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان دراون، به‌ تایبه‌تى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ بڕیاره‌كانى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌. فارس عیسا گوتى، "بێگومان له‌ كارنامه‌ى محه‌مه‌د شیاع سوودانى پێداچوونه‌وه‌ بۆ هه‌موو بڕیاره‌كان كراوه‌، به‌ تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ دادگاى فیدڕاڵى و نه‌وت و گازى هه‌رێمه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌و كارنامه‌یه‌ و به‌ دانانى پڕۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ نه‌وت و گازمى عێراق كۆتایى به‌ هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ دێت".

رۆژى 13ى ئه‌م مانگه‌ له‌تیف ره‌شید سه‌رۆك كۆمارى عێراق محه‌مه‌د شیاع سوودانى بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت راسپارد، له‌ 27ى ئه‌م مانگه‌یش له‌ په‌رله‌مانى عێراق متمانه‌ به‌ حكومه‌ته‌كه‌ درا. له‌ ماوه‌ى 19 ساڵى رابردوودا كۆمه‌ڵێكه‌ كێشه‌ له‌نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى فیدڕاڵى هه‌بوو كه‌  به‌ تێپه‌ڕبوونى شه‌ش حكومه‌تى عێراق چاره‌سه‌ر نه‌كراون.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین