نەخشە خۆسەپێنەرەکانی جیهانی نوێ بیروڕا

نوچەنێت:

رۆندک فارس - شرۆڤەکارى ئابوورى

هەندێک جار نەخشە وەک سێبەری مرۆڤ لەدووی چارەنووسی مرۆڤ دێت، هەندێک جاری تریش نەخشە مێژوو و ئایندەی وڵاتێک یەکلای دەکاتەوە. لەم سەردەمەی کراوەیی نەخشەکاندا و لەسەردەمی بەزێندراوی سەرەوەری جێوگرافیادا، لە لایەن تەوژمە ئابووریی/ بازگایەکانیەکانەوە، تارمایی نەخشەکانی ئاسایشی وزە، ڕووناکی بە ئایندە لێڵەکانی پرسە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەکان دەبەخشن.

لە سێ دەییەی ڕابردوودا بۆ کوردستان و ئایندەیی ئابوورییەکەی، پرۆژە خۆسەپێنەرەکانی دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی جیهان(نەخشەی جێۆئیکۆنۆمی) پرسی سەرەکین لەبەردەم دەستەڵادارانی کوردستان. 

بەجۆرێک بۆ هەرێمێک(کوردستان)ــی بێ دەریا و دراوسێی چوار وڵاتی ستراتیژی و هاوکات دەوڵەمەند بە وزە و کاریگەر لە تێپەڕبوونی شادەمارەکانی وزە، بونیاتنانی هەر نەخشەیەکی جێۆئیکۆنۆمی لە ناوچەکدا پێویستی بە لێکدانەوە و شرۆڤەکردنێکی قوڵی ستراتیژی هەیە. واتە بۆ ئەوەی باسی ئایندەی کوردستان بکەین لە نێو ئەو هەموو ئاڵۆزیی و ڕكابەرییە نێودەوڵەتیی و هەرێمیانەدا، پێویست دەکات گەشت بکەین بە نێو سنوورەکانی ئاسایشی ئابووریدا، گەشتێک کە تەواوی هاوکێشە هاوسەنگ و لاسەنگەکانی بەردەممان بۆ ڕوون بکاتەوە.

دوای جەنگی ڕووسیا – ئۆکڕانیا، بۆ ئێمەی کورد و کوردستانیان چەند ڕووداوێکی گرنگ هەن کە شایەنی شرۆڤەکردنن، شرۆڤەسازییەک بە تامی جێۆستراتیژیانە. لەوانە بەشداریکردنی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە مەراسیمی ناشتنی شاژنی بەریتانیا، سەردانی سەرۆکی وڵاتانی فەرەنسا، هەنگاریا و ئیتاڵیا بۆ هەرێمی کوردستان و ڕژد بوونیان لە پێوەندی بەردەوامیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. هەرچەند ڕووداوی تریش هەن، بەڵام ئەم سێ ڕووداوە سەلمێنەری بوون و کاریگەری هەرێمی کوردستانن لەسەر نەخشە تازەکەی جیهان و چەندان ڕێککەوتنی ڕانەگەینراو ستراتیژی بۆ کوردستان دووپاتدەکەنەوە.

بۆیە با گەشتێک!! بە نێو سنوورەکان بکەین و یارییە گەورەکانی جیهانی تازە( جیهانی ئابووری تازە) شرۆڤە بکەین.

کورد لە نێو هێڵە سەوز و سوورەکاندا 

سەدەی بیست ویەک سەدەیەکی جودایە، چونکە لەو سەدەیەدا جگە لە گۆڕانی فۆڕمەکانی سیستەمی ئابووریی، هاوکات سەدەی دووبارە دروستبوونی دوو ئیمپراتۆری بەهێزە( چین و ڕووسیا)! بەهێز لە ئابووری، سەربازی، و تەنانەت جێۆپۆلەتیکی. سەدەی بیست و یەکەم سەدەی بونیاتنانەوەی هێڵی ئۆڕاسیایە. کە باس لە سەدەی بیست ویەک دەکەین، سەرجەم ئاڕاستەکان دەمانبەنەوە بۆ جەنگە ئابوورییەکەی نێوان چین و ئەمریکا(جەنگی دووەمی سارد)، بەڵام لە واقیعدا ئەم جەنگە تەنیا لەنێو ئەم دوو وڵاتەدا نیە، بەڵکو جەنگی سێگۆشەیەکەی بەرمۆدایی جێۆستراتیژیە.

بە واتایەکی تر، کە باسی سەدەی بیست ویەک دەکەین، دەبێت سەیری نەخشە خۆسەپێنە ئابوورییەکەی جیهانی تازە بکەین کە پێکهاتووە لە سێگۆشەی (ڕووسیا، چین، ئەمریکا و ڕۆژئاوا). لە ڕووی جێۆئابوورییەوە، ئەم نەخشەیە پێکهاتووە لە (کۆریدۆری باکوور، کۆریدۆری ناوەڕاست، کۆریدۆری باشوور، و پشتێنەی سەوز). کۆریدۆری باکوور و ناوەڕاست واتە هاوپەیمانی ڕووسیا چین، کۆریدۆری باشوور، تایبەتە بە چین و وڵاتانی باشوور و ڕۆژئاوای ئاسیا، پشتێنەی سەوز تایبەتە بە هاوپەیمانێتی ئەمریکا و ئەورووپا.

بە کوردیەکی پووخت و کورت، جیهانی ئەم سەدەیە واتە تێگەیشتن و شرۆڤەکردنی ئەم نەخشەیە. سەرجەم ڕێڕەوە بازرگانیەکان و شادەمارەکانی گواستنەوەی وزە و ڕێکخراوە ئابووریەکان لە چوارچێوەی ئەم نەخشەیە سیستەمی ئابووریی جیهانیان پێکهێناوە.

لە دوای ساڵی 2000ــدا دوو زارەوە جەنگی ساردی وڵاتان لەسەر ئەم نەخشەیە دووپاتدەکەنەوە، ئەوانیش جەنگی ڕووسیا – بۆ کریمیا و ئۆکڕانیا، هەروەها سیاسەتی گۆڕانی کەشوهەوا و سفر کاربۆنی"decarbonizing". کە گوێبیستی پەلکێشییەکانی ڕووسیا دەبین بۆ سەر ناوچە ستراتیژیەکان، واتە ڕووسیا پرۆژەکانی ئەو کۆریدۆرە فراوان دەکات. هەروەها کە باسی سیاسەتی سفر کاربۆنی دەکرێت لەلایەن ئەورووپا و ئەمریکیەکانەوە، واتە دژایەتیکردنی ڕووسیا لە ڕێگەی ئەم ڕێرەوە زێدەتر دەبێت.

- کۆریدۆری باکوور"The Northern Corridor" لە ئێستادا ئەم ڕێڕەوە پێشکەوتووترین و پڕ جوڵەترین ڕێڕەوی بازرگانییە، کە پێکهاتووە لە هێڵی شەمەندەفەر و شادەمارەکانی گواستنەوەی وزە لە چینەوە بەرەو کازاخستان و ڕووسیا و دواتر گەیشتنی بە ئەورووپا. بەڵام لە دەستپێکی جەنگی ڕووسیا – ئۆکڕانیا، ڕۆژئاواییەکان خواستی داخستنی ئەو هێڵەیان هەیە لەبەردەم پانخوازییەکانی ڕووسیادا.

- ڕێڕەوی ناوەڕاست "The Middle Corridor" و ناسراو بە هێڵی ئۆراسیا و هێڵی بازرگانی سەدەی بیست و یەک. ڕێڕەوی گواستنەوەی نێودەوڵەتی ترانس-کاسپیانە TITR کە پێکهاتووە لە گرنگترین و کاریگەرترین ڕێرەوەی ئاویی و وشکانی بازرگانی لە چینەوە بۆ ئەورووپا لە ڕێگەی کرغیزستان، تورکمانستان، ئازەربایجان و ئەرمینیا و جۆرجیا و تورکیا. ئەم ڕێرەوە بە دڵی ئابووری جیهان ناوزەند دەکرێت، چونکە جگە لە ڕێرەوە بازرگانییەکانی گواستنەوەی کاڵا، چوار شادەماری ستراتیژی گواستنەوەی نەوت و گاز( south Caucasus pipeline, Baku- Tbilisi -jayhan, Turk sterm, south sterm, TANAP, TAP) دەکەونە دڵی ئەم ڕێرەوە، هەروەها ئەم ڕێرەوە بە ڕێڕەوی سەرەکی گواستنەوەی وزەی دەریای قەزوین داندەرێت کە بە سەرپۆشی دەریای وزە ناسراوە. 

سەرجەم هاوکێشەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکڕانیا لە ڕێگەی ئەم ڕێرەوە دانووستانی لەسەر دەکرێت. ئەگەر چی ئەم ڕێرەوە تایبەتە بە گواستنەوەی کاڵا و وزە لە چین بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست بۆ ئەورووپا لە رێگەی تورکیاوە، بەڵام داگیرکردنی خاکی کریمیا لە لایەن ڕووسیاوە لە ساڵی 2014ــدا تەواوی هاوکێشەکانی گۆڕی بوو بە یاریکەری سەرەکی ئەم ڕێرەوە بازرگانییەوە و توانی لەگەڵ تورکیا هێڵی تورک ستێرم بونیات بنێت، هەروەها جەنگی نارنۆکەرەباغ، تایبەت بوو یەکلابوونەوەی ئەو ڕێرەوە بازرگانییە لەنێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا.

یەکێک لە فاکتەرەکانی هەڵگیرسانی جەنگی ڕووسیا – ئۆکڕانیا، ڕێگری ئەورووپا و ڕۆژئاوا بوو بۆ باڵادەستبوونی زیاتری ڕووسیا بەسەر بازاڕەکانی ئەورووپادا، و لە هەمانکاتیشدا ئەمریکا و ئەورووپییەکان خواستی فراوانبوونی ناتۆیان بۆ ناوچەکانی ئەورووپای ڕۆژهەڵات و ئاسیای ناوەڕاست، لە پێناو دەستگەیشت بوو لە سامانی بێ شوماری دەریای قەزوین و گەیاندنی بوو بۆ ئەورووپا لە ڕێگەی پرۆژەی پشتێنەی سەوز"ستراتیژی سێ دەریایی". بەڵام ئەم خواستە هاتنەدی هێندە ئاسان نیە. 

لە دوای ساڵی 2006ـەوە هەرێمی کوردستان چووە ناو ئەو نەخشە ستراتیژیە، بەڵام سیاسەتی هەرێمی کوردستان لە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ساڵی 2014 و ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 تەوای هاوکێشەکانی ئەم ڕێرەوەی لەرزاند و بوو بە یاریکەری سەرەکی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاواییەکان.

- ڕێڕەوی باشوور"The Southern Corridor" ئەم کۆریدۆرە دوو بەشی پێکەوەبەستراوە، بەشی یەکەمیان بریتییە لە دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەری ستراتیژی لە چینەوە بۆ پاکستان، ئەفگانستان، ئێران، عێراق، سوریا، لوبنان و تورکیا، دووەمیشیان لە ڕێگەی بەندەرە ئاوویەکانەوە گەیشتنیەتی بە دەریای سپی ناوەڕاست و لەوێوە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا. لە ئێستادا چین بە شێوەیەکی زۆر خێرا کاری بۆ تەواوکردنی ئەم ڕێڕەوە کردووە و بووە بە یاریکەری سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو.

- پشتێنەی سەوز "Green Belt Initiative" یانیش ستراتیژی سێ دەریایی(The Three Seas Initiative)، ئەم ڕێرەوە بە پرۆژەی دژە ڕووسیا و چین ناسراوە، کە ئەمریکا و ئەورووپیەکان بە بیانووی گۆرانی کەشوهەوا دژایەتی پڕۆژەکانی رووسیا و چین لە کۆریدۆرەکانی باکوور، باشوور و ناوەڕاست دەکەن، ئەگەر لە نەخشەی جیهان بڕوانین و ئاڕاستەکانی ئەو پرۆژەیە شیبکەینەوە، ئەوا ڕۆژئاواییەکان لە ڕێگەی ئەم پرۆژەیەوە دەیانەوێت دەرگاکانی بەردەمی پڕۆژەکانی چین و ڕووسیا بۆ گەیشتن بە ئەورووپا دابخەن. هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی شادەمارەکانی وزە بۆ تورکیا و سووریا دەبێت بە بەشێکی سەرەکی لەو پڕۆژە ستراتیژیەدا.

ئەگەرەکانی یارییە گەورەکە

لە داڕشتنەوەیەکی جێۆئیکۆنۆمیانەی هاوکێشەکانی نەخشەی جیهانی، لە پێناو خۆ دانەبڕان لە واقیعدا، پێویستیەکی ناچارییە پشت بە چەند ڕەهەند و فاکتەری سەرەکی ببەستین. لەوانە: جوڵە و ستراتیژی وڵاتان بە تایبەت لە واژووکردنی گڕێبەستی بازرگانی. هەروەها چالاکی و پلانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە پرسە ئابووریەکان( بانکی نێودەوڵەتی،بانکی ئینگلاند، ڕێکخراوی شەنگەهای، ناوەندی ئابووری ئۆراسیایی، بریکس +). 

چونکە هەر کاتێک نەخشەی تازە لە هەر ناوچەیەکی ستراتیژی بوونیاتنرا، ئەو ئەلتێرناتیڤەکان لەسەر نەخشەکان جێگیر دەبن و بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەو نەخشە تازانە قورسخایەن و خۆسەپێنەر دەبن و بە ئاسانی هاوکێشەکان یەکلا ناکرێنەوە، بۆیە لە ڕێگەی چاڵاکییەکانی ئەو ڕێکخراوە بازرگانیانە دەتوانین ئەگەرکانی پێشڤەچوونی ململانێیەکان بخەینەڕوو.

- لە دواین ڕۆژەکانی ساڵی 2022 پوتین و شی جی پینگ، هاوپەیمانێتی ستراتیژی نێوانیان دووپاتکردەوە و ڕایانگەیاند ئێمە لە ساڵی 2024 دەگەین بە ئامانجە ئابووریەکانمان کە وەبەرهێنانە بە بڕی 200 ملیار دۆلار.، بۆیە ساڵی 2023 لە هەموو ڕوویەکەوە ساڵێکی پڕ ئاڵنگاری دەبێت، چونکە دە ساڵ بەسەر پرۆژەی پشتێنەی ئاوریشمی چینی "BRI" تێپەر دەبێت و چین کار بۆ دەستپێکردنی ڤێرژنی دووەمی ئەو ڕێرەوە دەکات بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕووسیا.

- بۆ ناوچەکانی ئۆڕاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردەمێکی تازە دێتە ئاراوە، ئەویش فراوانبوونی هەژموونەکانی ئیمپڕاتۆری چینە بەسەر ناوچە ستراتیژیەکانیدا، بەڵام ناوچەیەک کە خاوەن ئەزموونی ئیمپڕاتۆری، ڕۆم، ئیسپانی، فارس، عوسمانی و ئینگلیزەکان بێت، ئاخۆ ئەزموونیان لەگەڵ ئیمپڕاتۆرە تازەکەی جیهان چۆن دەبێت؟ دابەشبوونە کلتووری و ئابووریەکان لەو ڕووە و چۆن دەگۆردرێت؟

- ڕووداوەکانی دوای ساڵی 2023 تەواو جێگەی سەرنجن، چونکە دوای ڕێککەوتنە ستراتیژیەکەی چین و ئێران، و بەشداری تەهران لە ڕێکخراوی شەنگەهای و یەکێتی ئابووریی ئۆڕاسیای، ڕێککەوتنی بەردەوامی نێوان ڕووسیا وئێران، ئێدی کۆمەڵەی G5 و کۆمەڵەی G7ـی ئاسیای دروست دەبن و ڕکابەری کۆمەڵەی G7ـی ڕۆژئاوایی دەکەن.

- بەستنی لووتکەی سعوودیە - ئەمریکا و دواتر لووتکەی سعوودیە - چین، بووە هۆی ئەوەی ئەم جەنگە ئابوورییە بە تەواوی پەلبکێشێتەوە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەجۆرێک ئامادەیی وڵاتانی کەنداو بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ چین، بە واتایەکی ئابووریی، بێ باکی چین بوو بەرامبەر بە بازاڕەکانی ئەورووپا و ئەمریکا. چونکە چین لە ڕێگەی سیاسەتی ئابووریەکەی( سەرمایەداری پیشەسازی) کار بۆ پەرەپێدانی ئابووری وڵاتانی کەنداو دەکات، لە بەرامبەردا ئەوان هەناردەکردنی نەوتیان بۆ بازاڕەکانی چین زێدەتر دەکەن. بە واتاکەی تر، سیاسەتی چەک بەرامبەر بە نەوت گۆڕدرا بۆ نەوت بەرامبەر بووژانەوەی ئابووری، ئەمەیش لەگەڵ سیاسەتی سەرکردەکانی کەنداو دەگونجێت کە دەیانەوێت ببن بە وڵاتی پێشکەوتووی ئابووریی لە ناوچەکەدا. جگە لەوە چین و ڕووسیا توانیان ببن بە یاریزانی سەرەکی لە کۆنتڕۆلکردنی نرخی وزە و پێڕەوکردنی سیاسەتی پێترۆ یوان/ ڕۆبڵ دژی دۆلاری ئەمریکی. واتە گۆڕین و هێنانە ئارای سیاسەتی سەرمایەداری پیشەسازی، بەرامبەر بە سەرمایەداری دارایی.

- ئەمریکا و ئەورووپا بە تایبەت بەریتانیا بە چەندان پڕۆژە هەوڵیان بۆ دژایەتیکردنی پڕۆژەکانی ڕووسیا وچین داوە، دەستپێکی پڕۆژەکە لەم سەدەیەدا ڕاگەیاندنی پڕۆژەی بونیاتناین دوونیایەکی تازە" Build Back Better for the World” (B3W)" بوو، کاتێک بۆریس جۆنسوون و جۆبایدن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی G7 ڕایانگەیاند، بەڵام بە هۆی تێچووی زۆری پڕۆژەکە، گۆڕانکاری بەسەر سیاسەتە سەوزەکەیاندا هاتوو، ئەو سیاسەتە لە ژێر ناوی سیاسەتی سێ دەریایی( بۆ 12 وڵاتی ئەورووپی) بانگەشەی بۆ کرا. لێ وابەستەیی بازاڕەکانی ئەورووپا بە بازرگانی لەگەڵ ڕووسیادا، ئەووروپایەکانی کرد بە دوو بەرەوە، ئەمەیش ڕێگڕێکی سەرەکییە لە هاودەنگ بوونی وڵاتان بۆ دەستبەرداربوون لە بازرگانیکردن لە گەڵ ڕووسیادا

- لە حوزەیرانی ساڵی 2022ــدا ئۆکرانیا بە فەرمی بووە ئەندام لە ستراتیژی سێ دەریایی(ڕەش، بالتیک، ئەدریانتیک)، بۆیە دوای ئەوە ڕۆژئاواییەکان لە رێگەی تورکیاوە کاریان بۆ تێپەڕبوونی گەنمی ئۆكرانیا کرد بۆ بازاڕەکان، ئامانجی شاراوەی پشت ئەم ڕێککەوتنە دەستگەیشتن بوو بە ڕێڕەوەکانی دەریایی قەزوین و گواستنەوەی وزەکەی بۆ ئەورووپا. بۆ ئەو مەبەستە لە 7/12/2022 بانکی جیهانی لە ڕێگەی USAIDــەوە قەرزی بە حکوومەتی ئازەربایجان داو ڕایگەیاند " ئەگەر چی جۆرجیا کەوتۆتە ژێر کاریگەری هەژموونەکانی ڕووسیا و وزە لە ڕێگەی ڕووسیاوە دەگەینێتە ئەورووپاوە، بەڵام ڕێرەوەکان لە ڕیگەی کازاخستان بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا ئاسانتر و کەم بەها ترن". واتە ویستی گواستنەوەی وزەی ناوچەکەیان بێ بەشداری ڕووسیا دووپاتکردووە، بەڵام لە 20/12/2022 ڕووسیا، ئێران، تورکمانستان و کازاخستان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داشکاندنی %20ــیان بۆ تێچووەکانی گواستنەوە لە ڕێڕەوەکانیان ڕاگەیاند، ئەم هەنگاوە بووە هۆی ڕازیکردنی تورکیا. دوای ئەوە قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان جۆرجیا، ڕووسیا، چین و تورکیا بە ڕێژەی %32 زیادی کرد.

- تورکیا خاڵی سەرەکی و یەکلاکەرەەوەی ستراتیژی ئەو ڕێڕەوانەیە و بە مەککەی جێۆپۆلەتیکی ناوچەکە دادەنرێت، بۆیە هاوسەنگ وبوون و لاسەنگ بوونی ئەو یارییە پێوەستە بە جوڵەکانیی تورکیاوە، ئەم ڕۆڵە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تورکیا خێراتر دەبن.

- خۆ کردن بە خاوەنی نەخشەکان لەو یارییە مەزنە زۆر گرنگە، بۆیە گەشتی بەردەوامی نێو سنوورەکان بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگ و ستراتیژیە، چونکە کوردستان یاریزانێکی سەرەکی ئاسایشی هەرێمی ناوچەکەیە، بەتایبەت یاریزانێکی دەوڵەمەند وکاریگەری دابینکردنی وزە بۆ پرۆژەکانی ناوچەکە. بە واتایەکی تر، ژیری کوردستان لە جوڵەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی هەولێر بە دوو ئاراستە جوڵەکانی لەسەر ئەو نەخشەیە بەردەوام بێت، چ ڕۆژهەڵاتی یانیش ڕۆژئاوایی، بەڵام مانەوەی بەهێزی پێوەندیەکانی لەگەڵ ئێران و تورکیا، زامنی ئەو بەردەوامیەن. کوردستان دەبێت سیاسەتی خۆدانەبڕاندن لە واقیع بە وردی دیراسە بکات و کار بۆ بەهێزبوون و مانەوەی بەردەوام بکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین